ده‌روێش عه‌بدوڵڵا
ئامادەکردنی: جه‌مالی ده‌لاك
له‌مێژوو بوو عه‌وداڵ بووم به‌دوای به‌ده‌ستهێنانی زانیاری له‌سه‌ر ژیانی هونه‌رمه‌ندێكی ده‌نگخۆش و دهفژهنێكی به‌توانای گه‌له‌كه‌مان ( ده‌روێش عه‌بدوڵڵا) به‌ڵام به‌داخه‌وه سه‌چاوه‌یه‌كی زۆر و وورد له‌به‌رده‌ستدا نییه كه ئاماژه به‌ژیان و ده‌ستپێكی كاری هونه‌ری ئه‌و هونه‌رمه‌نده گه‌ڕیده‌و خۆڕسكه بدات، ده‌بێت سوپاسی ماندووبوون و دڵسۆزیی هه‌ریه‌ك له ( غه‌فور ڕه‌شید داراغا ، عوسمان شارباژێڕی ، نه‌هرۆ ساڵح ده‌لۆیی و مامۆستا باكووری) بكه‌ین ، كه هه‌ریه‌ك به‌شێوازی بیركردنه‌وه‌و خامه‌ی جوانیان له‌گۆڤار و ڕۆژنامه‌كاندا باسیان له‌و هونه‌رمه‌نده ده‌نگخۆشه (ده‌روێش عه‌بدوڵڵا) كردووه.
به‌ڵام پرسیارێك دێته پێش وبیرو هه‌ستم به‌خۆیه‌وه سه‌رقاڵ ده‌كات و وه‌ڵامم ده‌ست نه‌كه‌وت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ئه‌م هونه‌رمه‌نده ده‌نگخۆشه و ده‌نگ زوڵاڵه له‌دوای ساڵی (1940) وه له‌شاری سلێمانی نیشته‌جێ بووه، له‌ڕێی توانای به‌رزی ده‌فژه‌نی و ده‌نگه خۆشه‌كه‌یه‌وه ڕۆژانه له‌شه‌قام و كۆڵانه‌كانی شاری سلێمانی ناسراوه‌و، بۆته ئاشنا‌و هاوڕێ و هاوه‌ڵی كۆڕی ده‌نگخۆشان و مه‌ولود خوێنانی شاری سلێمانی وه‌ك ( ئیبراهیم حه‌زین ، ڕه‌شۆڵ ، مه‌حموی حه‌مه‌ی له‌یلێ و حه‌مدی ئه‌فه‌ندی) هه‌ریه‌ك له‌و هونه‌رمه‌نده ده‌نگخۆشانه به‌هه‌رشێوه‌یه‌ك بووبێت ده‌رفه‌تیان بۆ ڕه‌خساوه و چوونه‌ته به‌غدا و ده‌نگیان له‌سه‌ر قه‌وان یان له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا تۆماركردووه، به‌ڵام بۆ كه‌سێك نه‌بووه ده‌ستی یارمه‌تی بۆ ئه‌و ده‌روێشه ده‌نگخۆشه قه‌له‌نده‌ره درێژبكات و ڕێنوێنی بكات بیبه‌نه ڕادیۆ و ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ مۆسیقادا تۆماربكات ؟! له‌سه‌ره‌تای كردنه‌وه‌ی به‌شی كوردی له‌ڕادیۆی عێراق هه‌ریه‌ك له‌به‌ڕێزان ( كامیلی كاكه مین و مامۆستا عه‌لی مه‌ردان) له‌به‌غداوه هاتوونه‌ته كوردستان و شاربه‌شار گه‌ڕاوون و داوایان لهدهنگخۆشان و مه‌قامبێژان كردووه كه بێنه به‌غدا ده‌نگیان تۆماربكرێت، له‌م ههلهشدا ده‌روێش عه‌بدوڵڵا بێ به‌ش و په‌راوێزخراوه؟ له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوون و سهرنجانهمدا ده‌پرسم كه‌سایه‌تی دڵسۆز‌و خه‌مخۆر ( عومه‌ر قه‌زاز) چۆن دوو جار ( مه‌لا كه‌ریم ) ی بردۆته به‌غدا و ده‌نگی له‌سه‌ر قه‌وان تۆماكراوه ، ئه‌ی نه‌ده‌كرا ئه‌م هونه‌رمه‌ند ده‌نگخۆشه بێ نازه (ده‌روێش عه‌بدوڵڵا) ببه‌نه ڕادیۆ وگۆرانییهكانی بۆ تۆماربكه‌ن؟ به‌هه‌رحاڵ سوپاس بۆ په‌روه‌ردگار و هه‌وڵی دڵسۆزانه‌ی ئه‌و كه‌سایه‌تیه دڵسۆزانه كه ده‌نگی هونه‌رمه‌ندیان تۆماركردووه و چه‌ند گۆرانییه‌كی له‌دوای خۆی به‌جێماوه.
خوێنه‌ری ئازیز .. دڵنیام هه‌ركاتێك ناوی هونه‌رمه‌ند
( ده‌روێش عه‌بدوڵڵا) دێته سه‌رزار و یان به‌رگوێمان ده‌كه‌وێت ، ڕاسته‌وخۆ ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ هۆنراوه به‌رزو شیرینه‌كه‌ی (گۆران) ی شاعیر كه‌بۆ ده‌روێش عه‌بدوڵڵای نوسیوه به‌ناوی ( بۆ فریشته‌ی مۆسیقا) ...
( به‌ڕه‌نگی زه‌رد و شێوه‌ی ده‌ست و شمشاڵی كزا ، ده‌روێش
حه‌زم كرد به‌سته‌یه‌ك ببیه‌م سه‌راسه‌ر حوزن و ماته‌م بێ،
لهسیماتا به‌دیم كرد هه‌یكه‌لی عومرێكی حه‌سره‌تكێش ،
وه‌ها دیاره كه به‌ختت ئاشیانی بولبولی خه‌م بێ )
مامۆستا گۆرانی شاعیر ده‌فه‌رموێت ( ده‌روێش عه‌بدوڵڵا : شمشاڵژهنێكی به‌هره‌داربوو، چاره‌كه چه‌رخێك له‌مه‌وبه‌ر دیومه ، زۆرتر له‌هه‌ورامان ئه‌ژیا) (1)
هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر ( عوسمان شارباژێری) له‌باره‌ی ئه‌و كات و ساته‌ی عهبدوڵڵاگۆرانی شاعیر ، ده‌روێش عه‌بدوڵڵا بینوه و ئه‌ڵێ چاره‌كه چه‌رخێك، نوسیویه‌تی ( مامۆستا (گۆران) لێره‌دا كه ئه‌ڵێ (چاره‌كه چه‌رخێك) له‌مه‌وبه‌ر ، له‌ساڵی (1950) دا ئه‌و قسه‌یه‌ی كردووه به‌پێی ئه‌و مێژووه ده‌وروبه‌ری ساڵی (1925) دیویه‌تی تائێستا ساڵی (1978) ئه‌كاته (53) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، ئه‌مه ده‌روێش عهبدوڵڵاكهی له‌مه‌ڕ هۆنراوه‌كه‌ی مامۆستا گۆرانه، كه مۆسیقا ژه‌نێكی میللی و شمشاڵژهنێك بووه ) (2)
به‌ڵام ئه‌و ده‌روێش عهبدوڵڵایهی كه گه‌ره‌كمانه یادێكی لێبكه‌ینه‌وه،ده‌فژه‌ن و ده‌نگخۆش و گۆرانیبێژه، نه‌ك ئه‌و ده‌روێش عهبدوڵڵاشمشاڵژهنهی مامۆستا گۆران ئه‌و هۆنراوه به‌رزه‌ی بۆ داناوه..!
بۆزانیاری زیاتری خوێنه‌ری ئازیز ، له‌هه‌مان كات و سه‌رده‌مه‌دا له‌شاری هه‌ولێر، ده‌نگخۆش و مه‌قامزان و مه‌ولود خوێن ودهفژهنێكی به‌توانا به‌ناوی ( حاجی عه‌بدوڵڵای ده‌فژه‌ن ) هه‌بووه كه ده‌نگ و توانای هونه‌ری دهفژهنینیهكهی جێی سه‌رسوڕمان و سه‌رنج ڕاكێشانی خه‌ڵك بووه ئه‌ویش ( حاجی عه‌بدوڵڵای كوڕی خه‌لیفه یونسی نانه‌وا كوڕی ده‌روێش قادری خۆشناو ، له‌ساڵی 1902له‌گه‌ڕه‌كی عاره‌بانی شاری هه‌ولێر له‌دایكبووه ، له‌ڕێكه‌وتی 5/5/1963 كۆچی دوایی كردووه ) (3)
كه‌واته بابێنه‌وه سه‌ر هونه‌رمه‌نده سه‌ره‌كییه‌كه هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش و بهسهتبێژ و ده‌فژه‌ن ( ده‌روێش عه‌بدوڵڵا) هه‌رچه‌نده پێشتر ئاماژه‌م پێدا كه زانیاری زۆر وورد نییه له‌سه‌ر ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌ری ده‌روێش عه‌بدوڵڵا، ته‌نها ئه‌و یه‌ك دوو سه‌رچاوه‌یه نه‌بێ كه ئه‌و به‌ڕێزانه لوتفیان نواندووه به توێژینه‌وه‌و ئه‌و زانیاریهكهمهی ده‌ستیان كه‌وتووه ، یادیان لێكردۆته‌وه و بابه‌تیان له‌سه‌ر نوسیوه و ، كه‌شایسته‌ی ڕێز‌و به‌رزنرخاندنه بۆ ئه‌رك و ماندوبوونیان.
ده‌روێش عه‌بدوڵڵا له موكریانه‌وه بۆ شاره‌كه‌ی بابان ..1
به‌پێی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی له‌به‌رده‌ستمدایه ، ساڵی به‌دنیا هاتنی (ده‌روێش عه‌بدوڵڵا) ئه‌و هونه‌رمه‌نده ده‌نگخۆش و دهفژهنه به‌توانایه ، به‌وشێوه‌یه مه‌زه‌نده كراوه ( 1890) (1900) و (1904 ) ی زاینی،هه‌رچه‌نده ته‌نها وێنه‌یه‌كی هونه‌رمه‌ند ده‌ستكه‌وتووه‌و له‌پاش خۆی به‌جێماوه، ئه‌ویش به‌هۆی خه‌مخۆریی و دڵسۆزی ، پێشكه‌شكار و نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوس ( كه‌مال ڕه‌ووف محه‌مه‌د ) ناسراو به ( بابی لالۆ) به‌ده‌ست هاتووه ، له‌سیماو ڕووخساری هونه‌رمه‌ندا ده‌رده‌كه‌وێت كه مێژووی ساڵی له‌دایكبوونی بگونجێت له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕووخساره ده‌روێشه گه‌ڕیده‌و قه‌له‌نده‌ره ساڵی (1890) گونجاو بێت و ماوه‌ی ( 68) ساڵێك ژیانی كردبێت له‌ساڵی (1958) كۆچی دوایی كردووه ..! هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ناوی باوكی ئاماژه به‌دوو ناو كراوه ، عوسمان شارباژێڕی له‌گۆڤاری به‌یان، ژماره ( 57) دا نوسیویه‌تی ناوی ( عه‌بدوڵڵا حسێن محه‌مه‌د) ه ..! به‌ڵام له‌ڕۆژنامه‌ی (ژین) ژماره (55) ی ساڵی (2) ی (3/2/1972) نووسه‌ر ( غه‌فوور ڕه‌شید داراغا ) ئاماژه‌ی به ناوی ( عه‌بدوڵڵا حسێن محه‌مه‌د) داوه ، هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر ( نه‌هرۆ ساڵح سه‌عید ده‌لۆیی) له گۆڤاری (به‌یان) ژماره (139) له‌ساڵی (1988) بابه‌تێكی به‌ناونیشانی ( ده‌روێش عه‌بدوڵڵای ده‌ف ژه‌ن و گۆرانیبێژ ) ناوی هونه‌رمه‌ندی به‌و شێوه‌یه نوسیوه ( عه‌بدوڵڵا كوڕی قادری كوڕی محه‌مه‌د) ه ..؟ ( 4)
كه‌واته دوو نوسین و دووسه‌رچاوه ئاماژه‌یان به‌ناوی هونه‌رمه‌ند ( عه‌بدوڵڵا حسێن محه‌مه‌د) داوه و ، به ( ده‌روێش عه‌بدوڵڵا ) ناسراوه.
هونه‌رمه‌ند له گوندێكی نزیكی شاره جوان و شیرین و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی هونه‌ری گۆرانی و به‌یت بێژی و شاری شاعیران ، شاری ( مه‌هاباد) ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ساڵی (1890) چاوی به‌دنیا هه‌ڵهێناوه.
به‌داخه‌وه ژیانی منداڵی و مێرمنداڵی و هه‌رزه‌كاری و پێكهاته‌ی خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌كه‌ی ڕۆشن نییه و ، چۆن ژیانی گوزه‌راوه؟ هیچ گومانی تێدا نییه كه‌له‌جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا ، چ بارودۆخێكی سه‌خت و دژوار و نه‌بوونی و قات و قڕی به‌رۆكی مرۆڤایه‌تی گرتووه ، به‌تایبه‌ت خه‌ڵكی كوردستان ، له‌گه‌رمه‌ی ئه‌و جه‌نگه ماڵوێرانكهرهدا له‌ساڵی (1940) ده‌روێش عه‌بدوڵڵا ، له‌گه‌ڵ خاتوو ( سه‌یزاده) ی هاوسه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و زێده‌كه‌ی خۆی به‌جێدێڵێ و ڕووده‌كاته باشووری كوردستان له‌ڕێی ( پشده‌ر ) ه‌وه به‌ره‌و شاری سلێمانی هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرن و له‌و شاره بنه و بارگه‌ی ده‌خات و بۆهه‌میشه ده‌یكاته ههوارو شوێنی پشوودان و نیشته‌جێ بوونی.ده‌بێت ئه‌و هۆكارانه چی بێت كه ده‌روێش كه‌شكۆڵه‌كه‌ی هه‌ڵگرێت و كۆچ بكات ؟ ئایا له‌به‌ر سه‌ختی ژیان و نه‌داری و هۆكاره‌كانی جه‌نگی دووه‌می جیهانی یه‌وه بوبێت ، یان لهبهرههرهۆكارێكی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی زێده‌كه‌ی جێهێشتبێت؟! هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( باكووری ) نوسیویه‌تی ( سه‌یزاده ی هاوسه‌ری ، به‌بێوه‌ژنی ماره‌ی كردووه ..! ده‌روێش لهسهیزاده كوڕێكی ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌و كوڕه‌یان له‌ته‌مه‌نی ( 3) سێ ساڵان دا ده‌بێت خوای گه‌وره ده‌یباته‌وه..! ده‌روێش عه‌بدوڵڵا به‌مردنی كوڕه‌كه‌ی زۆر خه‌مبار ده‌بێ و ناسۆرێكی زۆر له‌دڵیدا به‌جێ ده‌هێڵێ ) (5)
ده‌بێت ئه‌وه‌ش هۆكارێكی زۆر ڕۆشن و درووست بێت كه ده‌روێش عه‌بدوڵڵا به‌رگه‌ی ئه‌و زامه پڕ ئازاره‌ی نه‌گرتووه له‌و ته‌مه‌نه كه‌مه‌دا جگه‌رگۆشه نۆبه‌ره‌كه‌ی له‌ده‌ست بدات و چیدی تر چاوی به‌رایی نه‌داوه له‌و ژینگه خه‌مناك و پڕ ئازاره‌دا بمێنێته‌وه بۆیه سه‌ری خۆی هه‌ڵگرتووه و به‌دوای شوێنێكی دیكه‌دا بگه‌ڕێی و له ڕێی ژه‌نینی ئامێره ( ده‌ف ) ه خۆشه‌ویسته‌كه‌یه‌وه كلوكۆی ئه‌و خه‌مه په‌نگ خواردووه‌ی سه‌رسینه‌ی بڕه‌وێنێته‌وه،ده‌روێش عه‌بدوڵڵا ، دیاره هه‌ر له‌ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریدا فێری ژه‌نینی ئامێری ( ده‌ف ) بووه‌و گۆرانی و مه‌قامی خوێندووه، له‌و تهمهنهداكه هه‌ست و خولیای بۆ ژه‌نینی ئامێری ده‌ف و ئیلهام و به‌هره‌ی ده‌نگخۆشیی كهپهروهردگار پێبه‌خشیوه، له‌كاتێكدا كه‌له ڕۆژهه‌ڵات دا ژیاوه ، ده‌بێت كێ ڕێ نیشانده‌رو هاوكاری بووبێت ، ئایا ده‌بێت له‌نزیكه‌وه هونه‌رمه‌ندانی ده‌نگخۆش و به‌یت بێژانی ناوچه‌ی موكریانی نه‌دیبێت و له‌گه‌ڵیاندا به‌سته‌و مه‌قامی نه‌خوێندبێ له‌و كاته‌دا ده‌نگخۆشی به‌توانا ( سه‌عیدی ماملێ ) و ( قادری عه‌بدوڵڵا تۆقه ) ی تارژه‌ن و چه‌ندین خۆشخوان و به‌هره‌مه‌ند له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا بوونیان هه‌بووه ، ههرلهوسهروبهندهدا كه ده‌روێش له ڕۆژهه‌ڵات ژیاوه ، هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ( سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی ) به‌گه‌شتێكی چه‌ندڕۆژه‌ی هونه‌ری له‌شاری مه‌هاباد بووه و ئاهه‌نگی بۆ خه‌ڵكی مه‌هاباد سازكردووه، ئایا ده‌بێت هونه‌رمه‌ند ده‌روێش عه‌بدوڵڵا له‌نزیكه‌وه به دیداری ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه نه‌گه‌یشتبێ و لێیانه‌وه زانیاری وه‌رنه‌گرتبێ و لێیانه‌وه فێرنه‌بووبێت ، به‌داخه‌وه ئه‌وانه پرسیاره بێ وهڵامهكانن؟! به‌هه‌رحاڵ كاتێك له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی دێنه شاری سلێمانی و غه‌ریب و بێ كه‌س و كه‌س نه‌ناس و نه‌دار ده‌بێت چۆن بژیی و هانا بۆ كێ ؟ به‌رێت و له‌كامه ده‌رگای ئارامیی و ئاسووده‌یی بدات، تاكه هاوڕێ و هاوده‌می كه‌مكه‌ره‌وه‌ی خه‌می غوربه‌ت و هه‌ژاری و بێكه‌سییه‌كه‌ی هانای بۆ ده‌فه خۆشه‌ویسته‌كه‌ی بردوه و له‌ڕێی ده‌نگه خۆش و سه‌رنج ڕاكێشهكهیهوه به‌گۆرانی كوردی و فارسی ، سۆز‌و هه‌ستی گوێگرانی خرۆشاندوهو په‌لكێشی كردوون به‌لای ده‌نگه زوڵاڵه‌كه‌یی و شێوازه جوان ژه‌نینی ده‌فه‌كه‌ی، له‌وڕێیه‌وه خۆی ده‌ناسێنێ و ناو و ناوبانگی به‌كوچه كۆڵان و شه‌قامه‌كانی شاری سلێمانیدا ناوبانگی ده‌روێشی باڵابه‌رزی ده‌نگخۆش و دهفژهنێكی به‌توانا بڵاو ده‌بێته‌وه، ده‌بێته هاوڕێی و هاودانیشتنی كۆڕی به‌زمی مه‌قام و گۆرانی هونه‌رمه‌ندان و ده‌نگخۆشانی ئه‌و كاتی شاری سلێمانی ( ڕه‌شۆڵ ، ئیبراهیم حه‌زین ، مه‌حموی حه‌مه‌ی له‌یلێ و حه‌مدی ئه‌فه‌ندی...تاد)
هه‌رچه‌نده هونه‌رمه‌ند ده‌روێش عه‌بدوڵڵا ، هیچ سه‌رچاوه‌یه‌ك نییه كه پێشتر له‌قوتابخانه خوێندبێتی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ به‌یته فۆلكلۆرییه‌كانی كه خوێندوونی ، هۆنراوه‌ی شاعیرانی وه‌ك ( وه‌فایی ، صافی هیرانی ، عه‌ونی و زه‌بیحی) به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی خوێندوونی،ده‌روێش عه‌بدوڵڵای هونه‌رمه‌ند گه‌ڕۆك بووه و ههرجارهلهشاری سلێمانی دیار نه‌ده‌ما ، خاتوو سهیزادهی هاوسه‌ری له‌ته‌ك خۆیدا بردووه‌و گه‌ڕاوه و ماوه‌یه‌ك خۆی وونكردووه و پاش ماوه‌یه‌ك گه‌ڕاوه‌ته‌وه سلێمانی، هونه‌رمه‌ند و مامۆستا و نووسه‌ر ( باكووری ) نوسیویه‌تی ( هونه‌رمه‌ند حه‌زی بهگهڕۆكی و قه‌له‌نده‌ری كردووه، له‌سلێمانی به ته‌واوی و به‌رده‌وامی دانه‌ده‌نیشت و نه‌ده‌مایه‌وه، به‌ڵكو سهیزادهی ژنی هه‌ڵده‌گرت و ههربهگهڕان ئاوای ئه‌و دیو ده‌بوو ( مه‌به‌ستی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان) ه، گوایا ده‌ڵێن ده‌چۆوه بۆ گونده‌كه‌ی خۆیان و به‌سه‌ردان خزم و كه‌س و ئاشنایانی به‌سه‌ر ده‌كردنه‌وه و لایان ده‌مایه‌وه، تۆزێ خه‌م و په‌ژاره‌و غه‌ریبی له‌بیر ده‌چۆوه! جارانی تر ئه‌گه‌ر له‌سلێمانی ون بوایه ، ئه‌وه ( قادر كه‌ره‌م) هه‌وارگه‌ی دووه‌می بووه، و ده‌یان شه‌وی له‌ته‌ك ژماره‌یه‌ك هاوڕێ و هاوپیشه‌ی به‌سه‌ر بردووه هه‌رئه‌و كه‌سانه‌ش ووتویانه له‌م جۆر و كۆڕ‌و كۆبوونه‌وانه‌دا ده‌روێش ترانه‌ها و ته‌راتیل و ته‌واشیحی ئایینی ووتوه و فێربووه، كهزۆربهشیان پێهه‌ڵدان و ستایش و سه‌نا بوون بۆ ( پیری قه‌ره‌چێوار) كه‌خۆی ده‌روێشی ئه‌و بووه و گوایا ئه‌م نازناوی ( ده‌روێش) هش هه‌ر له‌وه‌وه واتا له ( پیری قه‌ره‌چێوار) ه‌وه به‌سه‌ریدا سه‌پاوه و بڕاوه) (6)
دوای ئه‌وه‌ی ده‌روێش عه‌بدوڵڵا ناو و ناوبانگی به‌شاری سلێمانیدا بڵاو ده‌بێته‌وه و ڕۆژانه خه‌ڵك ده‌یبینن و دهفهكه به‌شانیه‌وه و جارجاره گۆرانی ده‌چڕێ ، به‌ڵام له‌ناخه‌وه داڕماو و بێ لانه‌و جێگا، بهسكێ تێر و به‌دووان برسی ، تائه‌و كاته‌ی كه‌سایه‌تی شاری سلێمانی ( شێخ محه‌مه‌دی مه‌حوی) ده‌یناسێت و ئولفه‌تی پێوه‌ده‌گرێ و له‌ماڵه‌كه‌ی خۆیدا ژێرخانێكیان ده‌بێت ، بۆ ده‌روێش عه‌بدوڵڵا و سهیزادهی هاوسه‌ری دابین ده‌كات و داڵده‌یان ده‌دات و ئه‌ركی به‌خێوكردنیان ده‌گرێته ئه‌ستۆی خۆی ، ناوه ناوه ده‌روێش عه‌بدوڵڵای ده‌فژه‌ن و گۆرانیبێژ كۆڕی به‌زم و مه‌ولود خوێندنه‌وه سازده‌كات، شێخ محه‌مه‌دی مه‌حوی ده‌ڵێت ( ده‌فێكی تایبه‌تی دروست كردبوو بۆ ماڵی ئێمه ، كهئههات بۆلامان ئه‌و ده‌فه‌ی به‌كارده‌هێنا، تائهوساڵانهی دوایش ئه‌و ده‌فه هه‌رمابوو) (7)
بۆ مه‌به‌ستی گوێگرتن له‌ده‌نگی خۆش و شێوازی دهفژهنینهكهی ده‌روێش عه‌بدوڵڵای هونه‌رمه‌ند ، چه‌ند جارێك له‌لایه‌ن به‌ڕێز ( شێخ له‌تیفی كوڕی شێخ مه‌حمودی نه‌مر) ه‌وه بانگهێشت ده‌كرێت، تاله‌نزیكه‌وه گوێ بیستی ئه‌و هه‌سته جوان و خهمڕهوێنهی ده‌روێش عه‌بدوڵڵا ببن، له‌هه‌ندێك له كۆڕ‌و به‌زمی شادی به‌خشه‌ی ماڵی ( شێخ له‌تیفی حه‌فید) هونه‌رمه‌ند ( ئیبراهیم حه‌زین 1917_ 27/3/1970) پێكه‌وه به‌ده‌نگه خۆشه‌كانیان شادی و ئارامییان به‌خشیوه به هه‌ست و نه‌ستی ئاماده‌بووانی ئه‌و مه‌جلیسه، به‌م شێوه‌یه ده‌روێش عه‌بدوڵڵا ڕۆژه‌كانی ته‌مه‌نی به‌ره‌و هه‌ڵكشان به‌ڕێ ده‌كات و خۆشییه‌كانی به‌رده‌وام نابێت تا هاوبه‌ش و هاوخه‌می غوربه‌ت و بێكه‌سیی و نه‌داری هاوسه‌ری ژیانی خاتوو سه‌یزاده كۆچی دوایی ده‌كات و ده‌روێشی ده‌نگ زوڵاڵ و شادی به‌خش، به‌داخه‌وه چیتر ئه‌و گوڕ‌و تین و ووزه‌یه‌ی جارانی نامێنێ و بێكهستر ده‌مێنێته‌وه ،كه‌واته ئه‌و كۆپله هۆنراوه‌یه‌ی ( وه‌لی دیوانی ) شاعیر لیپاولیپی ئاوێنه‌نوێنی ژیانی ده‌روێش عه‌بدوڵڵای هونه‌رمه‌نده ، كه‌فه‌رموویه‌تی
(بێكەس و تەنیا بێهاودەم ماوم
لەگێژی دەریای خەما خنكاوم )
دوای له‌ده‌ستدانی هاوژینه‌كه‌ی ، ده‌روێش عه‌بدوڵڵا ماوه‌یه‌ك سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرێ و له‌شاری سلێمانی دوورده‌كه‌وێته‌وه و خۆی وون ده‌كات ، ناگه‌ڕێته‌وه سلێمانی تا دوای ساڵانێك به‌ر له‌كۆچكردنی . به‌ڵام مامۆستا و هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر ( باكووری) سه‌باره‌ت به‌یه‌كه‌م و دوادیداری له‌گه‌ڵ ده‌روێش عه‌بدوڵڵای ده‌فژه‌ن و ده‌نگخۆش نوسیویه‌تی (ساڵی 1958 به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی قوربانه‌وه ، تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی ئاهه‌نگێكی جوانیان سازكرد به‌به‌شداری هونه‌رمه‌ندان ( شه‌ماڵ سائیب و عومه‌ر ڕه‌زا ) ی هه‌رزه‌كاری ده‌نگخۆش، به‌نده‌ش له‌كۆیه‌وه ده‌عوه‌ت كرابووم ، له‌و هاوینه‌دا عه‌سرێك له‌به‌رده‌م دوكانه‌كه‌ی كاك ( به‌هجه‌تی ڕه‌شیدی سه‌عاتچی) له‌گه‌ڵ كاك ( قادر دیلان) ی ڕه‌حمه‌تی وه‌ستابووین نوكته‌ی خۆشی ده‌گێڕایه‌وه، له‌پڕ كاك قادر دیلان ده‌ستی گرتم و وتی ، وه‌ره كاك باكووری ئه‌وه ده‌روێش عه‌بدوڵڵا واوه دێ ، ده‌نگی زۆر خۆشه و ده‌فی چاك لێده‌دا ! وه‌ره بیبینه‌و بیناسه، ههرلهودهمهدا ده‌روێش كهگهیشتهلامان و به‌ده‌می پێكه‌نینه‌وه چاك و خۆشییه‌كی گه‌رمی له‌گه‌ڵ كاك قادر كرد ، وتی ئه‌وه بۆ دیار نیت؟ وه‌ڵڵاهی سیحهتم ته‌واو نییه ، كاك قادر وتی : ئه‌ها ده‌روێش عه‌بدوڵڵا ئه‌وه كاك باكوورییه و گۆرانیبێژه، حه‌زده‌كات بتناسێ ؟! له‌گه‌ڵ ده‌روێش تۆقه‌م كرد و چاك و خۆشیم له‌گه‌ڵ كرد، جا كه‌زانی من كۆییم و خه‌ڵكی كۆیه‌م وتی : به‌ڵی زۆر به‌خێربێی ، وه‌ڵڵا من زۆر ده‌چمه كۆیه ،زوو زوو ده‌عوه‌ت ده‌كرێم ، له‌وێ ده‌نگخۆشی باش هه‌ن ، لهمهولودان مه‌قامی خۆش ده‌ڵێن، پێم گوت ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره هاتیه كۆیه ، هه‌رده‌بێ سه‌ردانمان بكه‌یت و شه‌وێك هه‌ندێ مه‌قام و به‌سته‌مان بۆتۆماربكهیت ، وتی: به‌خوا حاڵی حازر ته‌واو نیم ، ئه‌گه‌ر چاك بوومه‌وه ،ئینشائه‌ڵلا سه‌ردانتان ده‌كه‌م و ههربهتایبهتی دێمه لاتان، كه‌چی به‌داخه‌وه ئه‌و ئاواته‌مان نه‌هاته دی ؟!) (8)
له‌م وته‌و دیداره‌ی مامۆستا باكووری دا ،ئه‌و پرسیاره‌م بۆ دێته پێش ، له‌و دیداره‌دا كه ڕێكه‌وته‌كه‌ی ساڵی (1958) بووه ، واته سێ ساڵ تێپه‌ڕبووه به‌سه‌ر دامه‌زراندنی ( تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی) و ئه‌و كۆمه‌ڵه ژه‌نیاره باشه له‌چوارچێوه‌ی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی گه‌لێك به‌رهه‌م و چالاكی هونه‌ریی و ئاهه‌نگیان سازداوه، ئه‌ی باشه بۆ ده‌رگایان بۆ ده‌روێش عه‌بدوڵڵای مه‌قامبێژ و به‌سته بێژ و ده‌فژه‌ن نه‌كردۆته‌وه‌و هاوكاری بكه‌ن و چه‌ند به‌رهه‌مێكی بۆ تۆماربكه‌ن؟؟
لێره‌دا جارێكی دیكه ده‌گه‌ڕێمه‌وه سهرخانهدانی و میهره‌بانی و ده‌ستگیرۆیی و هاوكاری به‌ڕێز ( شێخ محه‌مه‌دی مه‌حوی ) كه فریادڕه‌سی ده‌روێش عه‌بدوڵڵاو سهیزادهی هاوسه‌ری بووه، له‌لای خۆی حهواندونیهتیهوه، به‌ڵام له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه دووباره سوپاس و ستایش بۆ خه‌مخۆریی و دڵسۆزیی شێخ محه‌مه‌دی مه‌حوی كه به‌ڕێزیان بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی دوای (66) ساڵ ده‌نگ و سه‌داو ئه‌دای خۆش و ژه‌نینی ده‌فه‌كه‌ی ده‌روێش عه‌بدوڵڵا ببیستین و له‌خانه‌ی ئه‌رشیفی هونه‌ری مۆسیقا‌و گۆرانی كوردیدا بمێنێته‌وه،
(لە شەوێکی مانگی رەمەزانی ساڵی (1955) ده‌روێش عه‌بدوڵڵا تەمەنی (65) سالیدا لەماڵی (شێخ مەحەمەدی مەحوی) له‌لایه‌ن به‌ڕێز(نووری قادر كامیل ) كاسێتێكی بۆ تۆمارده‌كه‌ن كه پێكهاتووه له (9) به‌سته‌و مه‌قام ) (9)
به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی ده‌روێش عه‌بدوڵڵا ده‌فژه‌ن و گۆرانیبێژ ..!
1/ هه‌رمێ وه‌ی وه‌ی هه‌رمێ سینگۆڵه‌ت باخی وورمێ ، ئه‌م گۆرانیه ئاواز و هۆنراوه‌كه‌ی فۆلكلۆره ، ئه‌وه‌ند پڕچێژ و خۆش و هه‌ست بزوێنه ، بۆ به‌رزراگرتنی هونه‌ری به‌رزی ده‌روێش عه‌بدوڵڵا ، هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه ( حه‌مه جه‌زا) خوێندویه‌تییه‌وه( 10)
2/ قوربانی دوو ئه‌برۆی ڕه‌شی فیتنهگهرت بم ،
( قوربانی دوو ئه‌برۆیی ڕه‌شی فیتنهگهرت بم
حه‌یرانی له‌بی خه‌نده‌یی شیرین شهكهرت بم ) هۆنراوه‌ی ( عه‌ونی )
3/ وه‌كو قومری له‌باخ و جۆیی باران ، هۆنراوه‌ی ( عه‌ونی)
4/ مه‌قامی ، خه‌ده‌نگی قاشی ئه‌برۆی تۆ ،
5/ بۆم لێده چه‌نگ و عووده، هۆنراوه‌ی ( صافی هیرانی)
6/ گرفتار و ئه‌سیره دڵ ، هۆنراوه‌ی ( ئه‌حمه‌د موختار جاف)
7/ وه‌ی وه‌ی بارانه
( خوایه هه‌ڵكه‌ی بای شه‌ماڵێ
بهڵكهم ئه‌و هه‌وره‌ی ڕاماڵێ
وه‌ده‌ركه‌وێ خه‌ت و خاڵی وه‌ی وه‌ی وه‌ی بارانه )
( فۆلكلۆر )
8/ غه‌زالێ هه‌ی غه‌زالێ ( فۆلكلۆر)
( غه‌زالێ هه‌ی غه‌زالێ به‌رزو بڵند و لێو ئاڵێ
یاخودا ، یاشێخی بورهان ، قه‌دم لهقهدت ئاڵێ )
9/ پرسیم له‌چیمه‌ن ئه‌و قه‌بره كێیه ( فۆلكلۆر) .
دوای سه‌رهه‌ڵگرتنی خۆی له‌پاش كۆچی دوایی هاوسه‌ره‌كه‌ی، دووباره ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لای ( شێخ محه‌مه‌دی مه‌حوی) و جه‌نابی شێخ له له‌مزگه‌وتی ( پیری قهرچێوار) ی ئه‌و كات و مزگه‌وتی ( چوارباخی ) ئێستا له‌حوجره‌ی ئه‌و مزگه‌وته شوێنی بۆ دابین ده‌كاته‌وه و له‌وێدا ده‌ژی ، ده‌روێش عه‌بدوڵڵا له‌ساڵی (1957) دووچاری نه‌خۆشیی ( سیل ) ده‌بێت ، ماوه‌یه‌ك له نه‌خۆشخانه ده‌كه‌وێت به‌ڵام ده‌رده‌كه‌ی بێ دهوایهو به‌و ئازاره‌وه ده‌ناڵێنێ و ئه‌و هێزو ووزه‌ی جارانی نامێنێ و ئه‌و نه‌خۆشییه ماندووی ده‌كات و بێ هیوا و ئومێد ده‌ڕوانێته ژیان به‌بێ كه‌سیی، به‌ڵام له‌یه‌كێك له‌گۆرانیه‌كانیدا ده‌روێش عه‌بدوڵڵا ، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك وه‌سیه‌تی كردووه‌و پێمان ده‌ڵێ :
( من ده‌رده‌دارم بۆم بێنن ده‌رمان
قه‌برم بۆ لێده‌ن له ( گردی سه‌یوان)
باوه‌شێنم كا، به‌گوڵی ئه‌رخه‌وان)
به‌داخه‌وه ئه‌و هونه‌رمه‌نده ده‌فژه‌ن و ده‌نگخۆشه ، له یه‌كێك له‌ڕۆژه‌كانی مانگی ته‌مموزی ساڵی (1958) له حوجره‌ی مزگه‌وتی چوارباخ خۆری ته‌مه‌نی ئاواده‌بێت و چاوه پڕ لهنائومێدییهكانی لێك ده‌نێ و ماڵئاوایی له‌و ژیانه لێوڕیژ لهتاڵیه كرد ، به‌ڵام وه‌سیه‌ته‌كه‌ی نه‌هاته‌دی و له قه‌برستانی ( شێخ محێدین) ته‌رمه‌كه‌ی ئه‌سپه‌رده‌ی خاك ده‌كه‌ن، دروود و سڵاو بۆ گیانی پاكی هونه‌رمه‌ند ده‌روێش عه‌بدوڵڵای ده‌فژه‌ن و گۆرانیبێژ ، هه‌روه‌ها سڵاو چه‌پكه گوڵ بۆ سهرگڵكۆی ده‌روێش عه‌بدوڵڵا شمشاڵژه‌ن و ده‌روێش عه‌بدوڵڵای ده‌فژه‌ن و گۆرانیبێژ و حاجی عه‌بدوڵڵای ده‌فژه‌ن و مه‌ولودخوێن و ، هه‌موو هونه‌رمه‌ندانی كۆچكردووی وڵاته‌كه‌مان به‌گشتی ، گڵكۆكانیان غه‌ریقی ره‌حمه‌تی په‌روه‌ردگار بێت،
مامۆستا باكووری له‌كتێبی گۆرانیبێژه نه‌مره‌كان ، به‌شی سێیه‌م دا نوسیویه‌تی جیا له‌و سه‌رچاوانه‌ی سوودی لێوه‌رگرتوون ،سوودی له‌بابه‌ته‌كه‌ی به‌ڕێز ( نه‌هرۆ ساڵح ده‌لۆیی) وه‌رگرتووه ، منیش زۆر گه‌ڕام به‌دوای ژماره (139) ی گۆڤاری به‌یان ساڵی 1988، به‌داخه‌وه به‌ده‌ستم نه‌هێنا، سوپاس و ستایش بۆ هه‌موو ئه‌و نووسه‌ر و خاوه‌ن خامه به‌رزو به‌بڕشتانه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌م كهلهخهمی نوسینه‌وه و یاد یاده‌وه‌ری و پاراستنی به‌رهه‌م و ژیاننامه‌ی هونه‌رمه‌ندانی كورددا تێكۆشاوون.
جه‌مالی ده‌لاك 26/8/2021 هه‌ولێر
سه‌رچاوه : (1) دیوانی گۆران ،، سه‌رجه‌م شیعره‌كانی عه‌بدوڵڵا گۆران ، كۆكردنهو پێشه‌كی ( محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم) ،، به‌رگی یه‌كه‌م ، لاپه‌ڕه ( 111)
(2 و7) ده‌روێش عه‌بدوڵڵا ،،، عوسمان شارباژێڕی ، گۆڤاری به‌یان ، ژماره ( 27 ی تشرینی یه‌كه‌م 1979) لاپه‌ڕه 48
(3) یادی ده‌نگخۆشێك مه‌قامزان و ده‌فژه‌نی شاری هه‌ولێر حاجی عه‌بدوڵڵای ده‌فژه‌ن ،، جه‌لال خدر ، گۆڤاری ( ڕامان) ژماره (60) 5ی حوزه‌یرانی 2001، لاپه‌ڕه ( 239)
(4 و 5 و 6 و 8 و9) كتێبی ، گۆرانیبێژه نه‌مره‌كان ،، ( باكووری ) به‌شی سێیه‌م ، لاپه‌ڕه ( 18)
(10) گۆرانی هه‌رمێ وه‌ی وه‌ی هه‌رمێ ، هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه حه‌مه جه‌زا ، له‌ساڵی (1986) له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای شه‌هید كارزان تۆماری كردووه ، كتێبی ( چریكه‌و سۆزی حه‌مه جه‌زا ، كۆكردنه‌وه‌و ئاماده‌كردنی ( د. عه‌بدولواحید ئیدریس شه‌ریف ) (2011) لاپه‌ڕه (220)
سەرچاوە: کوردستان تیڤی