شێخ لەتیف شێخ حامید بەرزنجی
شێخ لەتیف شێخ حامد بەرزنجی لەساڵی 1940 لە کفری لەدایکبووە.
لە ساڵی 1962 کۆلێژی ئادابی لەبەغدا تەواوکردووە، لەماوەی ژیانیدا لەبواری ئەدەبیاتی کوردیدا کاریکردووە و چەندین ماستەرنامەش لەسەر بابەتەکانی نووسەر نوسراون و دیارترینیشیان ماستەر نامەی خۆێندکار سیروان عەبدولکەریم بوو بەناوی ئاشناکردنی چیرۆکی کوردی بەپێکهاتەی مۆدێرن لەڕێگای جەیمس جۆیس.
بە تەمەنێکی کورتەوە ناوێکی گەورەی بۆخۆی تۆمارکرد و خزمەتێکی گەورەی بە ئەدەب و چیرۆکی کوردی کردووە، ئه و بەڕچەشکێنی پێوەرە باوەکانی دەق نووسین هەژماردەکرێت و رابەرێکی دیاری چیرۆکنووسی سەردەمە، رچەی کۆنی چیرۆکی کوردی شکاند و پێشەنگایەتی بۆ خۆی تۆمارکرد.
ساڵی 1962 دوای تەواکردنی زانکۆ لە بەسرە دەبێتە مامۆستا و لەڕووی وەرگێڕانەوە دەستێکی باڵای هەبووە و بابەتگەلێکی زۆری وەرگێڕاوە، خوێنەوار و زمانزانێکی باش بووە، زۆر سەرسام بووە بە وتار و نووسینەکانی مام جەلال که ئەوکات بەناوی خوازراوی (پیرۆت) لەرۆژنامەی خەبات بڵاویکردۆتەوە.
بەشێکی زۆری هۆنراوەکانی (گۆران و حاجی قادر و لەتیف هەڵمەت) و (چیرۆکەکانی سەدرەدین عارف)ی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی و لە گۆڤار و رۆژنامەکانی ئه و سەردەمەدا بڵاوی کردۆتەوە، لەژیانی خۆیشیدا 7 چیرۆکی نووسیوە، لە تەمەنی 34 ساڵی و لە 22-02-1974 بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی دەکات و لە گۆڕستانی (شێخ محی الدین) کەرکوک بەخاکسپێردرا.
بەشێک لەبەرهەمەکانیشی لە ڕێگای شێرکۆ بێکەسەوە کۆکراوەتەوە.
سەرچاوە: ماڵپەڕی پوک میدیا- هەردی ئەبوبەکر