مۆنۆمێنتی هەڵەبجە

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

ساڵی 2003 لە شاری هەڵەبجە، دروستکراوە و چەندین بەڵگە و زانیاری و وێنەی لەسەر کیمابارانەکەی هەڵەبجە تێدایە.

Hal88.jpg


بیرۆكەی دروستكردنی ئەم مۆنۆمێنتە سەرۆک کۆماری ئێراق جەلال تاڵەبانی بوو. لە ئێستادا سەدان بەڵگەی تاوانی كیمیابارانی تێدا كۆكراونەتەوە و بۆتە شوێنێك بۆ بەرجەستەبوونی ئازارەكانی گەلی كورد و ساڵانەش زیاد لە 70 هەزار كەس سەردانی دەكەن

مۆنۆمێنتی هەڵەبجە مۆنۆمێنتەكە لەچەندین بەش پێكهاتووە، هەر بەشێك گوزارشتێك لەخۆدەگرێت‌ و بەشی ئەرشیڤ‌ و بەشی دیكۆمێنتاری‌ و بەشی میوانخانەو لە چەندین بەشیتر پێكهاتووە. لە سەر ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستان دروستكراوە.

لە کۆتاییەکانی شەڕی هەشت ساڵەی ئێراق-ئێران (1980-1988) و ئەمرۆ رێکەوتی 08-02-2024 کە دەکاتە 36 ساڵ بەر لە ئێستا، رژێمی بەعس ئێراقی بە چەکی کیمیایی هێرشیکردە سەر شاری هەڵەبجە کە هاوسنوورە لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

بۆردومانکردنی هەڵەبجە لە چوارچێوەی ئەو هێرشانەدا بوو کە رژێمی بەعس لە عێراق لەسەر ناوچە کوردییەکان دەستی پێکردبوو لە چوارچێوەی شاڵاوەکانی ئەنفال و راگواستنی خەڵکی گوندەکانی کوردستان بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان کە حکوومەت لە نزیک شارەکان دروستی کردبوو.

کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی رۆژی 16ی ئاداری 1988 تا بەرەبەیانی رۆژی دواتر، هێزە ئاسمانییەکانی عێراق15 جار شاری هەڵەبجەیان بۆردومان کرد، لەهەر جارێکدا نزیکی 10 فرۆکە بەشدارییان لە بۆردومانکردنەکەدا کرد.

100c4f6f8fe.jpg

لە دوانیوەڕۆی هەمان رۆژدا کاریگەرییەکانی ئەو گازانەی لە بۆردومانەکەدا بەکارهاتن، دەرکەوتن و هەزاران کەسی سڤیل گیانیان لەدەستدا و هەزارانی دیکەش برینداربوون.

ئەو گازانەی لە بۆردومانەکەدا بەکارهاتن، بۆنی سێو و میوەیان لە شارەکەدا بڵاوکردەوە، ئەمە بۆ دانیشتوانی هەڵەبجە شتێکی نامۆ بوو بۆیە بەشێکی زۆریان لە ژێرزەمینی ماڵەکانیاندا خۆیان حەشاردا و بەشێکیشیان لە دوانیوەڕۆوە هەوڵی هەڵاتن و رزگاربوونیاندا لەژێر بۆردومانی فرۆکەکانی بەعس، بەڵام دواتر ئەو بۆنی سێوەی شارەکەی گرتەوە کارەساتێکی گەورەیی مرۆیی دروستکرد کە تا ئێستا یەکێکە لە گەورەترین کۆمەڵکوژییەکان کە جیهاندا ئەنجامدراوە.

هەڵەبجە بە فڕۆکەکانی (سیخۆ و میراج) بۆردومانکرا لە کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ بۆردومانەکە دەستی پێکرد و تا بەرەبەیانی17ی ئادار بەردەوام بوو، شارەکە 15 جار هێرشی کرایە سەر و زیاتر لە 200 بۆمبی 500 کیلۆگرامی بەسەردا خرایە خوارەوە کە گازەکانی (خەردەل، سیانید، فۆسفۆر و دەمارەکان) لە بۆردومانەکەدا بەکارهات کە هەموو شتێکی زیندوویان لە شارەکەدا بە مرۆڤ، باڵندە، ئاژەڵ و دار و درەختەوە خنکاند.

275863062.jpg

تا ئێستا ئامارێکی دروست و وردی ژمارەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە لەبەردەستدا نییە و سەرژمێرییەکی ورد نەکراوە، بەڵام قوربانییەکان بە زیاتر لە پێنج هەزار شەهید و 10 هەزار بریندار مەزەندە دەکرێت.

بەپێی سەرژمێری و ئامارێکی نافەرمی رێکخراوەکانی هەڵەبجە، پێنج هەزار و460 قوربانی تۆمارکراوە، ئاماری بریندارەکانیش کە لە 14 کەمپی چارەسەری ئێرانییەکان وەرگیراوە 12 هەزار و 800 کەس دوای کارەساتەکە لە ئێران چارەسەرکراون کە بەشێکیان گیانیان لەدەستداوە و هەر لە ئێران بەخاکسپێردراون.

عەلی حەسەن مەجید ناسراو بە عەلی کیمیایی، بە تاوانباری سەرەکی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دادەنرێت و ئەوەی روویدا لەژێر بڕیار و فەرمانی ئەودا جێبەجێکرا.

عەلی حەسەن مەجید ئامۆزای سەدام حسین سەرکۆماری عێراق بوو بە دەستە راستیشی دادەنرا، لەدوای کیمیابارانکردنی هەڵەبجە خەڵکی کوردستان ناسناوی (عەلی کیمیاویی)یان پێدا.

275896718 .jpg

بەهاری ساڵی 1987 حکوومەتی ئەوکاتەی عێراق بڕیاری گۆڕانکاریدا لە پۆستی بەرپرسی نووسینگەی رێکخستنی باکوور کە تایبەت بوو بە بەرپەرچدانەی شۆڕشی پێشمەرگە و گرتنەوەدەستی ئەو ناوچانەی دەسەڵاتی حکوومەتی بەعسی تێدا نەمابوو، چونکە ئەوکات بەعس لە کوردستاندا تەنیا لە سەنتەری پارێزگاکان، قەزا و ناحیەکان دەسەڵاتی مابوو، بەشی زۆری گوندەکان و رێگا لاوەکییەکان لەدەستی هێزی پێشمەرگەدا بوو.

حکوومەت بڕیاریدا پۆستی بەرپرسی نووسینگەی رێکخستنی باکوور لە (محەمەد حەمزە زوبەیدی) وەربگرێتەوە و پۆستەکەیدا بە (عەلی حەسەن مەجید)ی ئامۆزای سەدام حسێن و دەسەڵاتی تەواو و رەهاشی پێدرا بۆ بەرپەرچدانەوەی شۆڕشی پیشمەرگە و گێرانەوەی دەسەڵاتی حکوومەت بۆ ناوچە کوردنشینەکان و سەرپشک کرا لەوەی چ سیاسەتێک بەکاردەهێنێت.

عەلی حەسەن مەجید لەدوای دەستبەکاربوونی سەرپەرشتی شاڵاوەکانی ئەنفال و شەڕی پێشمەرگەی کرد و هەموو جۆرە زەبروزەنگ و توندوتیژییەکی بەکارهێنا و راستەوخۆ خۆی سەرپەرشتی شاڵاوی سێیەمی ئەنفالی کرد کە بە قورسترین قۆناغی ئەنفال ناودەبرێت.

عەلی حەسەن مەجید لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا، بڕیاری چۆڵکردن و کاولکردنی سەرجەم گوندەکانی کوردستانی دەرکرد بۆ ئەوەی دەستی هاوکاریی لە پێشمەرگە ببڕێت، بۆ ئەمەش زیاتر لە چوار هەزار گوند خاپوورکران و لەگەڵ زەویدا تەختکران و ناوی (ناوچە حەرامکراوەکان)ی لێنرا.

275664173 .jpg

عەلی کیمیایی لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ ئەندامانی نووسینگەی باکوور و لێپرسراوانی بارەگاکانی بەعس لە پارێزگا کوردییەکان کە لە 26ی ئایاری 1987 ئەنجام دراوە، گوتوویەتی "پلانم بۆ لەناوبردنی پێشمەرگە داناوە لە رووبەرێکی بچووکدا گەمارۆیان دەدەم ‌و دواتر بە چەکی کیمیایی ھێرش دەکەمە سەریان و هەموویان لەناودەبەم".

لە شاڵاوەکانیشیدا چەند جارێک چەکی کیمیایی لە چەند ناوچەیەکی کوردستان بەکارهێنا و دەیان قوربانی لێکەوتەوە و لە لووتکەی تاوانەکانیشیدا هەڵەبجەی بە چەکی کیمیایی بۆردومان کرد.

کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بە یەکێک لە گەورەترین تاوانەکانی مرۆڤایەتی دادەنرێت لە مێژووی ناوچەکەدا، هێشتا کاریگەرییەکەی لەسەر خەڵکی شارەکە و زەوییەکەشی ماوە، تا ئێستاش ژمارەیەک لە بەرکەوتەی ئەو گازە خنکێنەرە بە ئازاری جەستە و دەرونیانەوە دەناڵێنن.

ئەو کاتەی هەڵەبجە بۆردومان کرا، کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بەتایبەت وڵاتە زلهێزەکانی وەک ئەمریکا و بەریتانیا بێدەنگییان هەڵبژارد و کەس لەسەر هەڵەبجە هیچی نەوت، هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن بەوهۆیەی ئەمریکا و بەریتانیا هاوپەیمانی حکوومەتی عێراق بوون و دژبە ئێران بوون، لەسەر تاوانەکە بێدەنگ بوون.

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەهەمان شێوە بێدەنگی هەڵبژراد و هیچی لەسەر تاوانەکە نەوت لەکاتێکدا پەیماننامەی رێکخراوەکە رێگای پێداون لەکاتی ئەنجامدانی تاوانە مرۆییەکاندا، ئەنجامدەرانی بدەنە دادگا، بەڵام لەبری ئەوە بێدەنگ بوو و هەر لەو ساڵەشدا، ساڵی 1988 خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەخشرایە هێزی ئاشتیپارێزی سەربە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.

لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە نۆی تشرینی یەکەمی 2005 ئەنجوومەنی حوکم لە عێراق بە یاسای ژمارە 10 دادگای باڵای تاوانەکانی لە عێراق پێکهێنا بۆ دادگایکردنی سەرانی رژێمی بەعس، دادگاکە ٥٥ کەسی وەک داواکراوی ئەنجامدەرانی تاوانەکانی لە عێرقدا دەستنیشانکرد و تۆمەتبارانی کیمیابارانی هەڵەبجەش لەنێویاندابوون.

یەکێک لەو کەیسانەی سەرانی رژێمی بەعسی لەو دادگایە لەسەر دادگاییکرا، تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بوو.

یەکەم دانیشتنی دادگاش لەسەر کەیسی ھەڵەبجە لە21ی کانوونی یەکەمی ساڵی 2008 ئەنجامدرا و لە 17ی کانوونی دووەمی 2010 دادگا کەیسەکەی بە تاوانی دژبە مرۆڤایەتی ناساند و بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ عەلی حەسەن مەجید دەرکرد.

لە رۆژی 25ی کانوونی دووەمی 2010 دوای هەشت رۆژ لە بڕیارەکەی دادگا، سزاکەی سەر عەلی کیمیایی جێبەجێکرا و لە سێدارەدرا، دواتریش لە ساڵی 2012 ئەو پەتەی عەلی حەسەن مەجیدی پێ لەسێدارەدرا هێنرایەوە بۆ هەڵەبجە و لە مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە دانرا.

Edf55.jpg

بڕیارەکەی دادگای باڵای تاوانەکان بۆ ناساندنی کەیسەکە وەک تاوانی دژبە مرۆڤایەتی بەدڵی ئەو کەسانە نەبوو کە سەرپەرشتی دۆسیەکەیان دەکرد بۆیە بڕیاری تێهەڵچوونەوە دراو و دواتر و پاش تێهەڵچوونەوەی بڕیارەکە لە رۆژی28ی شوباتی 2010 لەدوای 34 دانیشتنی دادگا لەسەر کەیسەکە، دادگا بڕیاریدا لەبری تاوانی دژبە مرۆڤایەتی کەیسەکە بە جینۆساید بناسێنێت، هەریەک لە (سوڵتان ھاشم، فەرحان موتڵەگ و سابر عەبدولعەزیز)یش بە 15 ساڵ زیندانیکردن سزادران.

دواتریش پەرلەمانی عێراق لە رۆژی 17ی ئاداری 2011 لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا بە بڕیاری ژمارە 12 کەیسی تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجەی بە جینۆساید ناساند، بەڵام تا ئێستا قەرەبووی ماددی و مەعنەوی دانیشتووان و قوربانییانی هەڵەبجە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە نەکراوەتەوە کە ئەرکێکی یاسایی حکوومەتە و دەبوو بیکات.

کەیسی تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە تا ئێستا لەسەر ئاستی دنیا بە جینۆساید بە یاسا دانیپێدا نەنراوە، تەنیا پەرلەمانی کەنەدا لە 16ی ئاداری2010 دانیپێدانا ئەوانیش بە (تاوانی دژبە مرۆڤایەتی) نەک (جینۆساید).

رێکخراوی شارەوانییەکانی جیهان بۆ ئاشتیش لە مانگی ئابی ساڵی 2013 تاوانەکەی بە جینۆساید ناساند هەڵەبجەشی بە سێیەمین ناوچەی کارەساتبار لە مێژووی رێکخراوەکە ناساند، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجەش بە جێگری سەرۆکی رێکخراوەکە هەڵبژێردرا و واش بڕیاربوو لە نەتەوە یەکگرتووەکان کاری لەسەربکەن تاوەکو لەوێ بە جینۆساید بناسێندرێت، چونکە رێکخراوەکە 157وڵات و پێنج هەزار و 712 سەرۆک شارەوانی ئەندامن تیادا، بەڵام هێشتا ئەنجامێکی نەبووە و لە دنیادا تاوانی دژبە هەڵەبجە وەک جینۆساید دانیپێدا نانرێت.

024 11195.jpg