قەڵای شێروانە

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
6604a5 L.jpg

قەڵای شێروانە (بە عەرەبی: قلعة شيروانة، بە ئینگلیزی: Sherwana Castle یان Shirwanah Castle، بە فارسی: قلعه شیروانه). قەڵای شێروانە یەکێکە لە شوێنەوارە دێرینەکان و دەکەوێتە بەشی باشووری شاری کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان و سەر بە پارێزگای سلێمانییە لە هەرێمی کوردستان، بە ماوەی هەشت ساڵ دروست کراوە و لە دوای دروستکردنییەوە چوار جار نۆژەنکراوەتەوە. قەڵای شێروانە جێگایەکی مێژوویی گرنگ و پڕ بایەخە و بووەتە یەکێک لەناوچە گەشتیارییە گرنگەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و لەبۆنە نیشتیمانییەکاندا خەڵکی سەردانی دەکەن.قەڵای شێروانە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی کەلارەوە، پێکهاتووە لە سێ نهۆمی سەرەکی، لەوانە، بەشی یەکەم و دووەم پێکهاتووە لە سێ ژووری گەورە و لەکۆمەڵێک ژوور و ڕێڕەو، قادرمە، تاق یاخود ڕەفە، ئاگردان و دوکەڵکێش، نهۆمی سێیەمی قەڵاکە، کە بەکڵاو فەرەنگی ناسراوە، بەهۆی بومەلەرزەکەی ساڵی ٢٠١٧ـەوە ڕووخاوە، بەشێکی زۆری دوو نهۆمەکەی تری قەڵاکەش درزیان بردووە، شوێنەواری گەرمیان سەرقاڵی نۆژەن کردنەوەی شوێنە زیان لێکەوتووەکانن.

دەرگای سەرەکی قەڵای شێروانە تەنها دەرگایەکی دوولاییە، کە ڕووی سەرەوەی تەواو کراوە بەشێوەی کەوانێکی نیوبازنەیی، قەڵا لەهەر چوار لاتەنیشتیەکانەوە چوار بورجی هەیە، ڕووبەری ئەو زەوییەی قەڵاکەی لەسەر دروستکراوە، نزیکەی ٤٠٠ مەتر دووجایە، پانییەکەی لە ڕووی پێشەوەی ١٩ مەتر و ٣٥ سانتیمەترە، پشتەوەی ٥ مەتر و ١٨ سانتیمەترە، درێژی لای ڕاست ١٥ مەترە و ٤٠ سانتیمەترە و لای چەپیشی ١٥ مەتر و ٢٠ سانتیمەترە، بەرزی قەڵا لە ڕووی پێشەوەی بە ستارەکەیەوە تاکوو نهۆمی دووەم ٧ مەتر و ٩٥ سانتیمەترە، لە ڕووی پشتەوەشی ٧ مەترە.

ئەو ماددانەی لە دروستکردنی قەڵای شێروانەدا بەکارهاتوون بریتین لە خشتی خوڵ، بەرد، قسڵ و گەچ، کە بەشێوەی جوان و توندوتۆڵ دروستکراوە، هەروەها داری تێدا بەکارهاتووە وەک داری گوێز بۆ دروستکردنی دەرگا و پەنجەرەکانی، ئەو ماددانەشی لە دروستکردنی قەڵادا بەکارهاتوون لە شوێنەوارە مێژووییەکانی گوندەکانی، شێرەوەن، بنکورە، شێخ باوە، کوڵەجۆ و زەنگاباد لە سنووری گەرمیانەوە بۆی براون، کەرەستەکان بە زۆری بە گوێدرێژ و هێستر گوازراونەتەوە و بە هەمان شێوەش لە ڕووباری سیروان ئاو هێنراو بۆ کارکردن لە قەڵاکەدا. سێ جار نۆژەنکراوەتەوە و هەنگاو بۆ چوارەم جار دەنرێت.

Creen Shot 202.png

قەڵای شێروانە، دوای دروستکردنی سێ جار نۆژەنکراوەتەوە، لە ساڵەکانی ١٩٢٥ و ١٩٨٨ و ١٩٩٨، دواجار بەهۆی بومەلەرزەکەی ساڵی ٢٠١٧، کڵاو فەرەنگی قەڵاکە ڕووخاوە و کارکردن بۆ نۆژەنکردنەوەی دەستیپێکردەوە و لەدوا قۆناغی کارکردنیشیدا بڕیاردرا ڕێکخراوی پریس کڵاوی هۆڵەندی چاکیبکاتەوە و تێچووەکەی لە ئەستۆ بگرێت، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ کۆتایی بە نۆژەنکردنەوەی هات و بە ڕووی هاوڵاتیان و گەشتیاراندا کرایەوە

مێژوو

لە باری مێژووی دروستکردنی قەڵاکەوە زانیاری ورد و ساغکراوە نییە. ھەندێک دەڵێن لە لایەن ئەنەوشیروانی ساسانییەوە بنیات نراوە، ھەندێکیش رایان وایە حەمە پاشای جاف دروستی کردووە. لایەنگرانی رای یەکەم دەڵێن حەمە پاشای جاف کۆچەر بووەو لەقەڵادا نەژیاوە و دەڵێن بوونی تونێلکی ژێر زەوی بووە لە قەڵاکەوە بۆ سەر ڕووباری سیروان، دەلالەتە لەوەی کە بۆ حاڵەتی شەڕوو گەمارۆدان سوودی لێوەرگیراوەو ئاوی لێوە ھێنراوە بۆ ناو قەڵاکە، کەواتە ‌قەڵاکە تەنها هەوارگەیەکی زستانە نەبووە. ڕایەکی دیکەش ھەیە دەڵێت تەپۆڵکە خۆڵەکە لەلایەن ئەنەوشیروانی ساسانیەوە بنیاتنراوەو کۆشکەکە لەلایەن حەمە پاشاوە دروست کراوە و کۆشکی زستانەی ئەو بووە.[١]

2-11-17 a.png

.....

قەڵای شێروانە، قەڵایەکی کۆنی مێژووییە کە دەکەوێتە بەشی باشووری خۆرهەڵاتی شاری کەلار، ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ئەم قەڵایە بەردی بناغەی دروستکردنی لە لایەن محەمەد پاشای کەیخەسرەو بەگی جاف لەسەر تەپۆڵکەیەک کە دەکەوێتە سەر رووبار سیروان دانراوە لەساڵی 1866 و ماوەی هەشت ساڵی خایاندووە بۆ تەواوبوونی و لەوکاتەوە تاوەکوو ئێستا چەندین جار لە ساڵە جیاوازەکاندا نۆژەنکراوە و ئێستا وەکوو جێگایەکی شوێنەواری و لەپاڵیدا وەک مۆزەخانەی کەلەپووری بەکاردەهێنرێت.

1-17 at 5.33.48.png

ساڵح محەمەد، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری گەرمیان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "مێژووی قەڵای شێروانە سەرەرای چەند بۆ چوونێکی جیاواز، بەڵام ئەوەی ئێستا بە فەرمی لە لایەن ئێمە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناسراوە، لە ساڵی 1866 هەتا 1874 لە لایەن خوالێخۆشبوو محەمەد پاشای جاف دروستکراوە، لەسەر تەپۆڵکەیەک کە بەپێ ئەو پشکنینانەی ئەنجاممان داوە پاشماوەکانی سەردەمی کاشی و ئەشکانی و ساسانی تیایدا هەیە و دۆزراوەتەوە، کەواتە تەپۆڵکەکە هەر وەک قەڵا شوێنێکی ئاسەوارییە و مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 3 هەزار ساڵ پێش ئێستا".

ئاماژەی بەوەش دا: "هەر وەک چۆن هەموو کەسێک خولیای دروستکردنی خانووی بەرزی هەیە، هەر بۆیە محەمەد پاشای جاف کە سەرۆک هۆزی گەورەی جاف بوو و هەروەها پۆستی پاشایی پێ بەخشرا بوو لەلایەن (والی بەغدا) بە مەبەستی سەرپەرشتیکردنی هۆزەکەی بە باشترین شێواز و دەسەڵاتی هەر لە شارەبان تاوەکوو جوانرۆ بوو، هەربۆیە ئەم قەڵایەی لەسەر ئەو تەپۆڵکەیە دروستکرد کە لە دوو نهۆم و نهۆمی سێیەم کە بە کڵاو فرەنگی ناسراوە و دروستکردنی قەڵاکەی بۆ دوو مەبەست بووە لەو سەردەمە (1- مەبەستی سیاسی، بۆ چاودێری دەڤەرەکە و هەروەها ئاگاداربوون لە نزیکبوونەوەی خەڵک لە دەڤەرەکە، 2- مەبەستی حەوانەوەی خۆی و خێزان و میوانەکانی)".

022-11-17 at 5.32.57 PM.png

ساڵح محەمەد گوتیشی: "رووبەری قەڵاکە 320 مەتری دووجایە و بەشێوازی چوارگۆشە دروستکراوە لە (خشتی سوور و بەرد و گەچ و قسڵ) و بەکارهێنانی دارە چنار و قامیش کە لە هەندێک لە بەشەکانی بنمیچەکەی لەکاتی نۆژنکردنەوەدا بینراوە، قەڵاکە یەک دەرگای سەرەکیی هەیە کە بەشێوازی کەوانەیی نیوەبازنەیی دوو لایە و لە دار دروست کراوە و دەکەوێتە بەشی باشوورەوە، پێکهاتەکانی هەر نهۆمێکیش بریتییە لە نهۆمی یەکەم دوو ژووری گەورە و دوو هۆل و چوار ستوون بۆ ڕاگرتنی قەڵاکە کە تاوەکوو نهۆمی دووەم دەچێت، نهۆمی دووەمیش چوار ژوور و یەک هۆڵ و نهۆمی سێیەمیش تەنها یەک ژوورە و بە شێوازی کەڵاوفەرەنگییە و دەکەوێتە ناوەراستی قەڵاکە، پەنجەرەکانی هەر نهۆمێکیش بەشێوازی کەوانەیە و لە دار گوێز دروستکراوە".

دوای چۆڵکردنی قەڵاکە لەلایەن محەمەد پاشای جاف لە چەندین ساڵی جیاوازدا بەشێوازی بەشەکی چەندین جار نۆژەنکراوەتەوە و کۆتا نۆژەنکردنەوەشی لە مانگی پێنجی ئەمساڵ تەواو کرا.

سەبارەت بەم بابەتە بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری گەرمیان ئەوەی خستەروو: "قەڵاکە لە ساڵی 1922، 1947، 1989 و 1998 لەسەر فەرمانی رەوانشاد (مام جەلال) نۆژەنکرایەوە و دوای تەواوبوونی کاری نۆژەنکردنەوەکەی بوو بە شوێنی فەرمانگەی شوێنەواری کەلار و مۆزەخانەی کەلەپووری گەرمیان و حەسەن عەلی سەلیم یەکەم بەڕێوەبەری فەرمانگەکە بوو، لە ساڵی 2005 قەڵاکە دیسان نۆژەنکرایەوە لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2017 دوای لێدانی بوومەلەرزە دیوارەکانی قەڵاکە زیانی زۆری بەرکەوت و بە هاوکاری رێکخراوی هۆڵەندی پریس کڵاو بەشێک لە لێ چاککرایەوە و لە کۆتاکانی ساڵی 2021 بەبری 93 ملیۆن دیناری لەلایەن وەزارەتی دارایی سەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تەرخان کرا بەمەبەستی نۆژەنکردنەوەی قەڵاکە و لە مانگی پێنجی ئەمساڵ کۆتایی پێهات، توانیمان بەشێکی زۆر لە کەموکورتی و دەرزەکانی چاک کەینەوە و لە هەموو ساڵەکان هەمان کەرەستەی بیناسازی بۆی بەکارهاتووە کە پێشتر قەڵاکە لێ دروست کرابوو".

لە دوای نۆژەنکردنەوەی ساڵی 1998 قەڵاکە بەکارهێنرا وەک فەرمانگەی شوێنەواری کەلار و مۆزەخانەی کەلەپووری گەرمیان و تاوەکوو ئێستایش هەر وەک مۆزەخانە ماوە.

Shot 2022-11-17 at.png

لەلای خۆیەوە محەمەد عەلی کەریم، د. شوێنەوار و بەڕێوەبەری مۆزەخانەی کەلەپووری گەرمیان سەبارەت بەم بابەتە گوتی: "لە ساڵی 1998 دوای تەواوبوونی نۆژەنکردنەوەکەی قەڵا، بوو بە شوێنی فەرمانگەی شوێنەواری کەلار و مۆزەخانەی کەلەپووری گەرمیان و لە ساڵی 2005 فەرمانگە لە قەڵا دەرچوو و لەساڵی 2009 بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری گەرمیان لە دەربەندیخان هاتە کەلار بووین بە یەک و فەرمانگە نەما و قەڵا هەر وەکوو مۆزەخانەی کەلەپووری گەرمیان بەکارهێنرا تاوەکوو ئەمڕۆ.

گوتیشی: "مۆزەخانەکە لە یەک بەش پێکهاتووە و خاوەن 150 پارچە کەرەستەی جیاوازە کە مێژووی هەموویان لە نێوان 50 بۆ 100 ساڵە وەک ( تفەنگی کۆن، دراوی ئاسنی عێراقی و وڵاتانی دەورووبەر، کەلوپەلی ناو ماڵ، سەماوەر، دەلە، دەستار، مەشکە، ئامێرە کشتوکاڵییەکان، خشت بر ..... تاد) ئەم کەرەستانە لە نهۆمی یەکەم نمایشکراون و نهۆمی دووەم بە هۆی تازە نۆژەنکردنەوەی هێشتا چۆڵە، بەڵام لە ئایندەیەکی نزیکدا دەمانەوێت ببێتە جێگای پەیکەرەکان بۆ پێشاندانی کار و پیشەی کۆن، مۆزەخانەی قەڵا هەموو ڕۆژەکانی هەفتە کراوەیە، خەڵک و گەشتیارە ناوخۆ و بیانییەکان و گەشتەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی ناوخۆ و سەرجەم کوردستان بە رێژەیەکی زۆر سەردانی ئێرە دەکەن، بەتایبەت لە ڕۆژانی جەژن و بۆنە ئاینیی و نیشتمانییەکان ئێرە لێوان لێو دەبێت لە خەڵک، و هەروەها فەرمانبەری چاودێری لە بەیانیان و ئێوارانمان هەیە".

لە کۆتاییدا ساڵح محەمەد، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری گەرمیان راشیگەیاند: "پلانمان ئەوەیە لە داهاتوودا بە هاوکاری شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بتوانین بەپێ یاساکان دەورووبەری قەڵاکە بیکەینە پارک و سەوزایی، بەمەبەستی جوانکردنەوی قەڵا و سوود وەرگرتنی خەڵک لە کاتی گەشتوگوزار و هەروەها بتوانین پلیکانەی قەڵاکە بە شێوازێکی جوان چاک کەینەوە"[٢]

  1. سەرچاوە: ویکیپیدیا
  2. سەرچاوە:basnews