عومەر عەبدوڵڵا (عومەری چەلۆ)

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
556610.jpg

لە ١/٩/١٩٧١ لە شاری سلێمانی لەدایک بووم لە گەڕەکی سەرچیمەن.

هەر لە مناڵیمەوە خولیای هونەر بووم، بەجۆرێک خەوم پێوە دەبینی و زۆر سەرسامی کەسایەتییە هونەرییەکان بووم. حەزم لە وێنەکیشان و دروستکردنی زەخرەفە بوو، لەگەڵ تەمسیل و شانۆ. چێژێکی زۆرم دەبینی کاتێک گوێم لە موزیک و گۆرانی دەگرت. بیرمە ڕۆژانەکەم کۆدەکردەوە بۆ ئەوەی بتوانم ئامێرێکی هارمۆنیکا یان ئەو یارییانەی هەر جۆرە دەنگێکی موزیکی تێدابوو بکڕم. یان زۆرجار شیپم دەهێنا یان دەزوو یان لاسیک، سەرێکیم دەبەست و سەرەکەی دیم ڕامدەکێشا، هەستم دەکرد گۆڕانکاری لە دەنگەکەیدا ڕوودەدات و ناسک و گڕ دەبوو! ئەمانە هەمووی وای لێدەکردم بەدوایدا بڕۆم و حەزم زیاتر بێت بۆ موزیک.

لە گەڕەکی چوارباخ کرێچی بووین، لە کۆڵانەکەماندا کچێکی دراوسێم دەبینی ئامێری کەمانچەی پێبوو ناوی شنە بوو. لە کۆرسی تیپی مۆسیقای سلێمانی بوو. زۆر حەزم دەکرد پرسیاری لێبکەم لە سەر موزیک، بەڵام زۆر شەرمن بووم و لە ڕووم نەدەهات. دوکانی باوکم بەرامبەر چالاکی قوتابخانەکانی سلێمانی بوو.

ڕۆژانە مامۆستا و هونەرمەندەکانم دەبینی. بۆیە داوام لە باوکم دەکرد ئامێرێکی کەمانچەم بۆ بکڕێت و بتوانم بچمە خولی فێربوونی موزیک. یەکەم پرسیاری لە خوالێخۆشبوو هونەرمەندی شانۆکار سمکۆ عەزیز کرد، زۆر بەڕێزەوە ڕێنمایی کردین کە چۆن ئامێرێک بکڕین و بچینە لای مامۆستایان ولییەم یوحەننا، خالید سەرکار،فەڕەنسیس داود و سەڵاح ڕەئوف حەمە حسێن و مامۆستاکانی دی. تاکو بەشداربم لە دەورەی هاوینە و فێری موزیک بم.

لە ساڵی ١٩٨١ باوکم کەمانچەیەکی بۆ کڕیم و زۆر دڵم پێی خۆشبوو. خاڵە عەبدولکەریمم زۆر هاندەرم بوو، بەماتۆڕپشت منی برد بۆ نزیک دووڕیانەکەی سەرچنار بۆ دوکانی سەباحی سەنتوور کەموکوڕییەکانی بۆ چاککردم و داغڵی دەورە بووم. ماڵمان چووە سابونکەران کۆڵانی پشت کەنیسەی كلدان و لەوێ قۆناغێکی نوێم دەست پێکرد. لە گەڕەکەکەماندا بەڕێز کاک هیوا خطاط نوسەر و ڕووناکبیر دراوسێمان بوو، ڕۆژانە زۆر هاندەرم بوو هەرکات دەیبینیم باسی بیتهۆڤن و مۆزارت و باخی بۆدەکردم. دەیگوت هەرگیز کۆڵنەدەیت تۆ زۆر بەهرەت تێدایە! هەموو هاوینێک دەچوومە دەور و کاتی مەکتەب وازم دەهێنا! تاکو ساڵی ١٩٨٥مامۆستا فەڕەنسیس دەستی گرتم و وتی بۆچی چەند ساڵە دێیت و دەچیت کەچی کاتی مەکتەب بەردەوام نابیت؟ منیش پێمگوت نەمزانیوە چۆن بەردەوامبم! کە چوومەوە مامۆستا فەڕەنسیس تیپی مۆسیقای دیلانی دامەزراند بۆ مناڵان و لاوان کە سەر بە چالاکی قوتابخانەکان بوو.


ساڵانە ڤستیڤاڵ دەکرا لەسەر ئاستی گشت پارێزگاکانی عێراق. ئێمەش وەک تیپی مۆسیقای دیلان بەشداریمان دەکر بە مۆسیقا و ئۆپەرێت هەر ساڵی لە شارێکی عێراق. لە کەرکوک١٩٨٧ ، بەغداد ١٩٨٨ ، هەولێر ١٩٨٩، دهۆک ١٩٩٠و سلێمانی ١٩٩١ هەموو ساڵێک یەکەمی عێراق بووین.

لە ساڵی ١٩٨٧ دەستمکرد بە فێربوونی ئامێری چێلۆ زۆرهەوڵمدا لە بواری موزیک بخوێنم و بچمە پەیمانگای هونەرە جوانەکان. بەڵام بەهۆی نەکردنی ئیمزای بەعسێتی ئەو دەرفەتەم لە دەس چوو! خۆشەویستیم بۆ موزیک وای لێکردم کۆڵنەدەم و زیاتر بەرەنگاری ئاست تەنگییەکان ببمەوە. خۆشبەختانە دوای ٢١ ساڵ دابڕان بە هەوڵی کۆمەڵێک خەمخۆر و مامۆستای دڵسۆز لەسەروو هەموویانەوە دکتۆر عەبدوڵا جەمال سەگرمە توانیم بەشی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی تەواو بکەم و ببمە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس. بەشی موزیکدانان بە پلەی دووەم. لە ساڵی ١٩٩٠ مامۆستا فەڕەنسیس زۆر هانیداین لە بواری موزیکدانان. لەو کاتەوە بەو ئەزموونە سەرەتاییەوە چەند کارێکی موزیک و گۆرانیم دانا. یەکەم دیدارم لەگەڵ مامۆستا عەبدوڵا جەمالدا زۆر بیر و دیدگای گۆڕیم. زۆر هانیدام و زانیاری زۆر نوێی پێبەخشیم. چەندین دەرگای زانیاری بۆ کردمەوە و ڕێگاکانی فێربوونی نیشان دەەدام و بۆی نزیک دەکردمەوە. لەگەڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی بۆ یەکەمجار وەک ژەنیاری چەلۆ بەشداریم کرد ساڵی ١٩٨٩ لە تۆمارکردنی دە گۆرانی نوێ بۆ دەنگی هونەرمەندان: کەریم کابان، عوسمان عەلی، حەسەن گەرمیانی و ئەسعەد قەرەداغی. پاشان لە تەلەفزیۆنی کەرکوک وێنەمان گرت. دوابەدوای ئەو کارانە هاوکاربووم لەگەڵ تیپی مۆسیقای نەورۆز بە سێ گۆرانی لە تەلەفزوێنی کەرکوک وێنەی گیرا، کە بۆ گۆرانیبێژان عەدنان کەریم، بەهجەت یەحیا، بورهان مەجید و پەیمان عومەر بوو. تیپی مۆسیقای سلێمانی ساڵی ١٩٨٩ لە تەلەفزیۆنی کەرکوک لە چەندین کاری شانۆ بەشدار بووم وەک ژەنیاری چەلۆ، لەوانە: ماسییە ڕەشە بچکۆلەکە، ماریانا پینیدا، کوڕە ئەستێرە، ئۆپەرێتی کاوەی ئاسنگەر، زۆرینەی چالاکییەکانی باخچەی ساوایان لە سلێمانی. لە سەرەتای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ لە گەڵ زۆرینەی ژەنیارانی تیپەکانی موزیک لە سلێمانی بەشداربووم، لە تۆمارکردنی دەیان سروود و گۆرانی نیشتمانی وەک هەڵوێست و پاڵپشت بۆ پێشمەرگە و کورد و کوردستان. وەک مامۆستا و وانەبێژ بەشداربووم لە کردنەوەی دەیان خولی فێربوونی موزیک. لە ساڵی ١٩٩٤ یەکێک بووم لە دامەزرێنەری تیپی موزیکی هۆرە، کە پێکهاتبووین لەم پێنج هونەرمەندانە: ئازاد خانەقینی، فەرهاد حەمە ساڵح، نەورۆز کەمال، ئومێد جەمال و عومەر عەبدوڵا. بە هاوکاری چەندین موزیکژەن و گۆرانیبێژی دی، ١١ گۆرانیمان تۆمارکرد کە دەنگدانەوەیەکی زۆر جوانی هەبوو. هەر لە هەمان ساڵدا لەگەڵ دامەزراندنی تیپی مۆسیقای شەهید کابان کرامە بەڕێوەبەری هونەری. چەند بەرهەمێکمان تۆمارکرد و لە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان بڵاوکرایەوە. بەشداربوین لە چەندین یاد و بۆنە نیشتمانییەکان. ساڵی ١٩٩٤ – ١٩٩٦ تەمەنم نزیکەی ٢٣ ساڵ بوو، لە سەر داوای چەند برادەرێک و کۆمەڵێک موزیکژەن لە پەیمانگای مامۆستایان، تیپی موزیکی مەشخەڵمان دامەزراند و منیان کردە سەرۆکی تیپ. هەرچەندە یەکێتی خوێندکارن هۆڵی فارابییان داینێ بۆ ڕاهێنان و کۆکردنەوەمان، بەڵام بە هیچ جۆرێک نەمان هێشت تێکەڵی کاری حیزبی بین. هەرچەندە ڕۆژگارێکی زۆر سەختمان تێدەپەڕاند، لە قات و قڕی و نەبوونی، گەرمەی شەڕی براکوژی! لە ماوەی دوو ساڵدا دەیان کاری هونەری گەورەمان بە ئەنجام گەیاند و چەندین کەرنەڤاڵی گەورە، کۆنسێرت، بۆنە و ئاهەنگ، یادی زانکۆ و خوێندکاران و کۆڕەو و کیمیاباران، کردنەوەی گەورەتین خولی فێربوونی موزیک بۆ مناڵان و گەنجان، لەگەڵ تۆمارکردنی کۆمەڵێک کاری مناڵان و گەنجان بۆ تەلەفزوێنی گەلی کوردستان. شێوازی کارەکانمان چەند جۆرێک بوو: مناڵان، گەنجان بە شێوازی موزیکی سەردەمیانە، موزیکی میللی، ئۆرکێسترایی، شێوازی گشتی ڕۆژهەڵاتی و سونەتی. کارەکانمان بەجۆرێک هونەری و دڵسۆزانە و سەرنجڕاکێش بوو، هەمیشە مۆرک و کلتور هەستی نەتەوایەیتی بەرەو گەشەکردنی بیر و هزری گەنجان لە پێشەوەی دروشمی کارەکانمان بوو. ڕەنگدانەوەی کارەکامان وایکرد خۆبەشانە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە بە دەیان هونەرمەندی موزیکژەن و دیار دەهاتن بەشدارییان دەکرد لەگەڵماندا. لە هەندێک کاردا ژمارەی بەشداربووان دەگەیشتە ١٢٠ کەس. دوای ئەوەی چەندین بەڵێنی گەورەمان وەرگرت لە کەسایەتییە ئیداری و سیاسییەکان بە مەبەستی بەردەوام بوونی کارەکانمان، بە تایبەتی گەورەترین کەسایەتی سیاسی و لێپرسراو و دەسەڵاتداری ئەو کاتە، بە پێچەوانەوە گەلێک دەگەیان لێداین و مسقاڵە زەڕەیەک لە بەڵێنەکانیان نەبردەسەر! زۆر بەداخەوە ئیفلاسی مادی و مەعنەوییان بە تیپ کرد. گشت خەون و خولیای گەنجێتییان لەناو بردین. ئەندامی سەرەکی یەکەمین ئۆرکێسترای سلێمانیم کە ساڵی ١٩٩٠ دامەزرا بە ڕابەرایەتی عەبدوڵا جەمال سەگرمە. دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١بە یەکەم نمایش هەر ئەوکات بووە جێی سەرنجی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان. چەندین کۆنسێری گەورە و موزیکی جیهانی و خۆماڵیمان نمایش کردووە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات. بەشاربووم لەگەڵ تیپی سیمفۆنیای عێراق،‌هەولێر، لاوانی گشت عێراق لە هەولێر، بولگاریا لەگەڵ ئۆرکێسترای زانکۆی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی هونەرەکانی موزیک لە سلێمانی و ئۆرکێسترای ڕانییە.

ئەندامی تیپی مۆسیقای سلێمانیم و لە دوای ساڵی ١٩٨٩ بەبێ دابڕان بەردەوامم تا ئێستا لە گشت چالاکییەکان بەشدار بووم لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات. لە ئێستادا لێپرسراوی ئیداری و ئەندامی لیژنەی هونەریم.

چەندین کاری موزیکدانانم کردووە بۆ گۆرانیبێژان: قاسم هەورامی، هونەر عەلی، عادل و شەفیع کێمنەیی، لوقمان سەلیم، نیان عەبدوڵا، ناسری ڕەزازی، محەمەد ڕەئوف کەرکوکی، تارا ڕەسوڵ، بارام سەعید، ڕەمەزان گەرمیانی، شاخەوان کەیخەسرەو، ستار کەریم و سوارە، کۆمەڵێک گۆرانی بێژی دی. دەیان میلۆدی و موزیکی دانراوی نوێ و پرۆژەم ئامادەیە بۆ میدیا جیاوازەکان هەندێکیان کاری لە قۆناغی کۆتاییدان. بە دەیان گۆرانی مناڵانم داناوە، زۆرینەیان کاری میلۆدی و موزیک و ژەنین، ڕیکۆرد و میکس و ماسترینم بەجێ هێناوە. چەندین گۆرانی و سرودی نیشتیمانیم داناوە. کاری موزیکدانانم بۆ چەندینی دی بۆ ماوەی هەشت ساڵ لە کەناڵی ئاسمانی تەلەفزیۆنی کوردسات کاری ئەندیازیاری دەنگم کردووە. کاری دەنگم بۆ زۆرینەی بەرنامە هونەرییەکان، گروپ و تیپە جیاوازەکانی موزیک لە دەرەوە و ناوەوە ناوچە جیاوازەکان، کۆنسێرت، ڤستیڤاڵ، کۆڕی شیعری و بۆنە جیاوازەکان و بەرنامە دیکۆمێنتارییەکان و دراماکان بە ئەنجام گەیاندووە.

زیاتر لە پەنجا موزیکم داناوە بۆ بواری پڕوپاگەندەی بازرگانی و هونەری لەگەڵ کاری تۆمارکردنیان. کاری موزیکدانان و تۆمارکردنی دەنگم بۆ چەندین دراما، شانۆ، پێشەکی بەرنامەی هونەری بۆ گەورە و مناڵان، داناوە لەوانە: زریانی خۆڵ کە لە وڵاتی ئەڵمانیا نمایش کرا، شانۆی سەرەتا زۆر سەرەتا لە سلێمانی و ئەڵمانیا، درامای ژوانێک بۆ خۆشەویستی، هوتێلەکەی مینە، تازە باو. لە شانۆیی مناڵان: پەرتوک و قەڵەم، باخچەی ئاژەڵان. کەروێشکە خڕە....هتد. لەگەڵ تیپی مۆسیقای شنروێ بۆ هەمیشە هاوکار بووم لە زۆرینەی کارە هونەرییەکانیاندا وەک ژەنیاری چەلۆ و قیچەک، موزیکدانەر، تۆمارکردنی دەنگ و کاری دەنگ لەسەر شانۆ. لە زۆرینەی بەرنامە و کۆنسێرتەکانیان ساڵانە لە یادی کیمیابارانی هەڵەبجە، لە کلیپ کردنی گۆرانییەکان بۆنەکانیاندا بەشداربووم لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

بە هەمان شێوە لەگەڵ تیپی مۆسیقای فۆلکلۆری کورد بەشدار بووم لە زۆرینەی کار و چالاکییە هونەرییەکانیاندا بە ئامێری قیچەک و چەلۆ. لە زۆرینەی بەرنامە و کۆنسێرتو ئاهەنگ بۆنەکاندا لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان. لە هەمان کاتدا کاری دانانی سیستمی دەنگیشم بۆ کردوون.

لە ساڵی ١٩٩٤ لە گەڵ دامەزراندم وەک فەرمانبەر لەبەڕێوەبەرایەتی هونەرەکانی موزیک سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، بەردەوام بەشداربووم لە زۆرینەی کار و چالاکییە هونەرییەکاندا. بە شێوازی ئۆرکێسترایی، سونەتی، ڕۆژهەڵاتی و میللی بە هەردوو ئامێری چەلۆ و قیچەک. لەگەڵ کاری ئامادەکردنی موزیک. لە ساڵی ١٩٩٩ کۆنسێرتێکی تایبەتیمان ئەنجامدا بۆ مناڵان بە ١١ بەرهەمی سەرنجڕاکێش لە هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی کاردانەوەیەکی جوانی هەبوو. خۆشبەختانە دوای دابڕانێکی زۆر، ساڵی (٢٠١٣-٢٠١٧) دەرفەتێکی زێرینم بۆ ڕەخسا بۆ درێژەپێدانی خوێندن لە کۆلیژی هونەرە جوانەکانی سلێمانی. ئەمەش بە هەوڵ و کۆششی دکتۆر عەبدوڵا جەمال سەگرمە و چەندین کەسایەتی دی بەڕێز. هەرچەند زۆر سەخت بوو بەڵام توانیم زۆر سەرکەوتوانە بخوێنم لە بواری موزیکدانان و دوا قۆناغ بە پلەی دووەم ببڕم. لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا چەندین موزیکی نوێم نوسی بۆ میدیا جیاوازەکان. چەندین توێژینەوەی زانستیم ئەنجامدا. بەشداری زۆرینەی کار و چالاکییەکانی زانکۆم کرد. لە کۆتاییدا توانیم نامەی توێژینەوەکەم بکەمە کتێبێک و بە چاپی بگەیەنم بە هاوکاری دەزگای ئنیستتیودی کەلەپوری کورد لە سلێمانی.

ستۆدیۆیەکی دەنگم هەیە بۆ تۆمارکردنی کار و چالاکییەکانم. سەدان بەرهەمی هونەریم تێدا تۆمارکردووە بۆ زۆرینەی گۆرانیبێژان و موزیککاران و ئارەزوومەندانی هونەر. چەندین کارم هەیە بۆ میدیا جیاوازەکان وەک ئۆرکێسترا، چوارینەی ژێدار، باڵەبان و ئۆرکێسترا. تار و چوارینەی ژێدار، چەلۆ و پیانۆ، چەلۆ و ئۆکۆردیۆن، ئامێری پیانۆ...هتد. چەندین پرۆژەی هونەریم ئامادەیە بۆ موزیک و گۆرانی کوردی بۆ گەورە و مناڵان. بەڵام بەهۆێ نەڕەخسانی بوارێکی گونجاو زۆرینەییم ڕاگرتوون. بە هیوام لە ئایندەیەکی نزیکدا بتوانم بیانخەمە بواری جێبەجێ کردنەوە..[١]

  1. سەرچاوە: خەمخۆرانی سلێمانی