دوای مەلا ئاگر پەرست، موفتی پێنجوێنی کرا بە مەلا ڕینگۆ.
نووسینی: سەردار حەمەڕەش
نەهامەتی ئێمە ئەوەیە، هەوڵنادەین خاوەنی داهێنانی خۆمان بین، خاوەنی بیرۆکەی خۆمان بین. لە هونەردا خاوەنی شکلێکی ڕەسەنی خۆمان بین، هەمیشە پەنا دەبەینە بەر خواوەنداکانی دەرەوەی سنوری خۆمان، بەڵکو بە توانای ئەوانەوە بتوانین توانایەک بدەین بە خۆمان، قەلافەتێک بە باڵامان، گرنگیەک بە بوونمان، هەلئاوسانێک بە هزرمان. هۆکاری سەرەکی ئەم نەهامەتیەش باوەڕنەبوونە بەخۆ، کە سەرچاوەی لە سیستەمی پەروەردە و خوێندنەوە وەرگرتووە، کە بەندە لە سەر مێتۆدی لەبەرکردن و وتنەوەی بەرنامەیەکی ئامادەکراو. هەربۆیەش موفتی پێنجوێنی هەمیشە هانی خەڵکی داوە بۆ پشتبەستن بەخۆ، بە داهێنان و بەرهەمهێنانی کەلوپەلی خۆماڵی و ناوخۆ، چونکە لێرەوە هزرێکی بیرکەرەوە و بڕیاردەر و ئازاد لە دایک دەبێت و دێتە گۆ.
بەڕێز چنار نزار پەیکەرێکی بۆ موفتی پێنجوێنی کردووە، لە یەکەم تێڕوانینماندا ئەوەی ڕاستەو خۆ باز دەداتە نێو نیگامان، سەرنجمان ڕادەکێشیت، پاڵتۆیەکی درێژە لەبەری موفتیدا، لەگەڵ هەردوو دەستی کە بە جۆرێکی تایبەت خستویەتیە سەر کتێبەکەی بەلا کەمەریدا. پرسیار لەخۆما دەکەین کە ئایا بۆچی ئەو پاڵتۆ درێژەی کردۆتە بەری، لە کاتێکدا ئەو مۆدێلە نە مۆدێلی جلوبەرگی کوردیە و نە مۆدێلی موفتیش بووە؟ بێ گومان سەڵتە و کەوا نیە وەک ئەوەی باو بووە لەو سەردەمەدا، موفتیش هەرگیزسەڵتە و کەوای نەکردۆتە بەری. دەبینین پاڵتۆیەکی مۆدێرنە. وتمان پێ دەچێت هونەرمەند ویستبێتی لایەنی فکری مۆدێرنەی موفتیمان پیشان بدات بەو جۆرە جل وبەرگەوە، بەڵام ئەوە ڕێی تێ ناچێت چونکە پاڵتۆیەک ناتوانێت گوزارشت لە ئەقڵیکی مۆدێرن بکات لە هزری ئێمەدا، پاشان سەیری کتێبەکەی دەکەین کە بەلای راستیدا، بە شێوەیەکی تایبەت دەستی داناوە لەسەری؛ سوێندی پێ ناخوات، یان وەک باوە نەیخستۆتە بن باڵیەوە. وەک دەمانچەیەک، وەک چەکێک هەڵواسراوە بە کەمەری لای راستیدا و هەردوو دەستی لە سەری داناوە، بە چەکێکەوە بەرامبەر بە دوژمن وەستاوە. پاش ورد بوونەوە تێ دەگەین کە ئەو پاڵتۆیە جلوبەرگی کاوبۆی فیلمە ئەمریکیەکانە، کە لە منداڵیدا پێمان دەوتن: فیلمی عەسابە. کەسایەتی عەسابەش بۆ ئێمە جۆرێک بو لە خواوەندی ئازا و بە توانا. كەواتە ئەوە موفتیە وەک عەسابەیەک بەرامبەر بە دوژمنانی ڕاوەستاوە، لەبری دەمانچە، موفتی بە کتێبەکەیەوە، وەک چەکێک بەرامبەر بە ناحەزانی وەستاوە.
هونەرمەند ئەم پاڵتۆیەی لە وێنەی قانیعەوە وەرگرتووە(وێةەی 01)، وەک دبینن لە وێنەکەد، قانیع لەبەردەم کۆمەڵە خوێندکارێکدا قسە دەکت، خۆ ئەگەر ئەو خوێندکارانەش نەبینین ئەوا بۆمان دەردەکەوێت بەو جۆرەی قانیع دەست بەرز کردۆتەوە، خەریکی قسەکردنە نەک خۆ ڕاوەشاندن و خۆ نمایش کردن، وەک کاکی هونەرمەند چۆن موفتیمان نیشان دەدات.
موفتی پێنجوێنی جگە لەوەی کە شاعێرێکی نیشتمان پەروەر بووە، له هەمان کاتا کەسێکی ڕەچە شکێن و چاو نەترس بووە لە هەڵس و کەوتیدا، خەونی ئەو بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن بووە، بۆیە ئێمەش بۆمان هەیە ڕەچە شکێن بین لە بەرجەستەکردنی پەیەکەرێک بۆ ئەو بە ڕێزە.
موفتی پێنجوێنی بە هۆنراوەکانی هێرشی کردۆتە سەر کەسانی ئایینی کۆنەپەرستی سەردەمەکەی وهانی خەڵکی داوە بۆ هەنگاو نان بەرە و زانست و ژیانی مۆدێرن، بەرگریەکی بێ هاوتای کردوەە لە مافی مێینە و ئەم هەڵوێستانەشی تەنها بە هۆنراوە نەبوەە، بەلکو لە ژیانی ڕۆژانەشیدا پەیڕەوی کردەوە؛ نەیویستوەە بە کاری مەلایی بژێوی ژیانی دابین بکات، کچەکەی خستۆتە خوێندنگە لەگەڵ کوڕاندا وەک تەنها کچی پێنجوێن و لە هەمان کاتا وەک کاسبکارێک لە دوکانەکەیدا، گوێی بەهەڕەشەو لۆمەی خەڵکی نەداوە، بۆیە خەڵکی بە مەلا بابی، مەلا ئەگر پەرست یان مەلا کافر ناویان برادوە، هەر بەو هۆیوشەوە ژیانی کەوتۆتە مەترسیەوە و ماڵ و منداڵیشی بەردباران کراوەن لەلایەن کەسانی کۆنەپەرستەوە.
- موفتی عاجز مەبە کە پێت دەلێن بابی
- کەرە خۆیی و نەتوە و بابی
کەسێک بەو جۆرە؛ چاونەترسانە، وەڵامی کەسانی کۆنەپەرستی دابێتەوە لە کاتێکدا ژیانی کەوتۆتە بەر مەترسیی، کەواتە شایەنی پەیکەرێکی چاونەترسە، لەڕوی شکڵ و گوزراشتەوە. هەر ئەم هەڵوێستەشە کە پاڵی بە هونەرمەندەوە ناوە لایەنی یاخی بوون و ئازادی و جاونەترسی بخاتە هەوێنی کارەکەی.
هونەرمەند ئازادە لە جۆری گوزارشت کردنی لە باسێک، سنور بوونی نیە لە هونەردا، هونەرمەند دەتوانێت تەوا و بە پیچەوانەی بیر و هۆشی سەردەمەکەیەوە بروات، گشت بەهاکان سەرە و نخون بکاتەوە بە بێ مەرج و بە پێی پەیڕەوی کردنی یاسای خۆی، دەتوانێت ڕامان بچڵەکێنێت بە شکڵێک و باسێکی چاوەڕوان نەکراو، هونەری ڕەسەنیش هەمیشە وەهابووە؛ لە کاتێکدا خەڵکی بیریان بۆ جۆرێکی تر لە شکل و بە جۆرێکی تر گوازارشتیان لە هزریان کردووە، ئەو تەواو جیاواز لەوان بیری کردۆتەوە، ئەم جۆرە هەڵسوکەوتەش بووە لە ڕابوردودا موفتی توشی دەردەسەری کردووە، لە جیهانی مۆدێرنیشدا زۆر لە هونەرمەندان گاڵتەیان پێ کراوە، لە سەرەتاوە زۆر لە خەڵکی دژ بە کارەکەیان وەساتونەتەوە.
بەلام هونەریش زانستێکە، لۆژیکی تایبەتی خۆی هەیە، وەک هەموو زانستەکانی تر؛ کاتێک ئارشیتەکتێک نەخشەی خانویەک دەکات، دەبێت بە پێی زەویەکە بیکات، جوگرافیای زەویکە؛ ڕۆژ لە کوێوە هەڵ دێت، ئاو و هەوای ناوچەکە، ژمارەی ئەندامانی خێزانەکە، جۆری خانوبەرەی دەوروبەری، ڕوبەری زەویەکە و پاشان هونەری بیناسازی سەردەمەکەی...تاد . ئێمە ناتوانین نەخشەیەک لە هزرماندا بسەپێنین بەسەر پارچە زەویەکدا کە نای ناسین. بۆیە کاتێک ئێمە پەیکەرێک بۆ موفتی دەکەین دەبێت بزانین موفتی کێیە، دەبێت پەیکەرێک بکەین کە گوزارشت لە ناخی موفتی بکات، گوزارشت لە هەڵوێست و ڕێبازی ئەو بکات، ئیتر هونەرمەند ئازادە چۆن ئەوە ئەنجام ئەدات. تەنانەت کاتێک هونەرمەندانی بزوتنەوەی دادا یەکەم تابلۆیان کە بریتی بوو لە هەڵکێشانی قاچی کەرێک لە بۆیە و ڕۆشتنی بەسەر تابلۆیەکدا بە پێی لۆژیکی کۆنسێپتی بزوتنەوەی دادا بوو، جەگە لەوەی کە کردنی پەیکەرێک بۆ کەسایەتیەک جیاوازە؛ کارە هونەریەکە پەیوەستە بە گوزارشتکردن لە کەسایەتیەکە، ئەویش موفتیە، بۆیە دەبێت پەیکەرەکە دژ بە ڕێبازی ئەو نەبێت. خۆ مەبەستمان لێرەدا ئەوە نیە کە هونەرمەند بە شان و باڵی موفتیدا هەڵبدات، بۆ ئەمەش وەک باوە لە کوردوستان بیخاتە سەر پشتی شیرێک وەک چۆن شەرڤانیان خستە سەر پشتی شێر، یان بە دوو باڵی فریشتەییەوە دەستی ببات بۆ ئاسمان، وەک چۆن شەرڤانانیان چواند بە خواوەندی نایک، هەموو ئەمانەش لەبەر ئەوەیە کە هونەرمەندانی کوردستان تەنها دەزانن گوزارشت لە لایەنی ئازایەتی کەسێک بکەن. نەخێر، دەتوانێت پەیکەرێکی ڕەخنەیش بێت لەو کەسایەتیە، بەڵام لێرەدا مەبەستی هونەرمەند، ڕەخنە نیە لە موفتی، بەڵکو نیشاندانی بوێری و چاونەترسی موفتیە، وەک کەسێکی یاخی. بەڵام ئەفسوس چواندنی موفتی بە خواوەندی ڕینگۆ، هەڵەیەکی گەورەیە. خۆ ئاشکرایە کە هونەرمەند نەیویستووە بێ ڕیزیی بە موفتی بکات، بەڵام ریزی لە هەڵوێست و کەسایەتی موفتی نەگرتووە.
پاڵتۆی عەسابە:
ئەو جۆرە پاڵتۆیەی کراوەتە بەر موفتی، پالتۆی عەسابەکانی فیلمی هۆڵیودن(02)، کە پێیان دەڵین فیلمی: ( Cowboy )، وشەی کاوبۆی پێک هاتووە لە دوو وشە : ( مانگا + هەرزەکار )، ئەو کەسانە بوون کە مەڕوماڵاتیان دەگویزایەوە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر پێش داهێنانی شەمەندەفەر،هەزارەها کیلۆمەتریان دەبڕی هەتا خواراوی ئەمەریکا. وەک شوانی لای خۆمان، زۆربەی ژیانیان لەگەڵ ئاژەڵاندا دەبردە سەر، دوای ماندو بونێکی زۆر، جارە جارە دەگەشتنە لادێیەک، بۆ کڕینی پێداویستیەکانیان، لەوێ دەکەوتنە رابواردن و خواردنەوە و زۆر جار شەڕ و تەنگژی بۆ ناوچەکە، بۆیە هەندێک جار بە کاسانی یاخی ناویان هاتووە. هەرچەندە ئەم کارە تایبەت نەبووە بە کەسانی پێست سپی، بەڵام ڕەمزی مرۆڤی پێست سپیە داگیرکەرەکانی ئەمەریکایە. ئەمەریکیەکان شوناسی خۆیان لە کەسایەتی کاوبۆدا دەبیننەوە؛ مرۆڤیکی ئازاد کە سنوری نیە و ئەمەریکای داگریکردووە، ئەمڕۆش ئەو کەسانەی دێنە سەر جادە بۆ بەرگری کردن لە ترەمپ، یان دژی پێست ڕەشەکان، هەندێکیان بە جلی کاوبۆوە دێن بۆ ئەوەی کە بڵین ئەگەر لە رابوردودا هندیە سورەکانیان کوشتووە، ئەمرۆش ئامادەن پێست ڕەشەکانیش بکوژن. لە فیلمەکانی هۆڵیودا وەها پیشانیان دەدەن کە کەسانێک بوون ئازاو بەجەرگ و بەبێ چاونەترسی ڕوبەرودی دوژمن بودنەتەوە، هەتا کۆتایی فلیمەکەش نەکوژراون. کاری ئەم کاوبۆیانە زۆر جار ئەوە بووە کە بگەڕین بە دوای کەسانی داواکراو لەل ایەن قانونەوە، یان پلانی بڕینی بانق و دۆزینەوەی خەزێنەی شاراوە، هەرچۆنێک بێت بەسەرکەوتویی کارەکەیان بەڕێوە بردووە، ئێمەش لە ساڵی سینەماکاندا چەپڵەمان بۆ لێ دەدان، ئەگەریش هەندێک جار چەندەها لە هندیە سورەکانیان کوشتبێت، بۆ ئێمەی مندال عەسابەکان وەک خواوەندێک وەها بوون.
ڕیی تێ دەچوو ئەگەر هونەرمەند ئەم کەسایەتیەی بچواندایە بە خولە پیزە، پاڵتۆکەی بکردایەتە شانی خولە پیزە وەک ڕینگۆ، کە دەشڵیم ئەم پاڵتۆیە بۆ خولەپیزە ڕێی تێ دەچوو، مەبەستم بۆ ئەو هونەرمەندە بێ ددانانەیە کە هیچیان لەهەگبەدا نیە و نازانن چۆن گوزارشت لە باسێک بکەن، دەنا کەسایەتی ڕینگۆش کە بوونی هەبوە لە مێژوودا و بۆ خولەپیزەش ناشێت. ڕینگۆ کەسایەتیەکی مێژویی ئەمەریکا بوە 1850 1882، چەندەها سەرگوزشتەی لەسەر دەگێڕنەوە و چەندەها کەسی کوشتووە، چەند جارێک بەند کراوە، بۆ دواجار بە بەسەرهاتێکی نەزانراو کوژراوە، بەرگری نە لە یەکسانی نە لە ئایدیایەکی پیرۆز کردووە. کاتێک هونەرمەند Bnsky، بۆ بەرگری کردن لە پەناهێندەکان، لەسەردیواری شاری کالاس لە فەرەنسا وێنەی Steve Jobs دەکات بە جانتایەکەوە لە سەر شانی وەک پەناهێندەیەک (03). لێرەدا مەسجەکە روونە، هونەرمەند نەگەڕاوە بە دوای خواوەندێک دوور لە باسەکەی، وێنەی کەسێکی سەردەمەکەمانی بۆ نەخشکردوین کە هەمووومان دەیناسین و وەک پەناهێندەیەک لە سوریاوە چوە بۆ ئەمەریکا، گەورەترین داهێنەری سەدەی بیستویەکە، هەمومان داهێنانەکەی ئەومان لە گیرفندایە. لێرەدا مشت و مری ناوێت، لەبەر ئەوەی هەموو کەسێک دەزانێت کە Steve Jobs کێیە. مەسجیکی راستەو خۆ و بەهێزە. تەواو چۆتە ناو هەقیقەتی باسەکەوە. کەسێکی نەخوێندەواریش لەو کارە هونەریە ڕاستەوخۆ تێ دەگات و شکی تێدا نیە کە لێرەدا پلەیەکی بەرزی بە ڕۆڵی پەناهێندە داوە.
ئەگەر ئێمە پەنا دەبەینە بەر زمانێکی سوریالیستی ( پاڵتۆ و کتێبەکە لە بری ئازایەتی و دەمانچە وەک دوو کەرەسەی سوریالسیتی ) بۆ گوزارشتکردن لە باسێک، هەتاوەکو ئەو زمانە یارمەتیمان بدات لە دەربڕینی باسەکەمان، سنورەکان بشکێنێت، بەشکو بتوانین باشتر گوزارشت لە بیرۆکە و هەستمان بکەین، ئەوا بە خۆڕایی ناتوانین عەگالێک بکەینە سەری ناپۆلیۆن، دەبێت هەرچۆنێک بێت پەیوەندیەکی دیالکتیکی هەبێت لە نێوان عەگال و ناپۆلیۆندا، لەکاتێکدا هیج پەیوەندیەک نادۆزینەوە لەنێوانیادا، دەبێت پێمان بڵییت ئەو عەگالە چی دەکات لەسەری ناپۆلیۆندا، چونکە هێج هەستێک نابزوێنێت لە هزرماندا، ئەگەر کەسایەتی ناپۆلیۆن بناسین، بۆیە ئەو پاڵتۆیە هەمان دەوری هەیە لەبەری موفتیدا بۆ کەسێک ئەگەر کەسایەتی موفتی بناسێت.
خۆ ئەگەر ئەوەش پشتگوێ بخەین کە کەسایەتی کاوبۆی دژ بە ڕێبازی موفتیە، ئەگەر هونەرمەند ویستویەتی سەرەرۆیی بکات لە گوزارشتیدا هەتاوەکو رامانبچلەکێنێت، بە باسێکی شۆک، ئەوا بۆی هەیە، بەڵام کاتێک ئێمە سەرەڕۆیی لە گوزارشتا دەکەین، ددەبێت سەرەڕۆیش لە تەکنیکدا بکەین، بە پیشاندانی ئەو بیرۆکەیە بە شکڵێکی زەق و چاو نەترس و ڕاستەو خۆ وەک بیرۆکەکە، لەبەر ئەوەی کە چەمکی بیرۆکە و چەمکی تەکنیک بەستراونەتەوە بەیەکەوە، ئەمەش بە ئۆتۆماتیکی و بە خۆڕسکانە لە فکری هونەرمەندەوە دەردەچێت ئەگەر هونەرمەند خۆی دژ بەخۆی نەبێت لە هزریدا، واتە ئەو نەبۆتە یەکەیەکی فکری، نە بۆتە هونەرمەند، هەتاوەکو بەرهەمی تەکنیکی بتوانێت ئاوێنەی بیرۆکەکەی بێت، هەتاوەکو بە یەکەم تێروانینمان ئەو بیرۆکەیە ببینین کە هونەرمەند ویستویەتی، جێگەی داخە کە ئەو چاو نەترسیە نابینین لە پیشاندانی بیرۆکەکەدا، زۆر شەرمنە لە دەربڕینی بیرۆکەکەیدا، لەگەڵ ئەوەشدا بیرۆکەیەکی سادە و ساکارە، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە زاتی ئەوەی نە کردوە لە شکڵە کلاسیکیەکە لابدات. پێ دەجێت بەلایدا تێپەڕ بین و ئەو بیرۆکەیەش نەبینین . هەروەها وەک زۆر لەپەیکەرەکانی کوردستان، موفتی دەبینین وەک بتێک بە ستونی وەستاوە، دەستی لەسەر کتێبەکەی داناوە وەک چۆن ڕۆبۆتێک دەستی دەجوڵینێت، بەشەکانی تری بەدەنی دوای ئەو حەرەکەیە ناکەون، وەک ئەوەی کە دەستی تەنێکی جیا بێت لە لەکاتێکدا موفتی لە ئەکسێۆندایە.
پەنابردنە بەر خواوەندێکیش، چواندنی موفتی بە خواوەندێک، بە ستنەوەی بە کەسایەتیەکی ناسراو، شکڵێکی ناسراو، لە کاتێکدا پێویستمان پێی نەبوو، جۆرێکە لە خۆ حەشاردان لە پشتیەوە وەک سەنگەرێك، وەک شوناسێک لەبەر ئەوەی کە داهێنانی شکڵیکی نوێ و سەربەخۆ پێوسیستی بە هزرێکی ئازادە و هونەرمەند دەخاتە جیهانێکی غەریبەوە کە لە ئاستیدا نیە بەرامبەری بووەستێتەوە.
بۆ نمونە لەم کارە سوریالیستەی هونەرمەندی ئوسترالی Joel Rea (04) ، بەبینی ئەو دیمەنە ووشە و زمان بەس نین بۆ گوزارشتکردن لێی، هەمومان تێ دەگەین و نامان خاتە شک و پرسیارەوە کە ئایا مەبەستی هونەرمەند چی بێت، ناشتوانین بە تەنیشتیەوە تێ پەڕین بە بێ ئەوەی لە مەبستی هونەرمەند تێ نەگەین.
لەگەڵ ئەوەشدا دەبینین کە ئەنتەلەکتوێلەکە، مرۆڤەکەی بە پێوە وەستاوە، لەگەڵ دەریاکە دوو جیهانی جیاوازن، بەڵام پەیوەندیەکی ئێجگار بەهێزی دروستکردوە لە نیوانیاندا و ئێمەش ڕادەوەشێنێت . ئەم هونەرمەدانەی کوردستان خۆیان لە پاڵ سەنگەری ئەو وتەیەوە دەشارنەوە کە هەمیشە دەڵێن : ئەوە تیڕوانینی هونەرمەندە.
ئەم وتەیەش هێندە سواوە و کۆن بووە، بۆتە پەندی پێشینان. ئەم وتەیە وەک پەسپۆرتێک بەکار دەهێنن هەتاوەکو خۆیان ڕزگار بکەن لە هەموو بەرپرسیاریەتیەک. خۆ ئەگەر ئەوە تیڕوانینی ئێوەیە ئێمەش بۆمان هەیە کە پێتان بڵیین: چی دەبینین و چیتان کردووە.
موفتی پێنجوێنی دەڵیت:
- بەشاڵی خاکەکەم رازیم و دەیپۆشم هەتام مردن
- لە فاسۆن و گەبەردین تا ئەبەد سەڵتەو کەوا ناکەم
ئەگەر تۆ لەگەل موفتیشدا هاوڕا نەبیت کاکی هونەرمەند، چۆن توانیت پاڵتۆیەکی ئەمەریکی بدەیت بە شانی موفتیدا و بیخەیتە باری کەسایەتی ڕینگۆوە؟
موفتی پێنجوێنی دەڵیت:
مەڵێن قەومی هەجیجی بێ تەمیزن وەیا بێ کارە و نابوت و حیزن لەگەڵ وەحشی ڕەفیقی جوت و ڕیزن لە بەر چاوی منا یەکسەر عەزیزن بە جارێ نێر و مێ ڕێک تێ ئەکۆشن لە ئیش و سنعەتا پڕ فکر و هۆشن ...... نە ئەڵمانی نە جاپانی ئەناسن
جەهەنەم چش کە کەم بەرگ و لیباسن.
کاکی هونەرمەند، چۆن بە بیریا هات، موفتی بچوێنیت بە ڕینگۆ لە کاتێکدا تۆ خاوەنی شەرەڤانیت؟
کاتێک موفتی دەڵیت: شاڵی سپاتی شیرینی تورجان بادو بادکردی قۆڵی هەورامان چاکترن لە گشت فاسۆنی ئەڵمان چوانترن لە خام و فانازی چاپان.
کە واتە چۆن توانیت ئەو کارە نابەجێیە بکەیت کاکی هونەرمەند؟
ئەم هونەرمەندانە بە ناوی فکری مۆدێرنەوە، فکری کۆنەپەرستیمان پی دەفرۆشنەوە، مۆدێرنە لە پاڵتۆیەکدا یان لەکەسایەتی ڕینگۆدا دەبیننەوە، لەبەر ئەوەی کە کۆنەپەرستیەکی شاراوە لە ناخیاندا، لە هزریاندا حوکمیان دەکات. لە وەڵامی ئەمەدا کاک چنار دەڵێت:
"من هونەرمەندم، من ئازادم چی دەکەم، دەشزانم چیم کردووە ".
بوون بە هونەرمەند تەنها توانینی داتاشینی شکڵیک نیە، هونەرمەند بە مانای کەسێک دێت کە خاوەنی شکڵ و هزری خۆی بێت، خاوەنی زمانێکی خۆی بێت، پەنا نەباتە بەر خواوەندێکی بەسەرچو و سواو، هونەرمەند ئەو کەسەیە کە بتوانێت بە شکڵ گوزارشت لە باسێک بکات. ئازادیش بە مانای بەخەبەربونەوە دێت، بەخەبەربونەوە و ئاگامەندی بە خۆ و بە دەوروبەرەکەت. ناشزانیت چیت کردووە چونکە کەسایەتی ڕینگۆ و موفتی وەک لە سەرەوە بۆم باس کردیت دوو جیهانی جیاوازن و یەکناگرنەوە
هەرچەندە فکرەکە سادەیە و لە هۆنراوە و نوسیندا هەمیشە بەکار هاتووە: دەفتەر و قەلەم وەک چەکی زانست بەرامبەر بە کۆنەپەرستی بەڵام دەتوانین بەرگێکی مۆدێرن بکەین بە بیرۆکەیەکی کۆندا، ئەوەی لە ڕبوردوودا وتراوە مەرج نیە ڕەواجی نەیبێت ئەمڕۆ، بۆ ئەوەی جارێکی تر بیهێنەوە، دەبێت بەرگێکی نوێ و مۆدێرنی بکەین بە بەریا بە زمانی سەردەمەکەمان. کەرەسەکانمان قەلڵم و زانست و موفتین بەرامبەر بە هێزی کۆنەپەرستی، ئیتر لەم کەرەسانەوە دەمان توانی سەدەھا کۆمپۆزیسیۆنی گرنگ بدەین بە دەستەوە، بە بێ ئەوەی بکەوینە هەڵەیەکی وا زەقەوە. بۆ نمونە، لەبری ئەو پاڵتۆیە دەیتوانی ڕیزێک قەڵەم وەک فیشەک هەڵواسێت بە بەدەنیەوە بە جلکی پیشمەرگەوە یان وەک شەرەڤانێک، چونکە کەسایەتی و خەباتی شەرەڤان زیاتر یەکتری دەگرنەوە لەگەڵ هەڵویست و کەسایەتی موفتی؛ هەردوکیان روبەروی هەمان هێزی کۆنەپەرستی بوونەتەوە. ئیتر چ پێویستی بە خواوەندی ڕینگۆ دەکرد؟ (وێنەی05)
یان لە بری کتێبەکەی قەلەمێک وەک قازیفەیەکی بخساتەیەتە بن باڵی بەڵام بە جلکی شەرەڤانەوە نەک عەسابە. یان موفتی لە سەنگەرێکدا بوایە، چواردەوری بە کتێب . یان موفتی دەستی کیژۆڵەیەکی بگرتایە، قژی بە دەم باوە و بە قەلەم و کتێبەوە هەنگاویان بنایە بەرەو ئاسۆیەکی دوور. ئەمانە نمونەی سادە و ساکارن لە سەر هەمان بیرۆکە، بیرۆکەکان هێندە زۆرن لە ژمارە نایەن، دەیتوانی بی چوێنێت بە شەرەڤانێک یان بە پێشمەرگەیەک وەک وتمان، ئیتر چ پیویستی دەکرد موفتی بچوێنین بە خواوەندی ڕینگۆ؟
نازانین ئەم پەیکەرە لە کوێ دادەنرێت، پێ دەچێت لە زێدی موفتی خۆی بێت. گەنجانی پێنجوێن کە موفتی بۆتە شوناسی شارەکەیان، بۆتە موڵکی ئەوان، خۆیان دەزانن و ئازادن چ بڕیارێك دەدەن، بەڵام ئەم پەیکەرە بە هیچ جۆرێک گوزارشت لە هزر وهەڵوێستی موفتی ناکات. لە کاتیكدا کە دانانی لە شەقامێکی گشتیدا دەوری پەروەردە دەگێڕێت بۆ ئەم جیلە، ناتوانێت ببێتە نمونەیەکی جوانی مۆدیرنە و گوزارشت لە موفتی ناکات.
خۆ ئەگەر خۆی لە ژیاندا بمایە ئاوا وەڵامی ئەدایەوە:
موفتی عاجز مەبە کە دەتچوێنن بە ڕینگۆ
نەزانن، بێ ئاگان،
دەنا مەبەستیان بێ رێزیکردن نیە بە تۆ.