مزگەوتی خاناقا

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

مزگەوت و خاناقای مەولانا

نممنتا.jpg


نووسین: ڕێبوار حه‌مه‌تۆفیق

کەوتووەتە باشووری ڕۆژھەڵاتی شارەکەوە. بەدەستە چەپدا، لە کۆتایی شەقامی کاوەدایە. ساڵی ١٨١٧ یان ١٨١٨ی زایینی، لەلایەن (مەحموود پاشای کوڕی ئەوڕەحمان پاشای بابان)ـەوە، بۆ مەولانا خالیدی نەقشبەندی (١٧٧٩- ١٨٢٧) دروست کراوە. ھەر مەولانا خۆیشی یەکەم مامۆستا و مودەریسی مزگەوتەکە بووە. لەبەر خۆشەویستیی و ھۆگرایەتی بۆ کەسی مەولانا و تەریقەتی نەقشبەندیی، بە (مزگەوت و خانەقای مەولانا خالید) ناسراوە، تەنانەت شەقامی بەردەمی مزگەوتەکە و فولکەکەی نزیکیی و چەند شوێنێکی تریش، ھەر بەم ناوەوە ناسراون.

ھاوشانی مزگەوتی گەورە، فێرگەیەکی گەورەی خواناسیی بووە و ژمارەیەکی زۆر لە فەقێ و زیارەتکار، لە ناو شار و دەورووبەر و شوێنەکانی ترەوە، ڕوویان لێ کردووە و ھەندێ جاریش لەوێ ماونەتەوە. بۆ دەرھێنانی خەرجی خانەقاکە، ژمارەیەک لە موڵک و مالڕ و دێھاتی لەسەر وەقف کراوە.

لەسەردەمی مەولاناخالیددا، بووە بە مەڵبەندی فێرکردن و شوێنی کۆبوونەوەی ھۆگرانی تەریقەتی نەقشبەندیی و دوای سەفەری مەولاناش بۆ بەغدا و شام، چەند زانا و مامۆستایەکی گەورە دەرسیان تێدا وتووەتەوە، لەوانە (شێخ عەبدوڵڵای خەرپانی) بۆ ماوەی پێنج ساڵ و ھەر یەک لە: مەلا موسا، شێخ عومەر قەرەداغی، شێخ مارف، مەلا عەبدوڵڵای چروستانی و چەندین زانا و مامۆستای تر... و لەسەر دەستیان، ژمارەیەکی زۆر لە زانا و مامۆستای ئایینی پەروەردە بووە، لەوانە: (نالی) و (مستەفا بەگی کوردی) شاعیر و ئەوەش دەوترێت کە (بەھائوڵڵا)ی ڕابەری بەھائییەکانیش ماوەیەک لێرە ماوەتەوە.

لە ساڵی ١٩٥٦بەدواوە، نوێژی ھەینی لێ کراوە و (مەلا مستەفای حاجی مەلا ڕەسوڵ) کە بە (سەفوەت) ناسراوە، یەکەم وتارخوێن (خەتیب)ی بووە. مزگەوت و خانەقای مەولانا خالید، سێ دەروازەی بۆ چوونە ژوورەوە و دوو ھۆڵی گەورەی بۆ نوێژکردن ھەیە. ھۆڵەکان، دوو نھۆمیین و بەرامبەر یەکن و ھیچیان گومەزیان نییە. ھۆڵێکی گەورەی تایبەت بە پرسەی بەناوی (ھۆڵی مەولانا خالید) ھەیە و لە بەشی لای سەرەوەی مزگەوتەکەش، ھۆڵێکی تایبەت بە فێرکردن و لەبەرکردنی قورئان ھەیە کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی فێرکردن و لەبەرکردنی قورئانی سەر بە وەزارەتی ئەوقافەوە سەرپەرشتی دەکرێت. لە ناوەڕاست و حەوشی مزگەوتەکەشدا، شوێنێکی بچوکی دەستنوێژگرتن و حەوزێکی ئاو ھەیە کە گومەزێکی لەسەر دروست کراوە، ھەروەھا شوێنێکی تری تایبەت بە دەستنوێژکردن ھەیە کە لەم گەورەترە و کەوتووتە تەنیشت شوێنی تایبەت بە نوێژکردنی ژنانەوە. لە سوچێکی حەوشە فراوانەکەشیدا، مەزارگەیەک ھەیە کە گۆڕی ھەریەک لە (شێخ فەتاح)ی برازا و جێنشینی مەولانا خالید و گۆڕی (شێخ عەزیزی کوڕی شێخ فەتاح)ن، ئەمە جگە لە ژووی تایبەت بە وتارخوێن و چەند شوێنێکی تریش...

پێدەچێت ڕووبەری خانەقاکە لە سەرەتادا فراوانتر بووبێت، بۆیە لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی تورکەکاندا، مزگەوتەکە کراوەتە شوێنی چارەسەرکردنی نەخۆش و لێقەوماوان و بەم ھۆیەوە بەشێکی زۆری خانەقاکە زیانی پێگەشتووە. ھەروەھا چیمەنێکیشی ھەبووە و (نالی) لە چامەکەیدا ھەواڵی دەپرسێت و دەڵێت: سەیرێکی خۆش لە چیمەنی ناو خانەقا بکە ئایا ڕەبیعی ئاھووە یا چایری ستوور؟ چەند جارێک نۆژەنکراوەتەوە و بەشی بۆ زیاد کراوە. لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی بریتانییەکاندا و لە نێوان ساڵانی ١٩٢٠-١٩٢٢ پارەی بۆ کۆکراوەتەوە و بەیارمەتی حکوومەت نۆژەنکراوەتەوە. ساڵی ١٩٦٩ (شێخ محەممەدی خاڵ) ھەڵمەتی کۆکردنەوەی کۆمەکی بۆ کردووە و کۆمەڵێک لە دەوڵەمەند و خێرخوازانی شار، بە ھاوکاری سەرۆکایەتی ئەوقاف، جارێکی تر نۆژەنیان کردووەتەوە. ساڵی ١٩٧٠ لەسەر ئەرکی مەلا مستەفای بارزانی منارەیەکی بۆ دروست کراوە و دواجار، ساڵی ٢٠٠٧ لەسەر ئەرکی حکوومەتی ھەرێم، بە شێوەیەکی جوانتر لە ھەموو جارەکانی تر، لەگەلڕ ئەو ژمارە دووکانەی کە لە ڕووکاری پێشەوەی مزگەوتەکەن، نۆژەن کراوەتەوە.

لە ئێستادا، مزگەوت و خانەقای مەولانا خالید، ناونیشان (ئەدرەس)ی (کۆڵانی ژمارە ٢، گەڕەکی ژمارە ٢٠٢ی دەرگەزێن)ی وەرگرتووە.


پۆل: وتار