زانکۆی سلێمانی

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
280760614 .jpg

زانکۆی سلێمانی (بە ئینگلیزی: University Of Sulaymaniyah) ناسراو بە زانکۆی دایک، چالاک و دەوڵەمەند لە ھەموو بوارە جیاوازەکانی زانست و مرۆڤایەتیدا کە ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەی بەش و مامۆستا و خوێندکاری زیاتر لەخۆ دەگرێت یەکێکە لە گەورەترین زانکۆکانی کوردستان و ساڵانە ٤٠٠٠ - ٥٠٠٠ خوێندکاری نوێ وەردەگێت، بە ھەوڵ و کۆششی دڵسۆزان و مامۆستایان و خوێندکاران زانکۆی سلێمانی نەوەی نوێی خستۆتەوە و چەندین زانکۆی تری لە کوردستان لێکەوتۆتەوە و ھەموو سوچێکی ئەم کوردستانەی بە مەشخەڵی زانست و ڕووناکبیری ڕۆشن کردۆتەوە و ئەم زانکۆیەش ئێستا لە ٢٥ کۆلێژ پێکھاتووە نزیکەی ١٤٠٠٠ خوێندکار تێیدا دەخوێنن، جگە لە نزیکەی ٧٠٠ خویندکاری خوێندنی باڵا و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە گەشەسەندن و پێشکەوتندایە.

مێژوو

ھەر لە گواستنەوەی میرنشینی بابان لە قەڵاچوالانی سەخت و دوورە دەستەوە بۆ دەشتاییەکی فراوانی سلێمانی لە ساڵی ١٧٨٤ بناغەی شار دامەزرا، بۆ یەکەم جار لەگەڵ بناغەی شاردا بناغەی مزگەوتی گەورە لێدراو کتێبخانەی میرنشین پاش تەواو بوونی مزگەوتی گەورە لە قەڵاچوالانەوە گوێزرایەوە بۆ سلێمانی کە نزیکەی ٦٠٠٠ کتێبی لە خۆ گرتبوو، کەواتە ئەم شارە ھەر لە سەرەتاوە لەسەر بناغەی سیاسی وڕۆشنبیری دروست بووە، چونکە میرنشین پێویستی بە زمانحاڵێک بووە کە تەعبیر لە ڕەوتی سیاسی میرنشین بکات، بۆیە ھەر لە سەرەتادا گرنگی بە خوێندن و لایەنی ڕۆشنبیر وشیعر و شاعیران و زمانی یەکگرتوو درا، کە ھەتا ئێستاش ئێمە بەردەوامی ئەو زمانەین و لە پێناوی پاراستنی زمانی میرنشیندا ھەوڵ دراوە، تا لە ئەنجامدا بۆ یەکەم جار لە مێژووی کورددا لە ساڵی ١٩٦٨ دا بەپێی یاسای ژمارە ١٤٣ی خوێندنی باڵا لە شاری سلێمانی زانکۆ دامەزرا و ھەر بە ناوی شاری سلێمانییەوە ناونرا زانکۆی سلێمانی.

274263858 .jpg

ڕۆڵی زانکۆی سلێمانی

زانکۆی سلێمانی بە شێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی دامەزراوە، کە توانیویەتی ھاوشانی زانکۆکانی تری عێراق خوێندکار لە بوارە جیاجیاکاندا پێبگەیەنێت، وە لەم ڕێگایەشەوە توانرا ڕەوتی کۆمەڵگای کوردی بەرەو پێشکەوتن و شارستانێتی جیھان بڕوات، چونکە زانکۆی سلێمانی توانیویەتی ساڵانە بە سەدەھا خوێندکار لە بوارە جیاجیاکاندا پێبگەیەنێت کە ئەمەش دەبێتە ھۆی گەشەکردن و پەرەسەندنی زانستی و ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و پاشان گۆڕینی ڕەوتی ژیانی مەدەنی لە سلێمانی بەتایبەتی و لە کوردستان بە گشتی، لەبەرئەوە ئەم زانکۆیە بووە چقڵی چاوی دوژمنان، بۆیە ڕژێم بڕیاری گواستنەوەی زانکۆی سلێمانی دا بۆ شاری ھەولێر لە ساڵی خوێندنی ١٩٨١ - ١٩٨٢ وە ناوەکەشی گۆڕی بۆ زانکۆی سەڵاحەدین.

دامەزراندنەوە

پاش ڕاپەڕینی بەھاری ساڵی ١٩٩١ کە بووە ھەوێنی بەرخوودان و وەرچەرخان و گۆڕانی مێژووی گەلی کورد و لە ئەنجامی دامەزراندنی حکومەت و پەرلەماندا و بە ھەوڵ و کۆششی دڵسۆزان و خەمخۆرانی گەلەکەمان جارێکی تر زانکۆی سلێمانی لە ساڵی ١٩٩٢ بەپێی بڕگەی ١ی مادەی ٥٦ی یاسای ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢ و لەسەر پێشنیازی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ٢٩ لە ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٩ دامەزرایەوە کە سەرەتا سێ کۆلێژی لەخۆ گرتبوو کە ئەوانیش: کۆلێژی پزیشکی، کۆلێژی زمان، کۆلێژی کشتوکاڵ.

274247268 .jpg

کتێبخانە

کتێبخانەی ناوەندی زانکۆ لە (١٤/١١/١٩٩٢) دامەزراوەتەوە، لە سەرەتادا خەڵکی زانستخوازی شاری سلێمانی ھاوکاربوون لە بنیاتنانەوەی بە پێشکەش کردنی کتێب و پێداویستی یە تایبەتی یەکانی کتێبخانەکانی خۆیان، پاشان ڕێکخراوە مرۆیی یە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان یارمەتی کتێبخانەکەیان داوە بە دەوڵەمەندکردنی بە سەرچاوەی زانستی.

بینای کتێبخانەی ناوەندی بەزیادکردنی بەشێکی تر فراوانترکرا و ڕووبەرەکەی گەیشتە (١٤٥٣٬٧٢ م٢). کاتی دەوامی فەرمی لە کاتژمێر ٨ ی بەیانی بۆ ٣ ی پاش نیوەڕۆیە. شانبەشانی ٣٨ کارمەند، تەنھا ٣ کارمەندی تایبەتمەند لەبواری کتێبخانەدا کاردەکەن، کە ھەندێکیان خولی تایبەتیان دیوە لە (لوند، عەممان، قاھیرە).

سەرچاوەکانی کتێبخانەی ناوەندی زانکۆی سلێمانی لەسەروو ٤٠ ھەزارەوەیە، کە ١٥٠٠ نامە و ٣٠٠٠ توێژینەوە و ١٥٠٠ پەخشان نامەیە.

271963710.jpg

کارمەندان و مامۆستایان و خوێندکاران دەتوانن سوود لە تەکنۆلۆژیای ئینتەرنێت وەربگرن لە ڕێگەی سەنتەری ئینتەرنێتی کتێبخانە کە ٣٠ کۆمپیوتەری لەخۆ گرتووە، ھەروەھا خوێنەران دەتوانن لەو رێگەیەوە سوود وەرگرن لە کتێبخانەی گریمانەیی زانستی عێراق "Iraqi Virtual Science Library" کە بریتیە لە کۆمەڵە داتابەیسێکی ئەلیکترۆنی کە پڕن لە کتێب و سەرچاوەی ئەلیکرۆرنی و لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە دابین کراوە و لە سالێ ٢٠٠٦ دا پەرەی زیاتری پێدراوە.

لە کانونی دووەمی ٢٠٠٩ وە کتێبخانەی ناوەندی زانکۆی سلێمانی ھەوڵەکانی خۆی خستۆتە گەڕ بۆ دابین کردنی کتێبخانەیەکی دەنگی بە مەبەستی خزمەت گەیاندن بە خوێنەرانی کەم‌ئەندام.

خوێندنی باڵا

279171804 .jpg

خوێندنی باڵا لە زانکۆی سلێمانی بۆ یەکەمجار لە ساڵی (١٩٩٦)ەوە دەستی پێکرد لە دوای خولی یەکەمی دەرچوانی دوای ڕاپەڕین. سەرەتا چەند خوێندکارێکی کەم لە چەند کۆلێژێکی دیاریکراو وەرگیران بۆ خوێندنی باڵا، بەڵام دواتر ژمارەی خوێندکارانی خوێندنی باڵا و ئەوکۆلێژانەی کە خوێندنی باڵایان تێداکرایەوە زۆر زیادی کرد لە ئەنجامی داواکارییەکی زۆر بۆ خوێندنی باڵا لە ھەرێمی کوردستان و عێراق.

ئەو بڕوانامانەی کە لەلایەن زانکۆوە دەدرێن لە خوێندنی باڵادا ئەمانەن: دبلۆمی باڵا، ماجستێر (لە بواری زانستی و ھونەریشدا)، وە دکتۆرا. بواری خوێندن دەگۆڕیت لە کۆلێژێکەوە بۆ کۆلێژێکی تر بە گوێرەی ئەو سەرچاوە و تاقیگەیانەی کە لەبەر دەستدان لەو کۆلێژانە.

ئەو خوێندکارانەی کە خوازیاری خوێندنی باڵان پێویستە ھەڵگری بڕوانامەی توانستی زمانی ئینگلیزی و کۆمپیوتەربن وە لە تاقیکردنەوەی وەرگرتندا دەربچن پێش ئەوەی لە خوێندنی باڵا وەربگیرێن.

ھەموو ڕێسا و یاساکانی وەرگرتن لە خوێندنی باڵا و سروشت و ماوەی کۆرسەکانی خوێندن لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتی سەر بەوەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی یەوە بەووردی چاودێری دەکرێت.

ئەم چارتەی خوارەوە بریتییە لە ئاماری ژمارەی خوێندکار‌ە دەرچووەکانی خوێندنی باڵا لە زانکۆی سلێمانی لە ساڵی ١٩٩٩ وە بۆ ٢٠١٠:

Sulaimani University.gif