مێژوویەکی دوور و درێژ و خەباتێکی بێ ووچان، بەڵام کەم دەسکەوت
نووسەر: مستەفا شەڵماشی
مێژووی ناسراوی نەتەوەی کورد ئەم نەورۆزە دەبێتە ٢٧٢٢ ساڵ وساڵی تازەی ٢٧٢٣ دەست پێدەکا. ڕەنگە زۆر کەس بڵێن ئەوە بناغەکەی لەسەر ئەفسانە دروست کراوەو ناکرێ ناوی مێژووی لێ بنرێ. بەڵام بە پێی یاسای بوون ئەگەر ئەو ڕووداوەی بناغەی مێژووی کوردی لەسەر دانراوە ئەفسانەش ىێ، هەر نیشانەی ئەوەیە کە پێش ئەو تاریخەش کورد هەبووە، چونکە هەبوە تا بتوانێ ئەو ئەفسانەیە دروست بکا.
بەڵام ئێمە زۆر بەڵگەی کۆنتریشمان بەدەستەوەن کە ئەو نەتەوەی ئێستا پێی دەگوترێ نەتەوەی کورد پاشماوەی کۆمەڵە ئینسانێکە لە چەرخە کۆنەکان دا، کە ئاسەواری ژیانی کلتوری، بیناسازی، مەڕداری، کشت وکاڵ وسنعەتی زۆر بۆ پێش ئەو مێژوەش دەگەڕێتەوە. بە پێی زانیاریەکانی زمان ناسی و هەروەها بە پێی مێژووی کلاسیک، کوردەکان پاشماوەی مادەکان، لۆلۆییەکان، کاردۆخیەکان وهێندێک عێل و عەشیرەی دیکە بوون کە لە سەرەتای هەزارەی دووەمی پێش زایینەوە هەر لەو جێگایەی کە ئێستا پێی دەگوترێ "کوردستان" نیشتەجێ بوون.
هەرچەند بەشێک لە مێژوو ناسان پێیان وایە کە هاتنی مادەکان کە ئاریایی بوون تاڕادەیەکی زۆر بووەتە هۆی ئەو فەرهەنگ وزمان و ئاداب وڕسومەی کە بەرەبەرە لە گووران و دروستبونی نەتەوەی کورد دا شوێنکاری سەرەکی هەبوەو هەموو دانیشتوانی پێش خۆی کە لە کوردستانی ئەمڕۆ دا نیشتەجێ بوون، لە نێوخۆی دا تواندوەتەوەو نەتەوەی کوردی لێ پێکهاتووە. هەربۆیەش بەشێک لە مێژوو نوسان ڕەچەڵەکی کورد بە ئاریایی وهێندو ئوروپی دەزانن.
مێژوونوسان هەروەها دانیشتوانی پیش مادەکان بە لۆلۆییەکان، گۆتیەکان، کاسەکان، هوریانەکان وئیلامیەکان ناو دەبەن. باسی مێژوویی نیاکانی کوردان و خەباتیان بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات لە ناوچەکانی خۆیان دا دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی ١٦ تا ١٨ ی پێش میلادیش. لەو سەردەمی دا بە درێژایی کێوەکانی زاگرۆس و پێدەشتەکانی میس وپۆتامیا و دەڵتای دوو چۆمە گەورەکە، واتە دیجلە وفوڕات، هەر لە ئەرزڕۆمەوە تا ئیلام خێڵە جۆر بەجۆرەکانی نیاکانی کوردەکان، لە خەباتێکی سەخت و دژوار دا بوون تا دەسەڵات لە ناوچەکانی خۆیان دا بەدەستەوە بگرن و هێندێک لەوانە وەک کاسیەکان، گۆتیەکان و هۆریانیەکان دەسەڵاتی زیاتر لە سەد ساڵەیان پێکەوە ناوە.
لە مێژووی تازەتر دا و لە سەردەمی پەرەسەندنی دەوڵەتە ئیمڕاتۆڕیەکان دا چەند ئیمپڕاتۆڕیەک سنوری کوردستانیشیان بەزاندوەو بەسەر بەشێک لە جیهان دا حوکمڕانیان کردوە. دەتوانین وەک نمونە ناوی ئیمڕاتۆڕی ماد، ئیمپڕاتۆڕی زەند وئیمپڕاتۆڕیی ئەییوبی ناو بەرین. هەروەها کە دێینە پێش و دەگەینە سەردەمی موستەعمەرات و گەشەی دەرەبەگایەتی لە کوردستان دا لانی کەم چوار ئیماڕەتی بە هێز هەبوە. ئیماڕەتی بۆتان لە جەزیر وبۆتان، یا باکوری کوردستان، ئیماڕەتی سۆران لە ڕەواندز، ئیماڕەتی بابان لە ناوچەی سلێمانی وئیماڕەتی ئەردەڵان لە ناوچەی سنە. ئەوە جگە لە چەندین دەسەڵاتی دەرەبەگایەتی کە لە ناوچەکانی خۆیان دا دەسەڵاتی ناوچەییان هەبوەو تەنیا ماڵیاتیان داوە بە حکومەتی زاڵ بەسەر ناوچەکەیان دا.
ئەگەر زۆرتر نیزیک بینەوە وبێین بەرەو سەردەمی شەڕی جیهانی یەکەم، کوردەکان لە ڕاپەڕین و جووڵانەوە مۆدێرنە ڕزگاریخوازەکانیش دا بەشدار بون کە بە مەبەستی پێکهێنانی دەوڵەت-نەتەوە بۆ هەر نەتەوەیەک دەهاتنە ئاراوە ودنیا بەرەو هەڵتەکاندنی ئیمپڕاتۆڕیەکان هەنگاوی دەنا. جووڵانەوەی شێخ سەعیدی پیران وخۆییبوون لە باکوور، شێخ ڕەزا هەر لە باکور، شێخ مەحمودی حەفید لە سلێمانی، قەدەمخێر لە سنە، سمکۆ لە ناوچەی ورمێ وموکریان و شیخ سەلام لە بارزان دەکەوتنە نێو چوارچێوەی جوڵانەوەی کوردانەوە بۆ پێکهێنانی کیانی کوردی ودەوڵەتی نەتەوەیی.
دیسان زیاتر بێینە پێش وئەوەی کە لە مێژوو دا بە مێژووی هاوچەرخ ناودەبرێ نەتەوەی کورد تێیدا بێبەش نەبوە. لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا هەر لە سەرەتای دروستبونی حیزبەوە کوردیش هەوڵی داوە حیزبی خۆی دروست بکا. لە باکوور حیزبی خۆیی بوون، لە ڕۆژهەڵات حیزبی ئازادی وکۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان و لە باشوور کۆمەڵەی هیوا دروست بون. هەر بەمجۆرە لە گوێزرانەوەی ئیدەئۆلۆژیەکانی دنیا بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ودامەزرانی حیزبی چەپی مارکسیستی، سۆسیال دێموکڕات ودێموکڕات، کورد لە هەموو پانتاییەکانی ئەو گواستنەوەیە دا بەشدار بووە.
لە حیزبە کومو نیستەکانی، ئێران، عێڕاق و سوریە دا لانی زۆری ڕێبەری ئەو حیزبانە کورد بوون. یەکەمین حیزبە دێموکڕات وسۆسیال دێموکراتەکان لە کوردستان دامەزراون و تەنانەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران حکومەتی کوردی واتە کۆماری کوردستان لە مەهابادی دامەزراندوە. هەر ساڵێک پاش حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، پارتی دێموکڕاتی کوردستانی عێڕاق دامەزرا کە زۆر گەورەبۆوەو توانی شۆڕشی ئەیلولی باشووری کوردستان سەرپەرستی بکا وتا ئێستاش لە باشووری کوردستان یەکێک لە کۆڵەکە پتەوەکانی دەسەڵاتی کوردی بێ.
لە پەنجا ساڵی ڕابردووش دا بە دەیان حیزب وڕێکخراوی کوردستانی دروست بوون و ژمارەیان ئەوەندە زۆرە کە بۆ ناوهێنانی هەمویان پێویستە بە مانگ وساڵ بە دواداچوون بکەی. بەڵام چەند دانەیان ڕۆڵی گەورەیان لە جووڵانەوەی کورد دا بە گشتی گێڕاوە. یەکیەتی نیشتمانیی کوردستان لە باشوور، پاراتی کرێکارانی کوردستان لە باکوور،کۆمەڵە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وپەیەدە لە ڕۆژئاوای کوردستان. هەروەها چەندین حیزبی چالاکی دیکەشمان هەن وەک هەدەپە، پەژاک، پارتی ئازادی، خەبات، پارتی زەحمەتکێشان و زۆر پارت و ڕێکخراوی دیکەش کە هەرچەند زۆریشیان بنوسی، بەڵام هێندێکیان لە قەڵەم هەر دەکەون.
نەتەوەی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان ولە زۆر ناوچەی نیشتەجێبونی خۆیان کە بە داخەوە بەم دواییانە هەر باسیان لێ ناکرێ وەک ناوچەی کۆماری نەخچەوان، لوبنان، ناوچەی خوڕاسان و ..هتد، قوربانیەکی زۆری لە پێناو ئازادی دا داوە. گومان ناکەم هیچ نەتەوەیەک بۆ ڕزگاری خۆی ئەوەندە خەباتی کردبێ، ئاوا پشوودرێژ بووبێ و ئاوا زۆر قوربانی دابێ. لە هەمو بەشەکانی کوردستان خەبات بە چڕ وپڕی درێژەی هەبوەو بە قۆناغی جیاواز دا تێپەڕیوە و هەوراز و نشێوی بە خۆیەوە دیوە. لە هەر قۆناغێک دا یەکێک لە پارچەکانی کوردستان کەوتوەتە ڕۆژەوی سیاسەتی نێونەتەوەیی و بە جۆرێک مەسەلەکەی گەیوەتە سەر میزی دەوڵەتانی بڕیاردەر.
بەڵام بەداخەوە کورد لەبەر ئەوەی کە خۆ بەکەمزان بوەو سەرەڕای خەباتی زۆر دکژوار وبەردەوامی، لە مەیدانی سیاسەت دا خۆی لاواز بینیوەو لە بەرامبەر هێزە تەواویەت خوازەکانی ئەو وەڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەر دا دابەش کراوە، لاواز دەرکەوتوەو دیسان خۆی بەستوەتەوە بە ئاڵ وگۆڕەکانی نێو ئەو وڵاتە و چاوی بڕیوەتە پایتەختی وڵاتەکە بەڵکو ڕەنج وتێکۆشانەکەی ببینن و مافەکانی لەبەرچاو بگرن.
بەدوای شەهیدکرانی کرانی کچە کوردی سەقزی "ژینا ئەمینی" دا لە لایەن گەشتی ئیڕشادی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران هەڵوێستێکی ژیرانەی گرت ومانگرتن وخۆپیشاندانی ڕاگەیاند وحیزبە کوردستانیەکانی دەرەوەی ناوەندیش دڵسۆزانە پشتیوانیان کرد. مانگرتن و خۆپیشاندان بە شێوەیەکی بەربڵاو لە زووربەی نیزیک بە تەواوی شار و شارۆچکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو. پاشان کۆمەڵانی خەڵکی سەرانسەری ئێران و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانییش ئەمجارەیان هاتنە سەرخەت و پشتیوانیان لە خەڵکی کوردستانی ئێران کرد. شەهیدکرانی مەزلومانەی ژینا شوێنکارێکی ئەوەندە کاریگەری لە سەر کۆمەڵانی خەڵکی ئێران چ لە نێوخۆی وەڵات و چ لە دیاسپۆڕا دانا کە لە تەواوی شارەکانی ئێران دا کچ وکوڕە لاوەکان ڕژانە سەرشەقام وزانستگا و قوتانخانە ناوەندییەکانی ئێران خرۆشان. درووشمەکانی ژن، ژیان، ئازادی و بممرێ دیکتاتۆر، گوێی کاربەدەستانی ڕژیمیان کەڕکرد. ژن ڕۆڵێکی گرنگیان و ئەستۆ گرت و لە هەموو خۆپیشاندانەکان دا بە ڕۆڵیان هەبو. لە پایتەخت و شارەگەورەکانی دیکەی وەڵاتانی جیهان دا بە هەزاران کەس ڕژانە سەر شەقامەکان و ئەو دروشمانەیان دووبارە کردەوە. دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بو بە دروشمێکی جیهانی و بەتەواوی زمانە زیندووەکانی دنیا گوترایەوە. بەرپرسان و ناوەندە نێونەتەوەییەکان وەدەنگ هاتن و پشتیوانی ئاشکرایان لە شۆڕشی ژینا کرد. ناسرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێو شۆڕشی ژینا دا بە ڕاددەیەک بو کە لە ناوەندە سیاسیەکانی ڕۆژئاوا دا، بۆ وێنە لە پاڕلەمانی ئوروپا دا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک هەرێمی کوردستانی ئێران ناوی هێنرا. ئەوەش نیشانەی ئەوەبو کە هاو کات لەگەڵ دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دا، داوا نەتەوەییەکەی ڕۆژهەڵاتیش کە "فیدڕاڵی" بو ناسرا و بە جۆرێک پەسند کرا.
کوردستان بو بە پێشەنگی ڕاپەڕین لە دژی دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیە لە ئێران دا و ئەو دەرفەتەی بۆ ڕەخسا کە دەنگی حەقخوازانەی خۆی بە گوێی ئێرانیان و جیهانیان ڕابگەیەنێ. دەرفەتێکی زێڕین بەڵام لە قۆناغێکی زۆر هەستیار دا. قۆناغێک کە دەتوانێ ئێمەی کورد بە لوتکەی ئاواتەکانمان بگەیەنێ، یا بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی گرفتی زۆر گەورەمان بکاتەوە. ئەگەر ئێمە یەکگرتوو بین، ژیرانە بجووڵێینەوەو بەرنامەی هاوبەشمان هەبێ بۆ کەڵک وەرگرتن لەو دەرفەتە، ئەوا سەرکەوتن نیزیکە و بە ئازاد بوونی ئێران لە دەستی ئەو دێوەزمەی دژی مرۆڤایەتیە کە جیهانی تووشی گرفتی جیددی کردووە، هەم ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕاددەیەک لە مافەکانی خۆی دەگا، هەم دسەڵاتی هەریمیی باشوور و ڕۆژئاوا پتەوتر دەبێ وهەم هەل ومەرج بۆ بەرەوپێشچوونی خەبات لە باکووری کوردستان لەبارتر دەبێ. کەوابو ئەرکی سەرشانی حیزب وڕێکخراوەکانی سەرانسەری کوردستان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی گەورە ئەوەیە کە لەم هەل ومەرجەدا پشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگرن تا بتوانێ بە باشی لەم دەرفەتە کەڵک وەر بگرێ. ئەوەش بە یەکگرتن دەکرێ، بە پاراستنی هێمانەتەوەییەکانی کە تا ئێستا تەوافوقیان لەسەر کراوە، بەتایبەت وەک"سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ئاڵای کوردستان" دەکرێ. بە دانانی هێڵی سوور بۆ پاراستنی یەکیەتیی نەتەوەیی دەکرێ. بە بەڕۆژەو کردنەوەی پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی دەکرێ، نەک بە هێنانی پڕۆژە و پێشنیاری تاک حیزبی و هەوڵدان بۆ وەلانانی ئەو هێمایانەی کە تا ئێستا تەوافوقێکی ڕێژەییان لەسەر کراوە.
قۆناغەکە ئەوەندەی کە بە پێشەنگایەتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرفەتی خوڵقاندووە، ئەوەندەش هەستیار و دژوارە. چوونکە ئەگەر ئێمەی کورد لەم تاقیکردنەوەیە بە سەرکەوتوویی دەرباز نەبین، تووشی شکستێکی گەورە دەبین. هەموو دەرفەتێک وایە، ئەگەر نەتوانی بە باشی کەڵکی لێ وەرگری، گومانت نەبێ کە دەرفەتەکە بە پێچەوانە دەشکێتەوەو بەرۆکت دەگرێ. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بێکار دانەنیشتووە. لە چەند بەرەوە خەریکی زەڕبە لێدانە لە جووڵانەوەی کوردە. لە لایەکەوە هێرشی مووشەکی و درۆنی دەکا بۆ سەر بنکە وبارەگا وکامپەکانی حیزبەکانمان، لە لایەکی دیکەوە فشار دێنێ بۆ حکومەتی عێڕاق وحکومەتی هەرێم تا ناوەندە سیاسیەکانمان داخەن ولە لایەکی دیکەوە دام ودەزگایەکی سایبەری پان وبەرینی وەڕێ خستووە تا لە باری ڕووحی و ڕەوانیەوە وێرانمان بکا و بە گژ یەکترمان دابکا و سەرنجمان بخاتە سەر دووبەرەکی وناکۆکی نێو خۆمان.
ئەرکی هەموو حیزبە کوردستانیەکانە لە هەر چوارپارچەی کوردستانە کە پشتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبەکانی بگرن، هەروەک چۆن کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕۆژی ئاستەم دا پشتی ئەوانیان گرتووە. حیزبەکان پێویستە لە هێنان و باسکردنی ئەو شتانەی کە لێکمان دوور دەکەنەوە، خۆ بپارێزن و لەسەر خاڵە هاوبەشەکان یەک بگرن. ڕووناکبیران وکەسایەتیە بێلایەنەکان پێویستە هاندەر بن بۆ یەکگرتن و خۆ لە هێنانەگۆڕی ئەو شتانە بپارێزن کە درزەکان بەرینتر دەکەنەوە.
دەبێ ئەوەمان لەبەرچاوبێ کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەردەوام لە جم وجووڵ دایە بۆ ئەوەی کە پێشی چالاکیەکانی حیزبەکانمان بگرێ. هەیئەتەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ڕۆژێک لە بەغدان وڕۆژێک لە هەولێر. هەروەها هەیئەتەکانی حکومەتی عێڕاق و حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستان بانگ دەکرێنە تاران، یا بۆخۆیان دەچن. باسەکانیش زۆرتر لە دەوری بوونی ناوەندی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە سەرخاکی هەرێمی کوردستانە. دیارە ئەو دەنگ و باسانەی لە نێو کۆبونەوەکانەوە دێنە دەر جار وبار دڵخۆشکەرن وباس لەوە دەکەن کە وەزیری کاروباری دەرەوەی عێڕاق بە ڕێز دوکتور فواد حوسێن و وەزیری کار وباری نێوخۆی هەرێمی کوردستان بەڕێز دوکتور ڕێبەر ئەحمەد، داواکانی ئێرانیان ڕەت کردوەتەوە. بەڵام گومان ناکەم کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی دەست هەڵگرن. ئەوان لە لایەکەوە زۆر لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەترسن و لە لایەکی دیکەوە پێویستیان بە ئاژاوەنانەوەیەکی دەرەکی هەیە تا سەرنجی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بەرەو گرفتی دەرەکی وەرگێڕن.
بەتایبەت هەستی ئێرانی گەری ببزوێنن و خەتەری دابەشبوونی ئێران بە گوێی ناوەندگەرایان دا بدەن. یەکیەتی نێو کۆمەڵانی خەڵکی ئێران تێک بدەن. ڕژیم زۆر ترساوە لەو یەکیەتییەی کە بە دوای شەهید کرانی ژینا ئەمینی دا لە نێو نەتەوە جیاوازەکانی ئێران دا هاتە ئاراوە. ڕژیم زەندەقی چووە لەوەی کە ئەم هەم ئاهەنگی و یەکیەتییە بەردەوام بێ تا تەواویەتی نیزامەکەی بە زبڵدانی مێژوو دەسپێردرێ. با ئەمجارە بە ژیریەوە هەڵس و کەوت بکەین تا دیسان ئەم قۆناغەش بە بێ دەسکەوتی نەتەوەیی بەرچاو تێنەپەڕێنین.
با بە هێزەوە ڕوو بەڕووی ناوەندگەراکان ببینەوەو لەسەر مافە نەتەوەییەکانمان پێداگر بین. با خۆمان ئامادە بکەین بۆ بەڕێوەبردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ولە ئێستاوە، بە هاوکاری یەکتر لە نێوخۆ و دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراوە وسیستمی بەڕێوەبەریی داهاتومان پێک بێنین و کارێک بکەین کە ببینە ئەمری واقیع، نەک کەرەسەی سات وسەودا. ئەگەر ئەو پێداویستیانەی چنینەوەی بەرهەمی خەبات دابین بکەین، ئەمجارەیان خەباتەکەمان بەرهەمدار دەبێ، ئەگەر ئەوە نەکەین و بە وادە و بەڵێنی بێ بنەمای فریودەرانی مێژوویی مان، دیسان داواکانمان ڕاگرین بۆ دوای ڕووخانی وڕژیم وچاوەڕوان بین لە ناوەند خێری مافمان پێ بکەن، دیسان لەم قۆناغەش دا مایە پووچ دەبین. کەواتە یەکگرتویی مان بەردەوام وخەباتمان بەهرەدار بێ.[١]