قەڵای نەجم

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
99987ult (2).jpg

کورتەباسێک لەسەر مێژووی قەڵای نەجم

ئاراس حسۆ


چەندە باسک و باڵندە باڵیان بەسەر ئەم خاکەدا لێداوە و شاهیدی چەندین ڕووداوی مێژوویی بوون، ئەوەندە شوێن و ناوچەی مێژوویی هەن کە هەم ئەمڕۆ بۆ ئێمە بوونەتە شوێنی گەشتیاری، هەم بوونەتە بەڵگەنامە و سەرچاوەی مێژوویی کە دەگەڕێنەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر. باشە ئێمە دوور نین، ئێمە لێرەین و سەردانی شوێنێکی مێژووییی تر دەکەین بە درێژاییی ڕووباری فورات. ئەمجار دەچینە لای ڕووباری فورات و لەسەر بەرزترین لووتکەی قەڵای "نەجم" دەوەستین و پێکەوە دەرگا مێژووییەکانی دەکەینەوە و دەیناسێنین.

قەڵای مێژوویی و کۆنی نەجم کە لە سەردەمی ڕۆمانیا دروست کراوە، دەکەوێتە سەر ڕووباری فورات لە ڕۆژهەڵاتی شاری "منبج". ئەم قەڵایە شاهیدی چەندین قۆناغی مێژوویی بووە و بە چەندین قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوە. قەڵای نەجم ١١٥ کیلۆمەتر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی "حەلەب"ەوە دوورە و ٣٧ کیلۆمەتر لە باشووری شاری "کۆبانی"یەوە دوورە. قەڵای نەجم دەکەوێتە سەر لووتکەی گردێکی بەرز کە زاڵە بەسەر هەر چوار دەوریدا.

Clipboard0198745.jpg

چونکە قەڵاکە دەکەوێتە سەر ڕووباری فورات، جووتیاریی سەر ئەم خاکە و دەوروبەری ئەم خاکە هەمووی پڕ خێر و بەرەکەتە. قەڵاکە چوارگۆشەیە، لەسەر کۆمەڵێک بەرد دروست کراوە کە ڕوویان لە کەنارەکانی فورات کردووە. ئەم قەڵایە درێژییەکەی ٩٥ مەتر و پانییەکەی ٦٠ مەترە؛ هەروەها ٥٠ مەتر لە سەرووی دەشت و ٦٨ مەتر لە سەرووی ڕووباری فوراتەوەیە. کۆی بەرزییەکەی ٣٧٧ مەتر دەبێت.

ئەم قەڵایە بە شێوەیەکی زۆر بەرز دروست کراوە، چونکە ئەو ناوچەیە شوێنێکی زۆر دەوڵەمەند و ستراتیژی بووە و هەمیشە هێرشی کراوەتە سەر. دیواری دەوری قەڵاکە وەک هەموو دیوارەکانی سەردەمی "سەلاحەدینی ئەیووبی" وایە، لە خشتی ڕەش دروست کراوە و خەندەقێک بە بەرد بە قووڵاییی ٧ مەتر و پانیی ٨ بۆ ٩ مەتر هەڵکەندراوە.

Kela-necim-8 w500 h500.jpg

دەرگای سەرەکیی قەڵاکە لە لای ڕۆژهەڵاتەوە دروست کراوە و دوو بورجی بەرزی هەیە، دەرگای چوونە ژوورەوەی ڕاستەوخۆ بۆ هۆڵەکانی ناوەوەی بینای سەرەکییە. بەشێک لە دیواری قەڵاکە لە خشت دروست کراوە، بەشێکی تریش لە بەردی ڕەش دروست کراوە، لە سەرووی دەروازەی قەڵاکە، لە سەردەمی سەلاحەدین، دەستنووس بە زمانی عەرەبی نووسراوە، بەڵام ئەم دەقانە ئێستا دیار نین. هەروەها قەڵاکە لە سێ نهۆم پێک هاتووە، لە ژێرزەمینەکەدا کۆگا و بورجی بەرگری، تانکی و کۆریدۆری شاراوە هەیە. دەگوترێت ئەم کۆریدۆرانە دەگەنە بنی ڕووبارەکە. ئەوەی تریان لە حەمام، سۆپا و تانکیی ئاو پێک دێت. لە نهۆمی سەرەوەش بینای سەرۆکایەتی و مزگەوتێکیش هەیە.


بە دەستخەتێکی هاوتا لەسەر دیوارەکە بە دوو دێڕ وەها نووسراوە: "لە سەردەمی والییەکەمان، سوڵتان شا ئەلزاهیر، لەنێوان ساڵانی ٦٠٥-٦١٢ دروست کراوە".

هیچ زانیارییەکی پشتڕاستکراو لە مێژوونووسانەوە نییە کە کێ ئەم قەڵایەی دروست کردووە، چونکە دەیان جار داگیر کراوە، بەڵام وا گریمانە دەکرێت کە ئەم قەڵایە لەلایەن ئەیووبییەکانەوە دروست کرابێت.

دروستکردنی قەڵاکە لە نوێوە لەلایەن "نوورەدین زەنگی" لەنێوان ساڵانی ١١٤٦-١١٧٤ی زایینی و حاکمی حەلەب، شا ئەلزاهیر غازی" کوڕی "سەلاحەدین" لە ساڵانی ١٢٠٨-١٢١٥ی زایینی ئەنجام دراوە.

دوای ئەوەی بوومەلەرزەیەک لە ناوچەکانی باکووری سووریا ڕوویدا، زۆرێک لە دیوارەکانی قەڵاکە وێران بوون. بەهۆی ئەوەوە، نوورەدین زەنگی دیوار و بیناکانی قەڵاکە کە وێران ببوون، بە شێوەیەکی چوارگۆشە دروست کردەوە کە درێژییەکەی لە باکوورەوە بۆ باشوور ٩٥ مەتر بوو و پانییەکەی ٦٤ مەتر بوو. پاشان لەلایەن کوڕەکەی، "شا ئەلعەزیزی غەیاسەدین محەممەد" و نەوەکەی، "شا ئەلناسر" باوکی "ئەلمزەفەر یووسفیی دووەم" ئاوەدان کرایەوە.

شێوازی دروستکردنی قەڵاکە بە گشتی دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی ڕۆمانی. بەڵام شێوازی ئیسلامیش لە نۆژەنکردنەوەیدا زۆر ڕوونە. بە تایبەتی لە شێوەی بورجی بەرگری کە بە دەوری قەڵاکەدا بڵاو بوونەتەوە.

Kela-necim-6 w50098.jpg

لە دەقە مێژووییەکاندا باس لە شارێکی نزیک قەڵاکە کراوە، بەڵام ئەمڕۆ ئەو شارە دیار نییە. قەڵای نەجم یەکێکە لە گەورەترین قەڵا مێژووییەکانی سووریا. زۆر هێزی وەک "بێزانتی، بابلی، ئەیووبی، سەلجووقی، مەمالیک و زەنگیان" دەستیان بەسەردا گرتووە. ئەم قەڵایە شوێنی کۆبوونەوەی سوپاکان بووە. قەڵاکە دەروازەیەکی لە ڕۆژاوای مەنبەج کراوە بوو، بۆیە بە قەڵای منبجیش دەناسرا.[١]

Kela-necim-3 w500 h500.jpg
Kela-necim-4 w500 h500.jpg
Kela-necim-7 w500 h500.jpg
  1. سەرچاوە:https://kurdshop.net/