مەلا کرێکار
نەجمەدین فەرەج ئەحمەد ناسراو بە مەلا کرێکار لە ساڵی ١٩٥٦ لە سلێمانی لەدایکبووە. ماستەری لە فەرموودەناسیدا ھەیە، زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی و نەرویژی دەزانێت.
زیاتر لە ھەزار وانە و حەفتا پەرتووکی ھەیە و شاعیریشە و دیوانی شیعرەکانی ٣٠٠ لاپەڕەیە. لایەنەکانی دژ بە مەلا کرێکار بە تیرۆریست ناوی دەبەن.
بەڵام خودی مەلا کرێکار و لایەنگرانی ئەمە ڕەت دەکەنەوە و لەسەر ئەم باوەڕەن کە مەلا کرێکار تیرۆریست نییە و ھیچ بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی ئەم بابەتە نییە و دەڵێن دادگای نەرویژیش نەیتوانیوە تیرۆریستبوونی بسەلمێنێت.
ژیاننامە
مەلا کرێکار لە ساڵی ١٩٥٦ لە خێزانێکی ھەژار لە شاری سلێمانی لە دایکبووە، شەش برا و چوار خوشکی ھەیە.
لە ساڵی ١٩٦٢ دەستی بە خوێندن کردووە و قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری سلێمانی تەواو کردووە.
لە ساڵی ١٩٧٤ بووە بە پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەردەوام بووە تا نسکۆی ساڵی ١٩٧٥.
لە پاش نسکۆی ساڵی ١٩٧٥ و لەناوچوونی شۆڕشی ئەیلوول، دەگەڕێتەوە سلێمانی و پاش ماوەیەک ڕوو دەکاتە شاری ھەولێر و لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا وەک فەرمانبەر لە ئەمانەتی گشتیی کاروباری کۆمەڵایەتی دادەمەزرێت، و ھاوکات درێژە بە خوێندنی شەوانە دەدات، قۆناغی دواناوەندی بە سەرکەوتوویی و نمرەیەکی باش تەواو دەکات.
لە ساڵی ١٩٧٨دا، دەگەڕێتەوە شاری سلێمانی و لە زانکۆی سلێمانی وەردەگیرێت لە بەشی وێژەی زمانی عەرەبی و بە پلەیەکی باش زانکۆ تەواو دەکات و پلەی دووەم بەدەست دەھێنێت لەسەر ئاستی کۆلێژی بەشی زمانی عەرەبی، و شەشەم دەبێت لەسەر ئاستی بەشەکانی تری کۆلێژ، کە زانستەکانی زمان و کۆمەڵناسی لەخۆگرتووە.
دادگایکردنی ئۆسلۆ و تۆمەتەکان.
لە ساڵی ٢٠٠٩، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ بڵاوکراوە عەرەبییەکاندا ھەڕەشەی کردووە و وتوویەتی «ئەگەر وڵاتی نەرویج بمنێرێتەوە بۆ کوردستان، ئەوا لەسەر ئەوە وەزیری شارەوانیی پێشوو، ئارنەسولبێرگ، دەکوژرێت.
ساڵی ٢٠٠٩ لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیی ئەمریکیدا، بە ناوی «داواکراوەکە»، بە ئوسامە بن لادنیدا ھەڵداوە و دەستخۆشیشی لەو تیرۆریستانە کردووە کە لە عێراق خۆیان دەتەقێننەوە.
لە ساڵەکانی ٢٠٠٨ و ٢٠٠٩ و ٢٠١٠دا، لەسەر پێگەی پاڵتۆک لە ئینتەرنێت ھەڕەشەی کوشتنی لە سێ کوردی دانیشتووی وڵاتی نەرویژ کردووە و ھانی خەڵکی داوە ھەر کاتێک توانیان دەستیان لێ بوەشێنن، لەبەر ئەوەی ئەو سێ کەسە سووکایەتیان بە ئیسلام و قورئان و موسڵمانان کردبوو.پەیوەندی بە داعش، و تێکەڵبوونی بە کارە تیرۆرستییەکان.
حوکمدانی لە دادگای نەرویژ
سەرەنجام، بە سێ سکاڵاکەی لەسەر، دادگا حوکمی دوو ساڵ و دە مانگ سزای زیندانیکردنی بۆ مەلا کرێکار دەرکرد. دواجار لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥ ئازاد کرا.
ڕادەستکردن بە ئیتاڵیا.
لە ٢٦ی ئازاری ٢٠٢٠دا، ئەوە ڕاگەیەندرا کە سوێد مەلا کرێکاری ڕادەستی ئیتاڵیا کردووە.
پارێزەرەکەی و زۆر کەسایەتی کوردستان ڕەخنەیان لەم بڕیارە گرت، بەوەی کە سوێد بەبێ سەلماندنی ھیچ تۆمەتێکی سەر مەلا کرێکار ئەویان ڕادەست کردووە و ڕادەستکردنەکە لە کاتێکی نەخوازراوی وا بووە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە فراوانی لە ئیتاڵیا بڵاوبووەتەوە.[١]
- ↑ سەرچاوە: ویکیپیدیا