سمکۆی شکاک

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
Simko.png

ئیسماعیل ئاغای شکاک ناسراو بە سمکۆی شکاک (لەدایکبوو ١٨٨٧ – مردووی ١٩٣٠) شۆڕشگێڕێکی کوردی ڕێبەری ھۆزی شکاک بوو کە بۆ ماوەیەک دەسەڵاتی ناوچەی ڕۆژاوای گۆلی ورمێی لە حکوومەتی ناوەندیی ئێران سەندەوە.

Simko1.jpg

سمکۆ ناوی ئیسماعیلە و کوڕی محەممەد پاشای کوڕی عەلی خانی کوڕی ئیسماعیل ئاغای شکاکە و بنەماڵەکەیان لە مێژەوە گەورە و دەسەڵاتداری خێڵی شکاک بوون.

سمکۆ ساڵی ١٨٨٧ لەدایک بووە و پاش مردنی باوکی و جەعفەر ئاغای برای، سەرکردایەتی شکاکی گرتووەتە دەست و لەدوای شەڕی جیھانی یەکەمەوە دەستی بە گرتنی ناوچەکانی قەراغی گۆلی ورمێ کردوە.

ھەرچەندە لە ساڵانی شەڕی یەکەمی جیھانیدا سمکۆ لە ھیچ چالاکییەکی سیاسی بەشداری نەکردبوو، بەڵام ھێزەکانی ڕووسیا گرتیان و دووریان خستەوە بۆ شاری تبلیس و دواتر ئازادیان کرد بەو مەرجەی لە شاری خۆی دابنیشێ و ھیچ ھەڵوێستێک دژی ڕووسەکان نەنوێنێت.

شۆڕشی سمکۆ کە جەنگی جیھانی یەکەم کۆتایی ھات سمکۆ وەک سەرکردەیەکی سیاسی ناوی دەرکرد و لەپێناو دامەزراندنی ئیدارەیەکی کوردیدا ساڵی ١٩١٩ شۆڕشی بەرپاکرد و گەلێ ناوچەی گرنگی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، ساڵی ١٩٢١ لە ئەنجامی لەشکرکێشییەکی گەورەی ھێزەکانی حکوومەتی ئێراندا سمکۆ ناچار بوو پاشەکشێ بکات و پەنا بەرێتە بە تورکیا.

ساڵی ١٩٢٤ بە بڕیارێکی لێبوردن گەڕایەوە ئێران و ساڵی ١٩٢٦ جارێکی تر شۆڕشی بەرپاکردەوە.

بەڵام ئەمجارەشیان شۆڕشەکەی تێکشکاو ماوەیەک لە تورکیادا بە دەستبەسەری مایەوە.

پاش ئازادکردنی گەڕایەوە ئێران و ساڵی ١٩٣٠ بە پیلانێکی کاربەدەستانی ئێران لە شاری شنۆ کوژرا، بەمەش شۆڕشەکەی شکاک کۆتایی ھات کە یازدە ساڵ درێژەی کێشابوو.