مزگه‌وتی گه‌وره‌ی شاری سلێمانی

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

مزگەوتی گەورە

71020211244800 unnamed.jpg

نووسینی: ڕێبوار حەمەتۆفیق

ھەر لەگەڵ دروستکردنی شاری سلێمانی لە ساڵی ١٧٨٤دا، لەلایەن (ئیبراھیم پاشای بابان)ی دامەزرێنەری شارەکەوە دروست کراوە. یەکەم مزگەوت بووە کە نوێژی ھەینی تێدا کرابێت. دەکەوێتە ناوەڕاستی شار و گەڕەکی کانی ئاسکانەوە. لەبەر گەورەیی و فراوانییەکەی، بە (مزگەوتی گەورە) یان لەبەر ئەوەی کە ماوەیەک (کاک ئەحمەدی شێخ) مامۆستا و پێشنوێژیی لێ کردووە، بە (مزگەوتی کاک ئەحمەدی شێخ) ناسراوە.

مزگەوتەکە لە: دوو گومەز و منارەی ڕازاوە، سێ دەروازەی سەرەکی بۆ ھاتوچۆکردن، کتێبخانە، دوو ھۆڵی گەورەبۆ نوێژکردن، ھۆڵێکی گەورە بۆ خەتم و زیکر و پەیڕەوانی تەریقەت، گۆڕستان، شوێنی دەستنوێژ و دەست بەئاوگەیاندن پێکھاتووە.

شوێنی چاوەڕوانییەکەی بۆ ئەو کەسانەیە لەبەر ھەر ھۆیەک بێت ڕوویان لە مزگەوتەکە یان شارەکە کردووە و لە دووبەش پێکھاتووە: بەشی پیاوان، کە کەوتووەتە ناوەڕاستی مزگەوتەکەوە و بەشوێنی دەستنوێژگرتن ناسراوە و بەشی ژنان، کە کەوتووەتە نزیک گۆڕستانی مزگەوتەکەوە.

لەسەردەمی حاجی کاک ئەحمەدی شێخدا، یەکەم خوێندنگەی فێربوونی زانستە شەرعییەکان لە مزگەوتەکەدا کراوەتەوە و چەند مامۆستایەکی بەناوبانگ دەرسیان تێدا وتووەتەوە، لەوانە: (شێخ مارفی نۆدێی، حاجی کاک ئەحمەدی شێخ، مەلا عەبدولڕەحمانی پێنجوێنی، سەی عەبدوڵڵای حاجی سەی حەسەن و حاجی عەبدوڵڵای بژوی...) و دەیان زانا و مەلا و خوێندەوار لەم خوێندنگەیەدا دەرسیان خوێندووە، ھەروەھا لەسەر پێشنیازی کاک ئەحەمەدی شێخیش نابیناکانی شارەکە ھاندراوە تا لەم خوێندنگەیەدا قورئان بخوێنن و بژێوی ژیانیانی پێ دابین بکەن. لەنێوان ساڵانی ١٧٨٥-١٨٢٢ ژمارەی قوتابییە پلە پەرزەکانی خوێنندگەکە لە حەفتا قوتابی زۆرتر بووە.

بەشی کتێبخانە، لەگەلڕ دروستکردنی مزگەوتەکە دروست کراوە و لەلایەن شێخ مارفی نۆ دێیی سەرۆکی مامۆستاکان و ئەمیندارێتی کتێبخانەکەوە سەرپەرشتی کراوە. لەلایەن زانایان و میرانی بابانیشەوە چاودێری کراوە و میرانی بابان، بۆ دابینکردنی کتێب و سەرچاوەی پێویست بۆی، چەرچی و کەسی تایبەتیان بۆ ڕاسپاردووە و ئەحمەد پاشای بابان خۆی لە (یەمەن)ەوە کتێب و نووسراوی بۆ پەیدا کردووە.

دەگێڕنەوە کە جگە لە ھەزاران کتێب، شەش ھەزار دەستنووسیشی تێدا بووە. بەڵام پاش کۆچی دوایی شێخ مارف و ڕوخانی میرنشینی بابان لە ساڵی ١٨٥٠دا، ئیتر وردە وردە کتێبەکان فەوتاون، ئەگەرچی لەسەردەمی حاجی کاک ئەحمەدی شێخدا ھەواڵی ڕێکخستنەوەی دراوە، بەڵام دواجار لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی بریتانیادا، لەلایەن (مێجەرسۆن) ئەوەی ماوەتەوە، سوتێنراوە و لەم دواییەشدا بە ھەوڵی (شێخ محەممەدی خاڵ) پاشماوەی کتێبەکانی دراوە بە کتێبخانەی ئەوقاف لە سلێمانی.

گۆڕستانی مزگەوتەکە، لە دوو بەش پێکھاتووە، یەکەمیان بچووکە و گۆڕی حاجی کاک ئەحمەد و کەسوکارەکەی لێیە و دووەمیشیان گۆڕستانێکی گەورەیە کە گۆڕی میرانی بابانی لێ بەخاک سپێردراوە.

ساڵی ١٨٩١ لەلایەن سوڵتان (عەبدولحەمید)ەوە منارەکی بۆ زیادکراوە و لەلایەن (حاجی عەبدوڵڵای درێژ)یشەوە حەرەمەکەی بۆ گەورە کراوە. ساڵانی ١٩٦٥-١٩٦٧ منارەیەکی تر و سەحنە گەورەکەی بۆ دروست کراوە و بەردەوام و لەسەردەمی دەسەڵاتی عوسمانیی، پاشایی، کۆماریی و پاش ڕاپەڕینیش چەند جارێک نۆژەن کراوەتەوە و دواجار لەسەردەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا بەشێوەیکی فراوانتر و جوانتر نۆژەنکراوەتەوە. تەنھا بۆ مەبەستی نوێژکردن سەردانی مزگەوتەکە ناکرێت، بەڵکو بەشێکی تری ئەوانەی کە ڕووی لێ دەکەن، بریتیین لە ھەژاران، ڕێبواران (بەتایبەت ئەوانەی کە لە دەرەوەی شارەوە ھاتوون)، نزاکاران، ئەھلی تەریقەت و ئەوانەی کە بۆ داواکردنی شیفا و چارەسەری نەخۆشەکانیان ھاتوون.

ھەر لە مزگەوتەکەدا، چێشتخانەیەک ھەیە کە جاران ڕۆژنە و لە ئێستاشدا ھەفتەی جارێک خواردن پێشکەشی ئەو کەسانە دەکەن کە ھەژارن یان بۆ شیفا دەیانەوێت لێی بخۆن. ژمارەیەک کارمەند و چێشتلێنەری لەلایەن حکومەتەوە بۆ دامەزرێنراوە و لەگەلڕ دەوڵەمەند و خێرخوازەکاندا، خۆراکی بۆ دابین دەکەن.

لە ڕووی دەرەوە و لە لێواری دیواری مزگەوتەکەدا، بازاڕێکی دەستگێڕی بۆ تەزبیحفرۆشان ھەیە (بە تایبەت لە ڕۆژی ھەینییاندا) و لە ناوەوە و لە دەرەوەی شاریشەوە ڕووی تێ دەکەن.