سیما ئاکۆ
نووسەر و وەرگێر سیما ئاکۆ، لە ساڵی 1999 لە شاری سلێمانی لە دایکبووە.
بەشی ئاداب و زمانی لە زانکۆی سلێمانی خوێندووە و لە ساڵی2019 ەوە دەستی بە وەرگێڕانی کتێب کردووە و خاوەنی چوار بەرهەمی چاپکراوە.
هاوسەرگیری لەگەڵ وەرگێڕی کارا کەیوان هەورامی کردووە کە لە زمانی فارسییەوە خزمەتێکی جێسەرنجی بە کتێبخانەی کوردی کردووە.
سیما ئاکۆ بە درێژایی ساڵانێک کتێبخانەکەی ناو ماڵکەیان ڕێخۆشکەر و پایەی بنچینەییی ئەو بووە لە ئەزموونی خوێندنەوەدا.
پاشان بەپێی تێپەڕینی کات و سەرنجی وردی بۆ هەرسێ وانەی عەرەبی و ئینگلیزی و کوردی، دواجار لە بواری وەرگێڕاندا خۆی دەدۆزێتەوە.
پیشەی وەرگێڕان بەلای سیما ئاکۆوە، یەکێکە لە ئەرکە تایبەت، ماندووکەر و لە هەمان کاتدا شیرینەکان.
لەم ئەرکەدا تەنیا زانینی زمانێک بەس نییە بۆ ئەوەی بتوانیت کاری پێ بکەیت، بەڵکوو بەر لە هەموو شتێک پێویستی بە خواست و بڕستی کەسەکەیە، پاشان بە شارەزایی سەرەتا لە زمانەکەی خۆی و دواتر لە زمانی سەرچاوەدا.
ئەم شارەزاییەش بڕێک جار مرۆڤەکان فریو دەدات بەوەی کە لە ڕوانگەی خۆیانەوە هەست بە لێزانی بکەن، بەڵام گەر وردبینانە لێی بچنە پێش، بێ گومان دەگەنە ئەو بڕوایەی هەوڵی گۆڕانکاری دەدەن.
ئەزموونی وەرگێڕانی سیما ئاکۆ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2015 کە سەرەتا چەند کورتەچیرۆک و وتە و گۆرانیی بەکوردی کردنیان و پاشان بەرەو ئیشی تر هەنگاوی نا.
لەو کارانەی سیما ئاکۆ کردویەتی، وەرگێڕانی شیعرە کلاسیکییە ئینگلیزییەکانی بەشێک لە شاعیران، هەروەها ژێرنووسکردنی ژمارەیەک فیلم لە زمانی ئینگلیزییەوە بۆ کوردی کە تاوەکوو ئێستاش لە وێبسایتەکان بەردەستن، پاشان دەستی کردوە بە وەرگێڕانی کتێب، هەریەک لە کتێبەکانی (هونەری ژیان)، (ئەی بی سی سەرکەوتن)، (دۆزینەوەی چیکا) و (توند لە ئامێزم بگرە)یم وەرگێڕاوە و لەم دواییانەشا لەگەڵ هاوسەرەکەی، (کەیوان هەورامی) ئیشێکی هاوبەشیان کردوە، کە ئەویش کۆکردنەوە و وەرگێڕانی سەرجەم کورتەچیرۆکەکانی (فیۆدۆر دۆستۆیڤسکیی) گەورە نووسەری ڕووس بوو و لە بەرگێکدا بە ناوی (ژنی پیاوێکی تر)ەوە خستیانە بەر دەستی خوێنەران.
بێ گومان لە داهاتووشدا بەرهەمی باش و شیاو بەڕێوەیە و ڕەوتێکی بەردەوامیان گرتووەتە بەر. وەک سیما ئاکۆ دەڵێت: ئەگەر تەمەن ڕێگە بدات، هەتا ئەو کاتەی کە هێزی هزر و وزەی جەستەییم بڕ بکات، لە بواری وەرگێڕاندا تێدەکۆشم.
چاپکراوەکان