سلێمان پاشای بابان
سلێمان پاشای بابان
کوڕی ئەوڕەحمان پاشای بابان و برای مەحموود پاشا و حەسەن بەگ و عوسمان بەگە. پاش کۆچی دوایی ئەوڕەحمان پاشا، مەحموود پاشا کراوەتە جێگرەوەیی و بەھۆی ویستی دەسەڵاتدارێتییەوە، ناکۆکیی و دووبەرەکی لە نێوان سلێمان پاشا و مەحموود پاشای برایدا پەیدابووە و دەسەڵاتی میرنشینی بابانیان لەیەک سەندووە.
مەحموود پاشا بە یارمەتی ئێران و سلێمان پاشا -کە ھۆگری بۆ (داود پاشا و عەلی ڕەزا پاشا)ی والی بەغداد و عوسمانییەکان بووە- چەند جارێک لەشکریان ناردووەتە سەریەک و کوشتاریان لەیەک کردووە و خراپترین ڕۆژانی ڕامیاریی و ئابووریی میرنشینی بابانیان لە مێژوودا تۆمارکردووە. (فرێزەر) لە گەشتەکەیدا وەھا باسی کردووە: زانیارییەکی باشی لەسەر دەرودراوسێ ھەبوو، سەبارەت بە حکوومەتەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا و پرسەکانیان قسەی دەکرد. کاتێ (سەرتیپ محەممەد خان) بۆ یارمەتیدانی لەشکری بۆ ھێنابوو و داوای دوو سەد تمەنی لێ کردبوو، لەبەر ھەژاری نەیبوو بیداتێ.
ساڵی ١٨٢٩ و بە یارمەتی دەسەڵاتی عوسمانی، یەکەمین کودەتای بەسەر مەحموود پاشای برایدا کردووە و دەسەڵاتی لێ سەندووە. لەسنووری جیاوازی میرنشینی باباندا، چەندین شەڕیان کردووە، لەوانە: گڵەزەردە، قەرەگۆل، گردە گروێ و ناڵپارێز... تا دواجار، مەحموود پاشا وازی ھێناوە و چووە لە ئەستەمبولڕ دانیشتووە. لە ساڵی ١٨٣١ و لەو کاتانەدا کە مەحموود پاشا بەیارمەتی (عەباس میرزا)ی والی سنە ھێرشی ھێناوەتە سەری، لە ناڵپارێز بریندار کراوە و کۆمەڵێک لە یاوەرانیشی کوژراون.
محەممەد پاشای ڕەزاندز، ناکۆکی نێوان ئەم دوو برایەی بە ھەل زانیوە و ھێرشی کردووەتە سەر سلێمان پاشا، بەڵام سوپاکەی لە نزیک بە (قەمچوغە) تێکشکاوە و ناچار بووە کە ڕێککەوتنی لەگەڵدا بکات. (ڕیچ) لە گەشتنامەکەی خۆیدا، سلێمان پاشا بە پیاوێکی ھێمن، جوان و چاوشین، باڵابەرز و ساکار ناو دەبات کە زۆرتر لە ئەوڕەحمان پاشای باوکی چووە و زۆر بە پیاوە ئایینیی و دەروێشەکانەوە پابەند بووە.
نزیکەی دە سالڕ و بە شێوەی ناوبەناو، دەسەڵاتدارێتی میرنشینی بابانی کردووە و دوا ساڵەکانی دەسەڵاتدارێتییەکەی بە ئاسودەیی بەسەر بردووە و کەس نەبووە بەرامبەری بووەستێتەوە. ساڵی ١٨٣٨ کۆچی دوایی کردووە و لە گردی سەیوان بەخاک سپێردراوە و یەکەم گومەزی گۆڕستانەکەی بۆ کراوە. سێ کوڕی ھەبووە بە ناوەکانی (ئەحمەد، عەبدوڵڵا و محەممەد) و پاش خۆی، ئەحمەد پاشای کوڕی جێگەی گرتووەتەوە و تا کۆتایی میرنشینی بابان ١٨٥٠ دەسەڵاتدار بووە. (نالی)ی شاعیر قەسیدەیەکی بۆ نووسیون و یەکەم دێڕی بریتییە لە: تا فەلەک دەورەی نەدا، سەد کەوکەب ئاوا نەبوو کەوکەبی میھری موبارەک تەلعەتی پەیدا نەبوو
پۆلەکان: کەسایەتیجۆری کەس: ناسراو