مەحوی

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
4e76b531b168bc.jpg

هۆنەری پایە بەرز ناوی محەمەدە، کوڕی مەلا عوسمانی باڵخییە لە نەوەی پیر و زانای ناودار (شێخ ڕەش), باپیریشی ناوی مەلا عوسمان بووە، وەکو شێخ مارفی نۆدی لەگەڵ دروست کردنی شاری سلێمانی ھاتۆتە شاری نوێوە، (باڵخ) یش دێیەکە لە ناوچەی (ماوەت) لە شاری سلێمانی.

لە ساڵی (١٨٣١ز-١٨٣٢ز) لە سلێمانی هاتۆتە دونیاوە، حەوت ساڵان بووە کە خراوەتە بەر خوێندن ماوەیەک لای باوکی پەرتووکە وردەڵەکانی خوێندووە، پاشان بە فەقێیەتی بۆ خوێندن چووە بۆ شاری (سنە، سابلاغ)، لە دوایدا گەڕاوەتەوە سلێمانی، لای مامۆستا ناودەرەکانی ئەو ناوچەیە خوێندوویەتی. پاشان چووە بۆ بەغداد و لای زانای بەناوبانگی کورد مفتی زەهاوی خوێندوویەتی و ماوەیەک لای ئەو ماوەتەوە تا ئیجازەی مەلایەتی پێداوە و کردوویەتی بە مامۆستای مزگەوتی ئیمام ئەعزەم لە بەغداد. لە ساڵی (١٨٦٢ز) بەغدادی بەجێهیشتووە و گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و بووە بە ئەندامی دادگا. لە ساڵی (١٨٦٨ز)ـدا بە هۆی مردنی باوکییەوە، دەستی لە کاری میری کێشاوەتەوە و بووە بە مەلاو دەستی کردووە بە وانە وتنەوە بە فەقێیان.

مێژونوسی کورد (موحەممەد ئەمین زەکی بەگ) دەڵێ لە ساڵی ١٢٥٢ ی. ک (١٨٣٦–١٨٣٧ ی. ز) دا لە دایک بووە، مامۆستا عەلائەدین سەججادییش دەڵێ لە ١٨٣٠ (١٢٤٦ ی. ک) دا لە دایک بووە، و (کاکەی فەلاحیش) دەڵێ لە ١٢٤٧ ی. ک (١٨٣١–١٨٣٢ ی. ز) دا لە دایک بووە، باوکی خەلیفەی شێخ عوسمان سیراجەددینی تەوێڵەی بووە، حەوت ساڵان بووە خراوەتە بەر خوێندن و ماوەیەک لای باوکی خوێندوییەتی، بۆ خوێندن چۆتە سنە و سابڵاغیش و لای مەلا عەبدوڵای پیرەباب خوێندویەتی، پاشان گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و لای مەلا ناودارەکانی ئەو ناوچەیە خوێندویەتی، ئەوجا چوە بۆ بەغداد و بوە بە فەقێ زانای بە ناوبانگی کورد مفتی زەھاوی و ئیجازەی مەلایەتی لای ئەو وەرگرتووە، دیسان مامۆستا عەلائەددین سەججادی دەڵێ پاش ئیجازە وەرگرتنی لە ١٨٥٩ ی. دا بووە بە مەلای مزگەوتی ئیمامی ئەعزەم لە بەغدا، بەڵام لە ١٨٦٢ دا بەغدای بەجێ ھێشتووە و گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و بوە بە ئەندامی دادگا.

لە ساڵی (١٨٨٣) مەحوی چووە بۆ حەج و لەوێوە چووە بۆ ئەستەمبوڵ و لە ڕێگای پیاو ماقووڵانی کوردەوە چاوی بە سوڵتان عەبدولحەمیدی عوسمانی کەوتووە، سوڵتان ڕێزێکی زۆری لێ گرتووە و فەرمانی داوە کە خاناقایەکی لە سلێمانی بۆ بکەنەوە، بە ناوی (خانەقای مەحوی)ـیەوە. کە گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی خەریکی دەرس وتنەوەی زانست و ئایین و ڕابەری کردنی خەڵک لە بەرەی سۆفییەتیدا بووە. لە ساڵی (١٩٠٦ز) کۆچی دوایی کردووە و لە خانەقاکەی خۆیدا بە خاک سپێردراوە.

لە هەڕەتی تەمەنیدا جۆش و خرۆشێک لە دڵیدا پەیدابووە و بەرەو مەیدانی عەشقی بردووە، (مەحوی) هەڵبژاردووە و کردوویەتی بە نازناوی هۆنراوەی خۆی، ئەو بنەماڵەی کە مەحوی تیایدا گەورە بووە و پەروەردەکراوە وای لێکردووە کە سەر بەرێتە مۆزەخانەی ئەهلی سۆفێنزمییەوە و بەراوردێکی بیر و باوەڕەکانیان لە گەڵ دڵی خۆیدا بکات، هەر بیرو باوەڕی سۆفییەتی مەحوی کردە هۆنەرێکی ناوداری سۆفییەتی. مەحوی بە یەکێک لە شاعیرە بەرزەکانی کلاسیزمی کوردی دادەنرێت و لە سەر ڕێرەوی نالی ڕۆیشتووە.

کەسایەتی مەحوی

مەحوی پیاوێکی باڵابەرز و سوور وسپی و چاوگەورە بووە، رێشێکی درێژی ھەبووە و بە نەرمی و ھێمنی قسەی کردووە، مێزەری سپی و کەواو سەڵتەی لەبەرکردووە، و ھەر لە سەرەتای ژیانییەوە خولیای گۆشەگیری بووە و گەرمی ھەست و سۆزەکانی دەرگای شیعری بۆ ئاوەڵا کرد، ھەروەھا ئەو ژینگە و خێزانەی مەحوی تیا پەروەردە بووە کردوویەتی بە شاعیرێکی تەسەووف، ھەروەھا شاعیرێکی وەردەکاربوو و تەواوکردنی ھەندێک لە قەسیدەکانی لە مانگێکەوە تا ساڵێکی خایاندووە.

ڕووخساری هۆنراوەکانی

کێشی عەرووزی عەرەبی بەکارهێناوە. یەکێتی قافیەی پاراستووە، واتە لە سەرتاسەری هۆنراوەکە لە سەر یەک قافیەیە. وشەی عەرەبی و فارسی لە هۆنراوەکانی دیارە. وشەکاری و وردەکاری زۆری بەکار‌هێناوە بە دوای وشە و دەربڕینی گران گەڕاوە. ناوەڕۆکی هۆنراوەکانی لە ڕووی ناوەڕۆکەوە هۆنراوەکانی لە بارەی ئایینی و فەلسەفە و سۆفیەتی و هەستی نەتەوەییەوەیە.

نموونەی هۆنراوەکانی

سۆفییەتی - ئاینی

١. دیارم ده‌یری عیشقه‌، جێ به‌ سووتن بێ له‌وێ ده‌گرم

كه‌ من مشتێ چڵ و چێوم، به‌ چی بم، كه‌ڵكی كێ ده‌گرم

٢.نه‌ گه‌یییه‌ دامه‌نی ده‌ستی دوعا، جا ده‌بمه‌ خاكی رێی

ته‌ریقه‌ی گۆشه‌گیری به‌رده‌ده‌م، ئه‌مجاره‌ رێ ده‌گرم

٣. كه‌ دادی یه‌ئسی خۆمم برده‌ لا، ئه‌م عارفه‌ توند بوو

وتی: ئاخر سبه‌ینێ جه‌ژنه‌، خوێنی تۆ له‌ پێ ده‌گرم

٤. له‌ روو سوریی عیباده‌ت لام و لەڕوو زه‌ردی خه‌جاڵه‌ت مام

به‌ ناوی سێوی ناوم باغه‌وان و من به‌هێ ده‌گرم

٥. له‌سه‌ر خۆچوونه‌، شه‌یدا بوونه‌، قوڕ پێوانه‌، سووتانه‌

هه‌تا مردن، مه‌حه‌ببه‌ت ئیشی زۆره‌ ، ڕیزی لێ ده‌گرم

٦. چ شۆخه‌ ئاگرم تێبه‌ر ده‌دات و پێم ده‌ڵێ یا شێخ

به‌ خاشاكی ده‌وت شوعله‌، عه‌سامه‌ ده‌ستی پێ ده‌گرم

٧. كه‌سینه‌ی رێشمی به‌و تیغی نازه‌ ئه‌نجن ئه‌نجن كرد

وتی: په‌ژمورده‌یه‌ ئه‌م لاله‌زاره‌، ئاوی تێده‌گرم

٨. له‌ پاداشی قسه‌ی سه‌ردا هه‌مه‌ ئاھو هه‌ناسه‌ی گه‌رم

كه‌سێ شێتانه‌ به‌ردم تێ گرێ، من به‌رقی تێده‌گرم

٩. شوكر هۆشیاره‌ مه‌حوی، تێده‌گا دونیا خه‌راباته‌

كه‌ به‌د مه‌ستی بكا ئه‌هلی خراپه‌ی بۆچی لێ ده‌گرم

نەتەوایەتی

مەحوی لە مەیدانی کوردایەتی لەم چوارینانەی خوارەوەدا هەستی نیشتیمان پەروەری و نەتەوەیی خۆی دەربڕیوە و شانازی پێوە کردووە، و دەڵێت:

  • لە دەوری دڵمی کە دی ئەم هەموو غەم و تەعەبە
  • دەروونی کەیلە لە زووخاو و دەرد تا بەلەبە
  • وتی:ببێ دڵە! وەک تۆ خەراب و شیفتە حاڵ
  • بەڵێ هەیە لە من ئاشفتە تر: وڵاتی بەبە
  • بنووسە، پیری دڵم ئەمری کرد، ئیتاعەم کرد
  • لە ئیبتیداوە ژە بەینێ موناسبی دیوان
  • گەدایەکی وەکو موحوی، قەلەندەرێکی کورد
  • میسالی پادشەهی فورسە، ساحێبی دیوان.

خانەقای مەحوی

ساڵی ١٨٨٣ چووە بۆ حەج، لە ھاتنەوەیدا چووە بۆ ئەستەنبوڵ کە ئەو کاتە پایتەختی دەوڵەتی عوسمانی بوو، لە ڕێگەی پیاوە کوردەکانەوە لە ئەستەنبوڵ بە دیداری سوڵتان عەبدول حەمیدی دووەم ئەگات، و سوڵتان زۆر عیلم و تەسەوفی مەحوی بە دڵ ئەبێت، ھەر لەبەرئەمەش بڕیار ئەدات خانەقایەکی بۆ بکرێتەوە لە سلێمانی، کە بە خانەقای مەحوی ناسرا؛ و مەحوی لە دوای گەڕانەوەی بۆ سلێمانی و لە خانەقاکەی بەردەوام دەبێت لە وانە ووتنەوە زانست و ڕابەریکردنی خەڵک لە تەسەووفدا.

مەحوی لە خانەقاکەیدا کاتەکانی بۆ سێ بەش دابەش دەکات، بەشێکی بۆ وانەووتنەوە و بەشێکی بۆ دانیشتن لەگەڵ خەڵک و ئامۆژگاری کردنیان و بە شێکی تری بۆ نوێژ و یادی خوا و بیرکردنەوە.