حەبز بوز

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
270380276 .jpg

فەرهاد مستەفا

ڕۆژنامەی (حەبز بوز)، ڕۆژنامەیەكی تەنزئامێز و بەناوبانگی ڕۆژگاری دەوڵەتی پاشایەتی عێراق بوو، كە خاوەنەكەی (نوری ثابت)ی لە دایكبووی شاری سلێمانی (١٨٩٨) بوو.

نوری ثابت لە سوپای عوسمانی ئەفسەر بووە و لە جەنگی جیهانی یەكەم لە ساڵی ١٩١٧ لە شەڕەكانی ناوچەی قەفقاس بریندار ئەكرێت. هەر لە توركیا لە ڕۆژنامە تەنزاوییەكانی (اقدام)و (قەرەقۆز )ی توركی، كاری كردووە.

نوری ثابت زمانەكانی كوردی و عەرەبی و توركی و و فارسی و ئینگلیزی و فەڕەنسی زانییوە.

بەرلەوەی ببێتە سەرنووسەر و خاوەنی ڕۆژنامەی (حەبزبوز)، بەناوی خوازراوی (خەجێ خان) و چەندین ناوی خوازراوی دیكەوە، نووسینە تەوس ئامێزە سیاسییەكانی لە ڕۆژنامەكانی ئەو سەروەختەی دەوڵەتی عێراق بڵاوكردووەتەوە.

ناوی ڕۆژنامەكەی ئاسایی نەبووە! نوری ثابت، ناوی ڕۆژنامەكەی لە ناوی (شەقاوە)یەكی شاری بەغداد (ئەحمەد حەبز بز)وەرگرتبوو.

هەندێكیش بڕوایان وایە (ئەجمەد حەبز بز) كابرایەكی قسەخۆشی بەغدادی بووە و لە سەرەتای سەدەی بیست دا مردووە.

نوری ثابت گۆڕانكارییەكی گچكەڵەی لە ناوی ئەو كابرایەدا كردووە و كردووییەتی بە ناوی ڕۆژنامەكەی.

تەنانەت ناوی حەبزبوز، جێگەی نوری ثابتی بۆ گرتەوە.

لە ساڵانی (١٩٣١ ــ ١٩٣٨)، هەفتانە ژمارەیەكی ڕۆژنامەی (حەبزبوز) بڵاودەكرایەوە، خوێنەرانێكی بەربڵاوی بەدەوری خۆی كۆكردووەتەوە و تیراژی ڕۆژنامەكە گەیشتۆتە (١٠٠٠٠). بەمەرگی (نوری ثابت)، ڕۆژنامەكەش ڕاوەستا، كە تا ئەو سەروەختە (٣٠٣) ژمارەی لێ بڵاوكرایەوە.

نوری ثابت لە گۆشەی ژمارەیەكی ڕۆژنامەكەی (حەبز بوز ) نووسیووییە:

(جارێك ڕێم كەوتە دەڤەری (قەڵادزێ). دیقەتم دا، سەگەكانی ئەو ناوچەیە زۆرینەیان گوێچكەیان بڕابوو. لە هاونیشنەكەمم پرسی:

"هۆكار چییە، گوێچكەی ئاغڵەبی سەگەكانتان بڕدراون؟!"

وتی: "خەڵكی ئەم ناوچەیە، هەر لە گوجیلەییەوە گوێچكەی سەگەكانیان دەبڕن. باوەڕیان وایە كە سەگەكان هەراش و گەورەبوون، دڕ و ئازا دەردەچن."

منیش داوام وایە.. گوێچكەی نائب و ئەندامانی مەجلیسی ئەعیان ببڕن، ئەمە خوایە ئەو جەنابانە دڕ ببن و لە سەر مافی خەڵك بەجواب بێن.)

جا ئەگەر (نوری ثابت)ی ڕەحمەتی زیندووبوایە و ئەم دەور و دوكانەی ئێستای ببینیایە، ئاخۆ داوای دەكرد.. گوێچكەی كێ و كێ ببڕن؟!

(سوود لە چەند سەرچاوەیەك وەرگیراوە)

(وێنەكە، دەستەی بەرێوەبەرانی ڕۆژنامەی حەبز بوز. نوری ثابت، (شەكیب)ی برازای لە باوەشی داناوە)