قوتابخانەی فەیسەڵییە

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
121399268 .jpg

مێژووی خوێندنگەی روشدییەی سەربازی

سەعید پاشای کوڕی حسێن پاشای کوڕی ئەحمەد ئاغای خەندان، لە حوجرەکەی خواجه ئەفەندی، داوا لە تەحسین پاشا والی ولایەتی موسڵ دەکات، کە بەسەردانێک بۆ شاری سلێمانی هاتبوو، لەسەر بودجەی میری، خوێندنگەیەک بۆ شاری سلێمانی دروست بکات. لەدوای رازیبوونی والی، دەستدەکرێت بە دروستکردنی یەکەم خوێندنگەی رەسمی لە سلێمانیدا، مامۆستا (خواجه ئەفەندی) ش دەبێتە یەکەم مامۆستای خوێندنگەکە و نازناوی خواجە (مامۆستا) شی پێ دەبەخشرێت.

0002 (663).jpg

تەلاری خوێندنگەی روشدییەی سەربازی، لە ساڵی 1889 دا دروست کراوە و لە مانگی ئابی ساڵی 1891 دا کراوەتەوە، بریتیبووە لە دوو پۆل، خوێندکارانی پۆلی یەکەم لە مانگی ئاداری ساڵی 1895 دا نێردراون بۆ خوێندنگەی ئیعدادی عەسکەری بەغدا و لە وێشەوە لە دوای سێ ساڵ، واتە لە مانگی ئاداری ساڵی 1898 دا نێردراون بۆ حەربییەی ئیستانبوڵ. لە ساڵی 1903 دا بودجەی خوێندنگەکە 150 لیرە بووە و 13 مامۆستا و 106 خوێندکاری هەبووە.

مێژووی خوێندنگەی فەیسەڵییە

بۆ گۆڕینی خوێندنگەی روشدییەی سەربازی بۆ خوێندنگەی فەیسەڵییە چەند بۆچونێکی جیاواز هەیە:

3995709.jpg

بۆچونی یەکەم: بە پێی بۆچوونی هەندێک لە رۆشنبیران، مێجەر سۆن کە زمانی کوردی و فارسی بەباشی زانیوە، لە ساڵی 1919 تا 1921 لە سلێمانی حاکمی سیاسی بووە، لە ساڵی 1921 دا تەلاری روشدییەی عەسكەری کردووە بە خوێندنگەی فەیسەڵییە و زمانی کوردیشی لە خوێندنگەکان و فەرمانگەکانی شاری سلێمانیدا کردووە بە زمانی رەسمی، رۆڵی بەرچاوی هه‌بووە له‌ ده‌ركردنی رۆژنامه‌ی تێگه‌یشتنی راستی لە شاری بەغدا، ساڵی 1920 چاپخانه‌یه‌كی‌ پیتی عه‌ره‌بی لە شاری بەسرەوە بۆ شارەوانی شاری سلێمانی‌ هێناوە و لە رێکەوتی 1/5/1920 دا یەکەمین ژمارەی رۆژنامه‌ی پێشکەوتنی دەرکردووە، دواترو بەهەمان چاپخانە رۆژنامەکانی بانگی كوردستان‌، رۆژی کوردستان، بانگی هەق، ئومێدی ئیستقلال، ژیانەوە و ژیان دەرکراون. هەر ئەو هۆکاری سەرەکیی رێکخستنی ئیدارەی شار و بەرقەرارکردنی یاسا و پێشخستنی زمان و کەلتوری ئەو سەردەمەی شاری سلێمانی بووە.

پیرەمێردی نەمر دەڵێت: «مێجەر سۆن زمانی کوردیی بۆ خستینە مەیدان».

محەمەد ئەمین زەکی بەگ مێژوونوس دەڵێت: « ئەم زاتە (مێجەر سۆن) بەقەد کوردێک کوردی دەزانی و لە عالمێکی کورد گەلێ زیاتر شارەزای زمانەکەمان بوو». دكتۆر كه‌مال مه‌زهه‌ر ده‌ڵێت: «مێژوونووسی عیراقی ناسراو خوالێخۆشبوو عبدولڕەزاق حه‌سه‌نی، مێجه‌ر سۆن‌-ی بە مامۆستا و هاندەری کورد دادەنا، بەڵام وەک بە خۆیم دەوت: نابێت هەرگیز ئەوە لەیاد بکەین، کە سۆن بە خوێنی سەری شێخ مەحمود تینوو بوو، ئه‌وەشم عەرز دەکرد خوا ئەوانە بگرێت، کە کورد ناچار دەکەن پەنا بەرنە بەر ئینگلیز و غەیری ئینگلیز».

بۆچوونی دووەم: بە باوەڕی کۆمەڵێک روناکبیر، لە داوی گەڕانەوەی مەلیک مەحمود لەگەڵ مێجەر نۆئێل لە رێکەوتی 30 ئەیلولی ساڵی 1922 دا لە هیندستانەوە بۆ سلێمانی، بۆ بەڕێوەبردن و حوکمڕانی شاری سلێمانی، شێخ کابینەی دووەمی حوکمڕانی وەک مەلیکی کوردستان پێکدەهێنێت و بۆ جاری دووەم بۆوە بە حوکمداری کوردستان، ئاڵای کوردستانی هەڵکرد، پوولی کوردستانی دروستکرد و ئەنجومەنی وەزیرانی رێکخست، کە لە هەشت وەزیر پێک هاتبوون، مستەفا پاشای یاموڵکی کرد بە وەزیری زانیاری مەعاریف (پەروەردە)، کاری سەرەکی یاموڵکی دروستکردن و دامەزراندنی خوێندنگە بووە، پێدەچێت یەکێک لەو قوتابخانانە، خوێندنگەی فیسەڵییە بووبێت.

بۆچوونی سێیەم: بۆ سوود وەرگرتن لە نیشتەجێبوونی بەڕێوبەرایەتیی فەرمانگەکانی شاری سلێمانی، سەرای سلێمانی لە 1926دا بە مەبەستی گەورەکردن، سەرلەنوێ دروستدەکرێتەوە و لە ساڵی 1928 دا تەواو دەبێت، کە پێکدێت لە دوو نهۆم و 43 ژوور.

تەلاری روشدییەی عەسكەری، لە مانگی تشرینی دووەمی 1918دا بۆتە شوێنی کاری مێجەر نوئێلی حاکمی سیاسی سلێمانی، لەدوای ئەو لە 1919 تا 1921 بیناکە دەبێتە شوێنی سەربازی و کارو حوکمڕانی مێجەر سۆن، لە 1922 تا 1928 بینای روشدییەی عەسکەری دەبێتە فەرمانگەیەکی سەربازیی حوکمڕانی فەرمانبەرانی بەغدا و مێجەر گوڵد سمیسی حاکمی سیاسی ئینگلیز.

پێدەچێت لە دوای نۆژنکردنەوەی سەرای سلێمانی لە ساڵی 1928 دا، کارمەندان و فەرمانبەرانی ناو تەلاری روشدییەی سەربازی بۆ ناو سەرای [[سلێمانی]] گواسترابێتنەوە و بیناکەش لەلایەن مامۆستا (مستەفا عەبدولكەریم مەزهەر)ەوە کە ئەو سەردەمە بەڕێوبەری مەعاریفی باکوور بوو، کرابێت بە خوێندنگەی فەیسەڵییە. مامۆستا مستەفا مەزهەر خوێندکار و مامۆستابووە لە خوێندنگەی روشدییەی سەربازی، ماوەیەکیش بەڕێوبەری مەعاریفی شارەکانی باکوور بووە و لە ئیشوکاریشدا پیاوێكی بەخزمەت بووە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئینگلیزەکان فراوان بووە، لەهەمان کاتدا پەیوەندیی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەو سەردەمەی حکومەتی عیراقدا بەجۆرێک باش بووە، کە قسەی رەتنەدەكرایەوە، رەنگە هەر لەبەر ئەوەش بووبێت، کە ناوی خوێندنگەکە ناونرابێ فەیسەڵییە کە لە ناوی مەلیک (فەيسەڵ)ەوە هاتووە، بەمانای دەسەڵاتداری عادل، جگە لەوەش، بەپێی ئەو وێنەیەی کە لە بەردەستی نووسەری ئەم بابەتەدایە، لەسەر دەرگای خوێندنگە کە ساڵی 1928 وەک ئاماژەی دامەزراندنی خوێندنگەی فەیسەڵییە نووسراوە.[١]

  1. سەرچاوە: هەڤاڵ رەوف یەحیا