مینا قازی
مینا ئەحمەد حاجی حەسەن (یای مینای قازی- یای یایان)
هاوسەری پێشەوا قازی محەمەد
مینا قازی لەگەڵ پێشەوا قازی محمەددا پاش هاوسەرگیری کردن تێکەڵ بە ژیانی سیاسی بووە، سەرۆکی ڕێکخراوی یایا و یەکێتی ژنانی کوردستان دادەمەزرێنێت، لە تەمەنی ٧٠ ساڵیدا زیندانی دەکرێت.
مینا قازی لە ساڵی ١٩٠٨ی زاینی لە شاری مهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە، مینا خانم ماوەیەکی کەم خوێندویەتی بە هۆی ئەو ڕێگریانەی ئەو کات لە کۆمەڵگەدا هەبوون، بەڵام ئەو خوێندنەی ئەگەر چی کەمیش بووە، بووەتە هۆکارێک کە مینا خانم بتوانێت خۆی و ژنانی دیکەی پێ وشیار بکاتەوە.
مینا خانم و پێشەوا قازی محمەد لە منداڵیەوە یەکتر دەناسن و لە ساڵی ١٩٢٧-١٩٢٨ واتا لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا ژیانی هاوژینی پێکدێنن و بوونەتە خاوەنی ٩ منداڵ، یەکێک لە منداڵەکانیان هەرزوو بە منداڵی کۆچی دوای دەکات و ٨ منداڵیان دەمێنێتەوە بە ناوەکانی عیسمەت، عیفەت، مونیر، پەروین، سوهەیل، فەوزیە، مریەم و عەلی.
مینا خانم تەنها بە دایکی منداڵەکانی خۆی نەدەناسرا ئەو بە هۆی دڵسۆزی و خەمخۆریەوە بۆ هەموو ژنان و گەنجانی کوردستان لە ناو کۆمەڵگەدا بە دایە خانم دەناسرا و تا ئێستاش بە دایکی کورد ناوی دەهێنرێت.
مینا خانم ڕێکخراوی ژنان دادەمەزرێنێت
مینا خانم تێکەڵ بە ژیانی سیاسی دەبێت، لە کاتی دروستبوونی کۆماری کوردستاندا بووەتە سەرۆکی ڕێکخراوی یایا کە ڕێکخراوێکی کۆمەڵایەتی تایبەت بە ژنان بووە، لەو کات و سەردەمەدا ژنان لە بەردەم دابونەریتێکی سەپێنراودا بوون، هەلومەرجەکان بە شێوەیەکی سەخت بووە بۆ ژن لەو کاتەدا، ژنان کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرا و و کاتێک منداڵ بوون لە ناو بێشکەدا و باوک و برا چارەنوسیان بۆ دیاری دەکردن و بە شوویان دەدان، ڕێکخراوی یایا هۆشیاری بڵاودەکردەوە و ڕێگری لەو کارانە دەکرد.
لە ١٤ی ئاداری ١٩٤٦ دا یەکێتی ژنانی کوردستانیان دامەزراند لە شاری مهاباد، مینا خان بووە یەکەم سەرۆکی ئەو ڕێكخستنە، لە ڕێگەی ئەو ڕێکخستنەوە توانی ژنان ئاشنا بکات بە مافەکانی خۆیان و هەنگاو بنێن بۆ ئازادی .
لە بەیانامەیەکدا کە لە ناو بازاڕ و شوێنە گشتیەکاندا بڵاو کرایەوە داوا لە هەموو کەسێک کرا، کە وەرگرتنی دراو و بەشودانی زۆرەملێ، ژن بە ژن و هەموو ئەو نادادپەروەریانەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت ڕابگیرێت و ژنانیش بتوانن بخوێنن، مینا خان پەیوەندیەکی پتەو و بەهێزی لەگەڵ ژنانی تری ئەو سەردەمە هەبووە، بە تایبەت حەپسەخانی نەقیب و گوڵیزار خانمی شکاک، میوانداری گوڵیزار خانمی شکاکیان کردوە لە یەکێتی ژنانی کوردستان، ئەمەش بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریەکانیان بووە.
مینا خان لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە زیندانی دەکرێت
کاتێک ڕژێمی ئێران پێشەوا قازی محەمەد و هاوڕێیانی لە سێدارە دەدات، ژیانی مینا خان و منداڵەکانی بەردەوام چاوی دەسەڵاتداران و سیخوڕەکانی لەسەر بووە، بەڵام ماڵەکەی مینا خانم وەک ئەندامی حزبی دیموکراتی کوردستان ببووە حەشارگەیەک بۆهەموو شۆڕشگێڕانی کورد.
مینا خان و منداڵەکانی ئازایانە ڕووبەڕووی ڕژێمی داگیرکاری ئێران دەبوونەوە، هەموو ئەو هەڕەشە و گرتن و ئازاردانانەی مینا خان و منداڵەکانی بۆ یەکجاریش نەبووە هۆی پەشیمان بوونەوەیان لەو هەڵوێستە نیشتیمانپەروەریەی کە هەیانبوو، دوای گیان بەختکردنی عیسمەت خانم، عیفەت خانیش لە ساڵی ١٩٨٩ بە پلانێکی تیرۆرستی لە وڵاتی سوید شەهیدکرا، کاکە ڕەشی کوریشی چەندین جار توشی گرتن و ئەشکەنجە بووەوە، مینا خانیش بەدەر نەبوو لە ئازاری زیندان و ئەشکەنجە، جگە لە ئازاری لەدەستدانی منداڵەکانی و خەمی کوردستان .
١١ مانگ لە زینداندا دەمێنێتەوە
مینا خانم لە ساڵی ١٩٨٤ بۆ ماوەی ١١ مانگ زیندانی کرا، ئەمە لە کاتێکدا بوو کە تەمەنی لە سەروو ٧٠ ساڵەوە بوو، لە زینداندا توشی سەختی و ناخۆشی زۆر دەبێت و ئەمانەش دەبنە هۆکار بۆ نەخۆش کەوتنی.
لە ١٨ی شوباتی ١٩٩٨دا لە شاری مهاباد، دایە خانم کۆچی دوای کرد و لە گۆڕستانی شاری مهاباد بە ئامادەبوونی هەزاران کەس بە خاک سپێردرا.[١]
- ↑ سەرچاوە:jinhaagency.com