سەعدی گچکە، لاپەڕەیەکی پڕشنگداری مێژووی هەولێرە
شێرزاد هەینی ـ ستۆکهۆڵم
چەند ساڵە، لە دوورەوە، بەڵام لەناو خەڵک و لاپەڕەکانی شارەکە خەریکی نووسینەوەی مێژووی شاری هەولێرم، بەڵام بە رۆمان. رۆمانی درێژ، سەربردەی زۆر، کەسایەتی گەورە، رووداوی راستەقینە دەنووسمەوە. رۆمانی هەولێر تا ئێستا نۆ بەرگم چاپکردووە، بەرگی. ئەویش لاپەڕەیەکی دێرین و سەروەرییەکانی شۆڕش و پیاوە بەجەرگ و بوێرەکانی ئەو شارەیە: لەوانە شەهید «سۆران مەسیحی» و «مەحمەد عەجەم» و خەڵکی تریشی تێدایە. بەڵام بەرگی شەشەم تایبەت بوو، بە ناوی ئەو پیاوەی من، لە تەمەنی هەرزەکاری و لەو دەمانەی بە گەنجی لەناو یەکێتی قوتابیان، دواییش لە رۆژانی شۆڕش و ساڵی 1975و دواییش پێش هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێ، کە شەهید سەعدی گچکە شاناز و نموونەی و پێشەنگە یەکەمەکانی ئەو شۆڕشە بوو، نزیک و کەس و هاوڕێ و شانازم بوو. سەربردە و رۆژانەی ئەو دەبێت بە ناو و ناوەڕۆکی رۆمانی هەولێر و بەناوی ئەو کرا.
رۆمانەکە و ئەو بەشە، بۆ ئەوە بوو مێژووی خەبات و چالاکی و نەبەردییەکانی ئەو لەناو لاپەرەکانی مێژووی ئەو شارە، دواییش لە کوردستان ببێتە بەشێکی دیار و ئەستێرەیەکی جریوەداری و گەشی مێژووی میللەت و شۆڕش و خەباتی چینایەتی ناوچەکەش. خەباتی ئەوان، نەک لە کوردستان و بەس، شۆڕش و پەیامەکەیان دەبێتە مەشخەڵی هەموو ئازدایخوازانی جیهانی ستەمدەیدەش.
شۆڕشی نوێ کە سەعدی گچکە یەکێک بووە لە پێشەنگ و کەسە بوێرەکانی لەناو بەغدا و لەناو قەڵاتە سەخت و ترسناکەکانی بەعس و بەغدا دەربازی دەبێت، دەگاتە ناو خەڵک و چیا و گوندەکان: دەرچوونی ئەو لەگەڵ دەستەیەکی کۆڵنەدەری تری کادر و پێشمەرگە پەرجووێک بوو، کردەیەک بوو بڕوا نەدەکرا. مانەوە و چەک پەیداکردنی ئەوان، جورئەت و خۆشەویستی و هەڤاڵبەندی زۆری ویستووە. ئەوان لەناو نائومێدییەکی ترسناک، لەناو ترسێکی زۆر نائومێدانە هەڵدەستنەوە، بانگی شۆڕشێک دەدەن، زۆر بەپەلە و جوان و جوامێرانە دەنگ دەداتەوە. دوژمن دەهەژێنێت و دڵسۆزان دەورووژێنێت و گەشە دەکات و دەگاتە هەموو ناوچە و چیاکان، تا دوایی راپەڕینی 1991ی لێ دەکەوێتەوە و دەبێتە مایەی سەقامگیربوونی ئەو دۆخە سیاسییەکەی ئێستا بەرقەرارە.
شۆڕشەکە بەڕابەرایەتی و ئازایەتی شەهید سەعدی گچکە و هاوڕێ و پێشمەرگەکانی لەو رۆمانەی هەولێر بەرگی شەشەم، بەو جۆرە و لەو دێڕانەدا باسکراوە:
سەعدی بەرلە شەهیدبوونی لە داستانی دەشتیۆ، وتوێتی:
«من دە کەسم لەگەڵ بێت، یەک سندووقە فیشەک، دوو فەردە ئارد، تەنەکەیەک روون، دوو وڵاخ و بارێک بەتانی، دوو مەنجەڵ، یەک جیهازی بێتەل، قەڵەمێک، شووشەیەک مەرەکەب، برینپێچ و ... هەبێت، ناچمە ناو ئێران و تفەنگەکەم تەسلیم ناکەمەوە، من لەو شاخانە دەمێنمەوە! پێشمەرگایەتی دەکەمەوە، بەڵام بە هزرێکی تر، گوتبوی:
ئەوەی شۆڕشێکی لێمان تێکدا، ناچمە بن پاڵی و چیتر بڕوای پێ ناکەم و نانیشی ناخۆم».
هەر لەو رۆمانە کە مێژووە و وردەکارییەکانی بە شێوازی دەق و تۆمار نووسراوە، بەو شێوەیە باس لە پەرۆشی ئەو دەکات، بۆ هەڵگیرسانەوەی شۆڕش و هەڵسانەوە بە نسکۆ و شکانەکان:
«سەعدی گچکە پەرۆشی ئەوە بوو، زوو تەقە لەناو هەولێر بکرێت، ناوی پێشمەرگە لە نزیک قەڵات بڵاوبکاتەوە، خەونەکەی بێتەدی، یەکەم کەس بێت، لەو دەشتە و لە نزیک بارەگا گەورەکانی سەربازی و حزبی، چرای شۆڕشی نوێ داگیرسێنێت».
دەرچوون و چەکداربوونی ئەو دەستەیە و گەیشتنیان بە شاخ، دەنگۆیەکی گەورەی هەبووە، لێرە بەو شێوەیە باسکراوە: «سەعدی گچکە پەرۆشی ئەوە بوو، زوو تەقە لەناو هەولێر بکرێت، ناوی پێشمەرگە لە نزیک قەڵات بڵاوبکاتەوە، خەونەکەی بێتەدی، یەکەم کەس بێت، لەو دەشتە و لە نزیک بارەگا گەورەکانی سەربازی و حزبی، چرای شۆڕشی نوێ داگیرسێنێت».
شۆڕش و خەبات و نەبەردییەکانی ئەوان بەردەوامە و سەرکەوتن و راپەڕین پەیام و دەرەنجامی خەباتی ئەوان بووە:
«چەند رۆژێک بوو مەفرەزەیەک، چەند کۆنە تفەنگێک و چەند دەمانچەیەک لەناو شاری سلێمانی بە رۆژ، ئازایانە تەقە لە پارێزگاری سلێمانی دەکەن، شەقامێکی سلێمانی بە خوێنی سوور دەکەن. پاش دوو هەفتە، لە ئێوارەیەکی تەڕ بە باران و فرمێسک لە نزیک لۆفەکانی پیرمام، لەناو دارکاژەکانی خانزاد، لەگەڵ بۆن و دووکەڵی ئاگردانی ماڵە کۆچبەرەکانی گوندەکانی باڵەکایەتی، نزیک هەولێر، ئەو لەگەڵ دەستەیەک پێشمەرگە، لە رۆژی 4ی کانوونی دووەمی ساڵی 1977 کەمینێک دادەنێنەوە، لەو کەمینەدا نەقیبێکی ئەمنی پیرمام بەناوی «زێدان سابیر خەڵەف» دەکوژن. ئیتر بەو تەقانە، رێکخستنەکان، گەنجەکان، هەندێک لە کۆنە پێشمەرگەکان، خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی و زانکۆکانی دیکەش گەرم دەبن، کۆدەبنەوە، قسە دەکەن، دەنووسن و دێنە ناو ریزەکانی پێشمەرگە».
درود بۆ گیانی هەموو شەهیدانی بزاڤی رزگاری و وڵات ئاسوودە و ژیان بە جوانیش بەردەوام بێت. هیوادارم بەرگی نۆیەمی رۆمانی هەولێریش بەناوی هەولێر عەنکاوە، لەو نزیکانە چاپی تەواو بێت و ئەویش ببێتە لاپەڕەیەکی تری مێژووی هەولێر.
سەرچاوە: کوردستانی نوێ