عەزیز محەمەد
عەزیز محەمەد ساڵی 1924 لە گوندی بیركۆتی سەر بە پارێزگای هەولێر لە دایك بووەو ساڵی 1964 بووە بە سكرتێری حزبی شیۆعیو ساڵی 1993 وازی لە پۆستەكەی هێناوە.
سكرتێری پێشووی حزبی شیۆعی یەكێك بووە لەو كەسایەتیانەی بەردەوام رۆڵی سەرەكی هەبووە لە كوژاندنەوەی ئاگری شەڕی ناوخۆ لە ساڵی نەوەدەكانداو لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان لایەنەكانی هەرێمدا رۆڵی بەرچاوی هەبووە.
سکرتێری حیزبی شیوعی ئێراقی و وەرگری خەڵاتی لینین.
لە 01-07-1924 لە گوندی (بێرکۆت) ی نزیک شاری هەولێر لەدایکبووە، باوکی کوردێکی هەژاری جوتیاری گوندی (بێرکۆت) بووە، دایکی کچە مەلا بووە و لە ناوچەکانی وان و باش قەلاوە هاتۆتە هەولێر، دایکی خەڵکی باکووری کوردستان بووە.
عەزیز محەمەد لە تەمەنێکی زۆر بچووکدا لەگەڵ دایکیدا دێنە شاری هەولێر و باوکی و دایکی بۆ هەتاهەتایە بەجێیدەهێڵن. لە مزگەوتی (ئەبوبەکر) فێری قورئان خوێندن دەبێت و لە پیرزین و شاوەیس و بەحرکە دەرسی فەقێی دەخوێنێت، بەڵام دواتر واز لە خوێندنی فەقێی دەهێنێ.
دایکی کە ئەوکات لە ماڵان کاردەکات دەینێرێتە قوتابخانە و بەهۆی زیرەکییەکەیەوە ڕاستەوخۆ لە پۆلی سێی سەرەتایی دایدەنێن، دوای تەواوکردنی قۆناغی سەرەتایی بیر لە تەواوکردنی خوێندنەکەی دەکاتەوە لە پەیمانگای پیشەسازی یاخود لە پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستایان، بەڵام ئەو ئاواتەی نایاتەدی، چونکە بۆ ئەمە دەبوو دوو ساڵ تەمەنی خۆی بچووک بکاتەوە، ئەگەرچی ئەمە کارێکی ئاسان بوو بەڵام بۆی نەکرا.
دوای وازهێنانی لە قوتابخانە ماوەیەک بێکار دەمێنێتەوە، پاشان بە هاوکاری چەند هاوڕێیەکی لە فەرمانگەی دابەشکردنی خۆراک و ناوخۆیی دادەمەزرێ و بۆ ماوەی سێ ساڵ لەوێ کاردەکات. لە بەهاری ساڵی 1948 ژیان و کاری خۆی بە حیزبی شیوعی دەبەستێتەوە و دەست بە کاری حیزبی دەکات. ساڵەکانی 1940-1941 سەرەتای چالاکی سیاسی ئەو بووە، کە لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک گەنجی خوێنگەرم پاڵنەر و هاندەری بوون بۆ هاتنە نێو ژیانی سیاسییەوە، لەوانە مامۆستای ناوداری کورد (عزەدین فەیزی) . هەر لەو سەردەمەدا پەیوەندی بە کۆمەڵەی (هیوا) وە دەکات و لە ئایاری ساڵی 1941 دا دەبێتە ئەندامی کۆمەڵەی هیوا.
لە ساڵی 1942دا دەبێتە ئەندامی کۆمەڵەی گەل کە ڕۆژنامەیەکیان بە ناوی (بڵێسە) ەوە دەردەکرد و خۆیان بە مارکسی لە قەڵەم دەدا.
لە زستانی ساڵی 1945دا دوای کۆنگرەی یەکەمی حزبی شیوعی ئێراقی دەبێتە ئەندامی ئەو حزبە.
لە 13-10-1948 دەخرێتە بەندیخانەوە تا ئابی ساڵی 1958 و بۆ ماوەی (10) ساڵ لە زینداندا دەمێنێتەوە.
لە ماوەی ساڵانی مانەوەی لە زینداندا لە ڕێگای خوێندنەوەوە فێری زمانی عەرەبی دەبێت و هاوکات چەندین پەڕتووکی ئەدەبی و چیرۆک و ڕۆمان و پەڕتووکی سیاسی هەمەجۆر دەخوێنێتەوە، هەروەها بەشێکی زۆری شاکارە ئەدەبییەکانی ئەدەبیاتی ڕووسی و ئینگلیزی و ئەڵمانی دەخوێنێتەوە، سەرەڕای خوێندنەوەی بەرهەمەکانی (تەها حسێن) و (نجیب محفوز) و بەرهەمی تری نووسەرانی عەرەب. عەزیز محەمەد لە ساڵی 1964 تا ساڵی 1993 سکرتێری گشتی حزبی شیوعی ئێراقی بووە و خزمەتێکی پڕ بایەخی پێشکەش بە دۆزی ئێراق و ناوچەکە بە گشتی کردووە.
عەزیز محەمەد یەکێکە لەو کەسایەتییە شیوعییانەی لە ساڵی 1986 لەلایەن حزبی شیوعی سۆڤیەتییەوە (وسامی لینین) ی پێدەبەخشرێ، هەروەها میدالیای ئەستێرەی گەشەی کیشوەری ئاسیا و ئەفریقای لە ساڵی 2007 لەلایەن ڕووسیاوە پێبەخشراوە، کە لەدوای نێلسۆن ماندێلا دووەم کەسە ئەو میدالیایە وەردەگرێت.
ڕێککەوتی 10-06-2015 لە پیرمام مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی نەمری بە عەزیز محەمەد بەخشی.