حەسیب ساڵح

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
24432.jpg

ئامادەکردنی: خەلیل عەبدوڵڵا

ئەندازیار و بەڵێندەرێکی زیرەک و ناوداری کورد بووە، نەک لەسەر ئاستی کوردستان و ئێراق، بەڵکوو لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش ناسراوە، شوێن پەنجەی بەدرووستکردنی چەندین تەلاری بڵند و مەزن و دڵگیرەوە لە سەرانسەری ئێراقدا دیارە و کە وەک سامانێکی تەلارسازیی نیشتمانی و یادگاری حەسیب ساڵح ماونەتەوە.

حەسیب ساڵح حەبیب لە12-12- 1930 لە شاری کەرکووک لەدایکبووە و ماوەی چەند ساڵێک لە گوندی هۆمەر قەومی ناوچەی سوورداش ژیاون و لە قوتابخانەی سەرەتایی لە شارەدێی سوورداش خوێندوویەتی، دواتر قۆناغەکانی تری خوێندنی لە شارەکانی کەرکووک و بەغدا تەواوکردووە.

بەڕەچەڵەک باوکی خەڵکی گوندی خەرپانی ناوچەی هەورامان بووە و مەلا بووە و بەڵام زۆر کاری مەلایەتی نەکردووە، چووەتە شاری کەرکووک و لەوێ هاوسەرگیری کردووە و بەکاری ئازاد و بازرگانی خەریک بووە.

181222.jpg

حەسیب ساڵح ساڵی 1954 کۆلیجی ئەندازیاری شارستانیی زانکۆی بەغدای بەپلەی یەکەم تەواوکردووە، بەهۆی ئەوەوە لەلایەن مەلیک فەیسەڵی دووەمەوە خەڵاتی ڕێزلێنانی پێ بەخشراوە.

بۆ ماوەیەکی کەم وەک ئەندازیار لە فەرمانگەی ئاوی بەغدا دامەزراوەو دواتر وازی هێناوە وخەریکی کاری ئازاد و بەڵێندەرایەتی بووە و کۆمپانیایەکی بەناوی خۆیەوە بۆ ئەو مەبەستە دامەزراندووە.

14-6-2024 180541.jpg

چەندین پڕۆژەی گەورەی تەلارسازی و ئاوەدانی جێبەجێ کردووە لەوانە (مۆنۆمێنتی ئازادی لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا کە کارێکی تەلارسازی و هونەریی پەیکەرتاشی هونەرمەندی گەورە جەواد سەلیمی لەسەر نەخشێنراوە، تەلارەکانی بانکی ڕافدەین و وەزارەتی تەندرووستی و کۆمپانیای دڵنیایی و چەندین پڕۆژەی تر لەشارەکانی ئێراق و کوردستاندا.

حەسیب ساڵح بایەخیشی بەکاری کولتوری داوە و تەلاری پەرتووکخانەی نیشتمانی و هۆڵەکانی وانەوتنەوە لە شاری بەغدا بەرهەمی کاری ئەو بوون.

2024 18013.jpg

هەر لەڕوانگەی بایەخدانی بە کایەی ڕۆشنبیریی کوردی، لەسەر ئەرک و بودجەی خۆی یانەی ڕۆشنبیریی زانکۆ و پەرتووکخانەی زانکۆی سلێمانی لە ساڵی 1979دا درووستکردووە.

حەسیب ساڵح لەدامەزرێنەرانی یەکێتیی بەڵیندەرانی ئێراق بووە و لە کۆتایی هەشتاکاندا سەرۆکی ئەو یەکێتییە بووە.

حەسیب ساڵح هەر لە قۆناغی ئامادەییەوە خولیای کاری پیشەیی هەبووە و لەرێکخراوی خوێندکاران کاری کردووە وهەڵگری بیری چەپ و پێشکەوتنخواز بووە.

ساڵی 1948 نوێنەری هەڵبژێردراوی خوێندکارانی شاری کەرکووک بووە بۆ کۆنگرەی خوێندکارانی ئێراق لە گۆڕەپانی (السباع) لە بەغدا کە یەکەم کۆنگرەی خوێندکاران بووە لە مێژووی ئێراقدا.

Cherm 14-6-2024 1.jpg

هەر لەو کۆنگرەیەدا بەڕێز مام جەلال وەک نوێنەری خوێندکارانی شاری کۆیە بەشدار بووە، هەروەها شاعیری گەورەی عەرەب محەمەد مەهدی ئەلجەواهیریش ئامادە بووە.

حەسیب ساڵح کەسایەتییەکی گەورەی نیشتمانی و کوردپەروەر بووە و هاوکاری مادی زۆری شۆڕشەکانی کوردستانی کردووە، لەقۆناغە سەخت دژوارەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعسیشدا بەوپەڕی ئازایەتی و چاونەترسییەوە بەرگری لە مافەکانی گەلی کوردستان کردووە.

0001 (521).jpg

مێژوونووسی گەورەی کوردستان د.کەمال مەزهەر لەپرسەنامەیەکدا بۆ خانەوادەی خوالێخۆشبوو حەسیب ساڵح ئاماژە بەوە دەکات کە لەناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکاندا، لەسەر داوای سەدام حسێن، سەعدی مەهدی ساڵح ئەندامی مەجلیسی قیادەی سەورە لەگەڵ ژمارەیەک لەکەسایەتییە کوردەکانی شاری بەغدا کۆبووەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا سەعدی مەهدی ساڵح باسی ئەوەی کرد کە گوندەکانی سەربە شارۆچکەی چەمچەماڵ بخرێنە سەر پارێزگای کەرکووک و لەسەر ئیدارەی حکومەتی هەرێم نەمێنن، د.کەمال مەزهەر لەو بارەیەوە دەڵێت ، حەسیب ساڵح کە یەکێک لەئامادەبوانی کۆبوونەوەکە بوو وتی: من خزمم لەو ناوچانە هەیە و پێیان باشە کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی بمێننەوە، چونکە مامەڵەی لەگەڵیان خراپ بووە.

د.کەمال دەڵێت هەر لەو کۆبوونەوەیەدا پێشنیازی ئەوە کرا حزبی کوردیی لایەنگری بەغدا دابمەزرێ ، حەسیب ساڵح ئەوەشی ڕەتکردەوە و وتی ئەو ئەزموونە شکستی خواردووە و پێویستە لەگەڵ حزبەکانی کوردستان گفتوگۆ بکرێ و ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێ .

بەڵێ تا دواڕۆژەکانی ژیانی، حەسیب ساڵح لەگەڵ خەم و خواستی گەلەکەیدا بوو.

Scherm 14-6-2024 17393.jpg

دوای خزمەتێکی زۆر بەپڕۆژەکانی ئاوەدانی و تەلارسازی، ئەندازیار و بەڵێندەری زیرەک و شارەزا و نیشتمانپەروەر لە 18-02- 2012 لە شاری عەممانی پایتەختی ئوردن کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی برایەوە بۆ شاری کەرکووک و لەوێ لە گۆڕستانی شێخ محێدین بەخاک سپێردرا.

دروود بۆ گیانی پاک و پیرۆزی کەسایەتیی نیشتمانی و ئەندازیار و بەڵیندەری هەڵکەوتوو حەسیب ساڵحی نەمری دەستی ڕەنگینی تەلارسازی و ئاوەدا.

M 14-6-2024 181334.jpg
6-2024 180733.jpg
14-6-2024 181143.jpg
14-6-2024 175748.jpg