مەولەوی
سەیید عەبدولڕەحیمی نازناو(مەعدوومی)و بەناووبانگ بە (مەولەوی) ، كوڕی مەلا سەعیدی تاوگۆزی و لە نەوەی مەلا یووسف جانی كوڕی مەلا ئەبووبەكری چۆڕی یە كە بە (موصەننیف) مەشهوور بووە و ، ڕشتەی پشتیان ئەچێتەوە سەر خواناسی ناودار سەیید موحەممەد زاهیدی كوڕی سەیید مەحموودی مەدەنی كە بە ( پیر خدلری شاهۆ) ناسراوە و ، لە نەوەی حەزرەتی حوسەینی كوڕی حەزرەتی عەلیی كوڕی ئەبووطالیب و فاطیمەی زەهرایە خوایان لێ ڕازی بێ.
مەولەوی لە ساڵی 1221 ی هیجرەتدا لە دێی (سەرشاتە)ی ناوچەی تاوەگۆزی كە ئەكەوێتە بەری باشووری ڕووباری سیروان ، لە دایك بووە . هێشتا منداڵ بووە ماڵی باوكی ناوچەی تاوگۆزی یان بەجێ هێشتووە و لە دێی (بێژاوە) جێگیر بوون و ، لەوێ لای باوكی قورئانی پیرۆز و كتێبە وردەكانی خوێندووە و فێری نووسین بووە.
پاشان بەپێی داب و نەریتی فەقێی وڵاتی كوردستان ڕۆیشتووە بۆ هەڵەبجە و لەوێ دەستی كردووە بە خوێندن . هەروەها لە مەدرەسەكانی دەوروپشتی هەڵەبجە وەك خەرپانی و خورماڵ و بیارە و تەوێڵەیش خوێندوویەتی و پاش ئەوە چووە بۆ پاوە و ماوەیەكیش لەوێ خوێندوویەتی و پاش ئەوە ڕۆیشتووە بۆ چۆڕ لە مەریوان كە مەڵبەندی كۆنی خۆیان بووە و، پاش ماوەیەكیش خوێندن لەوێ ، چووە بۆ شاری سنە و لەوێ لە مزگەوتی وەزیر دامەزراوە. ئەو سەردەمە سەردەمی فەرمانڕەوایی ئەمانوڵڵاخانی گەورە بووە كە یەكێ بووە لە پیاوە بەناووبانگەكانی ئەردەڵان و مزگەوتی دارولئیحسان ئەو دروستی كردووە . پاش ماوەیەكی تریش لە سنەوە ڕۆیشتووە بۆ بانە و لەوێیشەوە پاشتر هاتووە بۆ سولەیمانی و لە سەردەمی ژیانی شێخ مەعرووفی نۆدێدا بە فەقێیەتی لە مزگەوتی گەورە دامەزراوە .
پاش ماوەیەك مانەوە لە سلێمانی ، لەوێیشەوە چووەتەوە بۆ هەڵەبجە و لە مەدرەسەی شێخ عەبدوڵڵای خەرپانی لە مزگەوتی جامیعە دامەزراوە و لای مەلا صادقی تەوێڵەیی خوێندوویەتی . ئەم مەلا صادقەیش یەكێ بووە لە موستەعیدەكانی شێخ عەبدوڵڵا خۆی.
بیستوومە لەم سەردەمەدا باوكی مەولەوی كۆچی دواییی كردووەو مەولەوی ماوەیەك پەكی خوێندنی كەوتووە و خەریكی بەخێوكردنی براو خوشكەكانی بووە . پاشان دەستی كردووەتەوە بە خوێندن و چووە بۆ قەڵای جوانڕۆ بۆ لای مەلا موحەممەدی قازی و ماوەیەك لەوێیش خوێندوویەتی، جا بۆ جاری دووهەم چووەتەوە بۆ سنە لە مزگەوتی دارولئیحسان دامەزراوە. لەم چەرخەدا شێخ موحەممەد سەعیدی باوكی شێخ عەبدولقادری موهاجیر مودەڕڕیسی دارولئیحسان بووە. مەولەوی ئەم جارە زیاتر لە جاری پێشوو لە سنە ماوەتەوە و پاشان دیسانەوە هاتووە بۆ سولەیمانی و لە خزمەتی مەلا عەبدوڕەحمانی نۆدشەییدا كە مودەڕڕیسی مەدرەسەی مەڵكەندی بووە ، خوێندوویەتی و لای ئەو تەواوی كردووە و ئیجازەی مەلایەتیشی لای ئەو وەرگرتووە.
بیستوومە پاش ئیجازە وەرگرتنی مەولەوی ، بەپێی داب و نەریتی پاشاكانی بابان كە هەر فەقێیەك لە سلێمانی ئیجازەی وەرگرتایە یەكێ لە پاشازادەكان فەقێ ئیجازە وەرگرتووەكە و كۆمەڵێ مەلا و فەقێی شار و كۆمەڵێ دەستە و دائیرەی خۆی لەگەڵ خۆی هەڵەگرت و ئەچوون بۆ سەیران بۆ سەرچنار ، ئەحمەد پاشای بابانیش كە میانەی دۆستایەتیی لەگەڵ مەولەوی زۆر بووە، مەولەوی و كۆمەڵێ مەلا و فەقێ لەگەڵ خۆی ئەبا بۆ سەیران .
لە ڕێگەدا فەلاحێك سەری ڕێیان لێ ئەگرێ و دەست ئەكا بە سكاڵای حاڵی خۆی لای ئەحمەد پاشا و ئەڵێ پارچە بەراوێكم هەیە هەموو ساڵێ ئەیكەم بە تەڕەكاڵ و پێی ئەژیم، ئەمساڵ یەكێ لە پیاوەكانی تۆ لێی داگیر كردووم و زۆریشم لێ ئەكا بە جووتی خۆم بیكێلم و بیكەم بە تەڕەكاڵ بۆ ماڵی پاشا. مەولەوی دێتە پێشەوە خۆی لە كابرای فەلاح تووڕە ئەكا و ناهێلێ ئەحمەد پاشا وەڵامی بداتەوە.
كابرای فەلاح تووڕە ئەكا و ئەڵێ: مەلا! تۆ لای خۆت مەلا و پیاوی ئایینی ، كە تكایەكم لای پاشا بۆ ناكەی ، بۆ وا لێم تووڕە ئەبی ؟ مەولەوییش پێی ئەڵی: كابرا ! مردووت مرێ .. من لەبەر بێ عەقڵیی تۆ تووڕە بووم لێت . ئاخر تۆ نەتبیستووە دنیا كێڵگەی قیامەتە؟ جا ئەگەر پاشا ئێستا بە جووتی بێگاری زەویی داگیركراو نەیكێڵێ و نەیكا بە تەڕەكاڵ بۆ ماڵی خۆی ، دنیای چۆن بۆ ئەبێ بە كێڵگەی قیامەت؟ ئەحمەد پاشا كە ئەم قسەیەی مەولەوی ئەبیسێ، شەرم ئەیگرێ و بە مەولەوی ئەڵێ تكا ئەكەم ئیتر بەس! كابرا تۆیش بڕۆ زەویی خۆت بۆ خۆت و هەركەس هات بەنزیكتا لێت داگیر بكا و زۆرت لێ بكا ، گوێی مەدەرێ و لە كەس مەترسە.
مەولەوی پاش ئیجازەوەرگرتنی ئەڕوا لە دێی چڕوستانە كە دێیەكە لە نزیكی هەڵەبجەوە، ئەبێ بە مەلا و مزگەوتێكی تیا ئەكاتەوە و چەند فەقێیەك ڕائەگرێ و دەست ئەكا بە دەرزپێ وتنەوەیان.
شوێنەكەی زۆر پێ خۆش ئەبێ تەنانەت باغێكیشی تیا دائەنێ. بەڵام پاش ماوەیەك ئەگوێزرێتەوە بۆ دێی گونە(گوندە) لە ناوچەی نەورۆڵی لە نزیكی چڕوستانەوە. لەوێیش مزگەوتێك دروست ئەكا و فەقێ ڕائەگرێ و حوجرەیان بۆ ئەكاتەوە و بە پێی خوێندنی ئەوان و ئامۆژگاری كردنی موسوڵمانانەوە چەند ساڵێكیش لەوێ ڕائەبوێرێ.
پاشان لەوێشەوە ئەگوێزرێتەوە بۆ كانی كەوە لە ناوچەی شەمیران كە نیشتمانی هۆزی (یەزدان بەخشی)یە . لەو سەردەمەدا سەرپەرشتی كردنی ئەو ناوچەیە بە دەست شێخ عەلیی عەبابەیلێییەوە بووە كە زۆر دۆستی مەولەوی بووە و خاتری گرتووە و خزمەتی كردووە.
پاشان موحەممەد پاشای جاف ناوچەكەی لەسەر خۆی تاپۆ كردووە و بەڕێوەبردنی لە شێخ عەلی سەندووەتەوە و داویەتە دەستی عوسمانی خاڵە كە پیاوموناسبی یەزدان بەخشی بووە. پاش ئەمە مەولەوی كانی كەوە بەجێ ئەهێڵێ و ئەگەڕێتەوە بۆ سەرشاتەی زێد و نیشتمانی كۆنی خۆی.
كە موحەممەد پاشای جاف لەمە ئاگادار ئەبێ نامەیەكی گلەیی ئامێز بۆ مەولەوی ئەنووسێ. مەولەوییش لە وەڵامدا نامەیەكی بۆ ئەنووسێ و بۆی باس ئەكا كە لە پاش دەرچوونی شێخ عەلی یەوە لە شەمێران ، وەزعی عەشیرەتەكەی وەك ئەوسا نەماوە و بۆیە ناچار بووە لەبەر ئەوان بار بكا.
ئیتر لەگەڵ ئەوەشا كە ناوچەی تاوگۆزی زۆر كووڕودێم بووە و ژیانی تیا گران بووە، مەولەوی هەر لەوێ ماوەتەوە و نەجووڵاوە و بە هەرجۆر بووە ژیانی بەسەربردووە، تا لە 1300 ی هیجرەتدا كۆچی دوایی كردووە و لە گۆڕستانی مەشهوور بە گۆڕستانی ئەسحابە لە دێی (سەرشاتە) لەسەر بەرزایی یەك بەخاك شپێرراوە.
مەلا حامیدی كاتبی شێخ عوثمان سیراجوددین ئەم چەند شیعرەی لەلاواندنەوەیا داناوە:
آسمان گر خون ببارد بر وفات مولوی
زیبدار برگ سیە پوشید اهل دنیوی
مجمع علم و عبادت مخزن صدق و صفا
مظهر عقل و درایت میر ملك معنوی
پیرو شرع محمد شیخ اولاد حسین
سالك راه طریقت در طریق اخروی
فارس نظم و قصاید در حقیقت ، در مجاز
ریزەچین خوان جودش صد امیر دهلوی
بهر تاریخ وفاتش آنقدر كردیم فكر
كاسمان (غش) كرد بر مرگ جناب مولوی
مەولەوی لە دوا ساڵەكانی ژیانیا كوێر بووە و حەوت ساڵی بە كوێری بەسەر بردووە و لە ژیانی خۆیا كەپرەكەی ئاگری تێ چووە و كتێبەكانی سووتاون و خۆشی لە پارچە شیعرێكیا ئیشارەت بۆ ئەو ڕووداوە ئەكا كە چۆن شیعرەكانی تیا سووتاوە. لەمەوە دەرەكەوێ كە ئەبێ مەولەوی شیعری زۆری فەوتابێ. ڕاستەكەشی قەوارەی بچووكی دیوانەكەی نە لەگەڵ ژیانی درێژی پڕ لە خۆشی و لە دەرد و مەینەتی و نە لەگەڵ دەستی باڵای لە شیعردا ڕێك ناكەوێ.
ئەو کتێبانەی مەولەوی دایناون
ئەم ذاتە لەبەر ئەوە كە شوێنێكی موناسبی نەبوە تیا بحەسێتەوە و ڕێگایەكی شك نەبردووە گوزەران و ژیانی خۆی بە ڕێكوپێكی لێوە دابین بكا و زۆر وەختی ژیانی لە گواستنەوەدا بووە لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر ، ئەبوو هیچ نووسراوێكی لەپاش بەجێنەمایە، كەچی لەگەڵ ئەوەشدا گەلێ كتێبی بەنرخی نووسیوە هەموویان ماون و ، دیوانێكی شیعریشی لە پاش بەجێ ماوە كە نوسخەی زۆر لێ نووسراوەتەوە و بە گەلێ ناوچەی كوردستانا بڵاوبووەتەوە . ئەم دیوانە شیعرەی یەكەمجار لە ساڵی 1935 دا بە دوو بەرگ لەگەڵ وەرگێڕانیا بە شیعر بۆ دیالێكتی كرمانجی خواروو لەلایەن پیرەمێردەوە بڵاوكراوەتەوە و، جاری دووهەمیش لە 1961 دا بە لێكدانەوەوە لەلایەن منەوە لە چاپ دراوە.
كتێبە دانراوەكانی مەلەوی ، جگە لە دیوانەكەی ئەمانەن: یەكەم_كتێبێكی كوردی بە شیعر لەبارەی عەقیدە و بیر و باوەڕی ئیسلامەوە. ئەم كتێبە هێشتا چاپ نەكراوە. من خۆم نوسخەیەكیم لایە.
دووهەم_كتێبێكی تری كوردی بە شیعر بەناوی (العقیدة المرضیة)وە لەبارەی عەقیدەی فیرقەی ئەشعەری یەوە كەلە دوو هەزار بەیت زۆرترە و لەوپەڕی جوانی و ڕەوانیدایە . ئەم كتێبە زۆر بەسوودە و مەولەوی خۆی حاشیەی زۆری لێ كردووە و هەروا حاجی شێخ ئەحمەدی كوڕی شێخ عوثمان سیراجوددینیش گەلێ حاشیەی لێ كردووە. وادیارە بە دەرزیش لای مەولەوی خۆی خوێندوویە كاتێ كە مەولەوی لە تەوێڵە بووە لای شێخی باوكی سولووكی كردووە. نوسخەی تەواوی ئەم كتێبە لای حاجی مەلا خالیدی كوڕی مەلا عەبدڵڵای موفتیی سنە و لای حاجی مەلا سەعیدی ساداوایی هەیە.
سێهەم_ كتێبیكی بە فارسی بە شیعر لەبارەی عەقیدەو بیروباوەڕی موسوڵمانانەوە كە ناوی (الفوائح)ە واتە شتە بۆن خۆشەكان یا بۆنی خۆش گەیێنەكان . ئەم كتێبەش لە هەزار بەیت زیاترە.
ئەم دوو كتێبە پێكەوە لە ساڵی 1352ی هیجرەتدا لە میسر لەلایەن خوالێ خۆشبوو (محی الدین صبری النعیمی الكانی مشكانی)یەوە لە چاپ دراون. لەم ساڵانەی دواییشدا لە ڕووی ئەو چاپەوە بە ئۆفسێت لە چاپ دراونەتەوە.
چوارم_ نامیلكەیەكی لەبارەی ئیسپات كردنی دروستیی(رابطە)وە كە یەكێكە لە ئادابی تەریقەتی نەقشبەندی. ئەم نامیلكەیە بە فارسییە، نوسخەیەكی لای شێخ حەیدەری كوڕی شێخ جەعفەر هەیە كەلە دێیەكی نزیك لە سەیید صادقی شارەزوورەوە دائەنیشێ. ئەم نامیلكەیە تائێستا لە چاپ نەدراوە.
پێنجەم_كتێبێكی شیعری ڕەنجەزە بە عەرەبی ناوی(الفضیلة)یە 2031 شیعرە لە بارەی زانستی ئوسووڵی دینەوە. ئەم كتێبە كتێبیكی زۆر بایەخدارە ، مەولەوی بە فەرمانی شێخ موحەممەد بەهائوددین دایناوە و لە سەردەمی ژیانی خۆیدا زۆر خوێنراوە. منیش لە سایەی خواوە لە ساڵانی 1376 – 1377 دا شەرحێكی باشم بەپێی توانای خۆم لێ كردووە بە ناوی(الوسیلة فی شرح الفضیلة) و لە ساڵی 1392 ی هیجرەت (1972 ی.ز) دا لە چاپم داوە و 819 لاپەڕەیە و بە گەلێ وڵاتی موسوڵمانان و زۆر لای كوردستانا بڵاوبووەتەوە. نوسخەیەكی نایابی ئەم (الفضیلة)یەم لایە بە خەتێكی زۆر جوان نووسراوەتەوە، حاشیەی زۆری مەولەوی خۆی و مەلا فەتاحی پاوەیی و خەتی مەولەوی خۆیشی پێوەیە.
لە خوالێ خۆش بوو سەیید عەبدوڕەحمانی عازەبانیم بیستووە ئەیفەرموو: لە بیارە لە خزمەتی شێخ نەجموددیندا كتێبێكم دی ناوی (خاگراتی مەولەوی) بوو گولێ شتی بەسوودی لە بارەی مەولەوییەوە تیابوو. ئەبێ ئەم كتێبە فەوتابێ وا شوێنەواری لە هیچ لایەكەوە دیارنییە.
هەروا بیستوومە حاجی سەیید عەلیی مەلای(لۆن) دیوانێكی مەولەویی لایە موناسەبەتی دانانی پارچە شیعرەكانی تیا نووسراوە و لە ڕووی نوسخەی مەلا ئەسعەدی پایگەلان نووسیویەتەوە.
ئاخ ، مەولەوی ! خۆزگە بەو سۆز و عەشق و تێكۆشینە لە وڵاتێكدا ئەبووی هەرچیت ئەنووسی وەرئەگیرا و لە چاپ ئەدرا، تا جیهانی كوردستان بەڵكو هەموو جیهانی موسوڵمانان بە تەئلیفات و ئاسار و ئەشعارت ڕووناك ببوایەتەوە و، تا هەموو دنیا بیزانیایە بێشەی كوردستان چ جۆرە شێرێكی تێدا بووە و ، مزگەوتە بێ ئەوقاف و بێ نازەكانی زانای گەورە و بەرز و پیاوەنی خاوەن بەهرەی ئەدەبیی چۆنیان پێگەیاندووە. لە شاعیرانا كەسانی وەك مەولەوی و مەلاخدری نالی و عەبدولڕەحمان بەگی سالم و مستەفا بەگی كوردی و مەلا موحەممەدی مەحوی و شێخ ڕەزای تاڵەبانی و مەلا مستەفای بێسارانی و صەیدیی هەورامی و وەلی دێوانە و موحەممەد ئاغای دەربەن فەقەرە و خانای قوبادی و مەلكەی مرادوەیس و قادری كۆیی و مەلا عومەری ڕەنجووری و ، لە زانایاندا كەسانی وەك ئیبنولسەلاحی شارەزووری و كەمالوددینی ئەربیلی و ئیبنولحاجیبی سندی و سەیفوددینی ئامودی و فاضیل موحەممەد ئەفەندیی گۆرانی و ئیبنو خەلەكان و مەلا عەبدوڵڵای بێتووشی و كەسانی تریش پەروەردەی سووچی ئەم مزگەوتانە بوون.
هەربژی ناوی نامیی مەولەوی
لە ڕیزی سەعدی و جامی و دیهلەوی
بژین زانایان لە ڕووی جیهانا
لە زانای عیلمی ماددی و مەعنەوی
حەشرمان بكا خودا بە كەرەم
لە ژێر سای ئاڵای بەرزی نەبەوی
سەفەری مەولەوی بۆ ئەملا و ئەولا
مەولەوی زیاد لە وردە سەفەرەكانی بۆ دیدەنی كردنی دۆستان و برادەرانی لە تاوگۆزی و جوانڕۆ و زەهاوو، بۆ ناو عەشایری قوبادی و باوەجانی و وەڵەدبەگی جاف و شەرەف بەیانی و، بۆ شارەزوور و ، بۆ هەورامان بۆ زیارەتی شێخ سیراجوددین و بەهائوددین و ، بۆ سولەیمانی بۆ زیارەتی كاك ئەحمەدی شێخ و بۆ سنە بۆ خزمەتی شێخ عەبدولقادری موهاجیر كە لەوێ مامۆستای بووە، چەند سەفەری تایبەتیی تریشی بووە كە ڕۆژگار پێویستی كردوون لەسەری. وا كورتەیەك باسی هەندێ لەو سەفەرانەی ئەنووسینەوە بۆ ئاگاداری و بۆ یادگار.
یەكێ لەو سەفەرانەی سەفەرێكیەتی بۆ سنە كە بەفەرمانی شێخ عوثمان سیراجوددین بووە لە 1271 ی هیجرەتدا لە خزمەتی مەلا ئەحمەدی نۆدشەیی و شێخ عەبدولڕەحمان ئەبولوەفای كوڕی شێخدا بۆ لای ئەمانوڵڵا خانی والیی كوڕی خوسرەوخانی ئەردەڵان كە لەقەبی (غوڵام شا خان) بووە.
ئەم سەفەرە لەسەر داوا و پێشنیهادی مەلایان و پیاوماقووڵانی سنە بووە لای شێخ سیراجوددین كە یەكێ لە كوڕەكانی لەگەڵ كۆمەڵێ لە مەلا گەورەكانا بنێرێ بۆ لای غوڵامشا خان ئامۆژگاریی بكەن بەڵكو لە بیروباوەڕی شیعەیەتی پەشیمان ببێتەوە و بێتەوە سەر ئایینی خەڵكی كوردستان و ، ئەگەر هەر وازیش ناهێنێ ، هیچ نەبێ واز لەوە بهێنێ كە حاجی كەریم خانی موجتەهیدی هەمەدانی بێنێ بۆ سنە و بە زۆر بەسەر خەڵكەكەیدا بسەپێنێ تا شیعەیەتی لەناویانا بڵاوبكاتەوە.
شێخیش ، شێخ عەبدوڕەحمان ئەبولوەفای كوڕی وحاجی مەلا ئەحمەدی نۆدشەیی و مەلەوی بۆ ئەم مەسەلەیە ئەنێرێ بۆ سنە. خەڵكی سنە پێشوازییەكی گەرم لەم میوانانە ئەكەن. ئەمانیش چەند ڕۆژ لە سنە ئەمێننەوە و لەم چەند ڕۆژەدا چەند جار چاویان بە غوڵام شا خان ئەكەوێ و گەلێ گفتوگۆی لەگەڵ ئەكەن، بەڵام هەمووی بێ سوود ئەبێ و غوڵام شا خان لەسەر حاڵی خۆی ئەمێنێتەوە و، ئەمانیش ناچار بە دڵگرانییەوە ئەگەڕێنەوە بۆ هەورامان.
سەفەرێكی تری مەولەوی بۆ سابڵاخ بووە كە ئێستە بە (مەهاباد) بەناووبانگە . مەولەوی لە ڕێی مەریوانەوە چووە بۆ ئەم سەفەرە و لە ڕێ لای زانای گەورە سەیید حەسەنی چۆڕی لایداوە ، كە ئەویش بە پشت ئەچێتەوە سەر مەلا ئەبووبەكری موصەننیفی باپیرەگەورەی مەولەوی.
بیستوومە مەولەوی لەم سەفەرەدا فەرەنجییەكی درێژی لەبەردابووە لەوانەی لەناو قوبادیو باوەجانیدا لەبەریان ئەكەن. لە مەلا ئەوڕەحمانی چۆڕیم بیستووە كە ژنبرای سەیید حەسەن بوو ئەیوت مەولەوی لەگەڵ ئەوەشدا كە ڕێبوار و ماندوو بوو، شەوان پاش ئەوە كە میواندارەكانی بەجێیان ئەهێشت كەمێك ئەنووست ، ئیتر پاشان هەڵئەسایەوە بۆ شەونوێژ و دوای ئەوە ڕووە و قیبلە دائەنیشت خەریكی ذیكر و فیكری خوا و بەجێهێنانی ئادابی تەریقەت ئەبوو و بەوجۆرە ڕۆژی ئەكردەوە.
مەولەوی كە ئەگاتە سابڵاخ مەلاكانی ئەوێ پێشوازییەكی گەرمی لێ ئەكەن ، بەڵام تاقمی ماڵی سەیید نیظامی لەگەڵ ئەوەیش كە چۆڕی و خزمی مەولەوی بوون گوێی نادەنێ ، تا سەرەنجام بە هۆی یەكتری دیتن و گوێگرتن لە موناقەشاتی عیلمیی مەولەوی یەوە لە پایە و ڕێ و شوێنی ئەگەن و بانگی ئەكەن بۆ ماڵی خۆیان و قەدر و حورمەتی ئەگرن.
سەفەرێكی تری مەولەوی بۆ كەركوك بووە لە سەردەمی ژیانی شێخ عەبدولڕەحمانی خالصیی تاڵەبانیدا. مەولەوی ئەم سەفەرەی لە زەمانی شێخ عوثمان سیراجوددیندا كردووە. شێخ عەبدولڕەحمانی تاڵەبانی لەم سەفەرەی مەولەویدا زۆری حورمەت گرتووە. بیستوومە مەولەوی بە شەو گەیشتوەتە كەركووك و یەكسەر چووە بۆ لای شێخ عەبدولڕەحمان و ، دیویە هەرچەندە خەڵك هەموو نووستوون ئەو بەخەبەرە و خەریكی عیبادەتە، ئەم بەیتەی بەسەرا ئەخوێنێتەوە :
شەوەن ، خەڵوەتەن ، ماڵ بێ ئەغیارەن
ئاڵەم گرد وتەن ، دۆس خەبەردارەن
ئەویش بەم بەیتە وەڵامی ئەداتەوە:
نیازم ناڵەن بەی كەڵپۆسەوە
شەو ناڵین وەشەن وە لای دۆسەوە
مەولەوی لەم سەفەرەیدا ماوەیەك لە تەكیە ئەمێنێتەوە ، جا ئەگەڕێتەوە . سەفەرێكیتریشی هەروا بۆ كەركووك بووە ، بەڵام پاش كۆچی دوایی شێخ سیراجوددین و شێخ عەبدوڕەحمانی تاڵەبانی و ، لە سەردەمی شێخ بەهائوددین و شێخ عەلیی تاڵبانیدا . برادەرێك لە زمانی سەیید موحەممەدی كوڕەزای مەولەوییەوە بۆی گێڕاومەتەوە كەوا ئەم چوونەی مەولەوی بۆ كەركووك جۆرە تۆرانێك بووە لەبەر دڵ عاجزی، هەرچەند نەیئەزانی هۆی ئەم دڵ عاجزییەی چی بووە.
مەولەوی لەم سەفەرەیدا چەند مانگێك لە كەركووك ئەمێنێتەوە ، پاشان بە فەرمانی شێخ بەهائوددین ، شێخ ضیائوددینی برای لەگەڵ چەند سوارێك ئەچن بۆ لای بۆ كەركووك بەڵكو ئاشتی بكەنەوە و بیهێننەوە، بەڵام مەلەوی بەگوێیان ناكا. پاش ئەوەی ئەوان سوار ئەبن و ئەكەونە ڕی بگەڕێنەوە بە دوو سێ سەعاتێك ، مەولەوی ئەكەوێتە حاڵێكی ناتەبیعیی وەك جەزبەوە . شێخ عەلی بەوە ئەزانێ پێی ئەڵی : مەولەوی ! وا ئەزانم ئارەزووت لێیە بگەڕێیتەوە؟ چەند سوارێك ئەخاتە تەكی ، لەگەڵی ئەڕۆن تا ئەگەنەوە بە شێخ ضیائوددیندا ، مەولەوی لەگەڵ ئەوان ئەگەڕێتەوە و سوارەكانیش ئەگەڕێنەوە دواوە بۆ كەركووك.
هەروا بیستوومە لە زمانی سەیید موحەممەدەوە گێڕاویانەتەوە مەولەوی ئەو پارچە شیعرەی كە بەم بەیتە دەسپێ ئەكا:
وەخیلافەوەن ، یاران سەرمەس
تەقازای زاتیی تەبعم هەرچی هەس
بەهۆی ئەو تەبیعەت تێكچوونەیەوە وتوویەتی كە ئەوەبووە قسەی شێخ بەهائوددینی شكاندووە و شێخ ضیائوددینی هەروا گێراوەتەوە ، پاشان ئەو حاڵەتە دەروونییە توندەی بەسەرا هاتووە و ئەو پارچە شیعرەی وتووە و ، لەگەڵ پیاوەكانی شێخ عەلیدا كەوتووەتەڕێ تا گەیشتووەتەوە بە شێخ ضیائوددین و لەگەڵی گەڕاوەتەوە بۆ هەورامان.
سەفەرێكی تری مەولەوی بە نیازی حەج بووە. لەم سەفەرەیدا تا بەغدا دێ . پاش چەند ڕۆژ مانەوە لە بەغدا هاوڕێكەی ڕێی كە لەگەڵی هاتووە لەڕێدا خزمەتی بكا هەرچی پارەی مەسرەفی ڕێیان بووە لای ئەو بووە، هەڵدێ و پارەكەیش ئەدزێ و لەگەڵ خۆی ئەیبا و ئەگەڕێتەوە بۆ تاوگۆزی و لەناو هۆزدا بڵاوی ئەكاتەوە كەوا مەولەوی لە بەغدا مردووە و كوڕەكانی پرسەی بۆ دائەنێن.
مەولەوییش كە بێكەس و بێ مەسریف ئەمێنیتەوە ، ناچار ئەبێ بگەڕێتەوە بۆ ماڵ. كە ئەگاتە بەرەوە ئەبینێ هاوڕێكەی لەوێیە و خزم و عەشیرەت هەموو بەهۆی هەواڵی درۆی مردنی ئەوەوە كە ئەو كابرا پێی گەیاندبوون، پەرێشانن، بەڵام ئەم لەجیاتیی ئەوەی لۆمە و سەرزەنشتی كابرا بكا پێی ئەڵێ بەخوا قەسەم بمزانییایە هاتووەیتەوە بۆ ئێرە، تاتۆ لەم وڵاتەدا بوایەی پێم تێ نەئەنا بۆ ئەوەی شەرمەزار نەبی.
وتمان مەولەوی زۆر جار بۆ زیارەتی كاك ئەحمەدی شێخ و شیخ عەبدولقادری موهاجیری مامۆستای چووە بۆ سولویمانی . لە یەكێ لەم سەفەرانەیدا كاك ئەحمەد پێی ئەڵێ مەولەوی ئامۆژگارییەكم بكە. مەولەوییش وەڵامی ناداتەوە. كاك ئەحمەد قسەكەی لێ دووبارە ئەكاتەوە. مەولەوی هەر وەڵامی ناداتەوە. كاك ئەحمەد بۆ جاری سێهەمیش داوای لێ ئەكاتەوە، ئەم جارە مەولەوی ئەڵێ: لە جاری یەكمدا كە پێت وتم ، تەماشام كرد هیچ واجب و سوننەتێك نییە تۆ تەركت كردبن و من عەرزت بكەم بیكە. لە جاری دووهەمیشدا تەماشام كرد هیچ حەرام و مەكرووهێك نییە كردبێتنت، تا پێت بڵێم تەركیان بكە. ئێستا هەر ئەوەندەت عەرزئەكەم شەیتان خۆی مڵاسداوە بۆت، ئاكات لە خۆت بێ تەفرت نەدا و لە خۆتت بایی نەكا، جا كاك ئەحمەد گەلێ فرمێسك بەچاویا دێتە خوار.
خوالێخۆشبوو سەیید ئەحمەدی عازەبانی بۆی گێڕامەوە وتی: سەیید حەسەنی موفتی داوای حەبیبە خانی كچی شیخ عەلیی عەبابەیلێ ئەكا و ئەیدەنێ . جا كە لە سولەیمانییەوە ئەڕۆن بۆ عەبابەیلێ بە شوێن بووكدا، شێخ عەلیی باوكی بووك بە مەولەوی ئەڵێ مەولەوی من كەسم نییە لەگەڵ حەبیبە بینێرم بۆ سولەیمانی و لە تۆ مەحرەمتر نییە بە ماڵی ئێمە ، لەگەڵی بڕۆ ، ئەویش لەگەڵ بووك ئەڕوا.
لە ڕیگادا بە عادەتی برازاوا دەست ئەكەن بە گۆرانی وتن . یەكێ لەو كۆمەڵە كە ناوی( حیمیی ئامین) بووە ، دەنگی زۆر خۆش بووە. دەس ئەكا بە (قەتار) و (ئای ئای) وتن بە شیعری مەولەوییەوە. مەولەوی بە سواریی وڵاخەوە لەبەر خۆشیی دەنگی حەمەی ئامین جەزبە ئەیگرێ و بەجۆرێ لە حاڵی تەبیعی دەرئەچێ ئەكەوێتە خوارەوە. خەڵكەكە دائەبەزن و ڕاستی ئەكەنەوە و سواری وڵاخەكەكەی ئەكەنەوە و لە حەمەی ئامینیش تووڕە ئەبن ئەڵێن خەتای تۆ بووە وا مەولەوی كەوتە خوارەوە. حەمەی ئامینیش دێ بەلای مەولەوییەوە پێی ئەڵێ قوربان بۆچی وات پێهات ، خۆ من هەر شیعرەكانی خۆتم ئەخوێندەوە؟ ئەلێ كوڕە كەی شیعری من ئەوەندە خۆش و بە تەئسیرە ؟ بەخوا خەتای ئاوەزەكەی تۆ بوو
چەردەیەك لە بارەی ژیانی كۆمەڵایەتیی مەولەوییەوە لەگەڵ ئەوەشدا كە مەولەوی لەبارەی ئابوورییەوە هەرگیز ژیانێكی خۆشی ڕانەبواردووە، هەرگیز ئامادە نەبوە لەپێناوی ژیانی دنیادا دەس لە عیززەتی نەفسی خۆی هەڵگرێ. لە نامەكانی مەولەویدا كە دەستگیرمان بوون و هەروەها لەو دەنگوباسانەیەوە كە دەمبەدەم ئەگێڕرێنەوە، بۆمان دەرئەكەوێ كە زۆرجاریش فەرمانڕەوایانی ناوخۆی ناوچەكە بەوجۆرەی كە شایانی كەسێكی وەك مەولەوی بێ لەگەڵی نەجووڵاونەتەوە و قەدریان نەزانیوە. كەچی فەرمانڕەوایانی قاجاری و ئەردەڵانی گەلێ جار بانگیان كردووەتە لای خۆیان و دێهات و موڵكیان داوەتێ ، بەڵام ئەو قوبووڵی نەكردووە و هەرگیز نەیویستوە خزم و كەس و كارەكانی و ناوچەی كڕێنی تاوگۆزی بەجێ بێڵێ و بە موڵكی دنیای نەگۆڕیوەتەوە. بۆ نموونە فەرهاد میرزای مامی ناصروددین شا داوای لێ كردووە بڕوا بۆ ئێران و هەر موڵكێ دڵی ئەیگرێ هەڵی بژێرێ بۆ خۆی. غوڵام شا خانی ئەردەڵانیش داوای لێ كردووە بچێ بۆ ناوچەی سنە و دێی (زەلان) وەربگرێ بۆ خۆی، بەڵام مەولەوی هەر ئەوەی پێ باش بووە هەرچۆن بووە لە ( سەرشاتە) كڕێنەكەی خۆی بمێنێتەوە.
مەولەوی تا ساڵی 1293ی هیجری ، واتە تا دەساڵ پاش كۆچی دواییی شێخ سیراجوددین، بێ دەردو مەینەت ڕایبواردووە، بەڵام لەو ساڵەوە ئیتر كەوتووەتە بەر تیری گەردوون. مردنی عەنبەر خاتوونی ژنی و ، پاش ئەوە كوێربوونی خۆی و، ئەنجا سووتانی ماڵەكەی كە كتێبخانەكەشی تیا سووتاوە و ، پاشتر بەو ڕووداوە كەوتووەتە ژیانی و ، پاش ئەوانەش لە وڵاخ كەوتنەخوار و پشت شكانی، هەموو ئەمانە دواساڵەكانی ژیانییان لێ تاڵ كردووە و ئیتر تا سەری سەكجاریی ناوەتەوە بەدەم دەرد و ئازاری دڵ و دەروونەوە تلاوەتەوە
خێزان و مناڵی مەولەوی
ئەوەی لە پاشماوەی بنەماڵەی مەولەویمان بیستووە ئەوەیە كە مەولەوی تاقە ژنوێكی هێناوە و ئەو ژنەیش (عەنبەرە خاتووە)ی خوشكی (ئەكرەم) ناوی ئەفغانی بووە كە یەكێ بووە لە چەند ئەفغانی لە وڵاتی خۆیانەوە كۆچیان كردووە بۆ كوردستانی بابان و لەپەنای پاشای بابانا خۆیان كرتووەتەوە. لەناو ئەمانەدا ئەم زۆر دیار و سەربەدەرەوەبوو بووە.
مەولەوی عومرێكی باش و خۆش و پڕخۆشەویستیی لەگەڵ عەنبەر خاتوون بەسەربردووە. ئەمەش بەوەدا دەرئەكەوێ كە بە مردنی عەنبەر خاتوون دنیا لە پێش چاوی مەولەوی تاریك بووە و، گولێ پارچە شیعری ناسكی پڕسۆزی لە لاواندنەوەیا وتووە كە بەرزترین نموونەی شیعری خۆشەویستی و لاواندنەوەن لە ئەدەبی كوردیدا.
مەولەوی لە عەنبەر خاتوون چەند كوڕ و كچی بووە. كوڕەكانی ئەمانەن:
(1)سەیید موحەممەد كە گەورەبووە و ژنی هێناوە ، بەڵام لە ژیانی مەولەوی خۆیدا بە گەنجی مردووە و لە دێی (گوندە) بە خاك سپێرراوە.
ئەگێڕنەوە لە كاتی نەخۆشیی مردنی كوڕەكەی مەولەویدا باوكی لە تەوێڵە بووە لای شێخ سیراجوددین. ئەنێرن بەدوایا بگەڕێتەوە. كە دێتەوە لە پشت دێی (عەنەب)ەوە دەس ئەكا بەگریان. لێی ئەپرسن بۆچی ئەگری؟ ئەویش ئەڵێ چۆن نەگریم ! حەزرەتی یەعقووب بۆنی كراسەكەی یوسفی كوڕی بەلووتاهات پێی شادمان بوو، من بۆنی كفنی موحەممەدی كوڕم دێتە لووت و دڵم ئەبرژێ! كە ئەگاتەوە ماڵ ئەبینێ موحەممەدی كوڕی مردووە و شۆرراوە و پێچراوە لە كفنەكەی و چاوەڕوانی گەڕانەوەی باوكینی . ئەم سەیید موحەممەدە تاقە كوڕێكی بووە ناوی موحەممەد سەعید بووە و وەچەی لێ كەوتووەتەوە.
(2)شێخ موحەممەد كە ئەمیش گەورە بووە و ژنی هێناوە، بەڵام بە گەنجی مردووە و كوڕێكی لێ بەجێ ماوە كە ناوی عەلی بووە. ئەمیش هەروا وەچەی لێ كەوتووەتەوە.
(3) سەیید عەبدوڵڵا كە زۆر ژیاوە و چەند ژنی هێناوە و گەلێ وەچەی لێ كەوتووەتەوە.
(4)هیدایەت كە بە گونجی بەر لە ژن هێنان مردووە. بیستوومە شێخ بەهائوددین بەبۆنەی مردنی ئەم كوڕەوە چووە بۆ دڵدانەوەی مەولەوی و سەرخۆشی لێ كردنی. مەولەوی ئەم هاتنەی شێخ ئەوەندە شادمان بووە وتوویە خۆزگە چەند كوڕم ئەبوو یەك لە پاش یەك ئەمردن بەمەرجێ تۆ بۆ پرسەی هەركامیان بەم جۆرە ئەهاتی بۆلام.
نەوەی مەولەوی هەموو ئینسانی ڕەوشت بەرز و بە شەرەف بوون و تێكەڵییان لەگەڵ بنەماڵەی شیخ سیراجوددین بووە و هاتوچۆی شێخ ضیائوددینیشیان كردووە، تەنانەت ئەوەندە لەگەڵ ماڵی شێخ تێكەڵ بوون هەرچەن هاتوونەتە بیارە ئەوەندە خۆیی بوون و ئەوەندە ماونەتەوە، زۆر كەسی نەشارەزا وایان زانیوە كوڕانی شێخن لە دەرەوە هاتوونەتەوە بۆ ماڵی باوكیان.
ئەمانە زۆر بە قەناعەت و بوردەباری لە دێهاتی عەشرەتی خۆیانا، وەك (مۆرتكە) و (زارێن) و ( سەرشاتە) ڕایان بواردووە، لەگەڵ ئەوەش هەمیشە میوانیان بووە و خەڵك لایان داوەتە لایان و ماڵیان وەك كاروانسەرا بووە بۆ ڕێبوارانی ئەو ناوچەیە.
سەرچاوە: ماڵپەری مەولەوی mawlawi.krd