جەژنی خاوەنکار، جەژنی یارسان، پێڕەوانی ئایینی یاری

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
81949187 .jpg
20181022.jpg

جەژنی خاوەندکار یا خاوەنکار لە پێڕەوانی ئایینی یارسان/ ئەهلی حەق پیرۆز بێت. یارسانییەکان، لە کوردانی هەرە ڕەسەنن کە هەژماریان تەنیا لە #ڕۆژهەڵات-ی کوردستاندا زیاتر لە ٣ میلیۆن کەسە. جەژنی خاوەنکار جەژنێکی ئایینی یارسانە کە لە چلەی پاییزدا دەگیرێت. یارسانەکان لەدوای سێ ڕۆژ ڕۆژووگرتن چێشت و گۆشتی قوربانی ساز دەکەن و جەژن دەگرن. ئەم سێ ڕۆژە ڕۆژووە بە بۆنەی بیرخستنەوەی یادی برسیێتیی سوڵتان سەھاک و ھاوەڵەکانیەتی.

یارسان کێن؟

یارسان بە ئەھلی حەق یان کاکەیی دەوترێت گروپێکی تایبەتن کە ھەڵگری بیروباوەڕی ئاینی جیاوازن، لە گەلێک شوێنی کوردستاندا بڵاون بە تایبەت لە کرماشان و گەرمیان. کاکەیی دانیشتووی کەرکووک و لێواری زێی نێوان ھەولێر-مووسڵ و شەبەک ئەمانە ھەموو بە بنەچەکی ھۆز و زمان و بیروباوەڕی ئاینی دەگەنەوە یەکتر. شوێنەکانی نیشتەجێ بوونی ئەھلی حەق (یارسان) لە کوردستاندا، لە کۆنەوە تا ئەم سەردەمە ھەندێک گۆڕانکاری بە خۆوە دیوە. بەڵام ئەوەی کە ھەمووان لە سەری پیداگری دەکەن ئەوەیە کە لە سەرەتادا ئایینی یارسان لە ناوچەکانی ھەورامان و شارەزوور و لوڕستان بڵاوبووتەوە و گەشەی کردووە، جا دواتر گەیشتووتە ناوچەکانی تری کوردستان و ئێران.

بە بۆچوونی ھەندێک لە مێژووناسان، ناوی یارسان کورتکراوەی “یارسولتان”ە و مەبەست لێی سوڵتان سەھاکە (بە فارسی: سلطان اسحاق)، ھەرچەند بوونی ئاینی یارسان دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی میتراییەکان (٤٠٠٠ – ٥٠٠٠ ھەزار ساڵ لەمەوبەر) بەڵام سوڵتان سەھاک بە داڕێژەرەوەی ئاینەکە دادەنرێت. کە رێبەرێکی دیاری ئەم بیروباوەڕەیە لە کوردستاندا. یاخود یارستان بە واتای شوێنی یار یا موردانی ئەھلی حەق. کۆنترین ناودارانی یارسان بابا تاھیری ھەمەدانی (٩٣٧ – ١٠١٠)ز لای یارسانەکان پیرۆزە و ھەندێک لە نوسراەوەکانی لە سەرەنجام کە بەدی دەکرێت کە نووسراوی ھەرە پیرۆزی یارسانە. ئاینی یارسان بە چەند گڕێکی (دەوران) دا رویشتووە، پەییڕەوانی ئاینەکە ماوەی ھەرگڕێک بە ٣٠٠ ساڵ دەخمڵێنن بەپێی سەرئەنجام. ھەتاوەکو سەردەمی سوڵتان سەھاک ئاینی یارسان ھەشت گڕێ بەخۆەوە بینێوە، کەواتا تەمەنی ئەمم ئاینە بە لای کەمەوە بۆ ٢٤٠٠ ساڵ ثێش ئێستا دەگەرێتەوە.

بالولی دانا (کەسایەتیەکی یارسانیە لە سەدەی ١-٢ی کۆچی دەژیا)، لەوسەردەمە باس لە زیندوکردنەوەی ئاینی یارسان دەکات، دەفەرمێ:

ئەی ئەو واتەی یاران، ئەو واتەی یاران

ئێمە دێوانەی ئەو واتەی یاران

ھەنێ مەگێڵین یەک یەک لە شاران

تا زندە کەرین ئاینی یاران

کەواتا ئاینی یاران زۆر لەسەردەمی سوڵتان سەھاک کۆنترە بۆیە داوای زیندوگردنەوەی کردوە.[١]

..

جەژنی “یارسان”ـەکان یەکێکە له ئایینه کۆنەکانی کوردان و به ناوی “خاوەنکار” دەناسرێت، لەلایەن باوەڕمەندانی ئەو ئاینەوە بەرز ڕادەگێرێت، ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی ئەو جەژنەیە و ماوەی سێ ڕۆژ دەخایەنێت و ڕۆژی چوارەمی بە ڕێوڕەسمی تایبەت کۆتایی پێدەهێنن.

یارسانەکان لەم جەژنەدا بە گرتنی ڕۆژو و خێرکردن ‘نەزر’ یادی ‘سۆڵتان سەحاک’ و یارانی وەک پێشەنگی دینی خۆیان بەرز ڕادەگرن.

جەژنی خاوەنکار جەژنی بەرخۆدان و ڕزگارییە، ئەویش دوای بەرخۆدانی سۆڵتان سەحاک “سەید ئیسحاقی بەرزنجی” و یارانی له بەرانبەر دووژمنان ماوەتەوە.

بە باوەڕێک کە هەتا ئێستاش له ناو یارسانەکان ماوەتەوە و لە کتێبه پیرۆزەکانیاندا هاتووه، سولتان سەحاک هاوڕێ له گەڵ سێ کەس له یارانی به ناوەکانی ‘داود، بنیامین و پیرمووسی’ که به ‘یەری تەن’ ـ(سێ تەن) ناودارن، لە سەر دووژمنایەتی زڕبراکانی و عەشیرەتێک بە ناوی ‘چیچەک’ بڕیاری دەرچوون له شارەزوور و ڕۆیشتن بۆ هەورامان دەدەن، له ناو ڕێگادا به هۆی ئەوەی عەشیرەتی چیچەک به نیازی کوشتنی سۆڵتان سەحاک و یارەکانی ئەون، ناچار پەنا دەبەنه ئەشکەوتێک به ناوی ‘مەڕنوو’ له شاخەکانی شاهۆ.

به باوەڕی یارسانەکان، یەکێک له یارەکانی سوڵتان به ناوی ‘داود’ بستێک خاک له ژێر فەرشەکەی سۆڵتان هەڵدەگرێت و دەیهاوێتە سەر سوپای چیچەک و ئەو بستە خاکە دەبێتە هۆی تەپوتۆز و ئاسمان تاریک دەکات و کەس لەو سوپایە نامینێت.

له سەر هەمان باوەڕ، دوای سێ رۆژ برسیەتی سوڵتان و یارانی، ژنێک به ناوی ‘ڕەمزبار’ به کەڵەشێرێک و یەک مەن- کە دەکاتە سێ کیلۆ برنج خواردنێک ساز دەکات پێشکەشی سوڵتان و یارانی دەکات.

له دەفتەری پردیوەری “دیوانه گەورە” سوڵتان فەرمانی داوەتە یارانی له ” ١٢ی مانگی سفیدی” ‘چلەی زستانی کوردی’ سێ رۆژ ‘ڕۆژووی مەڕنوو’ بگیرێت و ڕۆژی ١٥، ڕۆژی پاتەشاهی و جەژنه پیرۆزەی یارسانە و ئەم سێ رۆژەی ڕۆژووه وەک وەفایەک بۆ یادی “یەری تەن” دەکرێت.

هاوکات بوونی ئەم ڕۆژانه لەگەڵ وەرزی گەیشتنی هەنار، بووەتە هۆی کەڵک وەرگرتنی یارسانەکان لەم میوەیە و پیرۆزبوونی لای ئەوان و له ڕێوڕەسمی ئایینی دۆعای له سەر دەکرێت و وەک “نەزر” بە ناو خەڵکدا بڵاو دەکرێتەوە.

شەوی دواییش به قوربانیکردنی کەڵەشێرێک و پێکهێنانی “جەم” و خوێندنی “کەڵام” و ژەندنی “تەنبوور” ڕێوڕەسمی ڕۆژووگرتن کوتایی پێدێت.

زۆربەی باوەڕمەندانی یارسان له ڕۆژانی جەژن دەچنه گوندی “تۊشامی” بۆ زیارەتی تەکیەی “ئا سەی براکه”،ی حەیدەری و ڕێبەری ئایینیان دەبینن و پیرۆزبایی ئەو جەژنە لە یەکتر دەکەن.

پیری یارسان لەم رۆژەدا دۆعا لە سەر خواردنی تایبەتی ئەم ڕۆژە کە پێ دەوترێت “نەواڵه”، دەخوێنیت و بە سەر ئامادەبووان بڵاو دەکرێتەوە، یارسانەکانیش بە هێنانی هەنار و بڵاوکردنەوەی و ژەنینی “تەمبوور” و خوێندنی سروودە ئایینیەکان ئەم جەژنه بەرز ڕادەگرن.س.ح[٢]

  1. سەرچاوە:پەسوێ سیتی- Paswe City
  2. سەرچاوە:rojnews