عەلائەدین سەجادی

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

ناوی تەواوی (عەلادین نەجمەدین عیسامەدین) ە و لەبنەماڵەی ناوداری (سجادی) یە

بەپێی ناسنامە نیشتمانییەکەی ساڵی1907 لە دێی باراوی لای بەرزنجە ھاتووەتە دنیاوە.

بەڵام ھەندێ سەرچاوەی تر شوێنی لەدایکبوونی بە گەڕەکی قەتارچییان لە شاری سنە دادەنێن.

سێ ساڵ لە رواندز و باڵەک خوێندوویەتی و بۆ تەواوکردنی خوێندنی ئایینی ساڵی 1923 ھاتووەتە سلێمانی و لەمزگەوتی حاجی مەلا ڕەسوڵی دێلێژە بووە بەفەقێ...

ساڵی ١٩٣٨ ئیجازەی مەلایەتی لە شێخ بابە عەلی تەکێ وەرگرتووە، و پاشان ڕوویکردووەتە شاری بەغدا لە مزگەوتی نەعیمە خاتوون لە گەڕەکی بەناوبانگی مەیدان بە پێشنوێژ دامەزراوە.

لە گۆڤاری گەلاوێژ دا تا ساڵی ١٩٤٩ کەسی دووەمی گۆڤارەکە بووەو لە یانەی (سەرکەوتن)یشدا ڕۆڵێکی گەورەی گێڕاوە.

لە دوایی کودەتا سەربازییەکەی 14ی تەممووزی ساڵی1958 لە بەغدا لە ساڵی 1959 تا ساڵی1974 لە کۆلیژی ئادابی زانکۆی بەغدا مامۆستای ئەدەب و مێژووی ئەدەبی کوردی بووە.

ساڵی 1972 بووە بە ئەندامی کارای کۆڕی زانیاری کورد. لەو ساڵەدا کە بەیانی 11ی ئازاری 1970 سەری نەگرت و نێوانی دەسەڵاتی بەغدا و ڕاپەڕینی نیشتمانی کورد تێکچوو.

سەجادی ساڵی 1974 کرا بە ئەمینداری گشتی ئەوقاف (بەپلەی وەزیر) ناوچەی (ئۆتۆنۆمی) کوردستانی باشوور لە شاری هەولێر.

سەجادی لەلایەک ئەمەی پێ خۆش بوو چونکە سوودی دارایی بۆی هەبوو، لەلایەکی ترەوە پێی ناخۆش بوو چونکە ئەو دەسەڵاتەی ئەو کارەی پێ سپارد بوو لە دژی کورد و فەرمانڕەوایی شۆڕشی ئەیلوولی ساڵی 1961 بوو. بە هەموو جۆرێک سەجادی دەیتوانی ئەم کارە نەکات.

لەو پۆستە گەورەیەی میری مایەوە تا ساڵی 1977 دواتر خانەنشین کرا.

لە دوای ئەوە گەڕایەوە بەغدا و کەوتە سەر کۆتایی هێنان بەو پڕۆژانەی بەرنامەی بۆ دانابوون لە بابەتی ئەدەبی کوردییەوە.

کوژرانی کوڕی گەورەی لە جەنگی ئێران و ئێراق (1980 ― 1988) پشتی شکاند و هێزی لێ بڕی و لە پەلوپۆی خست توانای توانای نووسین و لێکۆڵینەوەی کەم بووەوە تا لە ڕۆژی ١٣ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٨٤ لە بەغدا کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی شێخ عەبدولقادری گەیلانی بەخاک سپێردرا.

عەلادین نەجمەدین سەجادی چل ساڵە پتر ژیانی خۆی لەپێناوی زیندووکردنەوەی کەلەپوورو نووسینەوەی مێژووی ئەدەبماندا بەخت کردووە، ئەو سەردەمەی مامۆستا سەجادی چووەتە بەغداو بزووتنەوەیەکی ڕۆشنبیری کوردی سەری هەڵداوە (کوردی و مەریوانی) دوانزدە پەڕتووکیان چاپ کردووە، لاوانی کوردیش (یادگارو دیاری) یان بڵاوکردۆتەوە (یانەی سەرکەوتن) یش لەچالاکیدا بوو، (ژیان) لە سلێمانی و (روناکی) لە هەولێر دەردەچوون، سەجادی پەیوەندی لەگەڵ ڕووناکبیرانی ئەو سەردەمەدا پەیدا کردووە و ئەوانیش کاریان تێکردووە، لەدوا مانگی ساڵی (1939) دا گۆڤاری (گەلاوێژ) لەبەغدا هەڵهات و تیشکی پڕ شەوقی چیاو هەردو دۆڵەکانی کوردستانی ڕووناک کردەوە مامۆستا سەجادی ئاشنایەتی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ئەم گۆڤارەدا هەبوو. لەبەر ئەوەی بەڕێوەبەری گۆڤارەکە لەبەغدا نەما، کاروباری گەلاوێژ خرایە ئەستۆی سەجادی و هەر خۆی کەرەستەی بۆ کۆ ئەکردەوە و لەچاپخانەدا سەرپەرشتی ئەکرد و پیتاک و ئابوونەشی بۆ دابین ئەکرد، سەجادی لە ساڵی (1948) دا شانبەشانی گەلاوێژ گۆڤارێکی نیو مانگی ڕامیاری بەناوی (نزار) ەوە بە کوردی و عەرەبی بڵاوکردۆتەوە، پاش ئەوەی بیست و دوو ژمارە لەو گۆڤارە دەرچوو، کاربەدەستان (گەلاوێژ) و (نزار) یان لە ساڵی (1949) دا داخست، پاش ئەوە مامۆستا دەستی دایە پەڕتووک نووسین، ئەوەبوو لە ساڵی (1952) دا (مێژووی ئەدەبی کوردی) بەقەوارەی (652) لاپەڕە پێشکەش کردین کە تیایدا وتویەتی (خۆم گەلێ بەبەختیار ئەزانم کە خوا یارمەتیی دام و توانیم لە ماوەی چەند ساڵێکدا بەکۆششی فیکرو ماڵی خۆم، ئەم پەڕتووکە کە مێژووی ئەدەبی کوردییە یا بەواتایەکی فراوانتر (دائرە المعارف) ی کوردییە، بێنمە بەرهەم و پێشکەشی بکەم) لە دواییدا دەڵێتSadهێنام ئەدەبی کوردیم کرد بەکۆشکێک و بەدنیایەک بەڵام نەک کۆشکێکی داروپەردوو، چونکە ئەو جۆرە کۆشکانە لەبەر پلاری گەرمای هەتاوی هاوینداو سەرمای بەفری زستاندا خۆیان ناگرن، کردم بەکۆشکێک نە باکی بەکڵپە و بڵێسەی هەتاوو هاوین بێ، نەبەتۆف و کڕێوەی بۆرانی زستان) .

کاتێکیش بەدرێژایی سی و پێنج ساڵ کە ئیمامی مزگەوت بووە، هەموو ڕۆژێک نێوان نوێژانی مەغریب و عیشا لە مزگەوتە بچکۆلانەکەیدا ئەدیب و ڕۆشنبیرو ناسیاوانی لەدەوری کۆ ئەبوونەوە و دەست ئەکرا بەگفتوگۆو نوکتە و قسەی خۆش. بۆیەش ئەو هەلەی لەدەس نەداوە و ئەو قسە خۆش و نەستەقانەی کە بەدڵی بووبێت تۆماری کردوون و سەرلەنوێ دایڕشتوونەتەوە، ئەوەبوو لە ساڵی (1957) ەوە تا ساڵی (1983) هەشت بەرگە پەڕتووکی بەناوی (رشتەی مرواری) یەوە لێ چاپکردن، کە بوو بەجۆرە ئەدەبێکی زیندووی میللەتەکەمان. لە ساڵی (1953) یشدا سیپارەیەکی ناوی کوڕ و کچی کوردی پێشکەش باوک و دایکان کرد، لەناوەڕاستی پەنجاکاندا گەشتێکی (1816) کیلۆ مەتری بەناو کوردستاندا کرد و ئەم گەشتنامەیەی کردە پەڕتووکێکی سەربەخۆ، کە شۆڕشی چواردەی تەمموزی (1958) بەرپابوو، هات شۆڕشەکانی بەدرخان و سمکۆو حەمەپاشای ڕەواندزو شێخ مەحمودی لە پەڕتووکێکدا بۆ لەچاپداین و هەڵوێستی کوردی بەرانبەر کۆمار دەربڕی. هەروەها لەفۆلکلۆری کوردیشەوە سێ چیرۆکی لە پەڕتووکی (هەمیشە بەهار) دا لە ساڵی (1960) لەچاپ داو دەربارەی زمانیش لە ساڵی (1962) دا پەڕتووکی (دەستوور و فەرهەنگی کوردی) بڵاوکردەوە، لە ساڵی (1969) دا خوالێخۆشبوو لایەکی لەڕەخنەی ئەدەبی کوردی کردەوە بەپەڕتووکی (نرخ شناسی) ئەو کەلەبەرەشی پڕکردەوە، پاش ئەوە بەدە ساڵ جوانکاریەکانی ناو ئەدەبی کوردی لە پەڕتووکی (خۆشخوانی) دا خستییە بەردەست و دەربارەی ئەم دوو پەڕتووکە دەڵێت (هێنام ڕستەی خۆشخوانیم کرد بەوشەیەک و کردم بەناو بۆ ئەم پەڕتووکە کە قسە لەڕەوانبێژییەوە دەکات، وەکوو لەکاتی خۆشیدا ڕستەی نرخ شناسیم کرد بەناو بۆ ئەو پەڕتووکە کە باس لە لێکۆڵینەوەی ئەدەبی کوردی دەکا!..

ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی بڕوانینە بەرهەمەکانی دەبینین زۆربەی زۆریان دەربارەی ئەدەبی کوردین و هەندێکیشیان لەخانەی کەلەپوورو فۆلکلۆردا دادەنرێن و لە هەموو بەرهەمەکانیدا ئەمانەتی زانستی پاراستووە و هەموو سەرچاوەیەکی دیاری کردووە و لەنووسیندا شێوەیەکی نوێی گرتووەتەبەرو لە هەندێ بابەتە نووسیندا بەداهێنەر دەدرێتە قەڵەم.

(مستەفا نەریمان) لەچلەکەیدا دەڵێت: (لە و چل و دوو ساڵەی کە مامۆستا سەجادیم تیادا ناسیوە و تێکەڵاویم لەگەڵ پەیدا کردووە، خووڕەوشت و هەڵسوکەوتی ڕۆژانەی وەک نووکی قەڵەمەکەی خاوێن و بێگەرد بوو، لەپاشملە ناوی کەسی بەخراپە نەهێناوە و دڵی کەسیشی نەڕەنجاندووە) .

بە و هێزەوە لە ماوەی سی و یەک ساڵدا بیست و یەک پەڕتووکی بەقەوارەی (5366) لاپەڕە چاپکردووە ئەمەش دەکاتە 4%ی پەڕتووکی کوردی ئەو ماوەیە، هیچ نووسەرێکی کوردمان بەقەوارەی پەڕتووک نەگەیشتووەتە ڕادەی خزمەتی ئەو جگە لەمامۆستای پایە بڵند (مەلا عەبدولکەریم مودەریس) کە بەسێ هەزار لاپەڕە کەوتووەتە ژووریەوە. سەڕەرای ئەو هەموو بەرهەمە چاپکراوانە، سەجادی چەند بەرهەمێکی حازرە چاپی بەجێ ماوە وەک (بەرگی نۆهەمی ڕشتەی مرواری) و (بەرگی دووەمی دەقەکانی ئەدەبی کوردی) و (پەڕتووکی زیندەوەر) ، هەروەها ڕۆژانە بیرەوەری تایبەت بەخۆی یاداشت کردبوو. لەگەڵ ئەوانەشدا هەرگیز لەخۆبایی نەبووە و هەوڵی ئەوەشی داوە بەرهەمی پوختترمان پێشکەش بکات، ڕۆشنبیرو ئەدیب و نووسەر دەبێت لەژیاننامە و خوڕەوشتەکانی کەڵک وەربگرن و بیکەنە مەشخەڵ لەگۆڕەپانی ڕۆشنبیرییاندا، بەمە ڕۆحی مامۆستا شاد دەبێتەوە. هەرەوەک خۆی لەپێشەکی پەڕتووکی (مێژووی ئەدەبی کوردی) دا دەڵێ:) دەمێ ساڵە، بگرە ئەوەتەی هۆشم کردۆتەوە، لەکانگای دڵەوە حەزم لەئەدەب و ئەدەبیات کردووە، بە و بۆنەوە گەلێ جار خووم ئەدایە خوێندنەوەی ئەو شتانە کە ئاشنایەتیان بەئەدەبەوە هەیە، بەتایبەتی هینەکانی ڕۆژهەڵات چ عەرەبی، چ فارسی، ئەمە بێجگە لەئەدەبیاتی ڕۆژاوا – جۆش و خرۆشێکی ئەدامێ و ئەیخستمە عالەمێکی ترەوە، ماوەیەکی باش ئەمە ئیشم بوو، بەبێ ئەوە بچم بەلای بیروباوەڕێکی ت!.. ……) ، دواتر دەڵێت (ڕۆژێک شتێکم ئەخوێندەوە، کە لێبومەوە سەرلەنوێ لەدڵی خۆما وردم ئەکردەوە، لەمەوە کتوپڕ ئەوە هات بەبیرما کە ئایە من چیم؟ ئینگلیز؟ نە و. عەرەبم ؟ نە و..بەڵکوو کوردم باشە کە کوردم ئەبێ لەنەتەوەی کوردبم، کە لەنەتەوەی کورد بووم ئەمەی تێ گەیاندن، کە کورد ناوی لەلاپەڕەی ڕۆژگاردا هەیە و ئەمیش ئمێکە بۆ خۆی، زۆری پێ نەچوو لەو زەریایی خەیاڵە کەوتمە سەر ئەوە کە میللەت مادام میللەت بوو، بێگومان دەبێ زمان و ئەدەبیات و تاریخی (مێژووی) ببێ، ئەگەر نەبێ بەهیچ ناژمێررێ و هیچ نی یە، لێرەدا سەرم لێ تێکچوو.

تەماشای خۆم ئەکەم هیچی تر نیم تەنیا کورد نەبێ، تەماشای بارەکەی تری ئەکەم سەیر ئەکەم تەنیا کورد نەبێ هەموو شتێکی ت!.. کسپەیەک لەدڵمەوە هات، بەوە دڵی خۆم دایەوە کە نەتەوەی قەومێکم کە لەبەرە بەیانی مێژووە بەم زمانە کە من قسەی پێ ئەکەم و پێی ئەنووسم قسە ئەکەن و هیچ کۆسپێک لای نەداون لە ڕێگەی خۆیان، بەتایبەتی کە ئەمیر شەرەفخانی بتلیسی لە (1005) ی هیجری و (امین زەکی بەگ) لە (1936) ی میلادی، مێژوویان بۆ قەومەکەم نووسیوە، بست بست گەشکەم ئەکرد و هیوام بەخۆم و بەقەومەکەم تازەتر ئەبوەوە …)

مومتاز حەیدەری لەچلەی ماتەمینی مامۆستای نەمردا دەڵێت: (مردوو لنگی درێژ دەبێتەوە) ئەوەتا بەر لەساڵ و نیوێک وتارێکم لەخولی دووەمی ژمارەی (12) ی نووسەری کورد لەژێر ناوی (مامۆستا سەجادی، خەرمان بەرەکەت) دا نووسی، داوای ئەوەم کرد تا مامۆستا سەجادی لەژیانە میهرەجانێکی ئەدەبی گەورەی ڕێزگرتنی بۆ ساز بکرێ، بەڵام بەداخەوە زۆریش بەداخەوە، بەتاقە دێڕێکیش پێشوازی پێشنیارەکە نەکرا …!.. ئێستاکەش وا ڕۆڕۆی بۆ دەکەین، فرمێسکی بۆ دەڕێژین، ئەرێ تاکەی، زیندووکوژەی مردوو پەرست بین!..)

مامۆستا (هەژار موکریانی) لەوتارێکیدا بۆ کۆچی سەجادی نووسیوێتی (ڕۆژێک سەیری دوکانێکی بەغدام دەکرد، چەقەڵێکی مۆمیایی کراوی لێدانرابوو، لەژێر قاچییەوە لێی نووسرابوو (بیست و پێنج دیناری تەواو) من سەری زمانی خۆم گەست، هات بەدڵما، هەیار!.. ئەم مام چەقەڵە موحتەرەمە ئاخۆ دەبێت بەزیندوویی سەر شاعیر، نووسەر، هونەرمەندێکی کورد بوبێ لەژیانیدا لەبرسان و لەترسان ئۆقرەی نەبوبێ و ئێستاکێ لاشەی مۆمیایی بەم دەردو مەخسەرە چوبێ؟ کێ ئەزانێ ؟ هەزار دانە بەزیندوویی فلسێ ناژی) ، هەژار درێژەی بەوتارەکەی دەدا و باسی چەند ڕۆشنبیرێکی کورد دەکات (مەلا مارفی کۆکەیی) ئەگەر بێژم لەبرسا مرد ڕەنگە باوەڕم پێنەکەن، چونکە ئەو دەم نانی وشک زۆر هەرزان بووە... قانیع هەتا مرد نان و دۆی خۆی لەپەنایەک نەدی... فایەق بێکەس کە چریکەی گوێی دوژمنانی کەڕ دەکرد، دوو لێفەی لەماڵدا نەبوو کە خۆی و منداڵەکانی پێداپۆشێ بەقەرزداری عارەق بەقەرزداری مرد.... گۆران ئەو ئەستێرە گەشەی ئاسمانی ئەدەبیاتی کورد، بۆ دابینبوونی بژێوی دەگاتە یافای فەڵەستین وتاربێژی ڕادیۆی (شەرقی ئەدنا) بێ... جگەرخوێن پەنجا ساڵ پتر بۆ شیعرو چیرۆکی کوردی چەوسایەوە لەجیاتی نان خوێنی جگەری خۆی دەخوارد، چەند لە کوردستان ژیاو من دەمناسی گەسکلێدەری کۆڵانان لەو تێرتربوون، کەس ئیرەیی پێ نەدەبرد، ئەوانە لەژیان ئاوابوون لەپاش مردنیان چاوا بوون ؟)

بەداخەوە ئێستا کە مردوپەرستیشمان نەماوە ئەوا (23) ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مامۆستای هەمیشەزیندوودا تێدەپەڕێت کەس لەپەڕەی ڕۆژنامەیەکدا ساڵیادی کۆچی دوایی نەکردووە، یان بابەتێکی دەستنووسی نەکرا بەپەڕتووک بۆ؟ لەم (23) ساڵەدا تەنیا لەژمارە (28) ی گۆڤاری (ڕۆڤار) کە تایبەتە بەدامەزرێنێک یادی کردۆتەوە، بەڵام دەرچوونی ژمارەکەی هاوکات نی یە لەگەڵ ساڵی کۆچی دواییەکەی، گۆڤارەکە 25-02-2004 دەرچووە، واتە 25/2 بەڵام، مامۆستا 13/12 کۆچی دوایی کردووە، من لەلایەن خۆمەوە زۆرزۆر دەست خۆشی لەکارمەندانی ئەو گۆڤارە دەکەم کە گۆڤارەکە سەر بەچاپ و پەخشی سەردەمە، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

هەرچەندە مامۆستا لەسەر بواری ئەدەب و ڕۆشنبیری دەستەی دەزگای میری مامۆستایان لەگەڵ دەستەیەک لاوان و قوتابییاندا ڕاپێچی بەندیخانە کردەوە، هەر لەو سەردەمەدا کوڕێکی بەناوی (دانا) شەهید کراوە، وابزانم ساڵی شەهیدکردنەکەی (1982-1983) بووە. هەتا لەژیاندا مابوو قسەی جوانی کردبوو، یەکێک لەو قسە بەنرخانەی ئەوەیە وتبوی (ئەگەر خۆت سەری خۆت نەخورێنی، کەس بۆت ناخورێنێ) ئەگەر بەڕێز (دلێر) ی کوڕی پەڕتووکی (یادی سجادی) کەپێکهاتووە لە کۆمەڵێک وتارو شیعر لەیادەکەیدا خوێنراونەتەوە یان لە گۆڤارو ڕۆژنامەکاندا بڵاوکراونەتەوە، نەکردایە بەپەڕتووک لەوە نەدەچوو کەس ئەو ئەرکەی بخستایەتە سەرشانی، زۆربەی شانۆکارو هونەرمەندان سوودێکی زۆریان لە (ڕشتەی مرواری) کردووە، کردویانە بەنواندن و دراما کەچی کەس لەوانە شتێکی بۆ نەنووسیوە وەک وەفایەک، دەبێت بە بەوەفایان و نووسەران ئەو دەستنووسانەی کە مامۆستا مەرگ ڕێگەی پێنەدا بیکات بەپەڕتووک، بیکەن بەپەڕتووک یان زۆربەی پەڕتووکەکانی لەبازاڕدا یان لە پەڕتووکخانە ئەهلیەکاندا نەماون یان کە کەم بوونەتەوە لەچاپی بدەنەوە بۆی، نەفەوتێن و پەڕتووکخانەی کوردی پێ دەوڵەمەند بێت و گەنجانی ئەمڕۆش بتوانن سوودی لێوەربگرن.

عەلادین سەجادی ناوی (نەجمەدین عیسامەدین)ە و لەبنەماڵەی‌ ناوداری‌ (سجادی)یە، ساڵی (1907) له‌ گوندی باراو سه‌ربه‌ شارباژێرلەدایکبووە.

‎ساڵی (1927) بۆ خوێندن هاتووەتە شاری‌ سلێمانی و لەمزگەوتی شێخ جەلال و مزگەوتی حاجی مەلا رەسوڵ بەفەقێیەتی دامەزراوە، ساڵی (1938) مۆڵەتی‌ مەلایەتی وەرگرتووه و چووە بۆ بەغداو لەمزگەوتی نەعیمە خاتوون لەمەیدان بووە بەپێشنوێژو دانیشتن و کاری‌ ڕۆژانەی‌ له و مزگەوتەدا بووە، لەساڵی (1939)دا چووەتە مەیدانی ڕۆژنامەنوسی و لەساڵی(1941)دا بووە بەبەڕێوەبەری‌ گۆڤاری‌ (گەلاوێژ)و وردە وردە گەشەی‌ پێکردووە تا داخستنی لە(1949)دا.

‎لەساڵی (1948)دا پاش ڕاپەڕینە مەزنەکەی‌ کانون، گۆڤاری‌ (نزار)ی بەعەرەبی و کوردی دەرکردووە کە گۆڤارێکی نیشتمانپەروەری سیاسی بووە، پاش شۆڕشی 14ی تەمموزو تا ساڵی (1974) مامۆستای‌ ئەدەب و مێژووی‌ ئەدەبی کوردی بووە لەکۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا، هەر لەساڵی(1974)دا کراوە بەئەمینداری‌ گشتی ئەوقاف و (3) ساڵ له و کارەدا ماوەتەوە، ساڵانی پاشەوەی‌ بەخانەنشینی و خزمەتی ئەدەبەوە بەڕێ کردووە، 13-12-1984 کۆچی دوایی کردووه. لەگۆڕستانی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لەشاری‌ بەغدا لەنزیک شێخ عەبدوڕەحمان ئەبولوافی نەقشبەندی و شێخ ڕەزای‌ تاڵەبانی بەخاک سپێردراوە.


سەرچاوە: کۆی بڵاوکراوەکان

بابەتە پەیوەستکراوەکان.