خواوەندی بۆبۆ و سێکس و پێکەنین و ئازادی
نووسینی: سەردار حەمەڕەش
دێمێتێر "Demeter"، بە مانای "دایکی زەوی" دێت، لای یۆنانیەکان خواوەندی کشتوکاڵ و زەویە. لە کاتێکدا بە دوای کچەکەیدا دەگەڕێت و نایدۆزێتەوە، زۆر بێ هیوا و خەمگینە، بە هۆی خەمگینیەکەیەوە وشەکەساڵیی هەموو جیهانی گرتۆتەوە. دێمێتێڕ دەگاتە لای خواوەند و لە هەمان کاتا خزمەتکار بۆبۆ "baubo ". (بۆبۆ بە مانای دایەن دێت، بەڵام ناوەکەی بە مانای "سێکسی مێینە" ش دێت).
بۆبۆ دڵنەوایی "دێمێتێر"دەداتەوە و بە دەوریدا دێت، هەر خواردنێک بۆ خواوەندی دێمێتێر پێشنیار دەکات، نایخوات و دڵی نایبات، دوا جار بۆبۆ بە گوێچکەی دمێتێردا دەچرپێنێ و پاشان کراسەکەی هەڵ دەداتەوە و ناوگەڵی پیشانی دێمێتێر دەدات، بە بینینی ئەو دیمەنە دێمێتێر دەکەوێتە پێکەنین و دەست دەکات بە نان و ئاو خواردنەوە و بەو هۆیەوە جیهان لە وشکە ساڵی ڕزگاری دەبێت و دەبوژێتەوە، گەڕی وەرزەکان وەک خۆیان دەست پێ دەکەنەوە. هەرچەندە نازانرێت بۆبۆ چ وتەیەکی چرپاندووە بە گوێی دێمێتێر دا، بەڵام خواوەندی دێمێتێر ڕزگار دەکات لە خەمگینیی. ئیدی لەو ڕۆژەوە بۆبۆ وەک ژنێکی لنگ بڵاوکراوە پیشان دەدرێت، ئافرەتێکی تۆزێک ناپەسەند، لە هەمان کاتا خۆشەویست؛ دەموچاوێک لە سەر شانی و کوزێک لە خوار دەم و لێویەوە. وەک ئەوەی دەموچاوێکمان ئافراندبێت بۆ کوزێک.
پەیکەری بۆبۆ
بۆبۆ وەک ژنێکی پیرۆز و شفاکەر و شۆخیکەر ناسراوە. ئەم میتۆلۆژیە پاڵنەرە بۆ ئازاد کردنی ژنان، بە دانس و پێکەنین و ئازادی سێکس و مردنیش وەک دەوراندەورێک، هەروەها هاندەری مێینەیە بە قبوڵکردنی ژیان بە بێ ترس. وەک ئەوەی بۆبۆ بە گوێی دێمێتێردا بە چرپە باسی هۆکاری هەقیقەتی خەمگینیی ئەوی کردبێت، دەستی خستبێتە سەر برینی خەمگینیەکەی، به هەڵدانەوەی کراسەکەی ئەو هەقیقەتەی تەقاندبێتەوە، بۆیە دێمێتێر بە هۆش خۆیدا دێتەوە و بە ئاگا دەبێتەوە و دەژیێتەوە.
شێوازی خواوەندی بۆبۆ لە سەردەمی یۆنانیدا
لە میتۆلۆژیدا، تێمی لەدایکبوونەوە و ژیانەوە، بەستراونەتەوە بە ئێرۆتیزمەوە، وەک لە دایکبوونی دیۆنیزۆس دوو جاران. هەروەها وا هەست دەکەین کە هەندێک بیرۆکەی ئەم میتۆلۆژیە بە ناڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە گەشتەکەی خواوەندی ئیناناوە؛ گەشتەکەی ئینانا بۆ جیهانی ژێر زەوی؛ جەهەنم. بەستنەوەی وشکە ساڵیش بە مردنی ئیناناوە، خواوەندی ئیناناش وەک خاوەندی خۆشەویستی و سێکس و ژیان و بوژاندنەوەیە لای سۆمەرییەکان.
چیرۆکی دێمێتێر و بۆبۆ بە چەندەها جۆری جیاواز لە ڕابوردوودا گێڕدراوەتەوە، یەکێک لەوانە گوایە دێمێتێر وازی لە خواوەندەکان هێناوە و لە گەڵ پیاواندا هێشتا پەیوەندی نە بەستووە و وەک دێوانە سەری خۆی هەڵگرتووە، بۆ ماوەی نۆ ڕۆژ بە بێ وچان ڕێگای دەشت و دەری گرتۆتە بەر. هیلاک و ماندوو، نە خۆی شوشتووە، نە خواردنی خواردووە.
لە تەنیشت بیرێکەوە دادەنیشێت، پاشان کچی پاشا دێت بە پیریەوە و دەیبات بۆ لای شاژن کە تازە زاوە و کوڕێکی بووە، شاژن بە بنینیی خواوەندی دێمێتێر هەست بە تەزویەک و موچڕکەیەکی پیرۆز و غەوارە دەکات بە جەستەیدا تێپەڕ دەبێت. دەست و برد لە بەری هەڵدەستێ هەتاوەکو جێگاکەی بۆ خواوەند چۆڵ بکات، بەڵام دیمێتێر لە شوێنی خۆی نابزوێت و بە پێوە دەمێنێتەوە بە بێ دەنگیی، بۆیە شاژن کورسیەکی بۆ پێشنیار دەکات، کورسیەکە بە پێستێکی سپی مەڕ داپۆشراوە، ئینجا دێمێتێر دادەنیشیت، بەڵام هەر بە بێ دەنگی و بە خەمگینی دەمێنێتەوە، دوای ئەوەی شاژن بە قسە خۆشەکانی دەیخاتە پێ کەنین و زەق و شەوق، ئیدی دێمێتێر دەبوژێتەوە.
فرۆید باسی دیمێتێری کردووە لە کاتێکدا باسی کچێکی دەرون شێواو دەکات؛ یەکێک لە نەخۆشەکانی. گوایە ئەو کچە وێنە و بیرۆکەی وابەستەی هەبووە، هەر کاتێك باوکی بینیوە هاتۆتە ژورەکەیەوە، بیرۆکەیەک بە هزریدا تێپەڕیوە، ئەویش وشەی "ڤاتریارش Vaterarsch"ە و بە مانای ؛ "باوک سالار" دێت، بەڵام بە ئەڵمانی "ئارش، arsch" بە مانای " قون" دێت، وەک ئەوەی بڵێین: "باوک – قون"، بۆیەکا هەر کاتێک باوکی بینیوە ئەو وشەیەیەی بە بیردا هاتووە و باوکی وەک بەشێک لە ناوەرۆکی جەستەی بینیوە؛ بە بێ سەر و دەست و قاچ و سنگ، ئۆرگانی زاوزێی دیاری نەکراوە، رووکەشی دەموچاوی لەسەر زگی بووە وەک بۆبۆ.
فرێدێریک نیچەیش کاتێک لە کۆتایی ژیانیدا ئاشنا دەبێت بە چیرۆکی بۆبۆ و دێمێتێر، لەو ڕوەوە دەڵێت:
دەبێت زیاتر ڕێز لە شەرمنیی بگرین، کە سروشت خۆی تێدا دەشارێتەوە بە مەتەڵ و دودڵیی جۆرا و جۆرەوە.
پێدەچێت هەقیقەت ژنێک بێت کە هۆکاری هەیە بەوەی کە پاساوەکانی خۆی دەشارێتەوە؟ خۆ ئەگەر بە یۆنانی بدوێین، ئەو ژنە ناوی بۆبۆ نیە؟"
لێکدانەوەی زۆر بۆ ئەم وتەیەی نیچە کراوە، نیچەیەک کە لە بەرەی دیۆنیزۆس بووە، مەبەستی چیە کاتێک دەڵێت: پێ دەچێت هەقیقیەت ژنێک بێت پاساوی هەیە کە خۆی ئاشکرا نەکات ؟ نیچەیەک کە بە ڕاشاکاوانەوە دەڵیت:
ئاه، هەقیقەت؟ هەقیقەت ناناسیت؟ ئایا تەقینەوە نیە بە ڕووی شەرمنیمان؟
ئەم وتەیەی نێچە زیاتر دەگونجێت لەگەڵ هەڵدانەوەی ڕۆبەکەی بۆبۆ، وەک تێپەڕاندنی سنوور "ترانسگرێسیۆن" و روبەڕووبونەوەی شەرم. هەربۆیەش دێمێتێڕ دەداتە قاقای پێکەنین لەبەر ئەوەی بۆبۆ هانی دێمێتێری داوە بگات بە هەقیقەت بە تێپەڕاندنی شەرم، بە هەقەیقەتی خەمبارییەکەی. هەڵدانەوەی ڕۆبەکەی بۆبۆ چەندەها لێکدانەوەی بۆ دەکرێت؛ ئایا بۆبۆ مەبەستی پیشاندانی سێکسی بووە، یان زگی، یاخود هەندەک لێکدانەوە باسی ئەوە دەکەن کە گوایە بۆبۆ "سەمای سک"ی کردبێت. ڕاستە کە بۆبۆ ڕۆبەکەی لە بەردەم نێرینەیەکدا هەڵ نەداوەتەوە کە گشت مانای ئاکتەکەی دەگۆڕی، بەڵام بە هەڵدانەوەی ڕۆبەکەی شتێکی شاراوەی واڵاکردووە بۆ دێمێتێر؛ هۆکاری خەمگینیەکەی. واڵاکردنی هەقیقەتێکە بە بەزاندنی سنور. بەڵام ئایا زمان و دوان و پێکەنین، دەنگی چەپێندراوی هەوەس نین ؟ سەرچاوەی هەوەسیش ئارەزوی سێکسوێلە، پێویستمان بە فرۆیدیش نیە هەتا بۆچونەکانمان بسەلمێنێت، ئەگەر نا هەرگیز دینەکان ڕەچاویان لە پێکەنینی ئافرەتان نە دەکرد وەک کارێکی ناپەسەند. هەرچۆنێک بێت کاتێک بۆبۆ ڕۆبەکەی هەڵدەداتەوە بە مەبەستی واڵاکردنی شتێکی شاراوەیە کە بۆتە هۆی خەمباری دێمێتێر بە سنور بەزاندن. لە بەر ئەوەی سەرچاوەی پێکەنین بەزاندنی سنورە، واتە واڵاکردنی ئەو هەقیقەتەیە کە خواوەند دەهێنێتە پێکەنین. هەروەها لە دەقە پێشوەکاندا باسی دێمێتێر کراوە کە لەوەتەی لە خواوەندەکان جودا بۆتەوە هێشتا پەیوەندی دەگەڵ پیاواندا نەبەستووە، بێ شک ئاکتی سێکسوێلیش کە زایینی لێ دەکەوێتەوە سەرچاوەی هەوەسە، دەبنە هۆی بەدینامیککردنی مرۆڤایەتی کە پێێ دەڵێین ژیان، بۆیە دێمێتێر کە خەمگینە و جیهانیش بەو بۆنەیەوە توشی وشکەساڵی بۆتەوە، جارێکی تر دەژیێتە.
هەرچۆنێک بێت شکڵێکی نێرتکمان داوە بە پەیکەری بۆبۆ بە ئۆرگانی مێینەوە، شکڵێکی بەهێز، دەم و چاوێک بە سێکسی مێینەوە، کە گوزارشت لە سێکسوالیتێ و جەوهەری ژنمان نیشان دەدات، ئەم شکڵەش لە دەرئەنجامی ئەو ئاکتە ڕزگارکەرەی بۆبۆوە ئافرێندراوە.
کاتێک پەیکەرتاشی بەناوبانگی فەرەنسی ڕۆدا، لە کۆتایی سەدەی نۆزدە، پەیکەری ژنێکی لنگ بڵاوی کرد بە مەبەستی زیاتر سنور پەڕاندن لە واڵاکرنی جەستەی مێینە، لە سەردەمی خۆیدا وەک کارێکی هونەریی غەوارە و خراپ و ئابڕوبەر ڕەچاوی لێ دەکرا، بۆیە بوو بە هەڵا لە پاریس. ئەو دەمە وامان دەزانی هونەرمەند ئیلهامی لە تابلۆکەی "مانێ" وەرگرتبوو؛ تابلۆی "خوان لە سروشتا" هەتاوەکو پێشبڕکێی ئەو بکات لە رووتکردنەوەی جەستەی مێینە و زیاتر سنوری مۆراڵ ببەزێنێت، بەڵام ڕۆدا خۆی لەو سەردەمەدا خاوەنی پەیکەرێکی بۆبۆ بووە؛ پەیکەرێکی یۆنانی بۆبۆی بە نرخێکی زۆر گرانبەها لە بازاڕدا کڕیبوو، بێ شک لە ژێر کاریگەریی ئەو پەیکەرەدا ڕۆدا پەیکەری ئەو کچە لنگ بڵاکراوەی کردووە کە بووە یەکێک لە پەیکەرە بەناوبانگەکانی سەردەمی مۆدێرن.
پەیکەری پەیکەرتاش ڕۆدا (Rodin) پەیکەری بۆبۆ لە سەردەمی یۆنانیدا
تێمی سێکس و ئێرۆتیزم دەمان بەنەوە سەر چەمکی پێکەنین، بۆیە لە میتۆلژی بۆبۆ و دێمێتێر دا پێکەنین بەستراوەتەوە بە هەڵدانەوەی ڕۆبەکەی بۆبۆوە، بە پیشاندانی ناوگەڵی، پیشاندانی ئەوەی شاراوەیە، بەزاندنی سنورە، لە بەر ئەوەی پێکەنین بەشێکە لە ئێرۆتیزم و بەندە لەسەر سنوربەزاندن وەک ئێرۆتیزم. هەر بۆیەش لە دینی مەسیحیدا پێکەنین وەک کارێکی شەیتانی و جادوگەریی و دەرخستنی دان وەک دڕندەیی و هەوەسی سێکسیی ڕيچاوی لێ کراوە، کەنیسە دژی میتۆلۆژی یۆنانی وەستاوەتەوە کە جێگایەکی بۆ پێکەنینی ژنان تەرخان کردووە، ئەوان بە پێچەوانەوە هەردەم سەرزەنشتی ژنانین کردووە کە ئاگاداری خۆیان بن لە کاتی پێکەنیندا.
خۆ ئەگەر دینەکان بە ڕاستەوخۆ ڕیگرییان لە مێینە کردووە ئەوا ئاکتی پێکەنین لە دەرئەنجامی ڕوداوێک یان شکڵێکەوە دێت کە سنوری مۆراڵ و قانونی بەزاندبێت وەک ڕۆبەکەی بۆبۆ، بە مەرجێک تراژیک نەبێت، بۆیە لە نەستی مرۆڤدا پێکەنین گوزارشت لە ئازادی و هەوەسی سێکسوێل دەکات لە بەر ئەوەی ئێرۆتیزم بەگژداچونەوەی مردنە بە واڵاکردنی هەوەسی سێکسوێل. سەرنجیشمان داوە کاتێک ژنانی دێهاتی لە کوردستان لە بەردەم پیاواندا یان بێگانەیەکدا پێدەکەنن، بە خۆڕسکانە دەست دەگرن بە دەمیانەوە یان فەقیانەکەیان دەگرن بە دەمییانەوە، وەک ئەوەی سێکسیان دابپۆشن، ئەم هەڵسوکەوتەش لە ئەوروپا باو بووە بە جۆرێکی تر، هەتا ئەم سەردەمەش لە هەندەک خێزانی بۆرژوازیدا ژنان بە ئاگادرییەوە پێ دەکەنن؛ هەوڵ دەدەن شادییان بە پێکەنینێکی شەرماویی و شاراوە دەرببڕن، بە بێ ئەوەی بدەنە قاقای پێکەنین و ددانیان نیشا بدەن. هەروەها سەرنجمان داوە لە کوردستان نەک پێکەنین بەڵکو ژنان هەڵپەڕکێیەکی تایبەت بە خۆیان هەیە کە ریگایان پێ نادات زۆر جەستەیان بە ئازادی بجوڵینن، چونکە سەما و جەستەجولاندنەوەش هەر گوزارشت لە ئازادی و هەوەسی سێکسوێل دەکەن، بۆیەکا کاتێک ژنێک دەبینین بە ئازادی هەڵدەپەڕێت و شادە، هەوەسی خۆی بەجەستە دەنوێنێت، ئەگەر ئەو دیمەنە هەوەسمان دەورووژێنێت، ئەوا لە کۆمەڵگەدا بە کارێکی ناڕەوا ڕەچاوی لێ دەکرێت لە بەر ئەوەی کە گوناحە ژنان ئارەزوی سێکسوێلی خۆیان ئاشکرا بکەن، بە تایبەتی لە کولتووری ئیسلامیدا، لە بەر ئەوەی هەموو پێکەنینێک وەک هەڵپەڕکێ و جولاندنەوەی جەستە بە ئازادیەوە بەستراونەتەوە، بە هەوەسی سێکسوێلەوە بەستراونەتەوە.
هەر بۆیەش لە مێژەوە لە تابلۆکاندا نەدەبوا پێکەنین و ددانی ژنان نیشان بدرێت، دان وەک ڕەمزی سێکسوالیتێ و بەزاندنی سنور دەبینرا، بەڵام خزمەتکار و کەسانی هەژار بۆیان هەبووە پێبکەنن، چونکا ئەوان لە چینی خوارەوە بوون، کەواتە کەسانی نزم بوون. سەرزەنشتی کچانی بۆرژوایان کردووە لە کاتی پێکەنیندا دەستەسڕ بگرن بە دەمیانەوە، کەنیسە پەرتوکی بچکۆلەی ڕێنمایی بە تایبەتیی لە سەر چۆنایەتی پێکەنین بڵاو کردۆتەوە بە سەر ژناناد. هەر بەو مەبەستەشە کە خواوەندی بۆبۆ، هەندەک جار بە خواوەند و هەندەک جاریش وەک خزمەتکار ناسراوە. وەک بینیمان لە ڕێنیسانسدا سەردەمی بوژاندەنوە و بەخەبەربوونەوە لە ئەوروپا، مۆنالیزا بە خەندەیەکی شەرماویەوە خۆی نیشاندا، پاشان هونەرمەندی ئیسپانی ڕامبرەند "Rambrandt" بۆ یەکەم جار لە مێژووی هونەردا کچێکی بە پێکەنینەوە نیشاندا لەسەر تابلۆیەک.
دەرکەوتنی پێکەنین لە تابلۆیەکی ڕامبەرەند (1606-1669-Rambrandt)
کۆنترین پێکەنین کە لە مێژوودا باسکرابێت، لە بایبڵدا باسکراوە. پێکەنینی سارای خێزانی ئیبراهیمە لە بەردەم ئێزداندا، لە بەر ئەوەی خودا بابەتێکی ناڕەوای بۆ پێشنیار دەکات؛
ئاخر چۆن ڕێی تێ دەچێت ئافرەتێک لە هەشتا ساڵیدا دووگیان ببێت ؟ نە سوڕی مانگانەی ماوە نە چێژی جووتبوون ؟
بەڵام یاڤێ پێی دەڵێت کە ساڵی داهاتوو دەگەڕێتەوە بۆ لایان و کوڕێکیان دەبێت، ئەو کارەش بۆ خودا گران نیە بۆیە نابێت پێ بکەنێت. سارا لە ترسا نەرێنی دەکات لە وەی کە پێکەنیبێت، بەڵام یاڤێ پێداگریی لە سەر دەکات و پێی دەڵێت: نا، تۆ پێکەنیت.
هەرچەندە بایبڵ ڕوونکردنەوە نادات لەسەر پێکەنینی سارا و ڕاستەوخۆ سارا خەتابار ناکات، بەڵام لە دیالۆگەکەدا هەست بە خەتابارییەک دەکەین لە لایەن ئێزدانەوە بەرامبەر بە پێکەنینی سارا.
دوو لێکدانەوە بۆ پێکەنینی سارا دەکرێت بە پێی تێکستی عیبری؛ خودا بابەتێکی گەڵتەجاڕیی ورووژاندووە، بۆیە سارای هێناوەتە پێکەنین. بەڵام پێ دەچێت پێکەنینی سارا پێکەنینێکی خەمگینیی بێت، بەوەی کە ئەو ئارەزووی جووتبوونی نەماوە. پێ دەکەنین هەتا خەمگینیی نەمان باتەوە بۆ خۆی وەک دێمێتێر. پێکەنین دژی خەمگینی و مردنە. هەر بۆیەش خواوەندی دێمێتێر چاک دەبێتەوە و کۆتایی بە وشکە ساڵی دێت. ئێرۆتیزم بەرپەرچدانەوەی مردنە.
بۆیە ئەو ژنانەی کە پێدەکەنن و سەما دەکەن وەک کەسانی پەتیارە و بێ پەرەوەردە ڕەچاویان لێ کراوە، هەر بە هەمان مەبەست کچانی لەش فرۆش دەم بە پێکەنینن، هەتا بۆ مشتەریەکانیان بسەلمێنن کە ئەوان هەوەسی سێکسوێلیان هەیە، لە بەر ئەوەی کە ئاشکرایە ئێمە سێکس لەگەل بێ گیاندا ناکەین، بەڵکو بەگژیدا دەچینەوە، هەر بەو مەبەستەشە لە داستانی گیلگامێشدا ئەو کچەی کە ئەنکیدو رامدەکات و ڕازی دەکات لە گەڵیا بڕوات بۆ شاری ئور هەتاوەکو ببێتە کەسێکی شارستانیی، ناوی "خانمی خۆشیە"، واتە "خۆشی" بە ناو هاتووە، بەڵام لە هەموو تەرجومەکانی عارەبی و کوردیدا لە بری وشەی " خۆشی" "خۆشیدەر"یان داناوە بە ئاوەڵناو نەک بە ناو. من زیاتر ڕام لە گەڵ ژۆن بۆتێرۆیە کە وای باوەڕە ناوی ئەو کچە زیاتر نزیکە لەو ناوەی کە لە ساڵانی شەستا لە فەرەنسا بەکار دەهات بۆ ئافرەتی لەش فرۆش؛ فەرەنسیەکان لە بری ئافرەتی لەش فرۆش"prostitué" بە زمانی ڕەمەکی دەیان گووت: فی دو ژووا (fille de joie )، بە واتای " کچی خۆشیی و ئاهەنگ" دێت نەک "خۆشیدەر" بەمانی ئەو کەسەی خۆشی دەدات. وشەی خۆشی لێرەدا تەواو بە پێچەوانەی خەمگینیەوە هاتووە.
(فی دو ژووا "filele de joie" وشەیەکی لێکدراوە و ناوێکیان لێ پێک هێناوە).
کاتێک شارل گاغنیێ"Charles Garnier" لە ساڵی 1869 دا، ئۆپرای پاریس دروست دەکات، کە ئێستاکە ئۆپرای پاریس ناوی ئەوی هەڵگرتووە؛ "ئۆپرای گاغنیێ"، داوا لە پەیکەرتاش ژۆن باستیست کۆرپۆ "Jean Baptiste Carpeaux" دەکات پەیکەرێکی بۆ بکات بۆ دیواری بەردەمی ئۆپرا، ئەویش پەیکەرێک دروست دەکات لەسەر تێمی دانس؛ کوڕێکی گەنج خەریکی تەمبور ژەنینە و بە چواردەوریدا چەند ژنێکی دیۆنیزۆسیی بە ڕووتی و بە پێکەنینەوە دانس دەکەن بە دەوریا. هەر بە بینینی ئەو پەیکەرە، دەبێتە هەرا و کۆکردنەوەی واژۆ دژی ئەو کارە و شەوێک چەند کەسێک بۆیەی ڕەش دەڕێژن بە سەر پەیکەرەکەدا کە هەتا ئەم سەردەمەش جێ شوێنی ئەو بۆیە ڕەشە دوای پاکردنەوەشی بە پەیکەرەکەوە دیارە. ناچار پەیکەرەکە دەبرێتە مۆزەخانەی لۆڤەر و پاشان بۆ مۆزەخانەی ئۆرسای لە پاریس.
پرۆژەی پەیکەری سەما بۆ ئۆپرای پاریس" Jean-Baptiste Carpeaux"
دەبێت ئەوە بوترێت کە ئاکتی داپۆشینی ئیشتار بە ڕۆبەکەی لە سەردەمی بابلیدا ئاکتێکی سیاسی بوو، ئەگەر هونەرمەندەکان لە سەردەمی ڕێنیسانسەوە بە تابلۆی شانۆیی بایبڵ و پاشان لە سەردەمی ئەمریسیۆنیستەکاندا بە واقیعی پێشبڕکێیان دەکرد لە سەر زیاتر دادڕینی ڕۆبەکەی ئیشتار و رووت کردنەوەی ژنان، ئەم دایاردەیەش لەگەل مۆدێرنیتێ و لە سەردەمی پیشەسازیدا دەستی پێکرد، لە بەر ئەوەی نەمان دەتوانی هەنگاوێک بچینە پێشەوە بە بێ ئەوەی بازنەی ئازادیمان فراون بکەین، ئازادیش لە ناوگەڵی داپۆشراوی ئینانادا بوو، بۆیەکا کاری هونەمەندان دادڕینی ڕۆبەکەی ئەو بووە، هەتا بتوانین لەو دەروازەیەوە بچینە ژیانێکی نوێ وە، بگەین بە زانین " مەعریفە"، پێکەنینین بەشێکە لەم ئازادییە.
چونکا لە ئیفلاتونەوە هەتا سانتۆگوستین و فرۆید، هەوەسی هەژێنی مرۆڤ بە سەر سێ قۆناغدا دابەش کراون؛ قۆناغی پوختیی کە ڕاستە و خۆ بە ئاکتی سێکسوالیتێدا خاڵی دەبێتەوە، قۆناغی دژواری "ئەگرێسیڤیتی" و پاشان گەیشتن بە قۆناغی مەعریفە، واتە وەرگێرانی هەوەسی هەژێن لە خودا بۆ زانین، بەلام ئێمە ناتوانینن بگەین بە زانین ئەگەر ئینانا داپۆشرابێت واتە ئەگەر ئازادیمان لێ زەوت کرابێت، لە بەر ئەوەی خود سنوردار کراوە، وەک ئەوەی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵات ڕوو دەدات؛ تاکی ڕۆهەڵاتی لە بازنەدا دەسوڕێتەوە، سەری دەکێشێت بە ناوگەڵی ئیشتاردا. ڕوانگەی نەماوە دەبێت بە کوزی ئیشتاردا تێ پەڕێت، بۆ گەیشتن بە زانین، بۆ گەیشتن بە هەقیقەت، گەیشن بە جەوهەر. بۆیە داپۆشینی ئیشتار کارێکی تەواو سیاسی بوو، بە مەبەستی شاردنەوەی هەقیقەت بوو.
سەرچاوەکان:
دۆکیومەنتەری تەلەفزوێنی فەرەنسی بە ناوی ؛ پێکەنین.
وتاری : Monique Broc-Lapeyre بە ناوی ؛ بۆچی بۆبۆ دێمێتێری هێنایە پێکەنین ؟
" Pourquoi Baubô a-t-elle fait rire Déméter "