شەڕی زاب... ئەو شەڕەی لە سنووری کوردستان کۆتایی هێنا بە خەلافەتی ئومەوییەکان!
ئەم شەڕە یەکێکە لە شەڕە گرنگەکانی مێژووی ئیسلامی، ئەم شەڕە لە نێوان یاخیبووانی عەباسییەکان بە سەرکردایەتی ئەبوو عەباسی سەفاح دژ بە ئەمەوییەکان بە سەرکردایەتی مەڕوانی دووەم چواردەیەمین و کۆتا خەلیفەی ئەمەوی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم شەڕە 1273 ساڵ بەر لە ئێستا و لە ڕۆژی 25/1/750ی زایینی ڕووی دا.
ئەم شەڕە لە نێوان شاری هەولێر و مووسڵ لە نزیک زێی گەورە و نزیک شارۆچکەی گوێڕی ئێستا ڕووی دا. دوای 9 ڕۆژ لە شەڕ، لە ئەنجامدا یاخیبووانی عەباسییەکان سەرکەوتن و دەوڵەتی ئەمەوی کەوت و کۆتایی پێ هات مەڕوانی دووەمیش هەڵهات. یاخیبوان دەوڵەتی عەباسییان دامەزراند ئەبو عەباس عەبدوڵڵا ئەلسفاح بووە یەکەمین خەلیفە عەباسی. هەر لەم شەڕەدا ئیبراهیمی کوڕی وەلید کە سێزدەیەمین خەلیفەی ئەمەوی بوو لە کاتی هەڵاتن و پەڕینەوە لە ڕووباری زێی گەورە خنکا.
پێشخان:
لە ساڵی 747 یاخیبوون و شۆڕش لە دژی خەلافەتی ئومەوییەکان سەری هەڵدا کە لە ساڵی 611 بۆ 750 زۆربەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتەوە، هۆکاری سەرەکی یاخیبوونەکە زیادبوونی بۆشایی نێوان گەلانی دەرەوەی خەلافەت و حکومەتی ئومەوی بوو کە پایتەختەکەیان لە دیمەشق بوو. والییە جیاجیاکانی خەلافەت کە لەلایەن ئومەویەکانەوە دەست نیشان کرابوون، گەندەڵ بوون و تەنیا بەرژەوەندییان بە دەستکەوتی کەسی بوو. سەرەڕای ئەوەش، ئومەوییەکان ئیدیعای هیچ ڕەچەڵەکی ڕاستەوخۆیان لە پەیامبەرەوە (د.خ) نەدەکرد، لە کاتێکدا عەباسیەکان ئیدیعایان دەکرد (ئەوان لە عەباسی مامی محەممەدەوە هاتبوون). ئەمە بووە دروشمی سەرەکی یاخیبووەکانی عەباسی و بەو هۆیەوە سۆزی زۆربەی خەڵکیان بۆ خۆیان ڕاکێشا. ئەبوو موسلیمی خوراسانی سەرکردەی دیاری یاخییبوان بوو توانی لە خوراسانەوە کۆتایی بە حوکمی ئومەوی بهێنێت تا گەیشت بە کوفە و بە هاوکاری عەبدوڵڵای سەفاح تەواوی ناوچەکەیان پاک کردەوە لە ئومەوییەکان و بەرەو مووسڵ ڕۆیشتن تا وەکوو بگەنە شام و لەوێشەوە بۆ دیمەشق و کۆتایی بهێنن بە ئومەوییەکان، بەڵام خەلیفە مەروان خۆی و سوپاکەی بەڕی کەوتن تا پێشیان بگرن و پەڕینەوە لە ڕووبارەکە و لەبەری ڕۆژهەڵاتی ڕووبارەکە لە نزیک شارۆچکەی گوێڕی ئێستا ڕووبەڕووی یەک بوونەوە.
جەنگەکە:
سوپای عەباسی بە ئاڵای ڕەشەوە و بە 40 هەزار سەرباز بوون، دیوارێکی ڕمیان پێک هێنا، ئەویش تاکتیکێک کە لە نەیارانی ئومەوییەکانیان وەرگرتبوو. ئەمەش بریتی بوو لە وەستان لە هێڵی شەڕدا و هەروەها مەنجەنیقیان ئاراستەی ئومەوییەکان کرد بوو. سوپای ئومەوییەکانیش بە ئاڵای سپییەوە و بە 120 هەزار سەرباز بوون. سوارەی ئومەوییەکان هێرشیان کردە سەر عەباسییەکان پێیان وا بوو بە ئەزموونەکەیان دەتوانن دیواری ڕمەکە بشکێنن. بەڵام ئەمە هەڵەیەک بوو لەلایەن سەربازانی ئومەوییەکانەوە ئەنجام درا و هەموو هێرشبەرەکان کوژران. سوپای ئومەوی کەوتە پاشەکشە، و ورەیان دابەزی و سوپای عەباسییەکانیش هێرشی پێچەوانەیان ئەنجامدا و ئەوەی کوژرا کوژرا و ئەوەی هەڵهات زۆربەیان لە ڕووبارەکە خنکان. ئەنجامی کۆتایی: مەروانی دووەم خۆی لە بەرەکانی شەڕ ڕزگاری بوو و هەڵهات، عەباسیەکان بەبێ وەستان بەدوایاندا ڕۆیشتن تا خاکی سووریا، بەڵام هیچ بەرەنگارییەکی جددی لەلایەن سوورییەکانەوە نەبوو، چونکە زەوی سووریا بەم دوایییە بەهۆی بوومەلەرزە و تاعوونەوە وێران بووبوو. مەروانی دووەم لە کۆتاییدا هەڵهات بۆ شارۆچکەیەکی بچووکی لەسەر دێڵتای نیلی میسر. چەند مانگێک دوای شەڕەکە، دواجار لە شەڕێکی کورتدا کوژرا. بەمەش دەسەڵاتی ئومەوی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆتایی هات.
نووسین و وەرگێڕانی: دلێر ڕەفیق