شێخ بابا سەعیدی بەرزنجی غەوسابادی

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
شێخ بابا سەعیدی بەرزنجی.jpg
445381932 .jpg

لەساڵی ١٢٣٧ی هەتاوی لە گوندی غەوسابادی مەهاباد لە بنەماڵە شێخێکی ئەهلی زانست، منداڵێک چاوی بەژیان هەڵێنا. دوای حەوتوویەک ناویان نا سەعید، کە دواتر لەبەر ئەوەی کە بابە گەورەی ناوی شێخ بابا بووە بە باباسەعید بانگیان کردوە و ناوی بابا سەعیدی بەسەردا بڕاوە.باباسەعید کوڕی شێخ ئیسماعیلە و ناسراوە بە سەدروسادات، شێخ ئیسماعیل لەگەڵ براکانی دیکەی بناخەی گوندی غەوساوابادیان داناوە.

باباسەعید بە نازی دایکوبابێکی خوێندەوار و ئەهلی عیرفان و زانست دەورانی منداڵیی تێپەڕاند و هەر لە تەمەنی ٥-٦ ساڵییەوە لە خزمەتی باوکیدا دەستی بە خوێندن و فێربوونی زانستە سەرەتاییە باوەکانی ئەو کات کردوە. دواتر لە حوجرەی مامۆستا سەلیمی شاعیر بە فەرمی دەبێتە فەقێ و سەرەڕای خوێندنەکەی لەگەڵ دنیای شێعر و ئەدەب ئاشنا دەبێ و هەستی شاعێری گەشە دەکا.

باباسەعید، لە تەمەنی پانزە ساڵیدا بە مەبەستی زیاتر فێربوون دەچێتە حوجرەی گوندی وەتەمیش، کە حوجرەیەکی بەناوبانگی ئەو دەم بوو و لە خزمەتی مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای پیرەباب کە زانایەکی ناوداری کوردە، درێژە بە خوێندن دەدا و دوای بڕینی پلەکانی زانستی خواناسی لە خزمەتی مامۆستا عەبدوڵڵادا، هەر لەوێ بڕوانامەی مامۆستایی وەردەگرێ، بەڵام ئەوە دوایین وێستگەی بابا سەعید نابێ و دوای ماوەیەک دەچێتە خزمەتی مامۆستا مەلاعەلی قزڵجی لە گوندی تورجان و خەرمانی زانستی بە‌پیتتر دەکا.

بابا سەعید ڕۆژ لە دوای ڕۆژ چاوکراوەتر دەبێ و زیاتر تامەزرۆی زانست و فێر بوون و سەفەر و کۆچەری دەبێ و بڕیار دەدا کە گەشتێکی بەرفراوان بە ناوچە جیاجیاکانی ئێراندا بکا و بە داب و نەریت و کلتووری نەتەوەکانی ئێران ئاشنا ببێ. ئەو دوای گەڕانەوەی لەو سەفەرە بڕیاری گەشتێکی گەورەتر دەدا و قەوانی کاروان لە شان دەکا و بەرەو میسر بەڕێ دەکەوێ. مامۆستا لە زانکۆی ئەزهەری میسر دا سێ ساڵی دیکەخەریکی خوێندن دەبێ و پاشان سەردانی عەرەبستانی سعوودی و تورکیەش دەکا ودەچێتە بەغدا و ماوەیەکیش لە شاری بەغدا لە (بابوشێخ) لە خزمەتی شێخ مەحموود حیسامەدیندا بە زانستەکانی حیکمەت و بەلاغە و ئوسووڵدا دەچێتەوە و، بە خەرمانێک لەزانست و ئەزموونەوە بەرەو دیارە داگیرکراوەکەی دەگەڕێتەوە.

باباسەعید، دوای گەڕانەوەی کاتێک دەبینێ وڵاتەکەی پڕە لە نەخۆشیی جۆراوجۆر، بە تایبەت نەخۆشیی گولی کە ئەو کاتە نەخۆشییەک بووە بەو ئاسانییە چارەسەر نەکراوە، خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ لە بەرانبەر ئەو هەموو نەخۆشەدا. ئەو دیسان بارگەی سەفەرێکیتر هەڵدەگرێ و بەرەو هێندوستان وەڕێ دەکەوێ بە مەبەستی فێربوونی زانستی پزیشکی و ناسینی گژووگیا و چۆنیەتیی کردنیان بە دەرمان، دوو ساڵیش لەو بوارەدا دەخوێنێ و دواتر دەگەڕێتەوە کوردستان، بە دەستی پڕ لە زانستی پزیشکی و دەرمان‌سازی.

باباسەعید دوای ماوەیەک مانەوەی لە گوندی غەوساباد دەچێتە سلێمانی و لە تەکیەی کاک ئەحمەدی شێخ و لە تەمەنی ٢٨ ساڵیدا بڕوانامەی ڕێنوێنی کردن واتە (ارشاد) وەردەگرێ و بە عەقڵێکی پڕ لەزانست و ڕۆحێکی بەرز و پڕ لە وزەوە، دەگەڕێتەوە ناوچەی مهاباد. ئەو بۆ یەکەم جار لەو ناوچەیەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی دیاریکراو و بە پلان نەخۆشخانە و جێگایەک بۆ درووستکردنی دەرمان و شوێنێکی تایبەت بۆ مانەوەی ئەو نەخۆشانەی کە بە دەس نەخۆشییەکانی گولی و کولێرا و هەروەها نەخۆشیە دەروونییەکان و دەیان نەخۆشیی دیکەوە دەیانناڵاند، کردەوە و ژیانی پێ بەخشینەوە.

شێخ باباسەعید، لە نووسین و وەرگێڕان و شێعر و خەت خۆشیدا ناوبانگێکی زۆری دەرکردووە، بۆ نموونە چەندین پەرتووک و نووسراوەی کورت و درێژی لە زمانەکانی فەرەنسی، هێندی و عەرەبییەوە، وەرگێڕاونەتە سەر زمانەکانی کوردی و فارسی؛ بە تایبەت لە زانستی پزشکیدا. هەروەها لە زانستەکانی شیمی و ئەستێرەناسیدا چەند نووسراو و وەرگێڕدراوی هەبوون و لە سەردەمی خۆیدا مامۆستایەکی کەم‌وێنەی ئەستێرە‌ناسی بووە و لەو بوارەدا چەندین قوتابی هەبووە و بە پێی ئەو شارەزاییەی کە هەیبووە ڕۆژژمێری دەرکردوە و خە‌ڵکی ناوچەکە کەڵکیان لێ وەرگرتووە، لە بواری شێعریشدا کۆمەڵێکی بەرچاو شێعری کوردی و فارسی هەن.

شێخ باباسەعید، یەکێک بوو لەو ڕووناکبیرانەی سەردەمی خۆی، کە بیری لە کوردستانێکی سەربەخۆ دەکردەوە و چەند جاریش لەگەڵ کەسانێکی وەکوو، شێخ عەبدولقادری نەهری، شێخ مەحموودی بەرزنجی، حەمەحوسێن خانی موکری و محەممەدخانی بانە و سەیفەدین خانی سەقز و چەند کەسایەتی و سەرۆک هۆزی دیکە، سەبارەت بە کێشەی کورد و دەسەڵاتێکی کوردستانی کۆبۆتەوە و بیروڕایان گۆڕیوەتەوە.لە جەنگەی شەڕی یەکەمی جیهانی و لە سەردەمێکدا کە ئیمپراتوریی عوسمانی لە ڕێگەی دنەدانی ئایینەوە خەڵکی بۆ شەڕ لەگەڵ ڕووسیە هەڵدەخڕاند، شێخ بابا سەعید یەکێک بوو لەو کەسانەی کە نە سوڵتانەکانی بە خەلیفە دەزانی و نە باوەڕی وابوو کە شەڕی ڕووس و تورکەکانیش جیهادە. هەر لەبەر ئەوە دژایەتیی خۆی بۆ فتوای شەڕ لە دژی ڕووسەکان دەربڕی و دەستی کرد بە گەڕان بە شار و گوندەکانی ئەو ناچەیە و خەڵکی هان دەدا کە بەشداریی نەکەن لەو شەڕەدا، چونکە ئەو شەڕە هیچ پێوەندییەکی بە کوردەکانەوە نیە، خەڵکانێکیش کە بەرژەوەندییان لەوەدا بوو کە خەڵکی کوردستان بەشداری بکەن، دژی شێخ بابا وەستانەوە و چەند جارێکیش هێرشیان کردە سەر گوندی غەوساباد و بە تاڵانیان برد و سووتاندیان و زیانێکی زۆریان لە سەروەت و سامانی شێخ بابا دا و تەنانەت چاویان لە پەڕاوگەکەی کە پەڕاوگەیەکی زانستی و ئیسلامی بوو نەپۆشی و نزیکەی ٢٥٠٠پەرتووکیان سووتاند.

زۆری نەخایاند کە سوپای عوسمانییەکان لە چەند بەرێکەوە هاتنەنێو خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە و کوردستان بووبە مەیدانی شەڕی ڕووس و عوسمانییەکان. هەر لە سەرەتای هاتنی عوسمانییەکان ڕەشبگیر و تیرۆر و کوشتاری دژبەرەکانیان دەستی پێکرد، بۆ نموونە محەمەدخانی بانە و حەمەحوسێن خانی موکری و سەیفەدین خانی سەقز هەرکام بە جۆرێک بۆ چاوترسێنکردنی خەڵکی ناوچەکە بە دەستی سوپای عوسمانی کوژران. دواتر سوپای عوسمانی گەیشتە گوندی غەوساباد و شێخ باباسەعید گیرا و لە کۆتاییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ١٢٩٣ی هەتاویدا لە گوندی «کارێزە»کە فەرماندەیی عوسمانیەکان لەوێ بوو، ئێعدام کرا.

سەرچاوە: ( لە ژمارەی ٧١٦ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)