عوبەیدیللا ئەیوبیان
ئامادەکردنی: عەبدوڵڵا سەمەدی
سەرچاوە: ماڵپەری ڕوانگە
لەدایکبوون و خوێندن
مامۆستا عوبەیدیللا ئەییووبیان، کوڕی سەید عەبدوڵڵا، کوڕی سەید تەها، لە یەکەم ڕۆژی نەورۆزی 1307ی هەتاوی، بەرامبەر 21ی مارسی 1928 لە شاری مەهاباد لەدایکبووە. سەید عەبدوڵڵا حەوت کوڕی بووە کە عوبەیدیللا لە ناویاندا پێنجەمینە. سەید عەبدوڵڵا لە کەسایەتییە خاوەن ڕێزەکانی مەهاباد بووە و لە تەمەنی سەدوسێ ساڵیدا هەر لەم شارە کۆچیدوایی کردووە. سەید عەبدوڵڵا لە ئاست ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی سەردەمی خۆی بێلایەن نەبووە و بە ناوی نهێنیی «پاکۆ» ئەندامی کۆمەڵەی ژێکاف بووە. زیبا خانمی دایکی، کە لە بەفرانباری 1342 ڕێکەوتی سەرەتای ژانویەی 1964 لە مەهاباد کۆچیدوایی کرد، کچی «حاجی سەید محەمەدی فەخرولعولەما»، لە تایفەی مەلاجامی و لە بنەماڵەی شێخولئیسلامییەکانی مەهابادە کە دەچنەوە سەر ئەبووبەکری موسەنیفی چۆڕی و پیرخدری شاهۆ.
عوبەیدیللا ئەییووبیان خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی هەر لەو شارە تەواو کردووە و پاشان بۆ خوێندنی باڵا ڕووی کردووەتە شاری تەورێز و لە زانکۆی کشتوکاڵدا دەرسی خوێندووە، بەڵام دوای ماوەیەکی کورت هاتووەتە زانکۆی ئەدەبیات و لیسانسی وەرگرتووە بڕوانامەکەی لە سەر «دایرهالمعارف کُردی» نووسیوە و بە ناوی «کتێبدار» لە کتێبخانەی هەمان زانستگا دامەزراوە. پاشان هەر لەو زانکۆیە دەستی کردووە بە لێکۆڵینەوەی زمان و ئەدەب. «دوکتۆر ماهیار نەووابی»(1291-1379/ 1912-2000) سەرۆکی زانکۆی ئەدەبیات و «دوکتۆر مەنووچێهر مورتەزەوی»(1308-1389/ 1929-2010) مامۆستای ئەو زانکۆیە، بە گرینگیی زمان و ئەدەبی کوردیان زانیوە و لە سەر ئەو بڕوایە بوون کە لێکۆڵینەوەکانی ئەم بوارە دەتوانێ سوود بە لێکۆڵینەوەی ئێرانناسی بگەیەنێ. هەر بەم بۆنەوە ڕێخۆشکەرییان کردووە بۆ هێنانە بەرهەم و بڵاو بوونەوەی لێکۆڵینەوەی ئەدەبی کوردی لە زانکۆی تەورێزدا. مامۆستا ئەییووبیان یەکەم کەس بووە کە لەم زانستگایەدا بناغەی لێکۆڵینەوەی زمان و ئەدەب و فۆلکلۆری کوردی دامەزراندووە، ئەم ڕەوتە تا ئێستاش بە هەوڵی مامۆستا «قادر فەتاحی قازی» لە هەمان زانکۆدا درێژەی هەیە.
ئەوین و تێکۆشان
بەهاری ساڵی (1335/ 1956)، مامۆستا ئەییووبیان «چریکەی خەج و سیامەند»ی بە زمانی کوردی و ئەلفوبێی لاتین و وەرگێڕان و شیکردنەوەی فارسییەوە لە زانکۆی ئەدەبیاتی تەورێز چاپ و بڵاو کردەوە. تا بەر لەم ساڵە، ئەوەی لە سەر بەیتی کوردی کرابوو، کاری لێکۆڵەرانی بیانی بوو. بەڵام سێزدە ساڵ بەر لە بڵاوبوونەوەی خەج و سیامەند، واتە ئەودەمەی مێرمنداڵێکی پازدە ساڵان بوو، بە ناوی خواستراوی «قومری»، شێعری لە گۆڤاری نیشتمانی ئۆرگانی کۆمەڵەی ژێکافدا بڵاوکرابوویەوە[2]. شێعرەکە هەشت دێڕە و یەکەم بەرهەمی چاپکراوێتی و لە دوایین دێڕدا نازناوی «قومری» بەکارهێناوە و دەڵێ:
«قومریا» گەرچی ئێستا منداڵی جوان دەهۆنێوە شێعر و هەڵبەستان
گۆڤاری نیشتمان لە یادداشتێکدا کە لە سەر شێعرەکەی نووسیوە، وەکوو بەرهەمێکی ژوورتر لە تەمەنی منداڵێکی چاردە پازدە ساڵان باسی لێدەکا و بە نیشانەی لێهاتوویی نەتەوەی کوردی دادەنێ و لە ژێر سەردێڕی «مناڵێکی بوێژ»دا دەنووسێ: «دیمەن و هەوای نیشتمانی کورد تەبیعەتەن زەوقێکی ئەدەبی کە مەخسووسی کوردە، لە دڵی گەورە و بچووکی کوردستانا ئیجاد دەکا، کە ئەم هەڵبەستەی ژێروو هۆنراوەی مناڵێکی 14 و 15 ساڵانەی کوردی موکوریانییە بزانن چەندە شیرین و جوان هۆنراوەتەوە. ئایا نەتەوەیەکی مناڵی هێندە نیشتمانپەروەر و خوێنگەرمی هەبێت دوژمنەکانی ئەبێ چەندە بێمێشک و نەزان بن کە هێشتاش بەهیوای کەڵک لێسەندن (ئیستیسمار)ی ئەم نەتەوەیە بن و ددان بە حەقی مەشرووعی دانەهێنن»[3]. مامۆستا ئەییووبیان پاشان لە نووسراوەکانیدا ئەم نازناوانەشی بەکارهێناوە: «هێدی»، «بڕڕەک»، «بڕڕەکی کوردستان»، «سعام» کە چوار پیتی یەکەمی چوار وشەی «سید عبیدالله ایوبیان مرکزی»یە، «سعام بڕڕەک»، «کۆماری» و «دوکتۆر کۆماری». لە شێعری «هەرای ئازادی»دا کە لە (1342/ 1963) هۆندوویەتەوە، سێ نازناوی خۆی ئاوا هێناوە:
کاکی تۆ «هێدی» لە نێو دۆستانە «بڕڕەک»ە و «بڕڕەکی کوردستان»ە
بەڵام لە دە پازدە ساڵی دواییی تەمەنیدا لە هیچکام لەو نازناوانەی کەڵک وەرنەدەگرت و تەنیا «دوکتۆر سەید عوبەیدیللای ئەییووبیان»ی دەنووسی. هەرچەند ڕاستەڕێی هەوڵە ئەدەبی و زانستییەکانی مامۆستا ئەییووبیان لە سەر بواری لێکۆڵینەوەی زمان و ئەدەب و فەرهەنگە، بەڵام بیر و بەرژەوەند و هەڵوێستی وی زیاتر لە ناو ئەو بڕە شێعر و هۆنراوانەیدا خۆ دەنوێنن کە لە پەراوێزی کارەکانیدا خولقاندوویەتی. ئەو لەم خەڵوەتی ڕوحەدا خۆزیا و حەسرەت و ئاواتەکانی زۆر بە ئاشکرا دەردەخا، کە دەکرێ لەم تاکە بەیتەدا خەست بکرێتەوە:
فەلسەفەم جەنگە دەگەڵ بێدادی دەنگی من زەنگە، دەڵێ ئازادی
بەرهەمە چاپکراوەکان
(1) ساڵی (1327/ 1948) «چریکەی هەڵۆ و کەوێ»ی بە شێوەی بەندی کوردی و لە سەر کێشی هیجایی هۆندەوە و ساڵی (1328/ 1949) لە مەهاباد بە تایپی دەستی و ساڵی (1331/ 1952) لە تەورێز بە وەرگێڕانی فارسی و سەرەتایەکی هێژاوە چاپی کرد و ساڵی (1358/ 1979) چاپی سێیەمی بڵاو کردەوە. ئەم چریکەیە بە مەودای پێنج ساڵ دوای