ناتیق، شاعیرێكی فه‌رامۆشكراو
نووسینی: ڕێبوار حەمەتۆفیق
له كتێبه‌كانی مێژووی ئه‌ده‌بی كوردیدا (ناتیق) شاعیرێكی فه‌رامۆشكراوه! هیچكام له (عه‌لائه‌دین سه‌جادی 1907 - 1984، مارف خه‌زنه‌دار 1930 - 2010 و سدیق بۆره‌كه‌یی 1943 -2023 ) ئاوڕیان له‌م شاعیره گه‌وره‌یه نه‌داوه‌ته‌وه! له چوارچێوه‌ی ئه‌و نامیلكه و ورده كتێبانهشدا كه تایبه‌تن به مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی، جگه له (كه‌مالی/ عه‌لی كه‌مال باپیر 1886 - 1974) (كه ئه‌ویش ته‌نها له سێ دێڕدا ئاماژه‌ی بۆ كردووه)، زانیارییه‌كی ئه‌وتۆمان له‌سه‌ر ژیانی ناتیق له‌به‌رده‌ستدا نییه! ته‌نانه‌ت له چاپه‌كانی دیوانه‌كه‌شیدا هه‌ریه‌ك له (ساڵح هه‌ژار 1927 - 1983، حه‌كیمی مه‌لا ساڵح 1954 - )، زۆر پرسیار و وێستگه‌ی گرنگ هه‌یه باس نه‌كراوه و ئه‌وه‌شی كه خراوه‌ته ڕوو، سه‌رچاوه‌ی لێوه‌رگرتنه‌كه‌ی نادیاره و نازانرێت له كێ و له كوێوه ئه‌و زانیارییانه وه‌رگیراوه!
ئه‌گه‌رچی سه‌رده‌می ژیانی شاعیر زۆر دوور نییه و كه‌وتووه‌ته نێوان كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده و ساڵی 1967ه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه، هاوڕێیان، هاوشاریی و هاوسه‌رده‌مانی، هه‌روه‌كو شاعیر خۆیشی بیریان له‌وه نه‌كردووه‌ته‌وه، یان بۆیان هه‌ڵنه‌كه‌وتووه، شتێكیان له‌باره‌ی ژیان و به‌رهه‌مه‌كانی ناتیقهوه بۆ تۆمار نه‌كردووین. كه‌سانی وه‌ك (پیره‌مێرد 1867 - 1950، گیو موكریانی 1904 - 1977، گۆران 1905-1962 و كاردۆخی 1916-1982...) كه له‌بواره جیاوازه‌كانی (هۆنراوه، ده‌ستخه‌ت، ساغكردنه‌وه و ڕۆژنامه‌گه‌ری)دا كاریان كردووه، هیچ ئاوڕیان لێ نه‌داوه‌ته‌وه، له‌كاتێكدا كاری زۆریان بۆ شاعیرانی تری هاوسه‌رده‌میان كردووه! لێره‌وه‌یه كه هه‌ڵبژاردنی ئه‌م بابه‌ته به پێویست زانراوه.
یه‌كه‌م كه‌سێك كه له‌سه‌ر ژیان و هۆنراوه‌ی ناتیقی نووسیبێت (عه‌لی كه‌مال باپیر ئاغا)یه ئه‌و ساڵی 1939 له كتێبه‌كه‌یدا (گوڵده‌سته‌ی شوعه‌رای عه‌سرم)دا ده‌نووسێت (له ساڵی 1308ی هیجریدا له‌دایك بووه - كه ده‌كاته نزیك ساڵی 1891 زاینی - هه‌تا بڵێی زیره‌ك و شاعیره، هه‌تا بشڵێی كه‌م به‌خته و له‌ژێر ته‌وقی زه‌ماندایه) له‌دوای ئه‌میش (ساڵح هه‌ژار) كه دیوانی ناتیقی بۆ یه‌كه‌مجار ئاماده كردووه له (هه‌ندێ له دیوانی ناتیق) له ساڵی 1970دا به سوود وه‌رگرتن له‌وه‌ی كه عه‌لی كه‌مال ناساندویه‌تی ده‌ڵێت (ناتیق، ناوی خۆی مه‌لا كه‌ریمه و كوڕی مه‌عروف ئاغای عوسمان ئاغایه و خه‌ڵكی سلێمانییه) به‌ڵام بۆ ساڵی له‌دایكبوونی ئاماژه به ساڵی 1868 ده‌كات.
واته 23 ساڵ كه‌متر له‌و ساڵه‌ی كه عه‌لی كه‌مال باپیر دیاری كردووه و به‌م جۆره هه‌ر كه‌سه و هاتووه ساڵێكی بۆ له‌دایكبوونی شاعیر ده‌ستنیشان كردووه. وه‌ك هونه‌رمه‌ندی وێنه‌كێش (ئه‌سغه‌ر) له‌سه‌ر تابلۆیه‌كی كه وێنه‌ی شاعیری له‌سه‌ر نه‌خشاندووه ساڵی له‌دایكبوونه‌كه‌ی به 1868 داناوه و (كه ده‌بێت له ساڵح هه‌ژاره‌وه هێنابێتی)، له چاپه‌كه‌ی لای كاك (حه‌كیمی مه‌لا ساڵح)یش ساڵی له‌دایكبوونه‌كه‌ی به 1886 دانراوه و ئه‌میش پێمان ناڵێت كه سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌كه‌ی له‌كوێوه هێناوه. هه‌رچی له ناسنامه‌ی باری شارستانی شاعیر خۆشی‌دا هاتووه ساڵی 1897 بۆ له‌دایكبوونی ناتیپ دیاری كراوه. و به‌م جۆره‌ش له نێوان 1868 - 1897 و نزیكه‌ی سی ساڵ بۆ چوونی جیاواز هه‌یه.
كه توێژه‌ری ئه‌م بابه‌ته بۆچوونه‌كه‌ی عه‌لی كه‌مال باپیر و ساڵی (1891) زیاتر به‌لای ڕاستیدا ده‌شكێنێته‌وه به‌و پێیه‌ی له‌كاتی ئاماده‌كردنی كتێب و نووسینه‌كه‌یدا كه كه‌مالی ساڵی 1939 نووسیویه‌تی، خۆی له هه‌ڵه‌بجه بووه و ده‌بێت ئه‌م زانیارییه‌ی له ناتیق خۆیه‌وه وه‌رگرتبێت. نووسه‌ر به زمانی كاتی ئێستا ده‌نووسێت (زیره‌ك و شاعیره، له‌ژێر ته‌وقی زه‌ماندایه، كه‌م به‌خته). ئاشكراشه كه كه‌مالی له دوو ماوه‌دا سه‌ردانی هه‌ڵه‌بجه‌ی كردووه و له‌وێ ماوه‌ته‌وه، یه‌كه‌میان بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ (1924 - 1926) وه‌ك فه‌رمانبه‌ری (مالی) گواستراوه‌ته‌وه بۆ هه‌ڵه‌بجه و دووه‌م جاریش ساڵی (1928 – 1950) و دیاره له‌م ماوه‌یه‌یاندا بووه كه زانیارییه‌كانی وه‌رگرتووه و تۆماركردووه و هه‌روه‌كو له ناونیشانی كتێبهكهشیهوه دیاره هه‌م نووسه‌ری كتێبه‌كه (گوڵده‌سته‌ی شوعه‌رای هاوعه‌سرم) و هه‌م ناتیقیش ساڵی نووسینی كتێبه‌كه 1939 (هاوعه‌سرم)ی یه‌كتری بوون و له هه‌ڵه‌بجه یه‌كترییان ناسییه‌وه و په‌یوه‌ندی توندوتۆڵیان له‌گه‌ڵ یه‌كدا هه‌بووه و و ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ش به‌رده‌وام بووه تا ساڵی 1950 و ئه‌و كاته‌ی كه‌مالی هه‌ڵه‌بجه‌ی به‌جێهێشتووه چوه‌ته كه‌ركووك و له‌وێوه دوو جار نامه‌ی شیعری بۆ ناتیق نووسیوه. به‌م پێیه‌ش بێت له‌نێوان ساڵی ده‌ستنیشانكراوی سه‌ر ناسنامه‌كه‌ی (1897) و ساڵی ده‌ستنیشانكردنه‌كه‌ی كه‌مالی (1891) ته‌نها نزیكه‌ی شه‌ش ساڵێك جیاوازی هه‌یه كه دوور نییه ئه‌و جیاوازییه‌ش په‌یوه‌ندی به ڕه‌شبگیریی سهفهربهلكهوه نه‌بووبێت و لهناسنامهكهدا ته‌مه‌نی شاعیر بچوكتر دانرابێت.
هه‌ر كه‌مالی له كتێبه‌كه‌یدا (گوڵده‌سته‌ی شوعه‌رای عه‌سرم)دا ده‌نووسێت (ناتیق، ناوی مه‌لا كه‌ریمه، كوڕی مه‌عروف ئاغای عوسمان ئاغایه. خه‌ڵكی سلێمانییه و له هه‌ڵه‌بجه مه‌ئمووره.) جا به‌و پێیه‌ی كه‌مالی ساڵی له‌دایكبوونی شاعیری به 1891 دیاری كردووه و له ساڵی 1939دا كتێبه‌كی بڵاوكردووه‌ته‌وه، ده‌بێت ئه‌م ناساندنه‌ی كاتێك ده‌ربڕیوه كه ناتیق له ته‌مه‌نی 48 ساڵیدا كاری مهئمورێتی له هه‌ڵه‌بجه كردووه و ته‌مه‌نی گه‌وره بووه. دیار نییه كه ئایا بۆچی ناتیقی ئاغازاده‌ی (كوڕی مه‌عروف ئاغای كوڕی عوسمان ئاغا) بۆچی به هه‌ژاری ژیاوه و وه‌ك كه‌مالی ده‌ڵێت (هه‌تا بڵێی كهمبهخت و له‌ژێر ته‌وقی زه‌ماندایه) به‌ڵام شوێنه‌واری جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی و سه‌فه‌ربه‌لك و گرانی به‌جۆرێك بارودۆخی بنه‌ماڵه و ئابووری ده‌گۆڕێت كه مه‌رج نه‌بێت هه‌موو شتێك وه‌ك خۆی و جارانی بمێنێته‌وه. هه‌روه‌ك چۆن ئه‌م بارودۆخه نوێیه كه‌مالی خۆی له سلێمانییه‌وه هه‌ڵده‌گرێت و به فه‌رمانبه‌رێتی ده‌یهێنێته هه‌ڵه‌بجه. ئه‌و له ناساندنی بنه‌ماڵه و پشته‌وه‌ی خۆی باسی ئاغا ناكات و خۆی لێ دوور ده‌گرێت و ده‌ڵێت:
- ئه‌گه‌ر پرسی له ئه‌سڵ و سیلسیله و ناو و له‌قه‌ب، فه‌رموو
- (كه‌ریم) ئیسم و له‌قه‌ب (ناتیق)، پده‌ر (مه‌عروفی وه‌سمانی)
دواتریش كه ناتیق له‌گه‌ڵ (حه‌لاوه) هاوسه‌رگیری كردووه. چوار كوڕ (حه‌مه، حه‌مه‌ڕه‌شید، كه‌مال، جه‌مال) و دوو كچ (فه‌هیمه و فاتیمه)یان هه‌بووه پاشناوی ئاغا به هیچكام له كوڕهكانییه نانێت. وه‌ڵامی باو هه‌ر ئه‌وه‌یه كه بۆ یه‌كه‌مجار (ساڵح هه‌ژار) بۆ یه‌كه‌مجار خستوویه‌تییه ڕوو و ده‌ڵێت (ساڵی 1963 كه هه‌ڵه‌بجه له په‌لاماره‌كه‌ی "زه‌عیم سدیق"دا سووتا، مامۆستا ناتیقیش به‌شی تێدا بوو، كه به‌شه‌كه‌ی ئه‌و له به‌شی هه‌موو كه‌سێك گرانتر و به‌نرختر بوو، كه ئه‌ویش سووتانی دیوانه به‌نرخه‌كه‌ی بوو كه به‌رهه‌می ته‌مه‌نی هه‌شتا ساڵی ژیانی خۆی و ئه‌م میلله‌ته نه‌گبه‌ته‌ی خۆیه‌تی.) به‌هه‌مان شێوه (حه‌كیمی مه‌لا ساڵح) هه‌مان بۆچوون له چاپی دیوانی ناتیقدا ده‌نووسێته‌وه و ده‌ڵێت (ساڵی 1963 له ئه‌نجامی له‌شكركێشییه‌كه‌ی "زه‌عیم سدیق"ـی دڕنده بۆ سه‌ر هه‌ڵه‌بجه و ناوچه‌كه و سووتاندنی گه‌لێ ماڵ و دوكان، ئه‌م شاعیره‌مان دیوانه ده‌ستنووسه‌كه‌ی كه له دوكانه‌كه‌یدا بووه، سووتاوه.) ئه‌وه‌شی هه‌ر دوو ئاماده‌كارانی چاپی دیوانی ناتیق وه‌ك به‌ڵگه بۆ ئه‌م بۆچوونه‌یان ده‌یهێننه‌وه ئه‌و پارچه هۆنراوه‌یه‌یه كه ناتیق خۆی نووسیویه‌تی و ده‌ڵێت:
- به‌سه‌ر سیروانی دیوانا عه‌جه‌ب پردێكم به‌ست
- كه‌چی گه‌ردوون به ئاگر دای به ئاوا عه‌نعه‌نه‌ی پردم
- گه‌لێكم سه‌عی و كۆشش كرد له وادی هیممه‌تا ئاخر
- نه‌گه‌یمه مه‌قسه‌د، به زایع چوو گشت ده‌س و بردم
ئه‌م بۆچوونه چووه‌ته سه‌ر زار و ده‌وترێته‌وه، به‌ڵام به بڕوای توێژه‌ری ئه‌م بابه‌ته پێناچێت تاكه هۆكاری كه‌می هۆنراوه‌كانی ناتیق ئه‌مه بێت، چونكه نه‌ریت وا نییه كه كه‌سێك هێشتا خۆی له ژیاندا بێت و هۆنراوه‌كانی به ده‌ستخه‌ت لای خۆی پاراستبێت له‌ملاو ئه‌ولا ده‌ستخه‌ت كرابێت و بڵاو بووبێته‌وه، بۆیه ئه‌م هۆكاره ده‌كه‌ین به پاڵپشت و ده‌ڵێین:
1- (ساڵح هه‌ژار) كه خۆی هۆنراوه‌كانی ناتیقی كۆكردووه‌ته‌وه و 10 هۆنراوه شاعیری له كتێبێكدا به‌ناوی (هه‌ندێك له دیوانی ناتیق) خستوویه‌تییه ڕوو (به دوو شیعره‌كه‌ی كه‌مالییه‌وه كه بۆ ناتیقی ناردووه ده‌كاته دوازده). له‌و ده هۆنراوه‌یه هیچیان دوای ساڵی 1963 نه‌نووسراون! ته‌نها ئه‌و هۆنراوه‌یه نه‌بێت كه له پێشه‌كییه‌كه‌یدا هێناوێتی و له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان بۆ كرد: (به‌سه‌ر سیروانی دیوانا...)
- یه‌كه‌م: (شه‌ڕ و ئاشتی) / كاتی شه‌ڕی سه‌فه‌ربه‌لك 1917 نووسیویه‌تی
- دووه‌م: (؟)/ كاتێك قۆڵچی استهلاك بووه نووسیویه‌تی
- سێیه‌م: (بۆ مامۆستا گیو)/ ساڵی 1945 نووسیویه‌تی
- چواره‌م: (؟) پێش 1935 و كۆچی دوایی ئه‌حمه‌د موختاربه‌گ نووسیویه‌تی
- پێنجه‌م: (بۆ لاوانی قوتابخانه‌ی حمص و حه‌ما): كاتی شه‌ڕی سه‌فه‌ربه‌لك نووسیویه‌تی
- شه‌شه‌م: (مژده و مژدهوانه)/ كاتێك قۆڵچی استهلاك بووه نووسیویه‌تی
- حه‌وته‌م: (قاچی شكاوم) 1946 نووسیویه‌تی
- هه‌شته‌م: (نێچیری دڵ)/ به‌و پێیه‌ی كه عه‌لی كه‌مال له گوڵدهستهدا 1939 بڵاوی كردووه‌ته‌وه ئه‌میش پێش 1963یه
- نۆیه‌م: (بۆ عه‌لی كه‌مال/ 1937)
- ده‌یه‌م: (بۆ عه‌لی كه‌مال)
2- (ساڵح هه‌ژار) ده‌ڵێت ئه‌و دیوانه سووتاوه‌ی (به‌رهه‌می ته‌مه‌نی هه‌شتا ساڵی ژیانی خۆی) بوو، ئه‌م ده‌ربڕینه خۆی له‌خۆیدا نایه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه ساڵح هه‌ژار خۆی وتووه‌یه‌تی (ناتیق ساڵی 1868 له‌دایك بووه) چونكه ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی له‌وه‌بێت كه له ساڵی بۆردومانه‌كه‌دا 1963 ناتیق ته‌مه‌نی هه‌شتا ساڵ بووه ئه‌وا هه‌ڵه‌یه، چونكه (1963 – 1868 = 95 ساڵ) مه‌گه‌ر مه‌به‌ستی له‌وه بووبێت كه له ته‌مه‌نی پازده ساڵییه‌وه شاعیر هۆنراوه‌ی نووسیبێت، بۆ ئه‌مه‌ش هیچ به‌ڵگه و ئاماژه‌یه‌كمان له‌به‌رده‌ستدا نییه كه ئه‌م مه‌به‌سته‌ی بووبێت.
3- له پاش بۆردومانی ساڵی 1963 تا كۆچی دوایی ناتیق 1967 چوار ساڵ تا ئاماده‌كردنی دیوانه‌كه 1970 حه‌وت ساڵ هه‌یه، ناكرێت شاعیر له‌و ماوه‌یه‌دا ته‌نها یه‌ك شیعری نووسیبێت (به‌سه‌ر سیروانی دیوانا...) بۆیه ڕاستتر ئه‌وه‌یه كه بڕوامان وابێت لێره‌و له‌وێ هۆنراوه‌ی تری هه‌بن و كار بۆ كۆكردنه‌وه و دۆزینه‌وه‌یان بكرێت هه‌روه‌ك چۆن (حه‌كیم مه‌لا ساڵح) ساڵی 2009، 46 هۆنراوه (به دوو شیعره‌كه‌ی كه‌مالییه‌وه 48) هۆنراوه و به چوارینهكانهوه 54 هۆنراوه‌ی ناتیقی كۆكرده‌وه و بڵاوی كرده‌وه.
یه‌كێكی تر له‌و هۆكارانه‌ی كه توێژه‌ری ئه‌م بابه‌ته پێی وایه هۆكاری كه‌می بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆنراوه‌كانی ناتیقه، كه‌مته‌رخه‌می یان بۆنهلوانی شاعیر خۆی بگه‌ڕێته‌وه كه نه‌یویستووه یان نه‌یتوانیوه به‌رهه‌مه‌كانی بۆ ڕۆژنامه و گۆڤاره‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه بنێرێت. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر ئاوڕ له ژیاننامه‌ی هاوسه‌رده‌م و نزیكێك له ژیانیاننامهی ناتیقهوه بده‌ینه‌وه موفتی پێنجوێنی ده‌بینیین كه له زۆر ڕووه‌وه له وه‌ك ناتیقهوه ژیاوه و (هاوسه‌رده‌م بوون و به‌پێی بۆچوونێك هه‌ردووكیان ساڵی 1886 له‌دایك بوون، پیشه‌یان توتنچێتی بووه، ئه‌گه‌رچی زانیاری مه‌لایه‌كیان هه‌بووه، به‌ڵام مه‌لایه‌تییان نه‌كردووه، به‌شێك له هۆنراوه‌كانیان ساڵی 1963 بوونه‌ته پێخۆری ئاگر و سووتاون) به‌ڵام پێنجوێنی له‌ڕیی (پیره‌مێرد)ه‌وه زۆربه‌ی هۆنراوه‌كانی به جیا له ڕۆژنامه‌ی (ژین 1939 - 1950)دا بڵاوكردووه‌ته‌وه، هەروەک خۆی لە شیعرێکدا كه ساڵی ١٩٤٤ نووسیویه‌تی، ده‌ڵێت:
- (موفتی) قسە و بەیانی سەرپاکی بێڕیایە
- شیعری هەمووی لە (ژین)ـدا تەئریخ و یادگارە
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی له ڕۆژنامه‌كانی (هه‌ڵاڵه 1946، كوردستان 1946، ژیان 1926 – 1939) و گۆڤاری (گه‌لاوێژ 1939 - 1949)یشدا به‌رهه‌مه‌كانی بڵاوكراوه‌ته‌وه. ناتیق ئه‌مه‌ی نه‌كردووه، به‌ڵام ویستی ئه‌وه‌ی هه‌بووه كه (گیوی موكریانی) كارێكی وه‌ك ئه‌وه‌ی (پیره‌مێر) بۆ موفتی پێنجوێنی كردووه، بۆ ئه‌م بكات و به‌رهه‌مه‌كانی له دیوانێكدا بۆ چاپ بكات. هیچ گومانێك نییه كه ناتیق گیوی موكریانی ناسیوه و له باری چاپخانه و بڵاوكراوه‌كانییه‌وه ئاشنایه‌تی هه‌بووه. بۆیه ساڵی 1945 له‌ڕێی بادی سه‌باوه هۆنراوه‌یه‌ك بۆ (گیوی موكریانی) ده‌نێرێت و (دیاره زۆرتر مه‌به‌ستی ئه‌وه‌بووه كه ئه‌و سه‌رده‌م و ڕۆژگاره مامۆستا گیوی سه‌رگه‌رمی چاپكردنی دیوانی شاعیران بووه، به‌ڵكو هه‌وڵێك بدات شیعره‌كانی ئه‌میش به چاپ بگه‌یه‌نێت، به‌ڵام هه‌رچۆن بووه ڕێك نه‌كه‌وتووه.) وه‌ك له هۆنراوه‌كه‌دا دیاره ناتیق تینووه به دیداری گیو موریانی (موشتاقه به دیدارت) و دوای چاره‌كردنی دواكه‌ی (له‌به‌ر چی چاری ناكه‌ی یاد و فیكری) لێ ده‌كات و دیاریشه كه له دوا دێڕیدا خۆی پێ ده‌ناسێنێت:
- ئه‌دیبانه بچۆ خزمه‌تی (گیوی موكریانی)
- نه‌جیب و عاریف و كامیل، ئه‌دیب و شاعیر و فازیل
- وه‌كو خورشیدی تابان شوعلهبهخشه نووری عیرفانی
- دهرخشا نوكته‌ی شیرین و وردی مهتبهعهیی ته‌بعی
- به نووكی خامهیی موشكین ئه‌نووسێ خه‌تی ڕه‌یحانی
- له قه‌برا گه‌ر ببینێ نه‌قشه‌كه‌ی وێنه‌یی به‌رزی
- ئه‌كێشێ ئاهی حه‌سره‌ت تا قیامه‌ت ئاره‌زوو، مانی
- بڵێ ئه‌و یاری دڵ بێچاره‌ی موشتاقه به دیدارت
- ئه‌گاته گونبه‌دی گه‌ردوون له دووریت بانگ و ئه‌فغانی
- له‌به‌ر چی چاری ناكه‌ی یاد و فیكری ئه‌و جگه‌ر پاره
- ته‌ماشاكه له هیجرانت نه‌سه‌ر ماوه نه سامانی
ئه‌م هۆنراوهیهشی كاتێك نووسیوه كه (گیوی موكریانی) له‌سه‌روبه‌ندی گواستنه‌وه‌ی چاپخانه‌كه‌ی بووه له ڕه‌واندزه‌وه بۆ هه‌ولێر (1947) و ڕووی كردووه‌ته چاپكردنی كتێب. گه‌رچی (حه‌كیم مه‌لا ساڵح) له (دیوانی ناتیق)دا ئاماژه به‌وه ده‌كات كه (دۆست و هاوڕێ نزیكه‌كانی ناتیق بریتی بوون له: كه‌مالی، ئه‌حمه‌د موختار جاف، شاهۆ مه‌لا حه‌سه‌نی قازی، حیلمی، شێخ سه‌لام عازه‌بانی، حه‌سه‌ن فه‌همی جاف، ناری، قانع، موفتی پێنجوێنی، میرزا مارف و پیاوماقوڵانی هه‌ڵه‌بجه) به‌ڵام ئه‌وه‌ی تا ئێستا به به‌ڵگه‌وه و وه‌ك (ده‌ق) له‌به‌رده‌ستدایه، ته‌نها بوونی په‌یوه‌ندی نێوان (ناتیق)ـه له‌گه‌ڵ (كه‌مالی) و (حیلمی 1909-1985)دا.
1- له‌نێوان (ناتیق) و (كه‌مالی)دا:
كه‌مالی له دوو ماوه‌ی جیاوازدا سه‌ردانی هه‌ڵه‌بجه‌ی كردووه و لێی ماوه‌ته‌وه. یه‌كه‌میان بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ (1924 - 1926) و كاتێك فه‌رمانبه‌ری (مالی) بووه. دووه‌میشیان بۆ ماوه‌ی بیست و دوو ساڵی نێوان ساڵانی (1928 – 1950). ده‌بێت ئاشنایه‌تی هه‌ردوو شاعیریش له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا له ماوه‌ی دووه‌مدا بوبێت، چونكه پێش نووسینی هۆنراوه‌یه‌كی بۆ ناتیق له ساڵی 1937دا و چاپكردنی كتێبی (گوڵده‌سته‌ی شوعه‌رای هاوعه‌سرم) له ساڵی 1939دا هیچ ئاماژه‌یه‌ك نییه بۆ بوونی په‌یوه‌ندی له نێوانیاندا، به‌تایبه‌ت ساڵی 1922 كه كه‌مالی له ڕۆژنامه‌كه‌ی شێخ مه‌حموود (بانگی كوردستان)دا كاری كردووه و له ماوه‌ی ئه‌و شازده ژماره‌یه‌ی كه له ڕۆژنامه‌كه ده‌رچووه، هیچ نووسینێك له‌باره‌ی هۆنراوه و ژیانی ناتیقهوه بڵاو نه‌كراوه‌ته‌وه.
كه‌مالی له (گوڵده‌سته‌ی شوعه‌رای هاوعه‌سرم)دا ته‌نها به سێ دێڕ و له سی وشه‌دا له‌باره‌ی ژیانی ناتیقهوه نووسیویه‌تی (ناتیق، ناوی مه‌لا كه‌ریمه كوڕی مه‌عروف ئاغای عوسمان ئاغایه. خه‌ڵكی سلێمانییه و له هه‌ڵه‌بجه مه‌ئمووره. ساڵی 1308ی هیجریدا له‌دایك بووه. ههتابڵیی زیره‌ك و شاعیره. هه‌تا بشڵێی كه‌م به‌خته و له‌ژێر ته‌وقی زهمانهدایه.) جگه له‌مه‌ش له دیوانه‌كه‌یدا (دیوانی كه‌مالی) نامه‌یه‌كی شیعری بۆ ناتیق بڵاوكردووه‌ته‌وه كه مێژووی ساڵی 1937ی له‌سه‌ره و
- به‌م دوو دێڕه ده‌ست پێده‌كات:
- ناتیق گیان دیسان وا له دووری تۆ
- زامانی سه‌ختم وا هاتۆته سۆ
- له ڕۆژێكه‌وه ڕۆیشتووی لێره
- چاوم لێڵایی داهاتووه، كوێره
وه‌ك دیاره له‌م هۆنراوه‌یه‌دا كه‌مالی شتێكی وا ناگێڕێته‌وه كه په‌یوه‌ندی به نێوان خۆی و ناتیقهوه هه‌بێت، به‌ڵكو چه‌ند پرسیارێكی لێ ده‌كات كه په‌یوه‌ندییان زیاتر به شوێنه‌وه هه‌یه وه‌ك (ته‌وێڵه، مالیده‌ر، گه‌ڕیات، چلانه). ئه‌وه‌ی سه‌یره له‌م هۆنراوه‌یه‌دا ئه‌وه‌یه كه كه‌مالی ده‌ڵێت (له‌وه‌ته‌ی ڕۆیشتووی) وه‌ك ئه‌وه وه‌هایه ناتیق هه‌ڵه‌بجه‌ی به‌جێهێشتبێت، كه‌چی كه‌مالی پرسیار له هه‌ڵه‌بجه ده‌كات! به‌ڵام له دیوانی ناتیقدا ئه‌م ده‌ربڕینه بووه به (له‌وه‌ته‌ی ڕۆیشتووم) كه ده‌بێت ئه‌مه‌یان دروستتر بێت. ئه‌گه‌رچی له دیوانی كه‌مالیدا هاتووه كه كه كه‌مالی شاعیر (1928 – 1950) له هه‌ڵه‌بجه ماوه‌ته‌وه.
یه‌كێكی تر له‌و نامه گۆڕینهوانهی به شیعر له نێوان ناتیق و كه‌مالیدا هه‌بووه و یه‌كێكیان بۆ ساڵی 1937 و ئه‌وی تریان كه له كه‌ركووكه‌وه نووسیویه‌تی بۆ دوای ساڵی 1950 و ئه‌و كاتانه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه كه‌مالی له هه‌ڵه‌بجه‌ی به‌جێهێشتووه و له كه‌ركووک نیشته‌جێ بووه و به‌م دوو دێڕه ده‌ست پێده‌كات:
- ده‌خیلی بهختتم ئه‌ی بادی خۆش سه‌با
- له باتی به‌نده بڕۆ بۆ هه‌ڵه‌بجه تۆ ئێستا
- بچۆره خزمه‌تی ناتیق، سه‌لام و حورمه‌تی من
- به زه‌وقه‌وه بكه عه‌رزی جه‌نابی مامۆستا
به‌ڵگه‌شمان بۆ ئه‌وه‌ی كه هۆنراوه‌كه له پاش ساڵی 1950 نووسراوه، ده‌ربڕینی (نه‌ماوه جووله‌كه لام وایه فرسه‌ته)یه له هۆنراوه‌كه كه بۆ كۆچی جووله‌كه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه له عێراقدا. و به‌هه‌مان شێوه كه‌مالی له‌م هۆنراوه‌یه‌شدا شتێكی ئه‌وتۆ له په‌یوه‌ندی و بیره‌وه‌ری خۆی له‌گه‌ڵ ناتیقدا باس ناكات و له چه‌ند شوێن و باسێكی گشتی پرسیار له ناتیق ده‌كات وه‌ك (كۆڕی زیكر، گوڵان، كانیی شێخ، كوڵهبۆز، شاخی هه‌ورامان و شنروێ، ده‌نگی خۆشی فزیل و شێوه جوانه‌كه‌ی شیوه.) به‌هه‌مان واته له‌ماوه‌ی سی ساڵی (1937 - 1967) ته‌نها سی وشه و دوو نامه‌ی شیعری هه‌یه له‌نێوان هه‌ر دوو شاعیردا و هیچی تر. نه له‌و هۆنراوانه‌شی كه كه‌مالی نووسیونی و لهژێرهوهیاندا ناوی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌و ساڵه‌ی له‌سه‌ر نووسراوه كه هۆنراوه‌كه‌ی تێدا نووسیوه، دوور و نزیك ئاماژه‌یه‌كی تێدا نییه كه نزیكایه‌تی نێوانیان بخاته ڕوو. ته‌نانه‌ت په‌یوه‌ندییه‌كه بایی ئه‌وه‌نده‌ش نه‌بووه كه بۆ كۆچی دوایی ناتیق كه‌مالی به هۆنراوه‌یه‌ك ژانی دڵی ده‌ربكات كه له‌و كاتانه‌دا له‌نێوان شاعیران‌دا باو بووه. هه‌روه‌ك چۆن شیوه‌نی شیعریی بۆ كۆچی دایی (ئه‌حمه‌د موختار به‌گی جاف، دكتۆر فوئاد و شێخ سه‌عیدی پیران، فایه‌ق بێكه‌س، شێخ قادری حه‌فید و شێخ مه‌حموود)ی كردووه و هۆنراوه‌ی بۆ نووسیون. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت كه كه‌مالی ڕۆڵی هه‌بووه له ناساندنی ناتیق به خوێنه‌ران و شاعیرانی ئه‌و كاتانه و ئه‌گه‌ر ئه‌و ئه‌م كاره‌ی نه‌كردایه، دوور نه‌بوو ناوی له كتێبی (شاعیره ناو ون بووه‌كانی كورد)دا بهێنایه كه ساڵی 1973 بڵاوی كردووه‌ته‌وه.
2- له‌نێوان (ناتیق) و (حیلمی)دا:
جگه له دوو پارچه هۆنراوه‌ی داشۆرینی ناتیق كه له قاڵبی چواریندان و یه‌كێكیان له دیوانی ناتیقدا هاتووه و ئه‌وی تریان (كه له دیوانی ناتیقدا نه‌هاتووه) ئه‌وه‌یه كه ناتیق و كۆمه‌ڵێك شاعیر پێكه‌وه به یه‌ك قافیه بۆ حیلمییان نووسیوه، هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی ترمان له‌به‌رده‌ستدا نییه. له‌وێدا ناتیق به حیلمی ده‌ڵێت:
- فكرم ئه‌مه‌یه خامه مه‌ده‌د نامه وه‌ری كه‌م
- بۆ كاكه حه‌مه‌ی شێخ حسێن مه‌دحی كه‌ری كه‌م
- هه‌روه‌كو ژنی فاحیشه سه‌ر و زوڵفی بتاشم
- سواری كهرهدێزی بكه‌م و شاربه‌ده‌ری كه‌م
حیلمی له هۆنراوه‌یه‌كدا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه ناتیق چاوی كێشه‌یه‌كی هه‌بووه و به ڕۆژ و له‌به‌ر خۆره‌تاو به‌باشی نه‌یبینیوه، بۆیه حیلمی به شه‌مشه‌مه‌كوێره‌ی ده‌چوێنێت و ده‌ڵێت:
- كه‌ریم نازانێ كه حیلمی ئه‌شعاری هێند جوانه
- كه شێر هات ڕێوی خۆی ناگرێت به دائیم وا له‌ناو لانه
- ئه‌ڵێن ته‌یرێك هه‌یه حوكمی نییه به ڕۆژ چاوی وه‌كو كوێر
- ئه‌كه‌ن هێلانه بۆ خۆیان له بن‌میچ یان له وێرانه
له یه‌كێك له چاوپێكه‌وتنیدا حیلمی ئه‌م ڕاستییه ڕوون ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت (كه‌ریم، چاوی له‌به‌ر خۆر نه‌یده‌بینی و ده‌یوت چاوم هه‌ر له‌كاتی هه‌وردا ده‌بینێت.)له‌و هۆنراوه‌یه‌ی كه بۆ (ئه‌حمه‌د موختار به‌گ)ی نووسیوه كاتێك ئه‌و له‌ڕێی گرده (مه‌فره‌زه‌ی چه‌كدار)هكانییهوه داوای كڕینی تفه‌نگێكی لێ كردووه، ناتیق دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه چاوی به‌باشی نابینێت و ده‌ڵێت:
- نه‌یبیستووه كه‌س حوشتر و سنعاتی قه‌زازی
- نه‌یدیوه كه‌سێ حافز و هامڕازی چرایه
- من چیمه له شه‌نگ، چیمه له چه‌نگ، چیم له تفه‌نگه
- مه‌شهووره كه كوێر ڕه‌بتی به گۆچان و عه‌سایه
له شوێنێكی تریشدا ده‌ڵێت:
- ئاوڵه‌ی ده‌ر دو خه‌می ده‌رداوه (ناتیق) تیفلی دڵ
- كه‌مێكیش وا چاوانی كز بوو له ڕووناكه‌وه
- ته‌نانه‌ت ئه‌م چاوكزییهی له وه‌سفی ئه‌ده‌بیدا به‌كارهێناوه و له هۆنراوه‌یه‌كیدا ده‌ڵێت:
- گه‌شتی لاله‌زاری حوسنت، پیره‌مێرد بورنا ئه‌كا
- ته‌لعه‌تی خۆری ڕوخسارت نابینا بینا ئه‌كا
جگه له‌م دوو پارچه هۆنراوه‌یه هیچ هۆنراوه‌یه‌كی ناتیق له‌به‌رده‌ستدا نییه كه ئاره‌زووی شاعیر بۆ ئه‌م جۆره بابه‌ته نیشان بدات. ته‌نانه‌ت له‌و كه‌شكۆڵه‌ی كه دكتۆرشۆی هه‌ڵكه‌وتوو له‌م جۆره ناوهرۆكهدا كه ئاماژه‌ی به ده‌یان هۆنراوه‌ی خۆی و شاعیرانی سه‌رده‌می خۆی و پێشتریشی كردووه و مێژووه‌كه‌ی بۆ نێوان ساڵی 1941 تا 1961 ده‌گه‌ڕێته‌وه هیچ هۆنراوه‌یه‌كی ناتیقی تێدا تۆمار نه‌كراوه. هه‌ر له هه‌مان چاوپێكه‌وتندا حیلمی ناوی چه‌ند شاعیرێكی تریش ده‌بات كه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵیان و له‌ناوخۆیاندا هه‌بووه و یه‌كیان ناسیوه و له یه‌ك شوێن كۆبوونه‌ته‌وه و سوعبه‌تیان پێكه‌وه كردووه و ده‌ڵێت (له‌گه‌ڵ عه‌لی ئه‌فه‌ندی باپیر ئاغا، ناتیق "كه به مه‌لا كه‌ریم به‌ناوبانگه"، شێخ سه‌لام، میرزا مارف، ئه‌حمه‌د به‌گی پاشا، سه‌عید فه‌وزی و... له چایخانه‌كه‌ی ته‌نیشت مزگه‌وتی پاشا داده‌نیشتم و سه‌ریان ده‌كرده سه‌رم و شیعریان ده‌وت، منیش شیعری له‌وبابه‌ته قۆڕانه‌م بۆیان ده‌وت) به‌ڵام وه‌ك نووسین و نامه و هۆنراوه هیچمان له‌به‌رده‌ستدا نییه. سه‌رچاوه‌كان:
- ( ) گوڵ ده‌سته‌ی شعرای هاوعه‌سرم، على كمال باپیر ئاغا، چاپی دووه‌م، چاپخانه‌ی ڕاپه‌ڕین، سلێمانی، 1969
- 1. ديوانى ناتيق، ص. هه‌ژار، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕاپه‌ڕین، سلێمانی، 1970
- 2. ديوانى ناتيق، كۆكردنه‌وه و لێكدانه‌وه‌ی: حه‌كیم مه‌لا ساڵح، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی چوارچرا، سلێمانی، 2009
- 3. وێنه‌یه‌ك له ناسنامه‌كه له‌لایه‌ن (ئاسۆس ناتیق)ی نه‌وه‌ی شاعیره‌وه نێرراوه بۆ مامۆستا (كۆچه‌ر میرزا) و توێژه‌ر له مامۆستا كۆچه‌ری وه‌رگرتووه.
- 4. دیوانی كه‌مالی، ئاماده‌كردن و ساغكردنه‌وه و پێشه‌كی نووسینی: كه‌مال عه‌لی باپیر ئاغا، پێداچوونه‌وه: شوكور مسته‌فا، ده‌زگای ڕۆشنبیری و بڵاوكردنه‌وه‌ی كوردی، 1986، طبع دار الشۆن الثقافیة العامة،
- 5. گوڵ ده‌سته‌ی شعرای هاوعه‌سرم، على كمال باپیر ئاغا، چاپی دووه‌م، چاپخانه‌ی ڕاپه‌ڕین، سلێمانی، 1969
- 6. دیوانی موفتی، ئومێد ئاشنا و کامیل عەبدوڵڵا، چاپی دووەم، ناوەندی بڵاوکردنەوەی ئەندێشە، چاپخانەی ئەندێشە، سلێمانی، ٢٠١٦، ل17
- 7. هه‌ردوو كۆمه‌ڵه شیعری چاپكراو له‌سه‌رده‌می ژیانی كه‌مالی خۆیدا، (دیاری شاره‌زوور/ 1966) و (باخی میر/ 1968) و هه‌روه‌ها دوای كۆچی دواییهكهیشی كه (دیوانی كه‌مالی/ 1986) چاپ كراوه و سه‌رجه‌م هۆنراوه‌كانی تێدا كۆكراوه‌ته‌وه.
- 8. شاعیره ناو ون بووه‌كانی كورد، عه‌لی كه‌مال باپیر، چاپخانه‌ی ڕاپه‌ڕین، سلێمانی، 1973. له‌م كتێبه‌دا ئاوڕی له ژیاننامه‌ی ده‌یان شاعیر و نموونه‌ی شیعری‌یان داوه‌ته‌وه، له‌وانه (كوشكی، عه‌لی عاشق، ئاهی، كه‌یفی جوانڕۆیی، مه‌نفی، فیراقی، زه‌لیل، فه‌قێ خهڵوزهیی، میرزا غه‌ریب، زه‌وقی، مه‌حرووم و ئه‌خته‌ر...)
- 9. گۆڤاری ڕامان، هه‌ڤپه‌یڤینێك له‌گه‌ڵ (حیلمی) شاعیر، ژماره 140، ل73