قادر زیرەک

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

ناوی تەواوی قادر ئەحمەد مستەفایە لە ساڵی 1954 لە گوندی بێرکۆت لەدایکبووه، هەر لە تەمەنی مناڵییەوە ئەوینی بۆ گۆرانی و مۆسیقای کوردی هەبوو، کە لە قوتابخانەی سەرەتایەوە ئەم بەهرەیەی تیدا بەدی کراوەو توانیویەتی لەڕێگەی لاسایی کردنەوە پەرە بەبەهرەکەی بدات، ئەم لاسایی کردنەوەش بەهونەر و دەنگی مامۆستای گەورە حەسەن زیرەک ئەوەبوو، بەئەوینی ئەوەوە لاسایی کردۆتەوە و هەر لە زووەوە خولیای گۆرانی و دەنگی حەسەن زیرەک بووه، نازناوی زیرەکیش هەر بۆ ئەو کاریگەرییە هونەرییە دەگەڕێتەوه.

قادر زیرەک لەقۆناغی سەرەتایی لە بێرکۆت تەواو کردووه، دواتر دێتە شار و قۆناغی لە شار تەواو دەکات، بەهۆی بارودۆخی ژیان ناتوانێ خوێندن تەواو بکات و تاکو سێی ناوەندی دەخوێنی.


قادر زیرەک لە ساڵی 1969دا ژیانی خێزانداری پێکدەهێنی و ماڵێک پڕ لەئەوین و هونەر لەگەڵ نەسرین ئەحمەد درووست دەکات.

دوو منداڵییان دەبێت بەناوەکانی ئەیوب و ژیان.

بەڵام مەرگ ناهێڵێت قادر و نەسرین بەردەوامی ژیانیان هەبێت دوای چوار ساڵ بەیەکەوە بوون، بەهۆی کارەساتی سووتان لە ساڵی 1973دا نەسرینی خێزانی و ژیانی کچی ماڵئاوایی لەژیان دەکەن، دوای 3 ساڵ بەتەنیایی و خەم و گریان دەردوکەسەر، ئەمجارەیان هەوڵی ژیانێکی نوێ دەدات.

لە ساڵی 1976دا لەگەڵ خاتوو ئاواز عەبدولعەزیز ژیانی هاوسەرێتی پێکدەهێنێت و لەم خێزانەش ئومێد، ئاوات و ئەردەڵان لەدایک دەبن.

قادر زیرەک یەکەم گۆرانی لە ساڵی 1977دا لە ئێزگەی کوردی لەبەغدا تۆمار کردووە بەناوی دوورم لە یاران، ئەم گۆرانییە دەنگدانەوەیەکی باشی هونەرمەند بوو لەو کات و ساتەدا و بووە مێژوویەک بۆ ئەرشیفی ناوبراو، کە تا ئێستاش ئەم گۆرانییە هەر بە نەمری ماوەتەوە و یەکێکە لە گۆرانییە ڕەسەنەکان، ئەوەی ئاواز و تێکستی ڕزگار خۆشناوە.

دواتر لە ساڵی 1980دا توانی چەند بەرهەمێکی دیکە تۆمار بکات لەوانە دوگمەی سینه، ئەمان ساقی، لەبنەوار، بازی کوێستان، ئیتر قادر زیرەک لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا ناسراو خەڵک بەرهەمەکەی ئەوان وەرگرت، کە بۆنی ڕەسەنایەتی و پاکی لێ دەهات.

لە ڕێکەوتی 17-18-07-1981 قادر زیرەک لەگەڵ چەند برادەرێکی لەگەڕانەوەی گەشتێک لە بێخاڵ و گەلی عەلی بەگ بەرەو هەولێر لە ڕێگای خەلیفان-هەریر ئۆتۆمبیلەکەیان وەردەگەڕێ و قادر زیرەک و هاوڕێیەکی گیان لەدەست دەدەن.[١]

  1. سەرچاوە: ماڵپەری خۆزگە