دایکی ئاریان
عەتیە محەمەد ئەمین دایکی ئاریان ساڵی 1950 لە شارۆچکەی پێنجوێن سەر بە پارێزگای سلێمانی لەدایکبووە.
پاشان چوونەتە گەڕەکی مەڵکەندی لە سلێمانی و لەوێ گەورەبووە، لەگەڵ ئەوەی لەتەمەنێکی کەمی منداڵییدا ژیانی هاوسەرگیریی پێکدەهێنێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەردەوام توانای لابردنی بەربەستەکانی هەبووە، قۆناغەکانی خوێندن تەواودەکات.
لە ساڵی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، بە هۆکاری گواستنەوەی فەرمانبەران، لەگەڵ خێزانەکەیدا دەچنە بەغدای پایتەختی ئێراق و نزیکەی 20 ساڵ لەوێ دەمێننەوە، هەر لەوێش دەستدەکات بە کاری نواندن و لە ساڵی 1967 دەچێتە سەر تەختەی شانۆ، لە یەکەمین کارە هونەرییەکانی کە بەشداریی تێدا کردوون بریتی بوون لە 'گەزی چی و چاوی چی'، 'خوا لە سوڵتان مەحمود گەورەترە'، هەروەها 'مشتەی ناو هەمانەکە'. دایکی ئاریان، باس لەو سەردەمە دەکات کە بەشدارییکردنی ژنان لە کاری شانۆ و نواندندا قوورس بووە و لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ڕێگریی کراوە، بەوتەی خۆی، لەو کاتەدا پیاوان نەیاندەوێرا بجوڵێنەوە و لە شەواندا گۆرانییان دەوت، ئاخۆ دەبێت کاری ژنان لەو بوارەدا چەند قوورس بووبێت، دەشڵێت خەڵک هانی کەسوکارەکەی داوە بیکوژن، بەڵام خێزانەکەی بەپێچەوانەوە پشتگیرییان کردووە.
ئەم ژنە هونەرمەندە لە زۆرێک لە دراما کوردیییەکان و فیلمە سینەماییەکان بەشداریی کردووە و ڕۆڵی جیاوازی بینیوە، لەگەڵ تیپی شانۆیی 'سالار' و 'هاوڕییانی گەزیزە' و زۆرێک لە تیپەکانی تردا کاریکردووە، لەم چەند ساڵەی دواییشدا لە چەند درامایەکی کوردیدا بەشدارییکردووە، لە نموونەی 'گەردەلوول' و 'کەرکووک چوار'، هەروەها لە فیلمی سینەمایی 'بەپێی دەستوور' بەشدارییکردووە کە لە دەرهێنانی 'ڕەحیم زەبێحی' بووە، ئەو دەڵێت هەموو ئەو کارانەی خۆشدەوێت کە بەشداریی تێدا کردوون، زۆربەی ڕۆڵەکانیشی بە پێی تەمەنی خۆی بووە و گونجاوە لەگەڵیدا.
دایکی ئاریان بەردەوامە لە کاری نواندن و دەڵێت:هونەر لە ناو خەڵکدا ڕێزی پێبەخشیوم، ڕێزی ئەوان لە بچوکەوە تا گەورە بە هیچ شتێک ناگۆڕمەوە.
'عەتیە محەمەد ئەمین' دایکی ئاریان و حەوت منداڵی ترە، دوو کچ و کوڕێکی لەژیاندا نەماون، پێنج منداڵی لەژیاندان و لەگەڵ دوو کوڕیدا و لە نزیک کوڕەزاکانی ژیان دەکات.