خۆى كرد به‌ کەڕەی شەربەت

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

ئامادەکردنی: داناز عەبدولڕەحمان

445388882.jpg

کەڕەی شەربەت یەکێکە لەو دەستەواژە باوانەی کە بەڕادەیەکی زۆر له‌شارى سلێمانی بەکاردەهێنرێت، لەو کاتانەدا کە کەسێك وەڵامی کەسێکی دیکە نەداتەوە، دەوترێت خۆى كرد به‌ کەڕەی شەربەت. چەندین چیرۆکی جیاوازهەیە، لەبارەی ئەوەی کەڕەی شەربەت لە چییەوە هاتووە؟ و چیرۆکی ڕاستەقینەی چییە؟ لێرەدا هه‌وڵده‌ده‌ین چیرۆکه‌ ڕاستەقینەكه‌ی کەڕەی شەربەت بڵاوبکەینەوە: هه‌ر له‌كۆنه‌وه‌ مێوژ لە دەرووبەری سلێمانییه‌وه‌ دەهێنرایە ناو شار، زۆربەی مێوژە نایابه‌كان بۆ دروستکردنی شەربەت، لە گوندەکانی سنوری شارباژێڕو شینکایەتی و دۆڵی جافایەتی بەرهەم دەهێنران، چونکە باشترین جۆری ڕەز و ترێ و مێوژ دەکەونە ئەو دەڤەرەوە. جاران بەشێوەیەکی ڕێکوپێک ئامادەو پوختە دەکران و دەخرانە گونیەی ئەستورو پریاسکەی گەورە و بەسەرپشتی ڕەشەوڵاخ و گوێدرێژ دەهێنرانە ناو بازاڕی شارو بە خەڵک و دوکاندارەکان دەفرۆشران یان ئاڵوگۆڕیان بە شتومەکی تر پێدەکرا.

زۆر لە شه‌ربه‌تچییه‌كانیش خۆیان چاڵە بەفریان هەبوو،هەندێکیان لە مەڵکەندی تاشە بەفریان هەبوو، کە بەفری ئەوێ دەتوایەوەو ڕوویان لە لەچیاکانی "ئەزمەڕ" و "گۆیژە" و گوندەکانی "قولەڕەش" و "خەمزە" دەکرد و لەوێوە بەفرەکانیان دەخستە گونیەوە بە پشتی وڵاخ دەیاهێنایە ناو شار و ئێواران دەیانفرۆشت یان لەگەڵ شەربەتەکانیان تێکەڵیان دەکرد.

کاری شەربەتفرۆشەکان لە بەهار و هاویندا زۆر زۆرتر بوو، چونکە خەڵکی لە وەرزی گەرمادا زیاتر خواردنەوە ساردەکان دەخواتەوە، کە زیاتر لەناو بازاڕ و کۆڵان و دوکانەکانیاندا شەربەت و ماستاوی پڕ له‌ قەزوانی ساردیان دەفرۆشت. زستانانیش وازیان لە کاری شەربەتفرۆشی دەهێنا و شێلمی کوڵاو و لەبلەبی و پاقلەیان دەفرۆشت، یاخود كاسپى تریان ده‌كرد...

104412670 .jpg

سەرمێزی شه‌ربه‌تچییه‌كان بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش ده‌ڕازێنرایه‌وه‌، شه‌ربه‌تى مێوژى ڕه‌شیان دروستده‌كرد له‌ دوكانه‌كانیانداو ده‌یانكرده‌ شوشه‌ى گه‌وره‌ى تایبه‌تییه‌وه‌و له‌سه‌رمێز دایانده‌ناو پەرداخی گەورەو بچووک بەدەوریدا ڕیز دەکراو تاشە بەفری گەورە بەگونیه‌ى داپۆشراو دەبینرا، هەر کەس داوای شەربەتێکی بکردایە، کەمێک بەفریان بۆ دەخستە ناو پەرداخە شەربەتەکەیەوە هەتا بەتەواوەتی سارد دەبوو. خۆشترین و بەتامترین شەربەتی لێ بەرهەم دەهات.

جارجاریش شەربەتەکانیان دەیاخستە ناو کوپەیەکی شینەوە، یان بەسوراحی بچوک بچوک دەیانفرۆشت.

دەستگێڕەکان قایشی تایبەتیان دەبەست، بۆ ڕاگرتنی پەرداخەکان، پەڕۆیەکی سپییان لە شێوەی خاولی بەکەمەریان شۆڕدەکردەوەو بۆ دەست سڕین و وشکردنەوەی پەرداخەکانیان، مەتارە ئاویشیان بەکاردەهێنا بۆ شتنی پەرداخه‌كان.

شەربەتفرۆشەکان بەگەلێ جۆر هاواری شەربەتفرۆشتنیان دەکرد، تاوەکو سەرنجی کڕیار بۆلای خۆیان ڕابکێشن: خوڕەی نایە، خەست و خۆڵە، کەللـە تەزێنە، عیللەت پەڕێنە، وەکو هەنگوینە، دەرەجە یەکە، خاڵس و بێخەوشە، یەکجار تامیکە....

105980918 .jpg

جگه‌ له‌وه‌ش خوێیەکی زۆریان بەتاشە بەفرەکانیانەوە دەکرد، تاوەکو زۆر زوو بەفرەکە نەتوێتەوە، ئینجا گونیەکی پەڕۆی ڕەنگ قاوەییان دەدا بەسەرتاشە بەفرەکەیا، بەمشار و کڵۆ کڵۆ جیایان دەکردەوە، بەتایبەت لە ئێواراندا هاواریاندەکردو کڵۆیەک بە ٤ فلس بوو، ئەم شەربەتچیانه‌ پەرداخی گەورە و بچووکیان بەکاردەهێنا، کە نرخیان جیاوازتر بوو..

لەساڵانی چلەکاندا نرخی پەرداخێکی بچووک بە ۲ فلس بوو، نرخی پەرداخێکی گەورە بە عانەیەک بوو..

لە ساڵانی پەنجاکان پەرداخێکی شەربەتی بچووک بە ٥ فلس بوو، پەرداخێکی شەربەتی گەورەش بە ۱۰ فلس بوو.

یەکێک لەو شەربەتفرۆشانەی کە لە سلێمانیدا، زۆر بەناوبانگ بوو، شەربەتی مێوژى نایابی دەفرۆشت، پیاوێکی ڕیش سپی پیر و ماندوو، به‌ناوى کەڕەی شەربەتفرۆش ئەم نازناوە بۆ شکاندن و لەکەدار بوون نەبوو، بەڵکو بۆ خۆشەویستی و ناوبانگ بوو.

ئەو هەرگیز بەو نازناوە توڕە نەدەبوو، پیاوێکی پۆشتە و کاسب و بێوەی بوو، هەمیشە بەو شێوەیە لەگوزه‌رو بازاڕى شار بەخۆی و سوراحیەکی گەورەی پڕ شەربەتەوە دەبینرا.

ڕیزێ پەرداخی وەکو گوللـەبەند لەسینەی بەستبوو، پەڕۆیەکی سپی گەورەی هاوشێوەی خاولی بە کەمەرییەوە شۆڕکردبۆوە، بۆ سڕین و وشککردنەوەی پەرداخ و سوراحی و پێداویستییەکانی کارەکەی، بەردەوام سوراحی و پەرداخەکانی بریسکەیان دەهات. شەربەتێکی به‌تام و نایابی هەبوو.

لە سلێمانیدا دوو جۆر شەربەتفرۆش هەبوو. هه‌ندێكیان لە دووکان شەربەتیان دەفرۆشت و ئەوانیتریش دەستگێڕ بوون. کەڕەی شەربەت لە ناو دوکان و دەرەوەش کاری دەکرد.. زۆر لە شەربەتە دەستگێڕەکان لەدەوروبەری سینەما و لەبەردەم و ناو سینەماکاندا بەخۆیان و سوراحیەک بەفرو شەربەتەوە دەبینران.

122796131 .jpg

بەهۆی ئەوەی سینەماکانی ئەوکات هەمیشە جمەیان دەهات و خەڵکانێکی زۆر ڕوویان تێدەکرد بەشێوەیەکی گشتیی زۆر قەرەباڵغ بوون. کەڕەی شەربەتفرۆشیش زیاتر لاى سینەماکان دەبینراو شەربەتی لەوێ دەفرۆشت.

پیاوێکی ڕووخۆش و ماندوو و گوێیەکانی گران و هیچی نەدەبیست، بۆیە کاتێ کە بانگت بکردایە دەبوایە بە دەست ئاماژەت بۆ بکردایە، دیقت دەکرد هەتا وەڵامی دەدایتەوە، خەڵکی زۆریان خۆشدەویست و شەربەتیان لێدەکڕی، بۆیە ناوی کەڕەی شەربەت بەشاردا بڵاوبۆوە.

دیاره‌ زۆر شەربەتفرۆشی تر، دواتر بەوناوەوە بانگکراون و ئەو نازناوەیان هەڵگرتووە، بەڵام لە ڕاستییدا خه‌ڵك هه‌ر به‌ خۆشى ئه‌و کەڕەی شەربەتفرۆشه‌وه‌ ئەو نازناوەیان به‌وانه‌ى دیكه‌ش داوه‌.

هەریەکە و سەرگوزەشتەیەکی خۆش و پڕ نەزیلەیان هەبوو.

به‌ڵام دەستەواژەیەک كه‌ لەسلێمانی بووه‌ته‌ ئیدیۆم و زۆر ده‌وترێته‌وه‌، ده‌سته‌واژه‌ى "بوو بەکەڕەی شەربەت"ه‌ كه‌ به‌سه‌رهاته‌كه‌ى له‌و كه‌ڕه‌ى شه‌ربه‌تفرۆشه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌ كه‌ باسى ده‌كه‌ین. لە دوکانەکەی خۆی شەربەتی دروستدەکردو شەوانەش هەر لەدوکانەکەی خۆی دەنوست، لەساڵانی په‌نجاكان و شه‌سته‌كاندا.

وەک دەڵێن ژن و ماڵ و مناڵی نەبوو، پیاوێکی ڕووخۆش و کەمدوو، کە بە کەڕەی شەربەت بانگیان دەکرد. ئەو ناوە زۆر زوو بەشاردا بڵاوبۆوە.

جارجار لەبەردەم سینەما و ناو بازاڕدا دەبینرا، دوکانەکەی لە نزیک گەرماوی سورەت بوو، لەژێر پردەکەوە خوار مەیانی ماستەکەوە نزیک گوزەری ئاسنگەرەکان.

شەربەتێکی مێووژی خۆش و خەست و خاڵس و بێخەوش و بەناوبانگی هەبوو، نرخی هەر پەرداخێک لە شەربەتەکەی بە پێنج فلس بوو، پەرداخی گەورە نرخی دە فلس بوو.

ئیتر خەڵک پێیان ئەوت کە شەربەتەکەی ئەمڕۆت زۆر خۆشە، یان زۆر بەتامە یان شەربەتەکەی ئەمڕۆت ڕوونە، هەرچییەک شتێک لەسەر کەموکوڕی شەربەتەکەی کە دەدوان ئەو گوێی لە هیچ نەبوو، چونکە گوێی گران بوو هیچی نەدەبیست و وەڵامی نەدەدایەوە..

یاخود وه‌ك ده‌ڵێن هه‌ر كه‌سێك رەخنەی‌ لەشەربەتەکەی گرتبێت. ئەو خۆی کەڕو بێده‌نگ کردووه‌.

وەک بڵێی گوێی لێنیەو بێئاگایە. یاخود ئه‌وسیفەتەی هه‌بووه‌ خۆی لەدانەوەی باقی‌ پاره‌ گێل كردووه‌.

بۆیە لە شاری سلێمانیدا ئەم جۆرە دەڕبڕینە وەکو پلار و توانج وگازندە بۆ کەسێ بەکاردەبرێ کە خۆی بۆ هەموو شتێ لەگێلی بدات، یان وەڵامی پرسیارێک نەداتەوە.

یان لەکاتی خۆیا ئامانەتێک شتێکی نەگەڕێنێتەوە، یەکسەر پێی ئەڵێن دیسانەوە خۆی کرد بە "کەڕەی شەربەت"


تێبینی: وێنەکە هی کەڕەی شەربەتفرۆش نیە، بەڵکو هی پیاوێکی ئازیز و خۆشەویستی شارە، ئێستا لەژیاندا ماوە. ساڵى ۱۹٦۳ گیراوە.