مەزڵوم عەبدی
ئامادەکردنی: مانو بەرزنجی
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە بە مەزڵوم کۆبانیش دەناسرێت، ناوی تەواوی فەرھاد عەبدی شاھین لە ساڵی 1967 لە شاری کۆبانی لە ڕۆژئاوای کوردستان لە دایکبووە سەرکردەیەکی سەربازیی دیاری کوردە لە ڕۆژئاوای کوردستان. ئەو لە ئێستادا فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی سووریای دیموکراتە.
مەزڵوم کۆبانی وەک ئەندازیاری شارستانی لە زانکۆی حەلەب ڕاهێنانی پێکراوە، مەزڵوم کۆبانی لە ساڵی 1990 پەیوەندی بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە چوارچێوەی سوریاوە کردووە, لەو ماوەی لەگەڵ پەکەکە بووە لە سوریا، دەبێتە هاورێیەکی نزیکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە.
مەزڵوم کۆبانی پێنج جار لەلایەن دەسەڵاتدارانی سوریاوە زیندانی کراوە.
لە ساڵی 1997 ڕووی لە ئەوروپا کردووە و لەوێ تا ساڵی 2003 ماوەتەوە و خەریکی چالاکییە سیاسییەکانی کورد بووە، هەر لە هەمان ساڵدا ساڵی 2003 سەفەری بۆ عێراق کردووە و دەوترێت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا بەشدار بووە.
لە ساڵی 2005 ئەندامی فەرماندەیی باڵای پەکەکە بووە.
لە ساڵی 2009 تا 2011/12 ئەندامی دەستەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) بووە.
لە ساڵی 2011/12، لە نێوان پەرەسەندنی شەڕی ناوخۆی سوریادا، لە لایەن پەکەکە بۆ ڕێکخستنی چالاکییەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە ناوچە کوردنشینەکانی سوریا، ڕەوانەی سوریا کرا.
جەنگی سوریا و سەرکردەی سەربازی
مەزڵوم کۆبانی لە مانگی ئابی 2014 بەرپرسی ئەو دانوستانانەی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە سلێمانی لەگەڵ ئێران و ئەمەریکا ئەنجامیاندا بەمەبەستی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی کاریگەر دژی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)، دوای ئەوە ڕێککەوتن لەسەر هاوپەیمانییەک لەگەڵ ئەمەریکا کرا.
مەزڵوم کۆبانی لە کاتی گەمارۆدانی کۆبانی (لە ئۆکتۆبەری 2014 تا جێنوەری 2015) بەرگری لە کۆبانی کرد، سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا پێشنیاری کرد دەست لە کۆبانی هەڵگرێت بەڵام مەزڵوم ئەو کارەی، ڕەتیکردەوە بکشێتەوە. مەزڵوم عەبدی وەک فەرماندەی سوپای (SDF هەسەدە) فەرماندەیی 70 هەزار سەرباز دەکات.
لە 25ی نیسانی 2017، هێزە چەکدارەکانی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانییان بۆسەر ئامانجەکانی پەکەکە لە چیای شنگال لە عێراق و چیای قەرەچۆک لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدا. عەبدی لەنێو ئەو تیمانەدا بوو کە ئەفسەرانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای تێدابوو کە سەردانی ئەو ناوچەیەیان کرد و پشکنینیان بۆ کرد کە ئامانجەکان لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە بۆردومان کران لە ناوچەی چیای قەرەچۆک.
لە 5ی ئازاری 2018، عەقید ڕۆبەرت مانینگ(Colonel Robert Manning)، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە عەبدی ڕایگەیاند، "بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیکردنی جەنەڕاڵ مەزلوم و هێزە ئەمنییە خۆجێییەکانی سوریا لەو ناوچانەی لە دەستی داعش ڕزگارکراون".
لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، حامی ئاکسۆی، دەریکرد، کاردانەوەی نیشاندا بەرامبەر بە بەکارهێنانی ناوی مەزلوم عەبدی لەلایەن وتەبێژی پنتاگۆنەوە، کە لە "لیستی تیرۆریستە داواکراوەکان"ی تورکیادایە، و بەکارهێنانی زاراوەی گشتی "یەپەگە" و ژەنەڕاڵ لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئەوەندەی تر تورکیایی توڕە کرد.
لە مانگی تەمموزی 2019 مەزلوم عەبدی لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە منداڵان و شەڕی چەکداری، ڤێرجینیا گامبا کۆبووەوە و بەڵگەنامەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکانی بەناوی SDF واژۆ کرد.
لە ساڵی 2018 لە لایەن تورکیاوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە.