زانا هەڵۆ کوردە
زانا هەڵۆ کوردە لە رێکەوتی 19-03-1983 لە شاری سلێمانی باشووری کوردستان لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەردا لەدایکبووە.
لە تەمەنی منداڵیدا لەگەڵ خێزانەکەی ساڵانێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژیاوە.
لە پاش ڕاپەرینی 1991 گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان.
لە ساڵی 1997دا لەگەڵ خێزانەکەیدا چۆتە وڵاتی هۆڵەندا.
لە ساڵی 2006 خوێندنی بەکالریۆسی لە بواری(بازرگانی و بەبازاڕکردن) لە زانکۆی (ساکسیۆن) لە هۆڵەندا تەواوکردووە.
لە ساڵی 2008دا بڕوانامەی ماستەری لە بواری (پەیوەندی نێودەوڵەتی - تایبەتمەندی یەکێتیی ئەوروپا) لە زانکۆی(توێنتە) لە هۆڵەندا بەدەستهێناوە.
لە چوارچێوەی خوێندنی ماستەردا ماوەیەک لە دەزگایەکی لۆبی هۆڵەندی لە برۆکسل کاریکردووە و ماستەرنامەکەی لە بواری چونێتی ڕێکخستنی لۆبی هەرێمەکانە لە گۆڕەپانی سیاسی یەکێتیی ئەوروپادا.
لە ساڵی 2012 دا لە پاش تێپەڕبوون بە تاقیکردنەوەی فیکری و دبلۆماسیدا، یەکەم کورد بووە کە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی هۆڵەندا وەک (پسپۆری نێردەی دبلۆماسی) هەڵبژێردراوە.
لە ساڵی 2013 دا وەک دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی (گەلانی بێ دەوڵەت) پاڵیوراوە.
خاوەنی یەکەمین بڵاوکراوەی ئەکادیمییە سەبارەت بە یەکێتیی ئەوروپا کە پەرتووکێکی 300 لاپەڕەییە بە ناوی (یەکێتیی ئەوروپا) کە لە ساڵی 2014 دا لە هەرێمی کوردستان چاپکراوە و بڵاوکراوەتەوە.
زانا هەڵۆ کوردە لە ساڵی 2009 وە وەک ڕاوێژکار لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا دەستبەکاربووە و لە ساڵی 2013 دا بۆتە بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکان لەگەڵ دام و دەزگاکانی یەکێتیی ئەوروپا.
لە پاڵ کارەکەیدا خوێندکاری دکتۆرایە لە (ئەنستیتۆی دیراساتی ئەوروپی – زانکۆی برۆکسل).
زانا هەڵۆ کوردە بە بەردەوامی بە زمانەکانی کوردی و ئینگلیزی لەبارەی یەکێتیی ئەوروپا و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دۆزی کورد دەنووسێ و نوسینەکانی لە (ئی یو ئۆبسێرڤەر، پۆرتاڵ و هەفتەنامەی ڕووداو، خەندان) بڵاو کراونەتەوە.