میرزا محەمەد ئەمین مەنگوڕی

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

ساڵی 1910 لە شارۆچکەی قەڵادزێ لەدایکبووە، سەرەتای خوێندنی لە حوجرەی (مەلا محەمەد دێلوویی) دەستپێکرد وە، پاشان نێردراوەتە خوێندنگە و تا پۆلی شەشەمی سەرەتایی خوێندووە، پاش ماوەیەک چووەتە سلێمانی و وەک پۆلیس دامەزراوە.

240789992 .jpg

لە تەمەنی هەرزەکاریدا دەستی داوەتە هەڵبەست نووسین، ساڵی 1937 بەهۆی بڵاوکردنەوەی پەرتووکی (هەنگاوێک بۆ سەرکەوتن) لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەوسای ئێراقەوە بۆ ماوەی شەش مانگ بەند دەکرێت و لە پیشەکەیشی دوور دەخرێتەوە، پاش ئازادکردنی بووەتە فەرمانبەری شارەوانی و دواتریش لە فەرمانگەی ئاوی چوارتا دامەزراوە.

بەهۆی ڕۆڵی بەرچاوی لە پێکهێنانی کۆماری مەهاباد دا، ساڵی 1946 کراوەتە جێگری فەرماندەی هێزی بۆکان.

993814 .jpg

ساڵی 1971 دوای ئەوەی پەرتووکی (گەشتی ئەستێرەی مەریخ) ی بەچاپ گەیاند، بە هاندانی چەند کۆلکە مەلایەکی ئەوسا لە بیتوێن شاربەدەر کرا و، ڕووبەڕووی چەرمەسەرییەکی زۆر بووەوە.

شەوی 12-01-1988 کۆچی دوایی کرد و لە گردی سەیوان بە خاکسپێردرا، دوای تێپەڕبوونی سی ساڵ لە ڕێکەوتی 19ی حوزەیرانی 1992دا گۆڕەکەی گواسترایەوە بۆ بەرزایی گۆڕمریەم لە چیای کێوەڕەش. لە ماوەی تەمەنیدا چەندین پەرتووکی بەنرخی نووسیوە، کە بە داخەوە هێشتا ژمارەیەکیان ماوە بە چاپ بگەیەنرێن.

240950820 .jpg
1737159 .jpg

بەرهەمە چاپکراوەکانی ئەمانەن:

  • 1-بەسەرهاتی ئەرمەن - مێژوویی - دوای مردنی ساڵی 1992چاپکراوە.
  • 2-چیرۆکی زێڕینای ئامێدی - مێژوویی - ساڵی 1971 چاپکراوە.
  • 3-فەرزۆ خانی پشکۆ - مێژوویی - ساڵی 1971 چاپکراوە.
  • 4-ماهراکۆ - مێژوویی -ساڵی 1971 چاپکراوە.
  • 5-بوکێکی ناکام - کۆمەڵایەتی - ساڵی 1971 چاپکراوە.
  • 6-کۆنگرێسی دوڕندە و مەل - دوای مردنی ساڵی 1992 چاپکراوە.
  • 7-هەنگاوێک بۆ سەرکەوتن - ساڵی 1937 چاپکراوە.
  • 8-گەشتی ئەستێرەی مەریخ - ساڵی 1971 چاپکراوە.
  • 9-بەهەشتی دڵداری - هەڵبەست - دوای مردنی ساڵی 2006 چاپکراوە.
  • 10- دوو بەرگی پەرتووکی بەسەرهاتی سیاسی کورد.
  • 11- گوڵاڵە کانی ڕۆژگار.

میرزا مەنگوڕی یەکێک لە خەباتگێڕو نووسەرو ڕوناکبیرە کوردە کە ئەم زاتە لە ساڵی (1910) لە شارە جوانەکەی قەڵادزێ چاوی بە دنیا هەڵهێناوە، لە قۆناغی سەرەتای تەمەنیدا وەکوو پۆلیس لە سلێمانی کاری کردووە، بەڵام بەهۆی نووسینی کتێبی ( هەنگاوێك بۆ سەركەوتن) کە لە ساڵی (1938) بڵاوی کردەوە تووشی چەرمەسەری زۆر بوو، ئەم كتێبە چەمك‌و تێروانینی نوێی سەبارەت بەدەوڵەت‌و ماف‌وئازادییەكان لەخۆگرتبوو، سەرئێشەی گەورەی بۆ مەنگوڕی دروست كرد‌و كتێبەكە قەدەغە كرا‌و هەموو نوسخەكانی كۆكرانەوە‌و لەناو بران‌و لەسزای ئەو كتێبەش مەنگوڕی شەش مانگ زیندانی كرا‌و لەكارەكەی دەركرا.

بەڵام مەنگوڕی لەسەر هەڵوێست‌و بیروباوەڕی خۆی بەردەوام بوو ساڵی 1971 كتێبی (گەشتی ئەستێرەی مەریخ)ی نوسی كە چیرۆكێكی خەیاڵی زانستی بوو، لەسەر ئەم كتێبەش فتوای كوشتنی درا‌و بەردباران‌و شاربەدەر كرا. لەو كاتەدا مەنگوڕی وتبوی راستە ئێستا ئاوا مامەڵەم لەگەڵدا ئەكەن، بەڵام رۆژێ‌ دێ‌ پەیكەرم بۆ دروست ئەكەن، هەر واش بوو.

مەنگوڕی لەمەیدانی تێكۆشانی كوردایەتیشدا خزمەتی كردووە‌و ئەو وەك پێشمەرگەیەكی كوردستان بەشداری پێكهێنانی كۆماری كوردستانی لە مەهاباد كردووە‌و جێگری فەرماندەی هێزی بۆكان بووە. شانبەشانی ئەركی پێشمەرگایەتی، لە رۆژنامەی كوردستانی كۆمار وتارو شیعری بەرزی بڵاو كردۆتەوە.

بێجگە لەو دوو كتێبەی ئاماژەمان پێكردن، مەنگوڕی خاوەنی دەیان كتێبی دیكەی چاپكراوو چاپنەكراوە.

لە چاپكراوەكانی وەك(زێڕینای ئامێدی، دوو بەرگی بەسەرهاتی سیاسیی كورد، حەقائقی بەسەرهاتی شێخ مەحمود لەپەنای ئیستیقلالدا، بەهەشتی دڵداری، جیهانی ئازاد، بوكێكی ناكام)‌و چەندانی تر. ئەم روناكبیرە گەورەو هەڵكەوتووەی كورد لە رۆژی 12ی كانونی دووەمی 1988 لەشاری سلێمانی بۆ دواجار ماڵئاوایی كرد‌و لەگردی سەیوان بەخاك سپێردرا. دوای راپەرینی ئازادی وەسێتەكەی جێبەجێ‌ كرا‌و رۆژی 16ی ئەیلولی1992 تەرمە پیرۆزەكەی برایەوە بۆ شاری رانیە‌و لەئامێزی كێوەرەشی سەركەشدا بەخاك سپێردرایەوە.


مەنگوڕی ئەدیب‌و مونەوەرو روناكبیر.

تێبینی: کوردکۆلێکت دڵنیا نییە لە ڕاستی و دروستی ئەم ژیاننامەیە! تکایە یارمەتی کوردکۆلیکت بدە بۆ ژیاننامەییەکی دروست و باوەڕپێکراو.