دابڕان و مرۆڤی ژیری ژیر
ژۆزێف بۆیس (Joseph Beuys) ، هونەرمەندی ئەڵمانی 1921.1986 کاتێک لە شەڕی جیهانی دووهەمدا بە فڕۆکەکەیەوە دەکەوێتە خوارەوە، لە لایەن خێلێکی تەتەرەوە برینەکانی ساڕێژ دەکرێت بە دەستوری دابڕاندنی ئەو برینە لە جیهانی دەرەوەی میکرۆب و ڤایرۆس، بە بەکارهێنانی لباو و چەوری و هەنگوین..تاد. لە دوای ئەم روداوە، ئەم ماتریاڵانە ؛ لباو، رۆن، مس، کەرە، خوێن، سولفات، دار،خۆڵ، نینۆک، موو....تاد، دەبنە کەرەسە و هەوێنی هونەرەکەی . یەکێک لەو کارە سەرسوڕمێنانە هونەریانەی کە ژۆزێف بۆیس وەک ( hapning) لە پیشانگایەکدا لە ئەمەریکا دەیکات، ژۆزێف بۆیس خۆی دەپێچێتەوە لە لباوێکەوە لە ئەڵمانیا، پاشان ئەمبولانسێک دێت بە شوێنیدا و هەڵی دەگرێت و دەیباتە فڕۆکە خانە و بە گەیشتنی بۆ ئەمەریکا، ئەمبولانسێکی تر لە فڕۆکەخانەکەوە دەیباتە شوێنی پێشانگاکە، ژۆزێف بۆیس هەر لە لباوەکە پێچراوەتەوە و لە جیهانی دەرەوە دابڕاوە بە خۆی و گۆچانەکەیەوە، پاشان دەیبەنە ژورێکی پێشانگاکە و سێ ڕۆژ لەو ژورەدا لەگەڵ ئاژەڵیک (coyote) دا بەسەردەبات کە چەند ڕۆژێک لەوە و بەر راوکراوە لە ئەمەریکا . ب
بەم شێوەیە ژۆزێف بۆیس خۆی دابراندووە لە دەور و بەرەکەی هەتاوەک و بەخۆی فکر و خەمەکانیە بگاتە شوێنی مەبەست.
دەگەڕڕێینەوە بۆلای ژۆزێف بۆیس لە کۆتایی نوسینەکەدا.
سەرەتای پیکهاتنی خانەی ئۆرگانیک، پێش 3.5 ملیار ساڵ لەمەو بەر، بوو بە یەکەم خشت بۆ بنیاتنانی هەموو بونەوەرێکی زیندوو، لە دەرئەنجامی بەیەکبوونی کۆمەڵە مۆلوکولێکی ئۆرگانیک لە کەش و هەوایەکی گونجاودا، هەر یەکەیان بە خاسیەتێکی جیاواز، یەک ئامانج کۆی کردبوونەوە ئەویش پێکهێنانی تەنێک هاتاوەکو باشتر بتوانێت خۆی بگونجێنن لەگەڵ دەور و بەرەکەیدا لە پێناوی بەردەوام بونیان لە ژیان .
ئەمڕۆ کە مرۆڤئ ژیری ژیر بەرهەمی ئەو خانە سەرتایەیە، مێژووی دروستبوونی ئەم خانەیە لە جینەکانیدان، کارەکتەر و هیوا و ئاواتیان دیاری دەکات، هەمووشمان بە هەموو جیاوازیەکمانەوە ئەو ئامانجە کۆمان دەکاتەوە ؛ بەردەوامیدان بە ژیانمان، بەلام ئەم بەردەوامیە لای مرۆڤی ژیری ژیر هەر ئەوە نیە کە بخوات و بخواتەوە و سەیری ئاسمانی شین بکات، بە گوێرەی هەندێک لێکۆڵینەوە ئەم گەردونەی ئێمە، بەرهەمی پێکهاتەیەکی ژیرە، لە دەرئەنجامی لە ناوچونییەوە جارێکی تر خۆی دروست کردۆتەوە، نۆرەی ئێمەیە و کاری ئێمەی مرۆڤە بە هەموو گەردوندا بڵاوبینەوە و جارێکی تر بەردەوامی پێ بدەینەوە و لە لەناوچوون ڕزگاری بکەین، بۆ هەتایە بە بلاوبەنوەمان بە هەموو گەردوندا. ئەگەریش هەندێک کەس هۆشمەند نەبن بەم غەریزەیە، ئەوا ویستێکی شاراوە دەیان بات بەرەو ئەو نیشانەیە، لەم ڕێگایەدا ناکۆکی و جیاوازیەکانمان دەردەکەون، بەم هۆیەوە دابڕان بەکۆمەڵ و بەتاک لە نێوانماندا روو دەدەن کە هەندێک جار دەبێتە هۆی ململانییەکی توند و دژوار .
هەر لە دروستبوونی کۆمەڵگە و شار و شارستانیەت، مرۆڤ بە هۆشمەندی و ناهۆشمەندییەوە بەرە و ئەو ئامانجە دەڕوات، ئەم ئامانجە ئەگەریش غەریزەیەکی سروشتیە، بەڵام مرۆڤ خۆی هەموو جارێک توشی شۆک دەبێت بە ئاشنابوونی بە دەرئەنجامی بەرهەمەکەی، کە چ کۆمەڵگەیەکو چ جۆرە ژیانێک بەرهەم دەهێنێت.
وەک ئەوەی چاوەروانی ئەوەی نەکردبایە کە لە لە کۆتاییدا دژی خۆی بوەستێتەوە، وەک ئەو بونەوەرەی کە فرەنک ئەنیشتایین دروستی کرد و لە کۆتاییدا دەیویست دروستکراوەکەی بکوژێت. وەک ئەوەی کە پەرەسەندنی سروشتی مرۆڤ، خۆی لە خۆیدا کاولکەر بێت، دژی بەختەوەری خۆی بێت. سیستەمی ئێکۆنۆمی و سیاسی و پەروەردەش هەر لەسەر پێکانی ئەم ئامانجە بەندە، تەنها دینەکان نەبن کە ڕێگەیان لەم ئامنجە سروشتییەی مرۆڤ گرتووە، لە سەردەمانێکدا کە دینی مەسیحی باڵادەست بوو لە ئەوروپا کەسانێکی دەردەکرد لە کۆمەڵگەکەی لە بەر ئەوەی دوای هەمان ئامانجی ئەوان نەدەکەوتن، لەوانە کەسانی زانا وەک گالیلێ، یان هونەرمەندان یان هەر تاکێکی تر کە ڕیگایەکی تری دەگرتەبەر.
لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا دابڕان بە تاکو کۆمەڵ، وەک ڕێکخراو یان خۆڕسکانە درووست دەبن، ئەمڕۆ لەسیستەمی کۆمەڵگەی ئەوروپیدا لەبەر ئەوەی ڕۆڵی خێزان کەمتر بۆتەوە، بۆ ئەوەی تاک دانەبڕێت لێی، بە هەموو شیوەیەک هەوڵ دەدەن تاکەکان ببەستنەوە بە خۆیانەوە هەتاوەکو وەک مەڕی بێ شوان دانەبڕێن، ئەویش بە سیستەمی سۆشیال و تاکس و دەنگدان.
سیستەمی ئەوروپا بە پێچەوانەی داروینەوە هەڵسوکەوت دەکات، بە هەموو جۆرێک هەوڵ دەدات ئەو کەسانەی بەهۆی کەم ئەندامیەوە یان کەم ژیریەوە ناتوانن دوای داواکانی ئەم کۆمەڵگەیە بکەون، یارمەتیان دەدات هەتا لە کاروانەکە دوا نەکەون، هەتا جارێکی تر نەبنەوە بە پێکهاتەیەکی دابڕاو و ئۆرگانیزمی دژی خۆی بوەستنەوە.
بە پێجەوانەی ئێمەی ڕۆژهەڵاتی خوێندکارە ژیرەکان دەخەینە پێشەوە هەتاوەکو نزیکتر بن لە مامۆستا و تەمبەڵەکن لە دواوەی پۆلەکە. هەتا ئەمڕۆ ئەم جۆرە سیستەمە بەردەوامە، ئایا لە داهاتودا لەگەل دابەزینی باری ئێکۆنۆمی ئەوروپا ئەم سیاسەتە دەمێنێتەوە و پەیڕەوی دەکرێت ؟
ئەگەر سیستەمی دیکتاتۆر و کۆمۆنیستی، بە هەموو جۆرێک دژی دابڕان وەستاونەتەوە و سەرکوتیان کردوون، ئەوا سیستەمی دیموکراسی هاتەوە سەر لۆژیکی خانە؛ با هەموومان بە جیاوازیەکانمانەوە پێکەوە بڕیار بدەین، کەس دانەبڕێت لە کۆمەڵگەکەماندا ئەگەریش فکر و توانا و ژیریمان جیاواز بێت، بەلام ئەم سیستەمەش هەرخۆی جارێکی تر تەڵە بۆ جیاوازیەکان دادەنێت، بە دابڕانی ئەو کەسانەی کە خزمەت بەو ناکەن ؛ لە پەرەگرافی جاڕنامەی مافی مرۆڤدا هاتووە ؛ جیاوازی کردن لە نێوان مرۆڤێک و مرۆڤێکی تردا، لە سەر ئەوە بەندە کە کامیان زیاتر خزمەت بە کۆمەڵگە دەکات، واتە بە قازانجی گشتی دەکات، لەکاتێکدا ئەو کەسەی کە دەچێت بۆ جەنگ بۆ بەرگری کردن لە نیشتمانەکەی، بەرزتر دەبینرێت لەو کەسەی کە دژی ئەو جەنگەیە، ئەم جەنگەش هەرخۆی ئەگەر لە سەردەمێکدا وەک خزمەت بناسریت، لە سەردەمێکی تردا وەک تاوان و جینۆساید دەبینرێت، کەواتە دەبوایە لە جاڕنامەی مافی مرۆڤدا بوترایە ؛ ئەو کەسەی کەمرۆڤ دۆستترە، نەک خزمەت زیاتر دەکات، چونکە خزمەت بە سیستەمێک دەکات کەخۆی هۆشمەند نیە کە ئایا ڕێگایەکی دروستی گرتۆتە بەر لەئەزەلیدا یان نە.
لەملا و لەولاش، لە ئەوروپا لە دەرئەنجامی ئەو ژیانە جەنجاڵییەی شارستانیەتی تەکنەلۆژی خولقندویەتی، لە بێ هیواییان بە شۆڕشێک بۆ گٶڕینی سیستەمەکە بە تاک و بە کۆمەل خەڵکی جیادەبنەوە و خۆیان دائەبڕن بە خولقاندنی جۆرێکی تری ژیانی ئێۆکۆلۆژی، گوایە نە خەوش وخاڵیان دەبێت و نە بەرهەمی زۆر، واتە؛ ئۆتۆ ئێکۆنۆمی، بەم جۆرە بەڵکو ژیانێکی بەختیاری بژیێن، بەلام ئەم جۆرە سیستەمە دەگونجێت بۆ کۆمەلە کەسێکی بچووک، هەر کە ژمارەمان زۆر دەبێت، خۆمان لەبەردەم هەمان تەنگژیدا دەبینینەوە، نەک تەنها زۆر بوونی ژمارە تەنگژی بەرهەم و دۆزینەوەی وزە و ئۆرگانیزاسیۆنی کۆمەڵگەیە هەروەها دەبێتە هۆی زیاتر دەرکەوتنی دیاردەی غەریزە سەرەکیەکەی مرۆڤ ؛ ئێمە کێین و لە کوێ وە هاتوین و بۆ کوێ دەچین ؟ کە دەبێتە هۆی خولقاندنی ترس و لەرزینی ڕۆحی مرۆڤ، بۆ لەبیربردنەوەی ئەم ترسە، دەبێت سەفەرێکی دورو درێژ ئەنجام بدات، هەتاوەک و ململانێکانی ناوەوەی خۆی لە بیر بباتەوە، وەک گەلگامش هەتاوەک و وەلامی پرسیارەکانی بداتەوە، لە چاوەڕوانیشدا تەوژمێک و هیوایەکی پێ ئەدات لەژیاندا.
حسەین عارف لە چیرۆکی گەلە گورگدا کە بەشێکە لە بیۆگرافی خۆی دەیەوێت دابرێت لەو کۆمەڵگەیەی کە خاڵی هاوبەشی لەگەڵدا نەماوە، لەگەل خێزانەکەیدا دەچێتە کوێرە لادییەک نیشتەجی دەبێت، دور لە شارستانی، کاتێک دەبینێت شەوێک گەلە گورگێک دەدەن بەسەر خانوەکەیدا، دەیانەوێت لە لولەی زۆپاکەوە بێنە ژورەوە، پاش ئەوەی لولەی زۆپاکە دەگرێت، دەبینێت کە گورگەکان دەیانەوێت بە چڕنووکەکانیان ژێر دەرگاکە هەڵکەنن و لەوێوە بێنە ژورەوە، پاشان لە پەنجەرەکانەوە، سەری سوڕ دەمێنێت لە زیرەکی ئەو گورگانە چۆن هەرجارە و شوێنێکی نوێ ئەدۆزنەوە بۆ هاتنە ژورەوە، لە کۆتاییدا کابرا دەلیت ؛ ئەمانە گورگ نین، وا دیارە مرۆڤن . سارتەر دەڵیت ؛ جەهەنم ئەوانی ترن. ئەوانی تر نەک تۆیان قبوڵ نیە بەڵکو بیر و ڕاو مۆدێلی خۆشیان بەسەرتا دەسەپێنن.
دابڕان لەخۆ؛
دیاردەی خۆ نواندن، غەریزەیەکە تایبەتە بە هەموو زیندەوەرێک، ئەم دیاردەیە، خۆی لە خۆیدا دژی دابڕانە، بۆ بەیەک بوونی لەگەڵ ئەوی تردا، یان پەیوەندیکردن بەوی دی، سیستەمی پەروەردەی خێزان و دەوڵەتیش بە گوێرەی کەڵچەری جیاواز بە هەندێک کۆد ئەو هەستی خۆنواندنە دەگونجێنن لەگەڵ خۆیاندا بە مەبەستی بەستنەوەی تاک بە خۆیانەوە. ئەم خۆنواندنە هەندێک جار ڕوالەتێکی ئاڵۆز دەپۆشێت، ئاڵۆز و شاز لەلایەن تاکەوە کە دەبێتە کەسێکی کۆمێدی و تراژیدی وەک فەرهاد پیرباڵ کە شیکارەکەی هێندە ئاسان نیە.
کاتێک مرۆڤێک، شکست دەهێنێت لە دەرئەنجامی خۆ گونجاندنی لەگەل ئەم سیستەمەدا بە هیوای ئەوەی شتێک بگۆڕێت یان بە پێشنیارەکانی دەوروبەرەکەی بە ئەراستەیەکی تردا ببات هەتاوەکو لەگەڵیا بگونجێت، بە داهێنان بێت یان بە چوونە ژورەوەی لە درزێکەوە بۆ ناو کۆمەڵگە، یان هەر بۆ جێگەیەکی بچوک لە کونجوڕێکیدا، لە کاتێکدا نەیتوانیوە هەموو پێکهاتەکانی ناوەوەی خۆی بکاتە یەک و بیاکاتە هیزێکی سیحراوی هەتا بگاتە خاڵی مەبەست، یان ملانێکانی ناوەوەی خۆی نەبوون بەیەک پێکهاتە، نەی کردووە بە ڕمێک کە بتوانێت نیشانەکە بپێکێت، لەم کاتەدا کەمرۆڤ توشی شکستێکی دەروونی دەبێت، دەبێتە هۆی دابڕانی یەکجارەکی ئەو کەسە لە خۆیی، توشی جۆرێک لە خەمۆکێی دەکات، بەتایبەتی ئەگەر ئەو کەسە هۆشمەند نەبووە بە هەموو هۆکارەکانی ئەو شکستە، واتە هۆشیاریەکی باڵای نەبووە هەتاوەکو ڕێگە لە کاردانەوەکانی بگرێت، ئەم هەستە دەبێتە ڕق و تۆڵە سەندنەوەی مێشک بە سەر کۆمەڵگەوە دەشکێتەوە.
مرۆڤی مۆدێرن؛
مرۆڤی مۆدێرن لە ململانێیەکی قوڵتردا دەژی، بۆیە دابڕان لای ئەو لە زیاد بوندایە، چەندە کۆمەڵگەش بەرەو پێشەوە بڕوات هێندەی تر مرۆڤ بە تاکو بە کۆمەڵ دائەبڕێن لە خۆیان و لە کۆمەڵگەکەیان، لەبەر ئەوەی ئەو سیستەمەی کە دەی خولقێنێت مرۆڤ نامۆ دەکات پێی، چەندەش مەرۆڤایەتی پەرە بسێنێت هێندەی تر دابران لە یەکتر زیاد دەکات، لە بەر ئەوەی کە ملاملانێکانی ناوەوەی مرۆڤ زیاتر دەبن بەهۆی زیاد بوونی ئاستی هۆشمەدیانەوە بە روداوەکان کە زیاتر پاش ڕونن.
لە رابوردوودا هەموومان دەترنجاینە یەک، دەست لە ناو دەست، لە سەردەمی ئەشکەوتەکاندا بە سەر یەکەوە دەخەوتین بە تەنیشت بۆن و مرخەمرخی ئەوی ترەوە بەبێ ئەوەی بۆنی ئەوی تر وەرسمان بکات یان لەخەومان بزڕێنێت، بەڵام مرۆڤی مۆدێرن پێویستی بە ئێسپاس زیاترە، لە بەر ئەوەی ململانێکانی گەورەتر و ئاڵۆزترن لەگەڵ خۆیدا. بە سەردانی خەستەخانەکانی سەدەی نۆزدەی فەرەنسا کە ئەمڕۆ وەک مۆزەخانەیەک دەبیرێن، سەرت سوڕ دەمێنێ لە بچوکی جێگەکان، چۆن کەسێکی نەخۆش توانیویەتی لەسەر ئەم جێگە بچوکە بخەوێت ؟ راستە مرۆڤی ئەو سەردەمە بچوکتر بوون، بەڵام ئەم جێگەیە پێش شۆڕشی فەرەنسا دوو کەسی لەسەر دەخەوت، بۆ مرۆڤێکی مۆدێرن مەحالە، یان هەر ئەو کاتانە لەلادێکاندا خەڵکی ژوری نوستنەکەیان بەتەنیشت گەوڕی ئاژەلەکانیانەوە بوو، یان بەرازێکیان دەخستە ژورەکەیانەوە لە بری زۆپا بۆ خۆ گەرمکردنەوە.
یان کاتێک ناپۆلێۆن، پێش ئەوەی بگەڕێتەوە لە جەنگ، نامەی دەنارد بۆ ژنەکەی ؛ (خۆت مەشۆ بەزوترین کات دەگەمە لات )، بەڵام ئەمڕۆ مرۆڤی مۆدێرن لەو بۆنە سروشتیە دابڕاوە و هەستی نابزوێنێت، بە پێچەوانەوە.
دابڕانی وڵاتان لە یەکتر؛
دەڵێن گوایە تەکنەلۆژی لە ئەمەریکاوە هەڵدەقوڵێ و چین کۆپی دەکات و ئەوروپا دەیگرێتە چوارچێوە. نازانرێت کە ئایا ئەوروپا بەر ەو کوێ دەڕوات، بەڵام ئەمەریکا بۆتە سەری ڕمەکە و لەگەڵ خۆیدا دەمان بات، ئەم ململانێ و دابڕانە جۆرێکە لە نارازی بوونمان بەو ئاراستەیەدا. سیاسەتی ئەوروپا بە گوێرەی جوگرافیای خۆی جۆرێکە لە پێکەوە بەستنەوەی بلۆکی ڕۆژهەلات بە ئەمریکاوە. دابڕانی ئەمەریکا لە ڕیکەوتنی پاریس کە بریتیە لە پارێزگاری کردنی سروشت و ژینگە، کە بۆ ئەمەریکا دەبێتە ڕێگریەک لە ئێکۆنۆمی و سیاسەتی ئەمەریکا، بۆیە خۆی کشاندۆتەوە و دابڕاوە لەو ریکەوتنە .لەگەڵ ئەوەشدا ئەمڕۆ بیری ئێکۆلۆژیستی تەنها ئایدیۆلژیەکە کە مرۆڤی ئەوروپی پێوەی خەریک بێت، بە هیوای ئەوەی کە مۆدێلێکی تری ئێکۆنۆمی بخولقێنێت. پاشان دابڕانی ئنگلتەرا لە ئەوروپا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی، لە بەرامبەر ئەمەدا، ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی دەیەوێت بەتەوای خۆی دابڕێت لە بەهاکانی ئەوروپا و ئەمەریکا.
ژۆزێف بۆیس لەگەڵ ئاژەلەکەدا
بۆیە کارەکانی ژۆزێف بۆیس هەمیشە پرسیارێکن لە مێژووی هونەردا هەروەها وەک مەتەڵیک وەهان. ژۆزێف بۆیس کارە هونەریکەی لە سەردەمی شەڕی ساردا کرد، ئەوکاتەی جیهان ببووە دوو بەشەوە، بەتەواوی دابڕابوون لە یەکتری؛ بلۆکی سۆڤیەت و بلۆکی ئەمەریکا، هەرچەندە ژۆزێف بۆیس کارە هونەریەکەی راستە و خۆ نەبەستۆتەوە بەو باسەوە، بەلام هەموو کارێکی هونەری ئاوێنەی سەردەمەکەی خۆیەتی، کە هونەرمەند دەیکاتە باسێکی گەردوونی نەمر و بەکات و شوێنەوە نای بەستێتەوە. ژۆزێف بۆیس پاش ئەوەی خۆی دادەبڕێت لە دەور و بەری، خۆی دادەبڕێت لەخاک و کۆمەڵگەی ئەمەریکا، لە گەڵ ئاژەڵێکدا کە ئاژەڵێکی کێویە دەتوانێت سێ ڕۆژ بەسەر ببات، لەگەڵ ئەوەشدا ئاژەڵە کێویەکە دابڕاوە لە شوێنی سروشتی خۆی کە دارستان و جەنگەڵە، لەو ژورەدا دابڕانی ئەو کەسەی قبوڵ نەکرد کە مرۆڤێکە و لەویش جیاوازە، هەردووکیان لە ئێسپاسێکی بچوکدا پێکەوە سێ ڕۆژیان بردە سەر، بەڵام ئێمەی مرۆڤ بە هۆی جیاوازیەکانمانەوە کە ئەویش دەرئەنجامی هۆشە، لە یەکتری دابڕاوین و دادەبڕیین هەموو ڕۆژێک .
کاتێکیش کە ژۆزێف بۆیس دەپرسن کە ئایا داهاتوی هونەر و ئابوری و دین بەرە و کوێ دەڕوات، لە وەلامدا دەلیت بڕۆن لە ئەندی وارۆڵ (Andy Warhol) بپرسن، کاتیكیش لە ئەندی وارۆڵ دەپرسن، ئەویش دەڵیت بچن لە دالالی لاما بپرسن، وا دایارە ئەم پرسیارە راستە و خۆ لە دالای لامە نەکراوە، بەڵام دالای لامە و ژۆزێف بۆیس یەکرتریان بینیوە لەساڵی 1978، دالای لاما دەڵیت ؛ ئەو لە کارەکانی ژۆزێف بۆیس تێدەگات. بێگومان تێ دەگات لەبەر ئەوەی فەلسەفەی بودیست بنیات نراوە لە سەر دابڕان، دابڕان وەک چارەسەرێک بۆ گەیشتن بە بەختیاری، ئەوەی ئازاری مرۆڤ دەدات و دووری دەخاتەوە لە بەختیاری، خۆ بەستنەوەیە بە هەست و ئارەزو و هەوەس، خۆدابڕان لە مانە دەبێتە جۆرێک لە بەختیاری . هەرچەندە هەندێک لە بودیستەکان بەسەر پەلی ئەم فەلەسەفەیە بەڕی دەکەن و خۆیان بەتەواوەتی دادەبڕن لە کۆمەڵگە و موڵکداری و هەوەس، بەڵام سەرزەنشتی بودا، خاڵی ناوەڕاستە لەم فەلسەفەیەدا.
بودیسم بەختەوەری مرۆڤ دەخاتە سەنتەر فەلسەفەکەی، راستەوخۆ باسی ئامانج و غەریزەی مرۆڤ ناکات کە دەبێت بە گەردووندا بلاو ببێتەوە بەردەوامی بە ژیان بدات، بەلام دەڵیت کاری مرۆڤ لە سەر ئەم زەویە ئەوەیە، ئەو زجیرەیە بشکێنێت کە ئەم ئەوی تر دەخوات؛ بەهێزەکان لاوازەکان دەخۆن . نمونەی بودا لە دارستانەکەدا کاتێک دەبینێت بازێک دەیەوێت کۆترێک بخوات، بودا پارچەیەک گۆشت لە بەدەنی خۆت دەبڕێت و دەیدات بە بازەکە هەتا کۆترەکە نەخوات.
بەڵام هەر بە پێی لێکۆڵینەوەی بودیستیش ڕی تێ ناچیت هەموو مرۆڤی سەر روی ئەم زەمینە پەیڕەوی یەک دین بکەن، بە پێجەوانەی سالانی شەستەوە، باوەڕمان بە ئونیفۆرمیست هەبوو، وامان باوە ڕبوو کە لە داهاتودا هەمومان یەک کەڵچەرو یەک زمان و یەک دینمان دەبێت، بەم پێیەش دابران لە مرۆڤایەتیدا کەمتر دەبێتەوە و هەنگاوەکانی ئەو گەورەتر دەبن، بەڵام ئەمڕۆ دووبارە خۆمان لەبەردەم دابڕانێکی گەورەتری لە شەڕی سارد دەبینینەوە ئەویش رۆژهەڵاتو ڕۆژاوایە.
ژۆزێف بۆیس لەگەڵ ئاژەلەکەدا
ئەگەر شتێک هەمو جیهان بکاتەوە بەیەک وەک ژۆزێف بۆیس و ئاژەلە کێویەکە، ئەوە خۆشەویستیە لای مرۆڤ، بۆ یە مەسیح خۆشەویستی کردە سەری ڕمەکەی، بەڵام مرۆڤئ ژیری ژیر ناتوانێت لە خۆشەویستیش تێ بگات ئەگەر بەدابڕاندا تێ نە پەڕێت، بەو پێیە دابڕان ململانێیەکی بەرهەمهێنەرە.
دابڕانی سەتەی داهاتو؛
ئەگەر ئەم سیستەمانەی هەتاوەکو ئێستاکە بەکارمان هێناون بۆ حوکمرانی هەر هەموویان کەسانی بە تاک و بە کۆمەڵ لەخۆ دابراندوە و نەیتوانیوە هەموو کۆبکاتەوە، ئەوا سەتەی داهاتو کە دەبێتە سەتەی رۆبۆت و ئەقڵی دروستکراو، مرۆڤی ژیری ژیر بە تەواوی دادەبڕیت لە خۆی لەبەر ئەوەی کە ئەقلێک دروست دەکات دەکەوێتە ڕکابەری و لەو زۆر ژیرترە و بڕیار ئەدات لەکارەکانی بە خێرایەکی بێ ئەندازە، لەبەر ئەوەی وای باوەڕە ئەقڵی مرۆڤی ژیری ژیر کە بەرهەمی ملیارەها ها ساڵی پەرەسەندنە، بەو خێرایە ناڕوات کەئەو گەرەکیەتی، وەک چۆن رامبۆ لە هۆنراوەیەکیدا دەڵیت ؛ داخی داخانم زانست زۆر بە خێرایی ناڕوات.
ئا لێرەدا مرۆڤی ژیری ژیر بەتەواوی لە خۆی دادەبڕێت و دەوری سەرەکی نامێنێت، ناجار بۆ بەربەرەکانێی ئەقڵی دروستکراو هەتاوەکو بتوانێت ڕۆلی خۆی وەرگرێتەوە لەم دابرانە، چاندنی نۆرۆنی ژیریە لە مێشکیدا transhumain بۆ بەربەرەکانێی ڕۆبۆتو پێدانی دەورێک بەخۆی، هەروەها دەبێتە جۆرێک لە دیموکراسی کردنی زیرەکی بۆ ئەو کەسەی کە دەیەوێت دانەبڕێت بەو هۆیەوە، ئیتر پێویست بەوە ناکات خوێندکاری تەمبەڵ بچنە پێشەوەی پۆل یان دواوەی پۆل.
بەم جۆرە مرۆڤ هەنگاوێکی گەورە دەنێت بەرەو داهاتو بە گەورەکردنی تواناکانی . ئەوسا ئەم دابڕانە دەبێتە نێوان ئەو کەسانەی کە جاندنی ئەو نۆرۆنانە قبول دەکەن لەگەڵ ئەوانەی کە قبوڵی ناکەن . کۆتایی