مارف ناسراو

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

لە ڕۆژی 14-05-1985 لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لە شاری سلێمانی دەستگیر کراوە.

مارف ناسراو.jpg

من کوڕی حاجی کەریمی مەلا ساڵحی حەمەومین عوسمانم، کە لە گوندی (زەلان) لە ناوچەی شارباژێڕ ساڵی ١٩٠٧ ھاتۆتە دنیاوە.

دایکیشم فاتمی مەلا کەریمی مارف چاوەش، لەگەڕەکی سابونکەران لە شاری سلێمانی ١٩١٥ ھاتۆتە دنیاوە.

بۆ خۆیشم لە ٢٩/٣/١٩٤٣ لە شاری سلێمانی لە گەڕەکی کانێسکان لە خانووی ژمارە ١٣/١٨ لە دایکبووم.

کە تەمەنم گەیشتە حەوت ساڵ، دایکم پەلی گرتم و عەباکەیدا بەسەریدا و بەرەو خواریکردمەوە، بۆ بەردەم بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی ئەوساکە خوار ماڵی تۆفیق قەزاز بوو، ئێستا بۆتە شەقامی گۆران، منیش عەرەبانەیەکی خلخلۆکەم بەدەستەوە بوو، گەیشتینە بەردەم پەروەردە، دایکی کەمالیش، کەمالی کوڕی ھێنا بوو بۆ ناونوسین و وەرگرتنی لە خوێندنگا، کەمالی ھونەرمەندی کۆچکردو (کەمال سابیر) بوو، ئەوکاتە تەمەنی شەش ساڵ بووە، بەڕێوەبەری پەروەردە بە دایکی وت ساڵێکی ماوە وەربگیرێ!! دایکی کەمال زۆر پاڕایەوە و تکای لێکرد، ئیتر بەڕێوەبەر دڵی نەرمبوو، لەوکاتەدا من لەبەردەم مێزەکەی بەڕێوەبەر وەستا بووم و خلخلۆکەکەش بەدەستمەوە بوو، بەڕێوەبەر کە ئەمەی دی، پڕیکرد بە خلخلۆکەکەی دەستماو تا توانی فڕێیدایە بەردەم دەرگاکە.

ئینجا دەستی برد لە چەکمەجەی مێزەکەیدا مقەستێکی دەرھێناو پڕیکرد بەو تۆپەڵە قژەدا کە وەک گودلە بۆیانکردبوو توند گرتی و بە مقەستەکە بڕیو راست و چەپ زایدێکی لەسەریدا دروستکرد، پاشان روویکردە دایکی ھەردووکمان و وتی: ھەر ئێستا ئەچن سەریان پاک پاک سفر ئەکەن و دوایی ئەچنە لای وێنەگر یەحیا فەنی رەسام، سەرو دوو وێنەی شەمسیان بۆ ئەگرن و دوایی وەرنەوە بۆ ئێرە. ئەم بەڕێوەبەرە عەرەب بوو، ئەیانوت خەڵکی میسرە، بەڵام دواتر دەرکەوت کە مووسڵاوی بوو، سدارەیەکی لەسەرنابوو سمێڵیشی بۆیە کردبوو، دوای ئەوەی وێنەمان گرت و سەرمان تاشرا، گەڕاینەوە بۆ لای بەڕێوەبەر، ئەویش ھەریەکەو نووسراوێکی بۆ نووسین، دایە دەستی دایکمان وتی بڕۆن بۆ خوێندنگەی (غازی)، دوای چەند رۆژێک لە خوێندنگەی غازی مامۆستایەک ھات و کەوتە ناونووسین، ئەوانەی ناویان نووسرا جیای کردینەوەو لیستێکی دایە دەست یەکێکمان و وتی: بڕۆن بۆ خوێندنگەی مەڵکەندی لە گەڕەکی گاوران، ھەموومان رۆشتین و لەوێ وەرگیراین.

ئەوەی ئێستا بیرم بێتەوە ناوی مامۆستاکانمان بوو لە خوێندنگەی مەڵکەندی کە ئەمانە بوون (بەشیر داود - مەسیحی بوو، مامۆستا فوئاد حەمەومین ئاغای ھونەرمەندی کۆچکردو، ھەروەھا مامۆستا مستەفا ساڵح کەریم و ئەحمەد ھەردی شاعیر)، مامۆستا ئەحمەد ھەردی ھاتە پۆلەوەو لیستێکی ناومانی پێبو کەوتە خوێندنەوە، گەیشتە سەر ناوی من و وتی: مارف واتە مەعروف مەعروفیش یانی ناسراو، لەمڕۆوە تۆ بانگ دەکەم ناسراو کەریم ساڵح، ئەو خوێندکارانەی ئەوسا ئەمانە بووین (فەرەنسیس داود، فەرید عیساو عەتا قەزاز و کەمالی ئەحمەدی دۆڵپەمویی و جەلالی وەستا ئەمینی بەناو زۆری تر ناویانم لەیاد نەماوە، تا پۆلی چوار ھەموو ساڵێک دەردەچووم و نەئەمامەوە.

بابەتە پەیوەستکراوەکان:


'ئەو رۆژانەی بەسەرچوون'