عەلی حامید

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
389884.jpg

عەلی حامید قادر، لە ساڵی 1933 لە گەڕەکی سەرگۆلی شاری سلێمانی هاتووەتە دونیاوە.

لە هەڕەتی لاوییەوە و لە پاڵ ڕەنجدان و ئیشکردن لەپێناوی پەیداکردنی بژێوی ژیاندا، تێکەڵ بە چالاکیی سیاسی بووە و، هەر لە سەرەتاوە چووەتە ڕیزەکانی حیزبی شیوعی عێراقەوە.

ئەندامێکی چوست و چالاکی ئەو حیزبە بووە، بەتایبەتی لە ڕۆژە سەختەکاندا و بۆ تەنها ڕۆژێک دەستی لە خەبات هەڵنەگرتووە و میللەت و حیزبەکەی لە تەنگانەدا جێنەهێشتووە.

عەلی حامید، سەرەتای کار و پیشەکانی ژیانی بە کرێکاری دەستپێکردووە و بووەتە بەردتاش یاخود نەقاڕ و یەکێک بووە لە نەقاڕە دیار و ناسراوەکانی سلێمانی و لە زۆر باڵەخانە و بینای کۆنی سلێمانیدا کاری تاشینی بەردی کردووە و لەو بوارەدا جێ دەستی دیارە، بەتایبەتی لە ساڵانی پەنجای سەدەی پێشوودا.

لە پاڵ کاری بەردتاشیندا، هەوڵیداوە دەستی لە فرمانێکی حکومەتیی دەستگیربێت هەر بۆیە لە کۆتایی ساڵانی پەنجادا لە فەرمانگەی گواستنەوەی سلێمانی یاخود مەسڵەحەی نەقڵی ڕیکاب، بووە بە باجگر (جابی) و تا سەرەتای ساڵانی حەفتا، لە سەر ئەم فرمانەی بەردەوام بووە.

لەدواییدا لە کارگێڕیی خۆجێیەتیی سلێمانی دامەزراوە و بووەتە فەرمانبەر.

لەپاش ماوەیەک گواستراوەتەوە بۆ کتێبخانەی گشتیی سلێمانی، بەڵام لە ساڵی 1978دا دیسان گواستراوەتەوە بۆ کارگێڕیی خۆجێیەتی و لە ساڵی1979 تا ساڵی 1989 لێپرسراوی دابەشکردنی چیمەنتۆی پارێزگای سلێمانی بووە لەو فەرمانگەیە.

تا ڕۆژی دەستگیرکردنی لەلایەن ئەمنی سلێمانییەوە لە کۆتایی مانگی پێنجی ساڵی 1989 لەو فەرمانگەیە بووە.

لە شەوی 30 لە سەر 31ی مانگی ئایاری ساڵی 1989دا لەلایەن ئەمنی سلێمانییەوە بە تۆمەتی پەیوەندیی بە ڕێکخستنە نهێنییەکانی شاری سلێمانیی حیزبی شیوعییەوە دەستگیرکراوە.

لەپاش نزیکەی ساڵێک لە لێکۆڵینەوە و ئازاردان و ئەشکەنجەدان لە ڕۆژی 7ی مانگی ئایاری ساڵی 1990 دراوەتە مەحکەمەی سەورە و بڕیاری زیندانیکردنی تاهەتایی بە سەردا سەپێنراوە.

لە ڕۆژی 28ی مانگی 12ی ساڵی1991 بە لێبووردنی گشتی لە زیندان ئازادکراوە، بەڵام چونکە لە کاتی ئەشکەنجەدان، لە گرتوخانەکانی ئەمنی سلێمانی و تکریت و بەغدا چاوی تووشی نەخۆشی بووە بەڵام پشتگوێخراوە و نەبراوەتە نەخۆشخانە و چارەسەری پێویستی بۆ نەکراوە، هەردوو چاوی لە دەست داوە، هەر بۆیە بە نابینایی یاخود کوێریی لە زیندان ئازاد بووە.

بیست و حەوت ساڵی کۆتایی تەمەنی، واتە لەمانگی دوانزەی ساڵی 1991 تا مانگی ئەیلولی ساڵی 2018 بە کوێریی و زۆربەی کات لە ماڵەوە ژیاوە.

ڕۆژی 7ی مانگی ئەیلولی ساڵی 2018 کۆچی دوایی کردووە.


سەرچاوەکان تۆماری تایبەت بۆ مانومیدیا سەبارەت بە (ژیان و کارنامەی عەلی حامید) لە 26-11-2020 پ