مامۆستا جاسم کەلاری - لە قەبریشدا بە زمانی کوردیی وەڵام دەدەمەوە

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
Images (4096).jpg

دوای ئەوەی جاسم کەلاری، مامۆستای ئاینیی وتی: “لە قەبریشدا بە زمانی کوردیی وەڵام دەدەمەوە” و داوای کرد زمانی کوردی بپارێزرێت، دەنگدانەوەی گەورەی لێکەوتەوە، ئەمڕۆش جەختی کردەوە، هەوڵدراوە فەزڵی زمانی عەرەبی بدرێت بەسەر زمانی کوردیدا، بەڵام ئەمە پێچەوانەی ئاینی ئیسلامە.

جاسم کەلاری، مامۆستای ئاینی و پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بەهۆی ئەو کاردانەوانەی درووستبوون لە دوای وتارەکەی لەسەر زمانی کوردیی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ئەنجامدا.

مامۆستا جاسم کەلاری وتی: دوای ئەوەی باسی زمانی کوردیمان کرد هەندێک هەڵەتێگەیشتن درووستبوو لە قسەکانماندا، من دەڵێم: ئەگەر لە قەبردا فریشتەکان لە زمانی کوردی تێنەگەیشتن، ئەوا سکاڵا لای خودا دەکەم و دەڵێم بۆ لێم تێناگەن کە منت بە کورد درووستکردووە.

وتیشی: هۆکاری ئەوەی من ئەو بابەتەم باسکردووە لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ فەرموودەیەکی درووستکراو کە فەزڵی زمانی عەرەبی دەدات بەسەر زمانەکانی تردا، لە کاتێکدا ئاینی ئیسلام هاتووە بۆ شکاندنی جاهیلییەت، خودای گەورە دەفەرموێت باشترینتان ئەوەیە کە خواپەرستی زیاتر بکات، بەڵام ئەوان دێن دەدەن لەم ئایەتەی خودا، یاخود لەسەردەمی عوسمانییەکاندا حەدیسیان درووستکردووە و وتوویانە ئەگەر کەسێک تورکی نەزانێت ناچێتە بەهەشتەوە.

هەروەها جاسم کەلاری ئاماژەی بەوەش کرد، بەڵگەم لەسەر قسەکانم هەیە و قورئان دژایەتی ئەو بیروباوەڕەی کردووە، پێغەمبەری خودا لە حەجی ماڵئاواییدا دەڵێت: هیچ قەومێک فەزڵی بەسەر قەومێکی دیکەوە نییە، من جەختم لەسەر ئەوەش کردووەتەوە و وتوومە بۆیە کوردایەتی لەناوماندا کەمبووەتەوە، چونکە کەسانێکی گەندەڵ حوکمڕانیمان دەکەن، مەبەستم ئەوە بووە خۆمان خاوەن زمان و کەلتووری خۆمانین و پێویستە گەندەڵکاران نەبنە خاوەنمان.[١]

  1. سەرچاوە: rojnews