محەمەدی مەلا کەریم

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

محەمەدی مەلا کەریم لە ١٤-٠٨-١٩٣١ لە گوندی بیارەی هەورامان هاتۆتە دنیاوە.

محەمەدی مەلا کەریم.jpg

حوجرەی فەقێی لە گوندی بیارە و لە مزگەوتی حاجی حان لە سلێمانی خوێندووە.

لە ١٩٤٩ لە رۆژنامەکانی شاری بەغدا بە زمانی عەرەبی بابەتی بڵاوکردۆتەوە.

١٩٥٢ لە رۆژنامەی ژین بە زمانی کوردی دەستی بە بڵاوکردنەوە کرد.

١٩٥٣ پەیوەندی بە حزبی شیوعی دەکات و ١٩٥٥ شەرەفی ئەندامی وەردەگرێت.

بۆ یەکەم جار ساڵی ١٩٥٤ حوکمی یەک ساڵ زیندانی کردنی بۆ دەرچووە.

پاش شۆڕشی ١٤ی تەموز، دەرکردنی گۆڤاری شەفەقی دراوەتە دەست.

١٩٦٤ دوای چەندین جاری دیکە زیندانی کردن، پێنج ساڵ حوکمی بەدکردنی بەسەردا دەدرێتەوە و دوای سێ ساڵ زیندانیکردن، بە هەوڵی مام جەلال ئازاد دەکرێت.

  • محەمەدی مەلا کەریم

یان حەمەی مەلا کەریم (١٤ی ئابی ١٩٣١ بیارە، هەڵەبجە — ١٢ی ئازاری ٢٠١٧، سلێمانی) نووسەر، توێژەر، و وەرگێڕێکی کورد بوو. کوڕی زانای کورد مه‌لا عەبدولکەریمی مودەریسسە.

حەمەی مەلا کەریم ھەندێک دیوانی شیعری کوردی وەکوو دیوانی مەحوی، گۆران و بێخودی لێکداوەتەوە. ئەو یەکێک بوو لە ئەندامانی ئەکادیمیای کوردی. ھەژار لە کتێبی چێشتی مجێور حەمەی مەلا کەریم وەکوو کەسێکی شارەزا لە زمانی کوردیدا ناو دەبا.

ژیان

ناوی محەمەدی مه‌لا عەبدولکەریمی مودەریسە، لە ١٤ی ئابی ١٩٣١ لە شارۆچکەی بیارەی پارێزگای هەڵەبجە لەدایکبووە.

لە قوتابخانەی منداڵە شێخەکانی بیارە خوێندنی قورئانی پیرۆزی تەواو کردووە، و کوردی و فارسی لە حوجرە خوێندووە.

تا ساڵی ١٩٥٢ ماڵیان لە بیارە بووە و دواتر چوونەتە سلێمانی.

لە ١٩٥٤ خوێندنی مەلایەتی لە سلێمانی تەواوکردووە.

لە بیارە، لە تەمەنی لاوییەتی ئارەزووی چۆتە کاری ڕۆژنامەنووسی، چەندین نووسینی لە ڕۆژنامەکانی بەغدا بڵاو کردووەتەوە.

ھاوکات ئاشنایەتی لەگەڵ گۆران پەیدا کردووە. لە ڕۆژنامەی ژین چەندین پەخشان و شیعری بڵاوکردووەتەوە.

پێشتریش ھەر لە بیارە، گۆڤارێکی ئایینیی سیاسی دەرکردووە. لە ١٩٤٨ ئاشنایەتی لەگەڵ ئەدەبیاتی شیوعی پەیدا کردووە و لە ١٩٥٣ بووەتە ئەندامێکی چالاکی ئەو حیزبە.

بەھۆی شارەزایییەوە توانی بووی پێداچوونەوە بە دیوانی «شیرین و خوسرەو»ی خانای قوبادی بکا، کە نزیکەی ٥٥٢٦ دێرەشیعرە و بە شێوەزاری ھەورامی نووسراوە، بەھۆی سەرکەوتنی لە پێداچوونەوەی ئەو دیوانە، لە ١٩٧٥ کۆمەڵەی زانستیی کوردی ئەو دیوانەیان چاپ کرد.

محەممەد ڕۆڵێکی دەستپێشخەری ھەبوو لە پێداچوونەوە بە دیوانی مەولەوی، بە لێکدانەوەی دیوانەکەی، ھەروەھا ماناکردنی زۆرێک لە وشە ھەورامی و بیانییەکان، بە ڕوونکردنەوە و بەپشتبەستن بە ھەندێک فەرھەنگ. ھەروەھا ھاوکاربووە لەگەڵ مه‌لا عەبدولکەریمی مودەریس باوکی و فاتیحی برای لە لێکدانەوەی دیوانی نالی، دوای پێداچوونەوە ھەستاوە بە چاپکردنی دیوانەکە بە ھاوکاریی کۆمەڵەی زانستیی کوردی لە ١٩٧٦. دیسان بە ھاوکاریی باوکی کاری کردووە بۆ لێکدانەوە و شیکردنەوەی دیوانی مەحوی و چاپکردنی دیوانەکەی لەلایەن کۆمەڵەی زانستیی کوردی لە بەغدا، لە سەرەتای دیوانەکە ئاماژەی بەوە داوە کە سوودی لە چاپی ساڵی ١٩٢٢ی دیوانی مەحوی وەرگرتووە و لەگەڵ ھەندێک لە تێبینی و نووسینەکانی مەحوی کە لەلای خێزانەکەی مابوون، ھەروەھا ئاماژەی بە سوودوەرگرتن کردووە لە گۆران و کاکەی فەلاح بۆ پوختەکردنی ئەو چاپە نوێیە، دواتر لە ١٩٦٢ پێشکەشی باوکی کردووە.

لە ڕۆژنامەکانی «تەئاخی و برایەتی، فکر ئەلجەدید، شەفەق و ئیسلاحی زەراعی، و گۆڤار و ڕۆژنامەی تری کوردی و عەرەبی کاری کردووە. یەکێک بووە لە ئەندامانی کۆڕی زانیاریی کورد. خاوەنی زیاتر لە ٣٠ کتێبی جۆراوجۆرە، جگە لە کارکردن لە دیوانی شاعیرە کلاسیکییەکانی کورد بە ھاوکاریی باوکی «مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس». زیاتر لە ٥٠ ساڵ خەریکی نووسین و توێژینەوە بووە، و چەند جارێک زیندانی کراوە، کتێبەکانی «جەنگاوەرێکی ڤێتنامی» و «لاوک و حەیران»ی لە زیندان نووسیون.

حەمەی مەلا کەریم لە چەند ساڵی کۆتاییی تەمەنی بەھۆی نەخۆشییەوە کەوتبووە سەرجێگا. لە بەرەبەیانی ١٢ی ئازاری ٢٠١٧، بەھۆی نەخۆشییەوە لە سلێمانی کۆچی دوایی کرد، لە گردی مامەیارە تەرمەکەی نێژرا.

شێرکۆ بێکەس وەک وەسفێک بۆی لە شیعری «تەون» دەڵێت:

کاکە حەمە، پیاوێک لە کاغەزی ڕۆژنامە

ھەورامان کوڕی شاخە و سیاچەمانە کچی باخە

لەم دوانەیەش نەوەی شیعر و پەخشان کەوتنەوە و لە دارگوێزێکی نورانیش «مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس» کەوتەوە

لەویش کۆمەڵێ درەختی ڕوناکبیر کە یەکێکیان حەمەی مەلا کەریمی گوڵاوی بوو.[١]



  • مامۆستا محەمەدی مەلا كەریم

زانایەكی گەورەی بواری ئەدەبی‌و كەلتووری كوردستانە‌و لە رشتەكانی نوسین‌و وەرگێڕان‌و لێكۆڵینەوەی ئەدەبی خزمەتێكی زۆری بەكاروانی رۆشنبیری كوردستان كرد‌و وەك قەڵەمێكی ئازا‌و پێشكەوتنخواز لەدەرگایەكی گەورەوە چووە لاپەڕە درەوشاوەكانی مێژووی كورده‌وه‌.

مامۆستا محەمەدی مه‌لا كه‌ریم لە رۆژی 14ی ئابی 1931 لەناحیەی بیارەی سەر بەهەڵەبجە لەدایك بووە.لەئامێزی خانەوادەی مودەڕیسدا پەروەردە بوو كە بنەماڵەیەكی شكۆداری ئاینیی زانستپەوەر‌و ئەدەبپەوەر بوون‌و لەسەردەستی مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیسی باوكی‌و زانا ئایینیەكانی دیكە دەرسە ئایینەیەكانی خوێند‌و مۆڵەتی مەلایەتیی وەرگرت‌و بەڵام كاری مەلایەتی نەكرد‌و خۆی تەرخان كرد بۆ خزمەتی كەلتوری گەلەكەی.

مامۆستا محەمەدی مەلا كەریم كەسێكی چەپ‌و خاوەن بیرێكی پێشكەوتنخواز‌و شارستانی بوو، بەهۆی بیرو بۆچوون‌و هەڵویستە سیاسی‌و نیشتمانییەكانییەوە تووشی راونان‌و زیندان‌و ئازاردان بوو، بەڵام هەموو ئەوانە كۆڵیان پێنەدا‌و لەسەر باوەڕەكەی خۆی سوور بوو، تەنانەت زیندانیشی وەك قوتابخانەیەك‌و وێستگەیەكی تێكۆشان‌و كاركردن سەیر ئەكرد، هەر بۆیەش كونجی زیندانیشی بۆ خزمەتی نوسین وەبەرهێنا‌و كتێبه‌كانی ( جەنگاوەرێكی ڤێتنامی)‌و (لاوك‌و حەیران)ی لەزیندان وه‌رگێراو نووسی.

مامۆستا محەمەد وەك لێكۆڵیارێك خزمەتێكی فرەی بەئەدەبی كوردی كردووە‌و دیوانی چەند شاعیرێكی گەورەی كوردی ساغ كردۆتەوە‌و بەچاپی گەیاندوون‌و لە فەوتان رزگاری كردوون، لەوانە( مەولەوی، نالی، مەحوی، حاجی قادری كۆیی، سالم، بێسارانی، گۆران‌و بێخود)ی چەندان كاری ناوازەی دیكە.

زمانەكانی عەرەبی‌و فارسی بەباشی زانیوە‌و ئەوەش هاوكارێكی باشی بووە بۆ ئەوەی وەك وەرگێڕیكی بەسەلیقە خزمەت بكات‌و لەو بوارەشدا شوێن پەنجەی دیارە. مامۆستا محەمەدی مەلا كەریم ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی نوسەرانی كورد‌و سكرتێری نوسینی گۆڤارەكەی بوو، وەك نوسەرو رۆژنامەنوسێكی بەتوانا لەو گۆڤارە‌و رۆژنامە‌و گۆڤارەكانی تر خزمەتی كرد‌و چەندین وتارو لێكۆڵنەوەی زانستی بەپێزی پێشكەش كرد.

ماوەیەكی زۆریش ئەندامێكی چالاكی كۆڕی زانیاری كورد بوو، لەرێی ئەو كۆڕە‌و گۆڤارەیەكەوە خزمەتی زۆری بەئەدەب‌و كەلتوری كوردی كرد. دواتریش ئەندامی ئەکادیمیای کوردی بووەو لەرێی ئەو دەزگایەوە خزمەتی کردووە.ئەم زانا ناودارەی كورد نزیكەی نیوسەدە لەتەمەنی خۆی بەخزمەتی ئەدەب‌و روناكبیریی كوردستان بەخشی‌و خاوەنی زیاتر لە 20 كتێبی ناوازە‌و دەیان وتارو لێكۆڵینەوەی بەنرخە.

بەداخەوە ئەم زانا پایەدار‌و پێشكەوتنخواز‌و بیر رۆشنەی كوردستان، پاش ململانێیەكی درێژ لەگەڵ نەخۆشی بەرەبەیانی 12ی ئازاری 2017 بۆ دواجار لەشاری سلێمانی چاوەكانی لێكنا‌و ئۆغری كرد‌و لە گردی سەیوان بەخاک سپێردراو چووە دنیای نەمرانەوە.درودی رێزو وەفا‌و ئەمەكداری بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی محەمەدی مەلا كەریم ئەو پیاوەی بیرو قەڵەمەكەی بەپاكی‌و درەوشاوەیی مایەوە‌و هیچ زروف‌و زەمانێك كاری تێنەكرد‌و وەك سوڵتانی ئەدەبی كوردی چووە دیرۆكەوە.[٢]

محەمەدی مەلا کەریم

چەند قسەیەکی نارد بۆ «ڕشتە» لە وانەدا گێرایەوە، وتی: «ڕۆژێک ژنێکی شاتری کوڕێکی منداڵی هەبوو نەخوش بوو»، ئەچێتە لای «شێخ حەسەن»ی «قەیتول» نوشتەیەکی بۆ بکا. کە ئەچێ لەو کاتەدا شێخ هێلکەوڕۆنی لەبەر دەما ئەبێ ئەیخوا. هێلکەوڕۆنەکەش، نیمڕۆ ئەبێ؛ زەردێنەکەی بڵاو ئەبێتەوە بە سەریا.

شێخ لە ژنەکە ئەپرسێ: کوڕەکەت چییەتی؟ ئەڵێ: «قوربان بێ عەدەبی نەوێ کە دائەنیشێ دانیشتنەکەی لەوەی بەر دەمی شێخ فرە زەردتر و تەڕترە، ئەوا هاتگم بەڵکووو شێخ دەم و نەفەسێکی بۆ بخاتە کار». شێخ سەیر ئەکا ئەم ژنە قسەی خۆی پێ وت، وتی چارێکی ئەکەم کەڵک ناگرێ. هێنای قاقەزێکی وەکوو نوشتە بۆ پێچایەوە و دایە و وتی: بچۆ ئەمە بیگرە مۆم و بیلکێنە بە دەرگای قنگی کوڕەکەدا، بە هیمەتی پیران چاک ئەبێتەوە.

ژنەش ئەچێ وەکوو شێخ ئەفەرموێ وا ئەکا. پاش چەند ڕۆژێک ئەچێتەوە بۆخزمەت شێخ. شێخ لێی ئەپرسێ ها دایکم کوڕەکەت چۆنە؟ ئەڵێ: قوربان! خوا هەر بووتێڵێ بۆمان. لەو ڕۆژەوە دەم و نەفەسەکەی تۆم بۆڕێگە وە قنگیا تکە تکە نەوێ دانانیشێ! شێخ ئیتر هیچی پێ ناوێرێ.[٣]


بابەتە پەیوەستکراوەکان.

  1. سەرچاوە: ویکیپیدیا
  2. سەرچاوە: خاک تیڤی / خەلیل عەبدولڵا
  3. سەرچاوە:ڤەژینبوکس