شنۆ
شارێکە لە شارەکانی پارێزگای ورمێ، ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە ھەرێمی موکریان. شنۆ ناوەندی شارستانی شنۆیە و لە ٧٣ کیلۆمیتری ناوەندی شاری ورمێوە دوورە.
لە باکوورەوە لەگەڵ شارستانی ورمێ، لە باشوورەوە لەگەڵ شارستانی پیرانشار، لە ڕۆژھەڵاتەوە لەگەڵ شارستانی نەغەدە و لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھاوسنوورە.
لە ڕۆژئاوای دەریاچەی ورمێ نزیکەی ١٣٠٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە. ئەم شارستانە بە شاخی بەرز دەورە دراوە کە تەنانەت لە لوتکەی ھاوینشدا بە فێنک دەمێننەوە. بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١٦ ژمارەی دانیشتوانی ئەم شارستانە یەکسانە بە ٧٣٨٨٦ کەس. خەڵکی ئەم شارستانە بە کوردی قسە دەکەن.
زۆربەی دانیشتوانی شارستانی شنۆ بە زمانی کوردی(سۆرانی) دەدوێن، کە ھەم بە زاراوەی ناوخۆیی(نزیک لە زاراوەی ڕواندز و ھەولێر) و ھەم شێوەزاری موکریانی قسە دەکەن.
خەڵکی ئێڵی ھەرکی بە کرمانجی قسە دەکەن.
ناوی شنۆ لە سەردەمی کۆندا (ئاشنۆ) بووە کە زمانی کۆنی کلدانییە (ئاشنۆ، شێنۆ، ئای شێنۆ) بە واتای قەڵا و تاوەر دێت، هەروەها بە زمانی میخی بە ئەشنۆد هاتووە، مێژوونووسان پێیان وایە شنۆ پێشتر ئاشنە بووە کە بە واتای ڕووەکێکی بۆنخۆش دێت.
ئەو ناوچەیەی کە شاری شنۆی تێدا هەڵکەوتووە مێژووییەکی دوور و درێژی هەیە، جوگرافیناسانی سەدەکانی سەرەتای ئیسلامی شاری شنۆیان وەک شارێکی بچووک لە خاکێکی بەپیتدا ناساندووە.
شنۆ لەسەر ڕێڕەوی مێژوویی حەوزی ورمێ بۆ ڕەواندز بەسەر دەروازەی کێلەشین هەڵکەوتووە. ئەم شارە لە سەدەی دەیەمدا کەوتە ژێر دەسەڵاتی ڕەوەندی و بەردەوام بوو لە گەشەکردن، هەروەها شارەکە چەندین زانای لێ ژیاوە، لەسەردەمی ئیبن حقولدا کورد لەوێ نیشتەجێ بووە و لە سەدەی چوارەمدا ئاژەڵ لە ئەو شارە و دەوروبەرییەوە هەناردەی مووسڵ و بەلەد لە مێزۆپۆتامیا دەکرا، خاکەکەی بە بەپیتی و لەوەڕگەکانی بە زۆری ناسرابوو، لە سەدەی نۆزدەهەمدا ژمارەی دانیشتووانەکەی زۆربەیان کورد بوون لەگەڵ دانیشتووانێکی کەمی ئاشوورییەکان کە لە سەردەمی کوشتاری سەیفۆدا لەناوچوون.
لە ساڵی ١٩٠٩ شاری شنۆ لەلایەن عوسمانییەکانەوە داگیرکرا و عوسمانییەکان و ڕووسەکان لەم ناوچەیەدا زیانی مرۆیی و داراییان بە خەڵکی شارەکە گەیاند. دوای ڕووسەکان نۆرەی ئاشوورییەکان هات کە هەڵیانکوتایە سەر ئەو شارە. شەڕی نێوان ئاشوورییەکان و عوسمانییەکان برسێتییەکی توندی بەدوای خۆیدا هێنا لە ئەنجامدا خەڵک لە ترسی برسێتی ڕوویان لە مووسڵ و کەرکووک کرد. دوابەدوای ئەم ڕووداوانە لە ١٣ هەزار کەس لە شاری شنۆ تەنیا چەند سەد کەسێک مانەوە.
کاتێک جەنگی جیهانیی یەکەم کۆتایی هات سمکۆ وەک سەرکردەیەکی سیاسی ناوی دەرکرد و لەپێناو دامەزراندنی ئیدارەیەکی کوردیدا لە ساڵی ١٩١٩ شۆڕشی بەرپاکرد و هەندێک ناوچەی گرنگی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، لە ساڵی ١٩٢١ لە ئەنجامی لەشکرکێشییەکی گەورەی هێزەکانی حکوومەتی ئێراندا، سمکۆ ناچار بوو پاشەکشە بکات و پەنا بباتە بەر وڵاتی تورکیا، لە ساڵی ١٩٢٤ بە بڕیارێکی لێبووردن گەڕایەوە ئێران و لە ساڵی ١٩٢٦ جارێکی تر شۆڕشی بەرپاکردەوە. بەڵام ئەمجارەشیان شۆڕشەکەی تێکشکاو ماوەیەک لە تورکیا بە دەستبەسەری مایەوە. پاش ئازادکردنی گەڕایەوە وڵاتی ئێران و لە ساڵی ١٩٣٠ بە پیلانێکی کاربەدەستانی ئێران لە شاری شنۆ کوژرا، بەمەش شۆڕشەکەی شکاک کۆتایی هات کە یازدە ساڵ درێژەی کێشابوو.
سەرچاوە: zaniary.com
سەرچاوە: ویکیپدیا