دیالەکتیکی هیگڵ

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
دیالکتیکی هیگڵ.jpg

وەرگێڕان و ئامادەکردنی: سەردار حەمەڕەش

کاتێك ئێمە لە باسێکی فەلەسەفی تێ دەگەین، کە تیاماناد هروژابێت، یان بە ئەزمون لە بەشێکیدا ژیا بێتین. پێ دەچێت زۆر لەو رستانەی لەم وتارەی کە دەی خوێنیتەوە، گوێت لێ بوو بێت لە دەمی مامە حەمەیەکی شارەزورەوە، بەڵام نەکراوە بە فەلسەفەیەک، بە ڕێنمایەک بۆ لێکدانەوە و ڕوونکردنەوەی پرۆسەی هەقیقەت و ژیان.

خۆ دایکم وەک نین سوترای دایکی گیلگامێش، لە فرۆید باشتر دەیزانی شیاکار بۆ خەون بکات، یان کاتێک کارێکم لە کیس دەچوو، هەر خێرا دەیووت؛ لە بەر ئەوەی ئارەزوت نە دەکرد بۆیە نەتتوانی بیکەیت، وەک چۆن فرۆید باسی دەکات لە چەمکی نەستا.

لە بەر ئەوەی مێژووی شارستانیەت زۆر کورتە، بە بێ ئەوەی باسی مێژووی ئۆمۆساپیان بکەین.

بە پێی دیالکتیکی هیگڵ مرۆڤ بە تێ پەڕبوونی بە ناکۆکیدا دەگاتە هەقیقەت، بە خوێندنەوەی دیالەکتیکی هیگڵ، تێ دەگەین کە هیچ هێزێک ناتوانێت دژی دیالەکتیکی هیگڵ بووەستێتەوە و هەمو بوون و دنیا لە سەر دیالەکتیکی هیگڵ وەستاوە، هەر بۆیەش هیگڵ کەسێکی گەشبین بووە بە داهاتووی مرۆڤایەتی، لەبەر ئەوەی هەڵەی بە بەشێک لە هەقیقەت زانیوە، هەڵە، پلەیەکە بۆ گەیشتن بە هەقیقەت.

ئەمە دەقی وانەیەکی پرۆفیسۆر (شارل ڕۆبەن)ی فەڕەنسییە بە ڤیدیۆ بڵاوی کردووەتەوە.


رۆژتان باش.

کاتێک وانەیەکی ڤیدیۆیم لەسەر سپینۆزا بەرهەم هێنا، کاتێکی زۆرم بۆ تەرخان کرد، لە بەر ئەوەی ناتوانین بۆ مۆنیمۆنتێکی وەک سپینۆزا هەروا بە ئاسانی دەست بکەین بەکار، ئەم لۆژیکەش بۆ هیگڵ ڕەوایە، کردنی وانەیەکی ڤیدیۆیی لە سەر فەیلەسوفێکی وەها مەزن، ڕیسکێکی گەورەیە، لەو روەوە کە کاتمان نیە باسی هەموو شتێکی ئەو بکەین، باسکردنی هەموو فەلسەفەی هیگڵ هێندەی ووتنی ؛ (هەموو) خۆی گرانە، لە بەر ئەوەی فەلسەفەی هیگڵ فەلەسەفیەکی گلۆبالە، بۆیە لە بری ئەوەی بە ڕێگای پێچاوپێچدا بتان بەم، باشتر وایە زمانێکی ئەبستراکت وەربگرین. هەلبژاردەیەکی مێتۆدۆلۆژیم کرد بەوەی ئەوەتان بۆ باس بکەم کە لە بیرۆکەی هیگڵدا وەهام باوەڕە کە کۆنسێپتی بنەڕەتیە، کۆنسێپتی بنەڕەتی بە رای من لە فەلەسەفەی هیگڵدا، کۆنسێپتی دیالەکتیکە، هەرکاتێک باسی دیالکتیکم کرد وەک کۆنسێپتێک، ئەوە یەکەم نزیکبونەوەمانە، لەوانەیە یەکەم هەڵەشم بێت، گرنگ نیە چونکە لای هیگڵ هەڵە بەشدارە لە مەعریفەدا.

بۆچی دیالەکتیک کۆنسێپتێک نیە ؟

لەبەر ئەوەی کۆنسێپت بیرۆکەیەکی گشتیە، وەک ئەبستراکسیۆن، بۆ نمونە ؛ کۆنسێپتی ئازادی، کۆنسێپتی بەختەوەری، کۆنسێپتی ماف، لە کاتێکدا دیالەکتیک وەڵامی بیرۆکەیەک ناداتەوە، زیاتر مۆدێلێکی بەڕێبردنە، پرۆسەیەکی دینامیکە، ئەمەش لەوانەیە بە سەرسوڕمێنەر بێتە بەرچاومان چونکە باسی هەڵس و کەوتی هەقیقەت دەکەین، وەک ئەوەی هەقیقەت خاوەنی نێت و مەبەستی بێت، خاوەنی شەخسیەت بێت، ئایا هیگڵ هەقیقەت دەکات بە کەسایەتییەک ؟ نەخێڕ، بەڵام لە هەقیقەتا پرەنسیپێک دەستنیشان دەکات، پرەنسیپێک کە پرەنسیپێکی ڕاسیۆنێلە، کە دیالەکتیک بنیاتنەری خستنەکارە لە ژیانی ماتریالدا. ئەگەڕ بێینەوە سەر هەموو ئەمانە، بەڵام لە پێشا کەوانەیەک دەکەینەوە بۆ باسکردنێکی خێرای دیالەکتیک لە یۆنانی ئەنتیکدا.

بۆ سوکرات دیالکتیک برییتیە لە مۆدێلی هێنانەوەی تەبریر، بەندە لەسەر پرەنسیپی رەتکردنەوە، دیالکتیک مێتۆدێکە کا یارمەتیمان دەدات ئەوەی بەرامبەرمان بخاتە بەردەم ژمارەیەک کاری دژ بە یەک، ناکۆکی بە درۆخستنەوە. لەکۆتایی پرۆسەی بە درۆخستنەوەدا دەگەین بە هەقیقەتێک، ئەگەین بە زانیاریەکی پتەو، کە سەرکەوتووە بەسەر ئەزموونی ناکۆکیەکاندا، تێگەیشتنە کە سەردەکەوێت بەسەر ناکۆکیەکاندا، ئەم مێتۆدەش هەتا ئەمڕۆ لە مێتۆدی زانستیدا پەیڕەوی دەکەین، بە تاقیکردنەوەی هەندێک ئەگەر؛ بەو جۆرە هەموو ئەگەرەکان دەخەینە لاوە کە بەلامانەوە هەڵەن، ناڕەوان، ئەو رایەمان بۆ دەمێنێتەوە کە توانیویەتی بەرگری لە خۆی بکات بەرامبەر بە ناکۆکییەکان. کەواتە دیالێکتیک مێتۆدێکە بۆ گەیشتن بە هەقیقەت بە دەرکردنی یەک لە دوای یەکی ژمارەیەک هەڵە، واتە راستی گووتن بە تەسفیە کردن، گەیشتن بە ڕاستی، بە دەرکردن. وەک کاتێک پرسیارێکت لێ دەکەن، چوار وەڵامت دەدەنێ بۆ دۆزینەوەی، لە بەر ئەوەی وەڵامەکەی نازانیت، مێتۆدەکەت بریتیە لە تەرک کردنی ئەو وەڵامانەی کە ڕێتێچوو نین، واتە ناساندنی ئەوانەی کە هەڵەن، ئەوەی دەمێنێتەوە وەک راستیەک هەڵی دەبژێرین. ئەمەیە دیالەکتیک بە ڕۆحی سوقراتی. دیالەکتیک مێتۆدی قسەکردنە بۆ گەیشتن بە ڕاستی بە دەرکردنی ناراستەکان. لەم وانەیەدا باسی دیالەکتیکی هیگڵ دەکەین، لای هیگڵ دیالکتیک بەو مێتۆدە کورت ناکرێتەوە، دایالەکتیک زۆر شت دەگرێتە خۆی، دایالەکتیکی هیگڵ بریتیر لە هەموو ئەو شتانەی کە بوونیان هایە، هەموو واقیع دەگرێتە خۆی، بۆ هیگل هەموو شتێک دیالەکتیکە، راستی ماتریال و راستی سپیریتوێل، واتە؛ هزر، بیرۆکە، ئیسپری. ئەگەر بمانەوێت پێناسەی دیالەکتیک بکەین لای هیگڵ، دەتوانین بڵیین کە دیالەکتیک دەستنیشانکردنی پرۆسەی هەموو ئەو شتانەی کە بونیان هەیە بە دژ بەخۆیاندا تێپەر دەبن. ئەمەیە کلیلی کەرەسەی دیالەکتیک لای هیگڵ؛ هەموو ئەو شتانەی بونیان هەیە هەمیشە بە دژبەخۆیاندا تێ پەڕ دەبن. لەوانەیە ئەمە بۆ ئێوە تۆزێک ئەبستراکت بێت. کات وون ناکەین، لێرەدا یەکەم نمونەی پتەوتان دەدەمێ.

نمونەی یەکەم:

با نمونەی خوێنداکرێک وەربگرین، کە بڕیاری داوە خوێندنی بازرگانی بخوێنێت. دوای بەکەلۆریا، دەڵێت ئێستاکە دەتوانم بڕیار بدەم چی بخوێنم، بۆ ئەوەش خوێندنگای بازرگانی هەڵ دەبژێرێت. لە یەکەم مانگا هەست دەکات کە زۆر بە دڵی نیە، بێ تاقەتە، دەزانێت کە ئەو بۆ ئەو خوێندنە نەکراوە، بەڵام لە بەر ئەوەی فێری بەرپرسیاریەتی کراوە، ناچار هەتا کۆتایی ساڵ بەردەوام دەبێت، دایک و باوکی پێخۆشحاڵن، بەڵام ئەو تۆزێک لە حاڵەتێکی نالەباریدایە، ساڵێکی تەواو کردووە بەڵام هەستی بە لەزەت و ئاسودەیی نەکردوە و هەستیش بە سەرکەوتن ناکات، پرسیاریش لە خۆی دەکات کە ئایا هەڵەیەکی نەکردووە ! پشوی هاوین بەسەر دەبات و بیر دەکاتەوە، خۆی دەبینێتەوە لە نێوان دوو ئارەزوی دژ بە یەک، یەکەمیان ئەوەیە کە لەو خوێندنە بوەستێت و دەست بکات بە خوێندنێک کە حەزی پێ یەتی، دووهەمیان بەردەوام بوونە ئەگەریش بەختەوەری ناکات. لە بەر ئەوەی کە نایەوێت دایک و بوکی دڵگران بکات و داهاتووی بخاتە مەترسیەوە، وەها بڕیار دەدات ئەو باسە دابخات و ساڵی دووهەم بخوێنێت، بەڵام وەها هەست دەکات تەواو بێزارە، دوای تێ پەڕبوونی چند سەردەمێك، وەهای باوەڕە کە ئەو بۆ ئەو خوێندنە نەکراوە، وەهاشی باوەڕە کە کاتی خۆی بە فیڕۆ دەدات، بەڵام هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی ڕێگرە بۆیە ساڵی دووهەمیش بەردەوام دەبێت. دایک و باوکی شانازی پێوە دەکەن و خزمان پیرۆزبایی لێ دەکەن، بەڵام ئەو هەست بەوە ناکات کە سەرکەوتوو بووە، وەهای باوەڕە کە کاتەکەشی بە فیڕۆ داوە، بۆیە بیردەکاتەوە کە بڕیارێک بدات، کووتوپڕ واز لە خوێندنەکەی دەهێنێت و بڕیار دەدات دەست بکات بەو خوێندنەی کە دڵی پێوەیەتی کە مۆسیقایە، بێ گومان باوک و دایکی توشی شۆک دەبن و لەو بڕیارە تێ ناگەن، دژی ئەوەستنەوە، بەڵام چارەسەر نیە لە بەر ئەوەی وەهای بڕیارداوە کە بەردەوام نەبێت لەو خوێندنە. پەندی ئەم چیرۆکە ئەوەیە کە ئەو خوێندکارە ناچار بووە دوو ساڵ بە بارێکی ناکۆکدا تێ پەڕێت، دوو ساڵی ئەشکەنجە، بۆ ئەوەی کۆتایی تێ بگات کە ویست و ئارەزوی ئەو جێگایەکی ترە، پێویستی بە دوو ساڵ بوو هەتاوەکو بڕیار بدات ئەوەی ئارەزووی دەکات کە مۆسیقایە ، هەڵبژێرێت.

دیالەکتیک لێرەدا ئەوەیە کە خوێندکارەکەمان دەبوایە بەو ڕێگایەدا تێ پەڕیایە هەتاوەکو تێ بگات کە ئەو بۆ ئەو خوێندنە نەکراوە، کە تێ بگات ڕێگای ئەو نەبووە، لەوانەیە بلێن ؛ هەر لە سەرتاوە خوێندکارەکەمان لە ناخیدا ئەوەی دەزانی، ئەو راستیەی دەزانی. راستە لەوانەیە لە ناخیدا ئەوەی زانیبێت، بەڵام دەبوایە ئەو زانیاریە بگەیشتایە بە ئاگایی، ئەو زانیاریە خۆی دەرخات خۆی مانیفێست بکات، بە جۆرێک کە نەتوانێت دژی بووەستێتەوە، بە جۆرێک خۆی مانیفێست دەکات، هێندە روونە کە بڕیاردان حەتمیە، دیالەکتیک لێرەدا ئەوەیە، بە ئەزمونێکدا تێ دەپەڕم کە من نیم، ئەزمونێکی ناکۆک بەخۆم. هەموو ئەو شتانەی هەن دەچنە ژێر داخوازی ئەو دیالکتیکەوە.

نمونەی دووهەم:

هەرزەکارێک. هەرزەکار چیە ؟ هەرزەکار کەسێکە لە گەشەسەندندایە، بۆچی لەبەر ئەوەی قۆناغێکە لە نێوان منداڵی و گەورەییدا، ئەوەی هەرزەکار ئارەزوی دەکات ئەوەیە کە خەڵکی وەک هەرزەکار رەچاوی لێ نەکەن، وەهای ئارەزووە وەک کەسایەتیەکی تایبەت ببینرێت؛ وەک کەسیکی بڕیاردەر، کە خاوەنی هەست و ئارەزوی خۆیەتی، بۆیە بە ڕێکەوت نیە هەرزەکارەکان هەمیشە دوای مۆد دەکەون، لە بەر ئەوەی مۆد ئەو کارەکتەرەیان پێ دەبەخشێت، هەتاوەکو شوناسێک بە خۆی بدات، بۆیە هەمیشە دژی ترادیسیۆنە بە تایبەتی دژی هێزی سەروی خۆیەتی، هەرزەکار خۆی لە سەر ئۆپۆزیسیۆن بنیات دەنێت، دژی دایک و باوکی، بۆ نمونە قژی سەوز دەکات، بە جۆرێکی سەرسوڕمێنەر خۆی دەپۆشێت بۆ خۆجیاکردنەوەی. دایک و باوکی خۆیان رووبەرووی کریزی هەرزەکاری دەبیننەوە، وشەی کریز گرنگە چونکە بەرامبەر بە گەشەسەندنە.

دایک و باوکی دوو هەڵبژاردەیان هەیە، یەکەمیان ڕێگری کردنە لەو کریزە ؛ داوا لە کوڕەکەیان دەکەن بە جۆرێکی تر هەڵس و کەوت بکات. دووهەم کاردانەوە ئەوەیە کە ئەوەی هەرزەکار دەستنیشان دەکات ئۆپۆزیسیۆنە، ئۆپۆزیسیۆن وەک ڕێگە چارەیەک بۆ خۆ سەپاندنی، خۆ دروست کردنی، بۆیە نابێت وەک تەنگژیەک ببینرێت، دەبێت چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، دەبێت هەرزەکاریی بەو ڕێگەیەدا تێ پەڕێت بۆ بنیات نانی خۆی، بونی بە کەسێکی گەورە، ئەگەر بەو قۆناغەدا تێ نەپەڕێت هەرگیز ناگاتە قۆناغی گەورە بوون، کامڵی بوون، پێویستی بەوەیە بەو ئەزمونەدا تێ پەڕێت، بەو ناکۆکیەدا تێ پەڕێت، هەتاوەکو ببێت بەوەی کە دەبێت، دەبێت بەو ڕێگەیەدا بڕوات کە دژی هەموو شتێک بوەستێتەوە بۆ ئەوەی دەرئەنجام ئاشت بێتەوە لە گەڵیدا، بە شێوەیەکی گشتی ئێمە باشتر لەگەڵ باوک و دایکماندا هەڵ دەکەین کاتێک گەورە دەبین، بۆیە کاتێک دەبینە کەسێکی گەورە و ماڵی باوک و دایک جێ دەهێڵین ئەوسا لەگەڵ دایک و باوکماندا باشتر دەتوانین بگونجێین، بۆیە هەرزەکاری ناتوانێت بگاتە کامڵی ئەگەر بەو ناکۆکیەدا تێ نەپەڕێت، ئەم ڕێگەیە ئەتوانینن بچوێنن بەسەر هەموو ئەو فێنۆمێنانەی لە پەرەسەندندان، بۆ نمونە پەیوەندی کەپڵ، چی روو دەدات لە ناو ئەو پەیوەندیەدا، دوو کەس یەکتری دەناسن، یەکتریان بە دڵە، دەیانەوێت بەردەوامی بدەن بەو پەیوەندیەیان و پێکەوە بژین، دوای چەند سەردەمێک هەست بە تەنگژی دەکەن و دەکەونە ناو یەکەم گرژیانەوە، هەر یەکەیان بە دوای کەموکوڕی ئەوی تردا دەگەڕێت، بە جۆرێک تەنها ئەو کەموکوڕیانە دەبینن کە هەریەکەیان لەوی تردا دەی دۆزێتەوە و بە کەم و کوڕی ئەوی تر بێزار دەبێت، پاشان یەکەم دەمبۆلە، یەکەم بەیەکدادان، لە هەندێک جاردا ئەو ناکۆکیانە چارەسەر دەبن، بەڵام هەندێک جار دەبێتە هۆی تێکشکاندنی ئەو پەیوەندیە، لەوانەیە جیا ببنەوە و کەسیان ئەوی تر نەبینێتەوە، هەریەکەیان ئەوی تر ناو دەنێت ئیکس، لە سەر فەیسبوک ناوی یەکتری دەسڕنەوە، ناچنە ئەو شوێنانەی ئەوی تر بۆی دەچێت، لە بەر ئەوەی لە ناخماندا شتێکمان دژی ئەوی تر هەیە، ئەمە قۆناغە بریتیە لە قۆناغی رەفزکردنەوەی ئەوی تر، قۆناغی کۆنترادیکسیۆنە ( ناکۆکی )، نەهی کردنی ئەو کەسەی کە سەردەمێکی ژیانمان بەسەر بردبووە لە گەڵیا.

بەڵام بێ چارەیە لە بەر ئەوەی ئەو کەسەی کە دەمانەوێت لە ناوی بەرین، بەردەوام دەبێت لە بوونی بۆ ئێمە، نەک تەنها لە دەرەوەی من بەڵکو لە ناوەوەی خودیشا، ئەو کەسە لە ناخی مندا شوێن پێێ خۆی دیاری کردووە، بە فۆتۆگرافی، بە بیرەوەری، ئەو کاریگەریەی کە لە سەرمانی هەبووە ! چونکە بمانەوێت و نەمانەوێت ئەو پەیوەندیەی کە لەگەڵ ئەوی تردا هەمانە کاریگەری لە سەرمان دەبێت، شەخسیەتیشما دەگۆڕێت، چونکە بمانەوێت و نەمانەوێت ئەو پەیوەندیەی لە گەڵ کەسێکدا دروستی دەکەین، کاریگەری لە سەرمان دەبێت، شەخسیەتیشمان دەگۆڕێت، هاتوچۆ کردنی کەسێك، پێدانی ئەگەری کاریگەریە لە سەرمان، ئەو کەسەی دەمانەوێت نەفی بکەین، دەری بکەین لە ژیانمانا، کاتێک ئەمانەوێت بیخەینە دەرەوەی ژیانمان، دەبینین کە بێ هودەیە، لە بەر ئەوەی تیاماندا دەمێنێتەوە، لێرەدا ئەگەینە سێهەم قۆناغ ؛ پرۆسەی دیالەکتیک کە بریتیە لە ئاشت بونەوە، بە خۆمان دەڵێین ئەو کەسەی کە دەم ویست جارێکی تر باسی نەکەم و نەی بینم، هەندێک شتی بە من داوە، بەشداری کردووە لەو منەی کە پێی گەشتووم، بۆیە دەرئەنجام دەڵێم ؛ دەرکردنی ئەو کەسە لە ژیانمدا وەک ئەوەیە نەهی لە خۆم بکەم، نەهی کردن لە بەشێک لە خۆ جۆرێکە لە تێکشکاندنی خود، مرۆڤ ناتواێت بە بەردەوامی لە خود تێکشاکندندا بژی، ئاشبونەوە جۆرێکە لە بازدان بە سەر ناکۆکیەکاندا، لێبووردن ئەوەیە کە ئەو شتانەی رویان دا دەبوایە رویان بدایە، تێشدەگەین کە دەبوایە رویانبدایە، تێ دەگەین دواجار نەمان دەتوانی بەو ناکۆکیەدا تێ نەپەرین، بەڵام لەبەر ئەوە نیە کە نەمان دەتوانی لەو ناکۆکیەکدا نەژین کە هەموو شتێک لەو نکاۆکیەدا دەمێننەوە، کە ناتوانین باز بدەین بە سەریدا، بۆیە ئاشت دەبینەوە. ئەچینە قۆناغی سێهەمەوە، ئاشبونەوە و بوون بە یەک، هیگل دەستەواژەیەک بەکار دەهێنێت؛ ئاوفێبونگ، بە مانای ( لە ناوبردن، پاراستن، بازدان) ئەمەیە دڵی دیالەکتیک لای هیگل؛ رەفزکردن، پاراستن، بازدان. بۆچی لە ناوبردن ؟ لەبەر ئەوەی کاتێک ناکۆکم لەگەڵ کەسێکدا، لە گەڵ خۆمدا ئارەزوی لە ناوبردنیم هەیە، لە هەمان کاتا کە رەتی دەکەمەوە لە ناو خۆمدا ئەو شتانە هەڵدەگرم کە پێی داووم؛ جێ شوێن پێی ئەو. ناتوانم ئەو ئەزمونەی لە گەڵ ئەودا ژیاوم نەفی بکەم، لە ناوی بەرم، پاشان بازدان بە سەریا، جێهێشتنی. ئەو کاتە بە سەر ناکۆکیەکەدا سەردەکەوم. دیالکتیک بریتیە لەو سێ رێگایە ؛ تێز، ئەنتی تێز، سەنتێز. گرنگ ئەوەیە لە پرۆسەی دیالکتیکدا ئەو جوڵاندنەوە بەردەوامەیە کە بە ئۆپۆزیسیۆن و ناکۆکی رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە هەموو پەرەسەندنێکدا.

ئەبێت لێرەدا شتێکی گرنگ دەستنیشان بکەم، دەنا بە هەڵە لە هیگڵ تێ دەگەین، لە سەرەتاوە باسی دیالکتیکتان بۆ دەکەم وەک ئەوەی کە پرۆسەیەک بێت کە هەقیقەت ئەژیێنێت، ئەبێت ئەوە بزانین کە دیالەکتیک بریتیە لە ژیان، ناخیشم بریتیە لەوەی کە پەیوەندی بە فکریشەوە هەیە، بە هزر، بە بیر، واتە هزری ئێمە لە ژێر کاریگەری ئەو شێما دیالەکتیکەدایە بەو پەرەسەندنە کە ئەویش بە ناکۆکیدا ( کۆنترادیکسیۆن ) دا تێپەڕ دەبێت، بیرکردنەوەمان ناتوانێت خۆی لەو پرۆسەیە دەرباز بکات، بۆ تێگەیشتن لەمە نمونەی سەفەرێک دەهێنمەوە بە ئۆتۆمۆبیل.

نمونەی سێهەم:

هەمو ڕۆژێک بە ئۆتۆمۆبیل دەچیت بۆ شوێنێک بە ڕێگایەکدا، ڕۆژێک لەگەڵ کەسێکی تردا هەمان ڕێگا دەگریتە بەر، ئەو کەسەش پێشنیارت بۆ دەکات ڕێگایەکی تر بگریتە` بەر، تۆش یان دەڵێیت ؛ نا سوپاس ڕێگاکە شارەزام، یان ‌هەڵبژاردەیەکی ترت هەیە ئەویش تاقیکردنەوەی ڕێگاکەی ئەوە، بۆ بەراوردکردنی هەتاوەکو بزانیت ئایا راست دەکەیت یان هەڵەیت ؟ گریمان ئەوەت هەڵبژارد کە دوای ڕێگاکەی خۆت بکەویت، لەوانەیە راست بکەیت لەو هەڵبژاردنەتا، کە رێگاکەت کورترین ڕێگایە، بەڵام لە بەر ئەوەی کە رێگاکەی ئەوت تاقی نەکردۆتەوە، ڕوبەروی ئەو ناکۆکیە نەبویتەتەوە، نا توانیت بە تەواوی سور بیت لە خۆت، لەو کاتەدا لە شکی زانیاریەکانتا دەژیت، لە بەر ئەوەی بەراوردت نەکرد بەرامبەر بە ئاگری ئەو ناکۆکیە، نەت خستە سەلماندنی ڕەتکردنەوەی، ئەگەریش راست بکەیت کە رێگاکەی خۆت کورتر بووە، بەڵام ئەو هەلەت نەقۆستەوە بۆ ئەوەی کە دڵنیا بیت لێێ، بۆیە زانیاریەکەت تەنها زانیاری نییە. بەڵام ئەگەر هەڵبژاردەی دووهەمت هەڵبژارد، واتە هەوڵت دا ڕێگاکەی ئەوی تر هەڵبژێریت و بەویادا بڕۆیت، تێ دەگەیت کە راستت کرد لە بری ئەوەی کە کاتت بۆ گەڕایەوە کاتت لە کیس چوو، ئایا ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە کاتت وون کردووە ؟ نە خێر کاتت وون نەکردووە، پێنج خولەکت وون نەکردوە، پێنج خولەکت وون کردووە بۆ گەیشتن بە راستییەک، کە یارمەتی دایت زانیاریەکەت پەرە پێ بدەیت، یارمەتی دایت کە زانیاریەکەت پتەو بکەیت، ئەمە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی زانیاریە سەرەتایەکەت، زنیاریەکی ترە کە زیاتر گەیشتووە بە ئامانج، زانیاریەکی کامڵ ترە. ئەمەیە فکرەی دیالکتیک؛ بە یەکەم تێڕوانینمان لە ئەزمونێک هیچ شتێک فێر نابین، یەکەم تێڕوانینمان ئەوەمان پێ دەڵێتەوە کە لەوەوبەر زانیوامانە، لەڕاستیدا ئەوە ڕاست دەکاتەوە کە لەوە و بەر زانیوتە، دڵنیا بوون لە زانیاری گۆڕانکاری بە سەر ئەو زانیاریەدا دەهێنێت، بۆیە کاتێک بە هەموو شێوەیەک باوەڕەکانمان، ئیمانمان دەپارێزین و ڕوبەروی دژ بە خۆی ناکەینەوە، خراپترین کارە کە ئێمە دەیکەین، لەبەر ئەوەی زانیاریەکانمان ناخەینە حاڵەتی بەرەو پێشبردنی.

کۆنسێپتی دیالکتیک ناتوانرێت جیابکرێتەوە لە فکرەی پەرەسەندن، هەموو ئەو شتانەی بونیان هەیە لە پەرەسەندندان، هیچ شتێک وەک شوناسی خۆی نیە. کاتێک تێ دەگەین کە پەرەسەندن تەنها پێوەرێکی بوون نیە، بەڵکو ماتۆڕی هەموو ئەو شاتەنن کە بوونیان هەیە. هەر کاتێک ئەم فکرەیە تێ دەگەین، ئەوسا تێ دەگەین کە هەموو شتێک دیالەکتیکە.

بیهێنە پیش چاوت منداڵێک فێری ماتماتیک دەکەین، دەست دەکەین بە وەی فێری ژماردنی بکەین، سفر و پاشان یەک دو سێ چوار....تاد، کاتێک ئەمەی فێر دەکەین، پێی ناڵێین ئەمەی فێری دەکەین ژمارەی ئاسایی ( بە بێ فاریزە ) ە، پێێ دەڵیین ئەو فێری ژمارە دەبێت و بەس. دەتوانین بڵێین کە ئێمە درۆ لە گەڵ ئەو مندالەدا دەکەین، چونکێ وەهای بۆ ڕوون دەکەینەوە کە ژمارە تەنها پێک هاتووە لە ژمارەی ئاسایی، بۆچی ئەوەی پێ دەڵێین ، لە چاوەڕوانیدا فێری ژمارەی ( بە فاریزەوە )ی دەکەین ؟ لە بەر ئەوەی دەزانین بۆ ئەو لەو تەمەندا گونجاو نیە، بۆیە وەک مێتۆدێکی پێداگۆژی لەو کاتەدا ژمارەی نەگەتیڤی فێر ناکەین. ئەبێت جارێک بەو قۆناغەدا تێ پەڕێت، ژمارەی ئاسایی فێر ببێت، ئەوسا ژمارەی نێگەتیڤ و ژمارەی ناتەواو بە فاریزەوە. کاتیك ئەو قۆناغەی تێ پەڕاند، ئەوسا دەتوانێت بچێتە قۆناغێکی ترەوە. لە داهاتودا تێ دەگات ئەو کە وەهای باوەڕ بوو ئەوەی فێری بوبوو هەمووی بوون و بەشێکی راست بوون، هەموو راستیەکانی لە رووی ژمارەوە پێ نەدراوە، کەواتە دەبوایە بە بەشێکی هەڵەدا تێ پەڕیبایە.

بۆیە هەڵە بۆ هیگڵ بە تەواوی بە هەڵە هەژمار ناکرێت. هەڵە بەشێکی زانیاریە، زانیاریەکی ناتەواوە بۆیە ناتوانین دژی هەڵە بووەستینەوە، ئەبێت هەڵە قبوڵ بکەین و بیناسینەوە وەک ئەوەی کە هەیە، وەک گەشەسەندنی زانیاری. دیالەکتیک پێمان دەڵێت کە ڕاستە و خۆ ناچینە ناو هەقیقەتەوە بە بازێک، ئەگەین بە هەقیقەت بە پرۆسەیەک کە بە ژمارەیەک هەڵەدا تێ دەپەڕین کە وەهامان بڕوا بوو راستن. ناکۆکی، بۆ هیگل هەڵە کردنە، پێوستییەکە، پیویستە پێیدا تێ پەڕین، لە بەر ئەوەی هەڵە پیچەوانەی هەقیقەت نیە، هەڵە پلەیەکە لە سەر ڕێگای هەقیقەت، کەواتە پرسیار دەکەین بۆچی دەبێت بە هەڵەدا تێ پەڕین ؟ ئاسانتر نیە راستە و خۆ بڕۆین بۆ وەڵامی ڕاستی ؟

ئایا پێویستمان بەوە بوو بەو هەڵانەدا تێ پەڕین ؟

ڕێگا وون بکەم هەتاوەکو ڕێگای راست بدۆزمەوە ؟ ئایا پێویستە کە من بە هەڵدا تێ پەڕم ؟

ئایا ئاسان تر نیە بگەم بە راستی لە کەسێکەوە کە دەیزانێت پەیڕەوی بکەم ؟

قبوڵی بکەم وەک راستیەک، ئایا ئەوە ئاسانتر نیە بۆ ئێمە ؟ لەبەر ئەوەی وەک کەسێک توانای لێکدانەوە وون دەکەم ؟ هیگڵ ئەوە ڕەت دەکاتەوە، بۆ هیگڵ نابێت ئێمە مەعریفەمان پێ بگات لە لایەن هێزێکی سەروی خۆمانەوە، بۆ هیگڵ مەعریفە ئەزمونێکی خۆیی ( ئەندیڤیدوێل)ە ، ئەزمونی خۆیی بە مانای چی دێت ؟ بۆ هیگڵ بریتیە لە هەموو ئەو شتانەی کە ئەژین، هەبوونی پراتیک، خوێندنەوەی کتێب، خۆ تێکەڵ کردن لەگەڵ ئەوی تردا، ئەمانە هەمووی دەبنە ئەزمونی خۆ ( تاک )، کاردانەوەمان، تێروانینمان، مێدیتاسیۆنمان، هەموو ئەمانە دەبنە ئەزموونی خۆیی، هەموو ئەوەی دەژین دەچنە ناو ئەزموانی خود، هەموو ئەوەی دەژین بەشداری دەکەن لە پرۆسەی زانیندا. کاتێک بە کەسێک دەگەیت، دەستدەکەیت بە ناسینی ئەو کەسە، دوای چەند سەردەمێک دەگەیتە پلەیەکی تری ئەو ناسینە، بۆ نمونە هەندێک کەموکوڕی ئەو کەسەت بۆ دەردەکەوێت، بێگومان کاتێک دەڵیین کەموکوڕی یان ناتەواوی لە گۆشە نیگای تۆوە کەموکوڕین، ئەو کاتە تۆزێک نا ئومێد دەبیت، لە بەر ئەوەی تۆ بە وێنەیەکی تر، ئەوت لای خۆت بنیات نابوو، کاتێک بۆت دەردەکەوێت ئەو کەسە ئەوە نیە کە تۆ چاوەڕوانت دەکرد یان باوەڕت وەها بوو، بۆیە نائومێد دەبیت، ئەمەش لە گۆشە نیگای خۆتەوە توشی بویت، لەم ئەزمونەدا فێری شتێک دەبیت، ئەویش ئەوەیە تۆ چیت یان چی دەزانیت ؟ دوای ئەم نائومێدیە بە خۆت دەڵێیت کە ئەو کەسە مافی خۆیەتی وەها بێت، کە تۆ مافت نیە ئەو کەسە بکەیت بە جۆرێکی تر وەک ئەوەی کە هەیە. ئەم ئەزمونە نەگەتیڤە لە گۆشە نیگای خۆتەوە بێ گومان، بەلام نەرێنی نیە بە تەنها، لە بەر ئەوەی شتێکی ئەرێنی خستە سەر زانستەکەت، تێ دەگەیت کە کەسێک ئەوەیە کە هەیە و نابێتە ویستی تۆ. بۆ هیگل ئەمە گرنگە، لە بەر ئەوەی ئەزمونێکی نەرێنی هەمیشە دیوێکی ئەرێنی هەیە، دانەوەی ئەرێنی بە ئەزمونێکی نەرێنی ئەوەیە کە ئەزمون فێرمان دەکات .

ئەزمونی نەرێنی فێری شتێکمان دەکات بۆیە ئەرێنیە، ئەرێنی نیە کاتێک تێیدا دەژیت، ئەبێتە ئەرێنی کاتێک تێی دەگەیت، کاتێکیش تێ دەگەیت، وەها بیر دەکەیتەوە کە پێویست بوو هەتاوەکو تێ بگەیت. ئەوەی هیگڵ پێمان دەڵێت ئەوەیە کە تێ گەیشتن بە ڕێگایەکی راستە و خۆ دروست نابێت، هەمیشە بە ناڕستەوخۆ دەبێت، بە پلە و قۆناغ، هەموو ئەو قۆناغانەی دەتگەیەنن بە تێگەیشتن هەمیشە قۆناغی ئازاردەرن، لە بەر ئەوەی کە بە پیچەوانەی بۆچونەکانمانەوەن، ئەوەی باوەڕمان پێی هەبوو، ئارەزومان دەکرد بە پێچەوانەی زانیاریەکانمانەوە بوون. ئەمەیە دیالەکتیک و ئەمەیە باشەی دیالەکتیک، ئەزمونێکی نێگەتیڤ بە تەواوی نێگەتیڤ نیە، هەمیشە دیوێکی پۆزەتیڤی هەیە، دیوی پۆزەتیڤی ئەزمونێکی نەگەتیڤ ئەوەیە کە ئەزمونی نیگەتیڤ فێرمان دەکات، ئەزمونی نێگەتیڤ شتێکمان فێر دەکات بۆیە پۆزەتیڤە، پۆزەتیڤ نیە کاتێک تێیدا دەژین، ئەبێتە پۆزەتیڤ کاتێک تێی دەگەین، کاتێکیش تێ گەشتین، تێ دەگەین کە پێویست بوو هەتا تێ بگەین، ئەوەی هیگڵ پێمان دەڵێت ئەوەیە کە تێگەیشتن بە ڕاستەوخۆ ڕوو نادات، هەمیشە بە ناڕاستەو خۆیە، پەلە بە پلەیە، هەموو ئەو پلانەی دەمان گەیەنن بە تێ گەشتن قۆناغی ئەشکەنجەن لە بەر ئەوەی دژ بەوە دەوەستێتەوە کە دەمانزانی یان باوەڕمان پێی هەبوو، یان ئارەزوومان دەکرد، ئەمەیە دیالەکتیکی هیگڵ، ئەمەیە فەزیلەتی دیالەکتیک. باشیوەکانی دیەلکتیک یارمەتیمان ئەدات کە تێ بگەین ئەزمونێکی نەگەتیڤ هەرگیز بە تەواوی نێگەتیڤ نیە، هەمیشە دیوێکی نێگەتیڤی هییە، ئەوەش لە سەر ئێمە وەستاوە کە ئەو پۆزەتیڤە بناسینەوە، لە راستیشدا هیگل بۆمان روون دەکاتەوە کە ئەوە ئێمە نین کە بڕیار دەدەین کە ئاگاییمان بەوە هەبێت، زیاتر ئەوە ئاگایی خۆیەتی کە خۆی دەسەپێنێت بە سەر ئێمەدا، گرنگ نیە، گرنگ ئەوەیە کە بزانین دیالکتیک هەموو شتێک بەڕێ دەکات، کە دەڵێم هەموو شتێک بەڕی دەکات، مەبەست ئەوەیە لە هەمان کاتا دیاردەی ماتریال و دیاردەی مەنتال، هزر.

زانستمان بنیات ئەنێین بە نەفی کردن لە زانیاریەکانی ڕابووردومان، پێش خۆمان، رەفزکردنی ئەوانەی وەهامان باوەڕ بوو کە راست بوون، لە بەر ئەوەی جەوهەری باوەڕ بوون لەژێر شکڵی زانیندا خۆی بە ئێمە دەناسێنێت، هیچ کەسیک وەها بیر ناکەتەوە کە بیر و رای ڕاسیۆنێل نیە یان ئەبسوردە. کەواتە زانین لە گۆشە نیاگی تاکەوە کە بەو ئەزمونەدا تێ پەڕیوە، ئەوەش تەنها ئەو کاتە ڕو دەدات کە ئەو مەعریفەیە بە ئەزمونێک رووبەرووی ناکۆکی دەبێتەوە، ڕووبەرووی کۆمەڵێك دژ دەبێتەوە، کە تاک بە پشتبەستن بە ئاگییەوە دەتوانیت بگەڕێتەوە بە زانیاریەکانی ڕابوردویەوە و تێ دەگات کە ئەو زانیارییە بە تەواوی رەوا نەبوون، هەمووی هەڵە نەبوون بەڵام شتێکی ناتەواو بوو، ئەمەش پێوسیستیەکی ئێجگار زۆری بە خۆبەکەمزانین هەیە، قبوڵی بکەین کە هەڵەمان کردووە، قبوڵی بکەین کە هەموو شتێکمان نەبینی بوو، هەموو شتێکمان حساب نەکردبوو، هەندێک پارەمێترمان لێ پەڕاندبوو. قبوڵکردنی ئەمەش پێویستی بە فراوانی ئەقڵ هەیە، قبوڵکردنی ئەوەی کە هەموو شتەکانمان نەبینی بوو بە تەواوی، گرنگیمان بە زۆر شت نە دابوو هەندیک بەش لە دەستمان دەرچوبوون، دەشبوایە کە لە دەستمان دەربچن هەتاوەکو تێ بگەین کە ئێمە بە سەر هەموو شتێکدا زال نە بووین.

دیالەکتیک بریتیە لە پرۆسەیەک، فێنۆمێنی ماتریال لە هەمان کاتا نا ماتریال. لە ئێستادا ئەبێت ئەو فکرەیە تێ بگەین کە سادەیە و لە هەمان کاتا گرنگ، هەموو ئەو شتانەی بە کاتا تێپەر دەبن هەر یەکەیان بە قۆناغی ناکۆکیدا تێ دەپەڕن کە هەر یەکەشیان دژی ئەوی تر دەوەستێتەوە، لە گەڵ ئەوەشدا گشتێکی گونجاو پێک دەهێنن. کاتێک ئەو پرۆسەی دیالەکتیکە تێ دەگەین، ئەوسا زیاتر دڵ فراوان دەبین بەرامبەر بە هەڵە، لە بەر ئەوەی ئاگاییمان بەوە هەیە کە هەڵە بارێکی هەقیقەتە، هەڵە پێوسیتیەکە هەتا بتوانین بە سەریا باز بدەین، بە مەرجێک لەو ڕێگەیادا دڵفراوانی خۆمان بسەلمێنین بۆ ناسینەوەی هەڵەیەک کە کردوومانە.

ئەو کەسەی کە دەیەوێت ئەم پرۆسەی دیالکتیکە بە ئەزموون نەکات، بە هەمان شێوە دژی ئەو پرۆسە دیلاکتیکە دەوەستێتەوە کە بوونیان هەیە لە بەردەوامیدا. ئەو کەسەی پەرەناسێنێت، ئەوە دەسەلمێنێت کە هیچ فێر نابێت، ئەوەی ئەزمونێکی پەرەسەندن رەت بکاتەوە، رەتیشی دەکاتەوە کە هەموو شتێک لە پەرەسەندندایە، بەڵام چی هاندەرە بۆ قبوڵکردنی ئەو پرۆسەیە ؟ ئەوە بێ شک ئاگاییە، ئاگایی کە ئێمە خاوەنین، کە یارمەتیمان دەدات لە هەمان کاتا تێ بگەین کە ژیان بوونی هەیە، هەروەها تێ بگەین کە ژیان چۆن بەرەوە پێشەوە دەڕوات، چۆن ڕوداوەکان دێنە کایەوە، دەوری ئاگایی ئەوەیە کە ئەوە بناسێتەوە و دیاری بکات، ئاگایی بوون بە باوەڕی هیگڵ واتە باش گوێگر بین بە پرۆسەی هەندێک جار دژ بەیەک، هەندێک جار پرادۆکساڵ کە روداوێک بەڕێ دەکات، تێگەیشتن خۆی روداوێکە، تێبگەین چۆن ژیان بەرە و پێشەوە دەڕوات، ئەوەیە کە تێ بگەین چۆن ئاگایی پەرە دەسەنێت، تێبگەین چۆن هزرمان بنیات ئەنرێت لەگەڵ زەمەندا، چۆن بیر و بۆچونمان پەرە دەسەنێت بە قازانجی ئەم و ئەو. تێ بگەین کە لە پشت هەموو هەڵەیکمانەوە هەنگاوێکی ترە بەرە و هەقیقەت، هەنگاوێکی ترە بەرەو ئەوەی هیگڵ ناوی ناوە ؛ مەملەکەتی ڕۆح. کەواتە ئاگایی چی دەکات ؟ ژیان بە ئەزموون دەکات، بە مەش خۆی بە ئەزموون دەکات، جۆری رووبەروو بونەوە بەرامبەربە ژیان بە ئەزمون دەکات، بەو ئەزمونەدا تێپەڕ دەبێت کە لە بەردەم فکرەیەکدا خۆی گرژ دەکاتەوە بەرامبەر بە فکرەیەکی تر، بەرامبەر بە فکرەیەک دژ بەو، بەو ئەزمونەشدا تێپەڕ دەبێت کە هەندێک جار دژایەتی و ناکۆکی قبوڵ دەکات وەک کەرەسەی پەرەسەندن، وەک کەرەسەیەک کە یارمەتی دەدات پەرە بسێنێت، بە ئەزمونی دڵفراونی خودی خۆیدا تێپەر دەبێت کاتێک قبوڵی دەکات گۆڕانکار بە سەردا بێت، بە زانیاری نوێ، یان ئەوەیە ئەزمونی بەرخۆدان تاقی دەکاتەوە، لە بەر ئەوەی نایەوێت بچیتە پێشەوە، دەیەوێت بە رەها لەگەڵ خۆیدا بمێنێتەوە. گرنگیدان بە خۆمان، بە بەهاکانمان، لە سەر جۆری بیرکردنەوەمان وەستاوە، کاتێکیش دەبینین کە یەکێک لە بەهاکانما رووبەرووی دژ بەخۆی بۆتەوە، بە دەگمەن ئەمە بە خۆشیەوە وەردەگرین، کاردانەوەمان زیاتر بەلای ئەوەدا دەشکێتەوە کە بەرگری لە بیر و بۆچوونمان بکەین، وەک کامیکازێک کە دەیەوێت هاورێکەی بکوژێت پێش ئەوەی ئەو بیکوژێت، ئەمەش کاردانەوەی ئێگۆیە، ئەوە ئیگۆیە کە خۆی بەو بیرۆکەیەوە دەناسێنێت، دەیەوێت بمێنێتەوە لە ژیاندا، راستیش دەکات وەک ئێگۆیەک دەیەوێت بەردەوام بێت، بەڵام چەندە ئێگۆ بیەوێت بەردەوام بێت لە ژیان، زیاتر هەقیقەت بە بیری هیگڵ، واتە ؛ پرۆسەی بە باشترکردنی زانینمان، زیاتر هەقیقەت دەکەوێتە مەترسیەوە. هەقیقەت و ئێگۆ بۆ هەمان ئامانج هەوڵ نادەن. ئەبێت ئەوە بڵێین کە هەقیقەت هەرگیز شەڕ ناکات، هەقیقەت خۆی دەدات بەدەستەوە، بەڵام ئێگۆ شەڕ دەکات، ئێگۆیەکیش کە خۆی بەرامبەر بە دژ دەبینێتەوە، ئیگۆیەک نیە کە خۆی دەداتە بەر پرسیار، ئێگۆیەکە بە درۆخراوەتەوە، ئیگۆیەکە کە بەرگری لە خۆی دەکات، خۆی دەبەستێتەوە بەوەی کە هیگڵ ناوی ناوە ؛ زۆرانبازی هەتا مردن، زۆرانبازی هەتا مردن تەنها ستراتیژیەکە کە ئیگۆ پەیڕەوی دەکات، لە بەر ئەوەی ڕتکردنەوە ستراتریژی مانەوەمە.

ئەوەی هیگڵ پێمان دەڵێت ئەوەیە کە ئاگایی ئەبێت بمرێت لەگەڵ هەر ناکۆکیەکی نوێدا بۆ ئەوەی لە دایک بێتەوە، بۆ ئەوەی خۆی دەوڵەمەند بکات بەو دژایەتییە. پەرەسەندن ماتۆڕی بوونە، پەرەسەندنیش ئەوەیە کە یارمەتی خۆت بدەیت ڕێبازێکی تر بگریت، پەرەسەندن ڕتکردنەوەی خود نیە وەک ئەوەی کە هەین، پەرەسەندن یارمەتیدانی خودە بۆئەوەی ببین بەوەی کە هەین، بۆ هیگڵ شکست بوونی نیە بەو مانایەی کە پەشیمان نەبینەوە لەوەی کە لە هەڵدا بووین، لە بەر ئەوەی کە هەڵە پارچەیەکە لە هەقیقەت، ئەو پارچەیەی هقیقەتیش ناتوانێت گەورە ببێت هەتا قبوڵی نەکەین کە تەنها بەشێک بووە، بە پێوەری موتڵەق، هەقیقەتێک دەبێتە هقیقەت. بەڵام بە ئەمزموونی خۆمان وەک مرۆڤ ئێمە هەرگیز لە هەقیقەتا نین، ئێمە هەمیشە لە بەشیکی هەقیقەتاین، ئێمە هەمیشە لە نیوە ڕاستیداین، لە نێوە هەڵەداین، کاتێک بەشەکەی تری هەقیقەت وەدەست دەهێنین ئەوسا دەزانین ئەوەمان نوقسان بووە، سەردێڕی فێنۆمێنۆلۆژی هیگڵ برتیە لە ؛ زانسی ئەزموونی ئاگایی، دیالکتیکیش یارمەتیمان دەدات لە پرەنسیپی ئەو ئەزمونە تێ بگەین، ئەزمونێک کە لە ناکۆکییەکەوە دەمان باتە ناکۆکیەکی تر.

ژیان لە بەر ئەوەی هەمە جۆرە، ئەوانەی لە ئێمە ناچن، بەرپەرچمان دەدەنەوە، دژمان دەوەستنەوە. گرەوتان لەگەڵ دەکەم تەنها یەک کەسیش بونی نیە بە تەواوی هەموو بیرۆکەکانتان، هەموو ئیمانتان، هەموو ئارەزوەکانتان قبوڵ بکەن، لەم گرەوەشم ڕیسکێک ناکەم، چونکە دەزانم بوونی نیە، لەو بیرۆکەیەی کە دوو کەسی لە یەکچوو بوونیان نیە جیهاندا بە جیاوازیەکانەوە خۆیان نیشان دەدەن، کەواتە جیهان کۆنتراستە، ئەمەش پێمان دەڵیت هەموو ئەزمونێکی نوێ دەتوانێت ئەزمونێکی ناکۆکی بێت. ناکۆکیش بە ئاراستەی هیگڵ بە هیچ جۆرێک نەرێنی نیە، بە پێچەوانەوە، ناکۆکی ژیاوە بە سوبژەکتیڤی ( بە خودی ) پێش ئەوەی بخزێتە ناو پرۆسەیەکی گلۆبالی پەرەسەندنەوە، واتە وەک پرۆسەی رویەکی پۆزەتیڤ رەچاوی لێ بکرێت، هەموو ئەزمونێکی نوێ رووبەروومان دەکاتەوە بەرامبەر بە ناکۆکی، واتە بەرامبەر بە شانسی خۆ بەرەوپێشبردنمان.

شتی وەهاش روو دەدەن؛ ئەگەر خۆتان ببینەوە بەرامبەر بە کۆنتراستێک، بەرامبەر بە دژێک بەڵام دژی ناوەستیتەوە، ئایا ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت کە دیالەکتیکی هیگڵ شکستی پێ هێنراوە ؟ یان هەندێکا جار خۆی ناسەلمێنێت؟ نەخێر، ئەمە مانای شتێکی سادەیە ئەویش ئەوەیە کە ئەوەی بە دژمان زانیوە پێ دەچێت کە ناکۆک نەبین لە گەڵیدا، لەوانەیە ناکۆکیەک بێت کە لەوە و بەر پێیدا تێپەر بووبێتین، بۆیە لەو کاتەدا ئەو دژە ناکۆکیەک نیە، ئەو ناکۆکیەتان خستۆتە ناختانەوە، ئەسیمیلێتان کردووە، بۆیە وا هەست ناکەیت کە خۆت بەرامبەر بە ئۆپۆزیسیۆنێکەوە ببینیتەوە، وەها هەست دەکەیت کە تۆ بەرامبەر بە شتێک خۆت دەبینیتەوە کە لەوە و بەر خۆت بینیوەتەوە بەرامبەری و قبوڵت کردووە. ئاگایی جیاواز کە دەکەونە دژ بەیەک لە ڕۆژانەدا، لەوانەیە لە بەرەی جیاواز نەبن، یان بۆ یەک نەکراون دژ بەیەک بوەستنەوە و زۆارنبازی بکەن هەتا مردن. لەوانەیە ئاگایی جیاواز لێرەدا بونیان هەبێت هەتا لەوی بەرامەردا بەشیک لە گشت بدۆزینەوە، بەو بۆنەیەوە بەرزکردنەوەی مەودای کۆئاگایی.

دایالەکتی لای هیگڵ ئەمان دگەیەنێتە فراوانکردنی مەودای ئاگاییمان، بۆ فروانکردنی ئەو مەودا ئاگاییە، پێویستە بە ئۆپۆزیسیۆندا تێ پەڕین.

تۆزێک لە مەوبەر باسی سەفەرەکەم بۆ کردن بە ئۆتۆمۆبیل، ئێوە پێوسیتان بەوەیە کە خۆتان ئەزمونی ئەو ڕێگایە بە ئۆتمۆبیل بکەن هەتا تێبگەن کە ڕێگاکەی تۆ کورت تر بوو یان نە لەوەی کە بۆیان پێشنیار کردیت، زۆر جار پێوسیتت بە بگژداچونەوەی سوڵتەیەکە هەتا خۆت بنیات بنێیت لەسەر پرۆژەی شوناس. بوونی ڕۆحی ناکۆکی لای هەرزەکارێک وەک بارێکی نەخۆشی وەهایە، ئەوە ئەو پرەنسیپە خۆیەتی کە لە هەرزەکاریدا دێتە کایەوە، هەرزەکار مەجبورە هەرزەکاری خۆی بژیێت، هەر کاتێک هەرزەکاری خۆی ژیا، ئەوسا دەتوانێت تێی پەڕێنێت، دەتوانێت ئەوسا سەیری فۆتگرافیەکانی سەردەمی بکات و بلێت ؛ بەڕاستی گەوج بوم، هۆشمەند نەبووم، شەرم دەکەم. بەڵام مەجبور نین شەرم بکەین، دەتوانین زەردەخەنە بمان گرێت وەک ئەو زەدەخەنانەی لە کاتی هەرزەکاریدا و بڵێین ؛ دەبوایە بەو قۆناغەدا تێ پەڕیمایە و گرنگ نیە چونکە ئەمە بەشێکە لە ئۆردەری سروشتی شتەکان، بۆیە لە بیست و پێنج ساڵیدا کاتێک بە لوت بەرزیەوە بە خۆی دەڵێت ؛ بەڕاستی زۆر گێل بووە کە دوای مۆد دەکەوت وەک مەڕێک و هیچ زەوقێکی جوانی نەبووە، لەو کاتەدا ئەو گەنجە وەها هەست دەکات کە ئیتر ئەو لە هەقیقەتایە، لە تێگەیشتندایە، وەهای باوەڕە کە بە تەواوی لەسەر هەقە، بۆچوونەکەی ڕاستە بەڵام چی ڕوو دەدات دوای دە ساڵ ؟ جارێکی تر سەیری فۆتۆگرافیەکانی تەمەنی بیست و پێنج ساڵی دەکاتەوە، جارێکی تر بیر لە هەڵبژاردەکانی دەکاتەوە، لە ئیمان و مۆدێلی ژیانی دەکاتەوە، چی کردووە و چ پرۆژەیەکی گرتۆتە دەست کاتێک تەمەنی بیست و پێنج ساڵ بووە، یان شکست هێنانی، جارێکی تر تەنگژیەکە دووبارە دەبێتەوە، دەڵێت : چەندە ساویلکە بووم، چەندە لە خۆم ڕازی بووم، چەندە لوت بەرز بووم،. ئاوا و بەم شێوەیە پێشکەوتنی پەرەسەندنی ئەو گەنجە ڕوو دەەدات لەگەڵ زەمەندا، بە ناسینەوەی بەردەوامی خۆی، چۆن بووە لە ڕابودودا، هەروەها بە رەفزکردنی بوونی لە ڕبوردودا وەک مەرجی پەرەسەندن. هیگڵ پێمان دەڵێت، ئێمە کاتێک پەرە دەسێنین کە هەر ساتێک هەست بەوە بکەین کە ئێمە لە هەقیقەتاین، ئێمە پێوستمانە بەوەیە باوەڕ بە خۆمان بکەین کە لە هەقیقەتاین هەتاوەکو ناکۆکی کاریگەر بێت، ژیانەوە لە هەندێک قۆناغی ژیانماندا خۆ خستنە بەردەم ڕیسکە، قبوڵ کردنی ئەوەیە کە خۆمان بخەینە بەردەم ناکۆکیەک کە بە ئاشکرا بووە و کراوە، وەک نیچە دەیووت ؛ (ئەوەی نامان کوژێت بە هێزترمان دەکات، ئەوانەشی کە ئازارمان دەدەن بەرزمان دەکەنەوە). دیالکتیک ئەو بیرۆکەیەیە کە هیچ شتێک ناتوانێت جێگای ئەزموون بگرێتەوە، ئەزمونیش وەک مانا بریتیە لە هەموو و دژەکەشی، ئێمەش بە تێ پەڕین بە دژدا دەگەین بە هەموو، بە تێپەڕ بوون بە ناکۆکیدا دەگەین بەوەی کە هەین. تەنها بە ئەزموونی دنیا و ئاگایی و ئاگایی بە ئەزمونی دنیا، بەو نرخە ئێمە دەتوانین کامڵ بین، ببین بەوەی کە هەین، ببین بەوەی کە دەبێت ببین .

سوپاس تان دەکەم.