دایكی جهمال
دایکی جەمال (١٩٠٨- ١٩٧٩)
ئامادهكردنی: ڕێبوار حهمه تۆفیق
دایکی جەمال یاخود شیرین خانم ناوی (بھیجە ئیبراھیم یەعقوب)ـە لە ڕەسەندا (بن جوو) بووە و پاشان بووە بە موسڵمان. شووی بە پیاوێکی خەڵکی سلێمانی کە ئەفسەر بوو ناوی (ح. س) کردبووە. ڕۆڵێكی دیاری ھەیە لە گۆرانییە کوردییە تۆمارکراوەکاندا، لەکاتی خۆیدا لە کۆمپانیایەکی (بەیزا فۆن) و (ئۆریۆن) چەند بەستە و بەرھەمێکی باش و بەھاداری لەسەر قەوان تۆمارکردووە لەوانە (ھەی بەللار) و (ھەی گۆڵ) و (ھەی ئاغاو ئاغاو ئاغا) (ھەی خان) و (ھەی ڕوحی شیرینم) و (خانمی سلێمانی) و (ئەسڵی وەسڵت سلێمانی) و (ھەی بێنن بێنن) و (ئامین و ئامین) و سروودی (وەتەنی من کوردستانە) و زۆری تر.
لە دوادوای ساڵانی بیستەکاندا، کە بە دیالێکتی یان لەھجەی سۆرانی قەوانی پڕ کردووەتەوە بە ناوی (دایکی جەمال)ـەوە کە ئەمەش ناوی خۆی نەبووە، ناوی تەواوی خۆی (فەرحە ئیبراھیم یەعقوب)ـە و لە ساڵی ١٩٠٨ -کە گومان لەم مێژووە دەکرێت- ھاتووەتە دنیاوە. جارێکیان خۆی وتوویەتی کە خەڵکی ھەڵەبجەیە و ناسنامەی بە ناوی (بەھیجە ئیبراھیم)ـەوە بۆ دەرکراوە. لە شەوی میعراجی ساڵی ١٩٧٩ لە نەخۆشخانەی بەغدا (مدینە الگب) بە نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی شێخ مارف نێژراوە. یەکێک بووە لەو ئافرەتە دەنگخۆشانەی کە لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا گۆرانی وتوە و لەو گۆرانییە خۆشانەی کە لەسەر قەوانی کۆمپانیای بەیزافۆن لەساڵانی ١٩٢٥-١٩٢٦ وتوونی (ئامینێ و ئامین، ئای بێنن بێنن، ھەی ئاغا و ئاغا، ھەی بەلار و بەلار و خانمی سلێمانی) بووە. بەڵام لەساڵی ١٩٣٠ بەولاوە لە گۆرانی وتن وەستاوە، بۆیە کە ڕادیۆی بەغدا لە کۆتایی ساڵی ١٩٣٩دا دامەزراوە، گۆرانی تێدا نەوتووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە (فوئاد عارف) لە یادداشتەکانی خۆیدا ئەوە دەنووسێت: لەبیرمە جارێکیان یەکێک ھات و پرسی: غازی دوێنێ شەو لە کوێ بوو؟ وتم: لە کۆشک (قێر) بوو. وتی: نەخێر، دوێنێ شەو لە (ساڵحیە) لە ماڵی ئافرەتێک ڕایدەبوارد کە ناوی فەرحەیە. ھونەرمەند (باکووری)ش ئەو دەرئەنجانە دەھێنێتەوە کە ئەو فەرحەیەی فوئاد عارف لە بەغداد باسی دەکات، ھەر ئەو دایکی جەمالەیە کە لە سییەکانەوە لە سلێمانی ون بووە.
پۆل: وتار