لە ڕوانگەی (ئۆشۆ)وە

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

حەمەسەعید حەسەن

حەمەسەعید حەسەن....jpg

چۆن بزانم فڵان ژن، بە ڕاستی تووشی داوی ئەوینی من بووە، یان گەمە بە ئاوەزم دەکات؟ ئەوە پرسیارێکی گەلێک سەختە، چونکە خۆشەویستی خۆی گەمەیە. بۆیە پێویستمان بە پرسیاری لەو چەشنە نییە، ئاخر حەقیقەتی خۆشەویستی لە گەمەدا چڕ دەبێتەوە. خۆشەویستی خەونە، وەهمە، خەیاڵ و شیعرە، واقیع نییە، ئەگەر شوێن واقیع کەوتوویت، بڕۆ ڕابمێنە! گرینگ ئەوە نییە، ژنە نیازی پاکژە یان نا، گرینگ ئەوەیە تۆ نیازت پاک بێت، تۆیەک کە پێت وایە، ئەوی چاکەی کرد، چاکە دێتەوە ڕێی. بۆچی پرسیاری وا لە خۆمان دەکەین؟ چونکە بە یەک ئاشنا نیین، غەریبین بە یەکدی، بە ڕێکەوت و ڕەوتەنی یەکتری دەناسین. ئەوە تەنیایییە وا دەکات، دەستی یەکتری بگرین، کەچی لە ئێمە وایە، کەوتووینەتە نێو گۆمی قووڵی خۆشەویستییەوە.

ئینسان کە هەست بە تەنیایی دەکات و حەوجەی بە کەسێکە بۆشاییی تەنیایی بۆ پڕ بکاتەوە، ئیدی خۆی بەوی دییەوە سەرقاڵ دەکات و پێی وایە ئەوە خۆشەویستییە، بەڵام ڕاستییەکەی گەمەیە. ئینسان بۆچی بەشداری لەو گەمەیەدا دەکات و بە خۆشەویستیی تێدەگات؟ چونکە ڕێگەیەکی دیکە شک نابات، بۆ ئەوەی لەوی دی نزیک ببێتەوە و بۆشاییی تەنیایی پێ پڕ بکاتەوە. خۆشەویستیی ڕاستەقینەیش هەیە، بەڵام ئەوە کاتێک ڕوو دەدات کە زادەی پێویستی نەبێت. کە پێویستت بەوی دی نەبێت، کە تەنیاییت پێ باش بێت و هەست بە بێزاری نەکەیت، ئەوسا ئەگەری سەرهەڵدانی خۆشەویستی لای تۆوە هەیە، بەڵام ئەو کاتەیش ناتوانیت لەوە دڵنیا بیت، ئەوی دی بە ڕاستی خۆشی دەوێیت یان نا. ئەوەی باشە کە تۆ کەسێکت خۆش ویست، ئیدی پێویستت بەوە نابێت، ئەو تۆی بە ڕاستی خۆش دەوێت، یان نا، چونکە عاشق وەڵامی ئەو پرسیارەی بەلاوە گرینگ نییە و لەسەر خۆشویستنی ئەوی دی بەردەوام دەبێت. ئەوی بە ڕاستی عاشق بێت، نیگەرانی دەستی ئەوە نابێت، دڵخوازەکەی بە ڕاستی خۆشی دەوێت، یان نا، ئەوە بەلایەوە جێی بایەخە کە چێژ لەو دۆخە دەبینێت، ئەگەر لە وەهم بەولاوە هیچی تریش نەبێت.

نیتشە دەیگوت: ئینسان ناتوانێت بێ درۆ بژی، ئاخر ژیان لەگەڵ حەقیقەتدا، ئەوەندە سەختە، لە توانای ئینسان بەدەرە. ئەگەر بتوانین زیرەکانە درۆ بکەین، ئیدی درۆ ئاسانکاریمان بۆ دەکات، وەک چۆن ڕۆن یارمەتی ماشێن دەدات، تا باش ئیش بکات. کە ستایشی جوانیی ژنێک دەکەین، سوور دەزانین درۆی بۆ دەکەین، ئاخر هەمان ستایشی چەندانی ژنی دیکەیشمان کردووە و لە داهاتوویشدا هەمان پەسنی چەندان ژنی تریش دەدەین. ژنیش کە بە پیاوێک دەڵێت: تۆ تاقە پیاویت سەرنجی منت ڕاکیشابێت، درۆی لەگەڵدا دەکات. پیاو بۆیە درۆ بۆ ژن دەکات، تا ئەو بۆشایییەی پێ پڕ بکاتەوە لە ژیانیدا هەیە، ژنیش بۆ هەمان مەبەست درۆ بۆ پیاو دەکات.

ئەوانەی ڕۆڵی عاشق دەبینن، هەمیشە لە ترسی ئەوەی فریو درابن و وەک کاڵایەک سوودیان لێ وەرگیرابێت، لە دڵەڕاوکێدا دەژین و لەگەڵ خودی خۆیاندا لە ململانێدان، هەر لەم سۆنگەیەشەوە، ژن دوای ئاوێزان هەست بە خەمناکی دەکات، بە تایبەتی ئەگەر پیاوە هەر کە لێ بووەوە، لێی بخەوێت. ژن بەوە زۆر بریندار دەبێت، ئەگەر وا هەست بکات، پیاو تەنیا لە پێناوی ئەو تاقە پێویستییەدا بایەخی پێ دەدات، پیاویش خۆی بە فریودراو دەزانێت، ئەگەر دەرک بەوە بکات، بایەخدانی ژن پێی، لە خۆشەویستییەوە نییە، لەبەر دراوە، یان لە سۆنگەی پەیداکردنی چەترێکەوەیە بۆ خۆپاراستن. تەنانەت ئەگەر دەرکیشت بەوە کرد، فریودراویت، گوێی خۆتی لێ بخەوێنە، وەک چۆن هەیە بەدەم خەوەوە دەڕوات، تۆیش بەدەم خەوەوە خۆشەویستی بکە، ئاخر پێویستت بەوی دیکەیە و ڕێگەچارەی تریشت نییە. نیگەران مەبە و چێژ لەو دۆخە ببینە، بەڵام بڕێک زیاتر لە جاران چاوکراوە بە!

ئەگەر لەوە دڵنیا بوویت، تۆ ئەوت بە ڕاستی خۆش دەوێت، ئیدی گوێ مەدە ئەوەی ئەویش هەمان هەستی تۆی هەیە، یان نا، ئاخر تۆ ئەوەندەت بەسە، گرینگ ئەوەیە تۆ ئەو فریو نادەیت و بەد سوود لە پێوەندیتان وەرناگریت، تەنیا پێویستت بە هاوژینییە کە ئەویش پەسەندی کردووە. ڕەنگە وای بۆ بچیت، تۆ شیاوی ئەو هەموو خۆشەویستییەی ئەو نیت، ئەگەر بە خۆت قایل بیت، متمانەت بە خۆت هەبێت و خودی خۆت خۆش بوێت، گومانی وات لە کن دروست نابێت. ئەوانەی ڕقیان لە خۆیانە و هەست بە کەموکووڕی دەکەن، بە زەحمەت ئەوەیان بۆ هەرس دەکرێت، کەسێک پەیدا ببێت، بە ڕاستی خۆشی بوێن، ئاخر ئەوی بڕوای بە خۆی نەبێت، بڕوای بەوانی تریش نابێت. نیگەران مەبە و بڕوات بە خۆت پتەو بێت، چونکە هیچ ڕێگەچارەی دیکەت نییە. ئەگەر تۆ دڵخۆش بیت و چێژ لە ژیانی خۆت ببینیت، ئەوی تریش بە ناسینت دڵخۆش دەبێت و چێژ لەوە دەبینێت، هاوژینت بێت.

کە چیرۆکی خۆشەویستی بە کۆتایی دەگات، لەبەر خۆمانەوە دەڵێین: ئەگەر ساختە نەبووایە، کۆتایی نەدەهات، بەڵام هیچ مەرج نییە ساختە بووبێت، لای کەم بڕێک لە حەقیقەتی تێدابووە، ئێمە نەمانتوانیوە پارێزگاریی لێ بکەین، خۆشەویستی لە ئارادابووە، خۆمان کوشتوومانە. ئەوە نییە لە سەرەتاوە هەموو شتێک بە باشی و بە جوانی بەڕێوە دەچێت، بەڵام کە لە جێیەکدا لەنگەر دەگرێت، ئیتر هێدی هێدی ناکۆکی دەست پێ دەکات؟ هەموو خۆشەویستییەک سەرەتایەکی ڕۆشنی هەیە، ئەوە عاشقان خۆیانن، ئەو ڕووناکییە دەکوژێننەوە، خۆیان خۆشەویستییەکە لەبار دەبەن، کەچی ددان بە هەڵەی خۆیاندا نانێن و خۆشەویستییەکە بە هەڵە و ساختە لە قەڵەم دەدەن. خۆشەویستی با وەهم یان خەونیش بێت، هەر دەست لە داوێنی بەر مەدە! کە ئاستی تێگەییشتنت بڵند بووەوە، جۆرە خۆشەویستییەکی دیکە، دڵت ڕۆشن دەکاتەوە کە زادەی پێویستیی جەستەیی نییە، ئەبەدییە.[١]

20ی دێسەمبەری 2016

  • (1) أوشو، الحب و الحریە و الفردانیە، ترجمە: میتم الچایع، دار الحوار 2013 اللاژقیە.
  • (2) أوشو، گریق الحب، ترجمە: میتم الچایع، دار الحوار 2015 أللاژقیە.
  1. سەرچاوە: رووداو