لە ئەدەبی فۆلکلۆرەوە بۆ زمانی یەکگرتوو
نووسینی: رێبوار حەمەتۆفیق محەمەد
ئاساییە زمانی کوردیش وەک زۆربەی زمانەکانی تر، خاوەنی چەند دیالێکتێکە، ئەوەی لەم ڕووەوە ئاسایی نییە ئەوەیە کە هێشتا ئەم زمانە شێوەیەکی یەکگرتووى نییە.
نزیکەی سەدەیەکە پرسیار لەوە دەکرێت چۆن ئێمە زمانێکی یەکگرتوو دروست بکەین، زمانێک کە هەمووان بتوانین لە ژێر سێبەریدا بدوێین و بنووسین.
ئێستاشی لەگەڵدابێت، نەک هەر نەگەیشتووینەتە وەڵامی ئەم پرسیارە، بەڵکو ئەگەرەکانی بەردەم وەڵامدانەوەکەش تا دێت ئاڵۆزتر و گرانتر دەبێت!
زمانى کوردى، بەپێى ئەو بۆچوون و تیۆرانەی کە بۆ لێکدانەوە لە چۆنێتی دروستبوونی زمانێکی یەکگرتوو لە ئارادان، ناتوانێت لە شێوەیەکدا جێگیر بێت.
چونکە دۆخی ڕامیاریی و کۆمەڵایەتیی و ئایینییەکەى بەجۆرێکە کە هیچکام لە ئەگەرەکان ناتوانن لەگەڵی بچەسپێن.
زمانی یەکگرتووی کوردی، نە بە بڕیارێکی ڕامیاری و نە بە ستاندارتکردنی شێوەیەکی، یان بە گەڕانەوە بۆ ئایینی زەردەشتی و هەوڵی لەم جۆرە دروست نابێت، وەک ئەوەى بە درێژایى سەدەى ڕابردوو پێشنیازى بۆ کراوە.
ئێمە نە خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆین و نە هەمووشمان لەسەر ئەوە تەباین کە ئەو ئەدەبەی بە (قوتابخانەی شیعری بابان) ناسراوە، شایەنی ئەوەیە بکرێتە ڕێچکەی زمانە یەکگرتووەکە.
بۆیە ڕێگەى پرسیار لە دروستبوونى زمانى یەکگرتووى کوردى لەوەدا کورت دەبێتەوە کە ئایا لە ئێستادا چی بکەین و چۆن هەنگاو بۆ ئەو هەوڵانە بنرێت کە لەسەر بڕیارى سیاسى و کۆڕایى ناوەستن و چاوەڕێ ناکەن شێوەیەکى زمانەکە بەسەر دیالێکتێکى تریدا زاڵ بکرێت.
هەوڵەکانى (کۆنگرەی کوردناسەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران) کە لە ناوەڕاستی سییەکانی سەدەی پێشودا نایان و بڕیاریان بۆ ئەوە دا کە دیالێکتی کرمانجی ژوورروو بکرێتە شێوەى زمانی یەکگرتووی کوردی و واز لە دیالێکتەکانی تر بهێنرێت!
لەگەڵ بڕیاری (کۆنگرەی یەکێتیی مامۆستایانی کورد) کە لە ساڵی ١٩٦٠ دایان و وتیان دیالێکتی کرمانجی ناوەڕاست (خواروو) پەسەندترە، دوو دیارترین هەوڵى سەدەى پێشوون کە نەک هەر نەیانتوانى ڕێچکەیەک بۆ وەڵامى پرسیارە سەرەکییەکە بدۆزنەوە بەڵکو خۆیان بوونە دووڕێیانێکی تری بزربوون!
سەرەڕای بوونی حکوومەتی هەرێم لە باشوور و چەندین ناوەندی ئەکادیمیی و زانکۆ، هێشتا ئەم دووڕێیانە قسەو سەرنجەکان بە تونێلى تاریکدا دەچن!
ئەوەى لێرەدا بۆ قسەى خێرى چەند خەمەخۆرێکى بوارەکە ماوەتەوە هەر ئەوەیە کە لە نووسینێکى لەم شێوەیەدا بخرێتە ڕوو و هاوشێوەى نووسینى ناو ئەو شووشانە بدرێتە بەدەم شەپۆلى دەریاوە...
بەوپێیەی ئەدەبی فۆلکلۆر بریتییە لە سامانی گەل و لە بەرهەمهێنانیشیدا هەموو گەل بەشداری تێدا دەکات، دەتوانیین بەو بەرهەمە خۆرسکانە لە ئایندەدا فەرهەنگێک دروست بکەین کە وەک کەرەستەى خاو لە فەرهەنگی یەکگرتووى زمانى کوردیدا بەکاری بهێنرێت.
باشى ئەم ڕێگەیە لەوەدایە کە سنوورى نێوان دیالێکتەکان کەمتر دەکاتەوە و ناهێڵێت لە نێوان قسەکردن و نووسیندا ناکۆکییەکى ئایدۆلۆژى هەبێت بەو جۆرەى کە پێشتر هەبووە.
ئاشکرایە بەرهەمی ئەدەبیی فۆلکلۆر بە زمانی ڕۆژانەی خەڵکیی و لە سەردەمێکی سادەوساکاردا لەدایک بووە کە پڕیەتی لە بەکارهێنانی وشە و زاراوەی ڕەسەن و کەمترین وشەی بێگانە و داتاشراوی تێدایە.
لە هەر یەکێک لە بەرهەمە فۆلکلۆرییەکاندا چەندین وشەی وا هەیە کە لە ئێستادا -بەهەر هۆیەک بێت- بەکارناهێنرێن! و گەڕانەوە بۆ ئەم وشە و زاراوانە و کۆکردنەوەیان خزمەتێکی گەورە بە فەرهەنگی گشتی زمانى کوردی دەکات (کە بەداخەوە تا ئێستا زمانەکە فەرهەنگێکى یەکگرتووى نییە) بۆیە لە ڕێی کۆکردنەوە و نووسینەوەی بەرهەمی ئەدەبیی فۆلکلۆرەوە لە زاری خەڵکە بەتەمەن و شارەزاکانەوە دەتوانین لە دروستکردنى ئەو فەرهەنگە یەکگرتووەدا بەکاری بهێنین.
بەرهەمی ئەدەبی فۆلکلۆر، بەشێوەیەکی گشتی، لە هەناوی ڕووداو و بەسەرهاتەکانی کۆمەڵەوە سەرچاوەى گرتووە و لە پشت هەر پەندێکی پێشینان و هەقایەتێکەوە، ڕووداوێکی ڕاستەقینە هەیە و ئەم بەرهەمانە وەک ئامۆژگاریی و ڕێبەری ژیان لە زماندا هەڵگیراون و نەوە دوای نەوە گوازراونەتەوە.
جا بەوپێیەی ژیانی کۆمەڵی کوردەواری لە ڕووى کەلەپووریى و کەلتوورییەوە لە هەرشێوێنێکی کوردستاندا بێت هاوبەشە، ناوەرۆکی ئەم بەرهەمە ئەدەبییانە لە کاتی گێڕانەوەیاندا گۆڕانیان بەسەردا نەهاتووە و لە پەڕینەوەیاندا لە سنووری دیالێکتێکەوە بۆ سنوورێکی تر و جارێکی تر داڕشتنەوە و وتنەوەیان لە لایەن کەسانی ناو دیالێکتە نوێیەکەوە، چونکە سادەوساکارە و زوو لەبەر دەکرێت، لە کاتی ئەم ئاڵوگۆڕکردنەدا کەمترین گۆڕانکاری بەسەدا دێت و وشە و زاراوەکان ئەگەر بۆ تێکنەدانی کێشی شیعریش بێت، یان نەبوونی وشەیەک لەشوێنیان، وەکو خۆیان دانراونەتەوە و وەک موگناتیس هێزى بارگاویکردنى نێوان دیالێکتەکانى هێناوەتە ئاراوە و ئارام ئارام گونجاندویەتى.
نموونەی زۆر بەیت و پەندی پێشینان و هەقایەتمان هەن کە لە هەموو ناوچە و دیالێکتێکدا هەن و لە هەریەکەیاندا خاڵی هاوبەش هەیە و بە جۆرێک دەماودەمیان پێ کراوە و گونجێنراون کە هەست بەوە ناکەیت تایبەتمەندى شێوەیەکى بە چڕى لە خۆیدا کۆکردبێتەوە.
واتە جۆرە موتوربەکردنێکی لە نێوان وشەو زاراوەکانی دیالێکتەکاندا پەیدا کردووە کە بە سروشتى و وەک هەنگ شیلە لە گوڵى هەموو وشەکانى ناو دیالێکتە جیاوازەکان هەڵمبژێت.