هاورێ ئارام و کۆمەڵێک پێشمەرگە

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

خەبات مارف

427143382 .jpg

ڕیزی سەرەوە لە چەپەوە: غەفور (دەرسیم)، نەبەز (خولەی جگەر)، سەڵاح چاوشین و جەمالە ڕەشە کە دواتر لە سێدارە درا

ڕیزی ناوڕاست لە چەپەوە شێخ تەیب، هاورێ ئارام ، تەها باراوی، مولازم عومەر و حەمە سەعید

دانیشتوەکان لە چەپەوە: یەکەم مامۆستا شێرکۆ، دووهەم خەبات مارف خەباتی حاجی مارف

ئەم وێنەیە بەدروستی لە مانگی یەکی 1977 لە گوندی (گەورەدێ) لە شارباژێر بەکامێرای پێشمەرگەی دێرین ( خەبات مارف) خەباتی حاجی مارف گیراوەو چیرۆکێکی درێژ لە پاراستن و شتنەوە و گەیشتنی بە دەرەوەی ووڵات هەیە.

زستانی ساڵی 1977 گەورەدێ زۆر سارد بووە و بەفرێکی زۆر باریوە، ڕژێمی بەعس جوڵەی بۆ نەکراوە تا هێرش بەرێت. بۆیە لەو ماوەیەدا لە گوندی گەورەدێ خەبات مارف هەڵدەستێت بەکردنەوەی قوتابخانەیەک تا منداڵەکان فێری خوێندەواری بکات. منداڵەکانی ئەو دێیە تا ئەو کاتە مەکتەبیان نەدیبوو، بۆیە خەڵکی گوندەکەش بەتایبەتی کاک ئیسماعیل کە شەهید بوو، بە خۆشحاڵیەوە ئەو خانوەیان بۆ خودی کاک خەبات و مزگەوتی دێکەش بۆ قوتابخانەکە چاکردبوو.

لە دێی باڵخ بە هاوکاری مامۆستای دێکە (عەلی کەمال محەمەد) تەختە رەش و قەڵەم و کاغەزیان دەسکەوتبوو. ئەو وێنەیە لەبەردەم ماڵەکەدا گیراوە. دوایی ئەو ماڵە لەو زستانەدا دەبێتە بارەگا بۆ پێشمەرگەکان و لەباتی ئەوەی دابەش بن بەسەر ماڵاندا، دەبێتە شوێنی کۆبونەوەو حەوانەوە. کاک عەلی عەسکەری و سالار عەزیز و...هتد لەوێ دەبن.

کاک خەبات مارف لە چاوپيکەوتنەکەیدا دەڵيت: سیروان تاڵەبانی سەرەتا کەهاتە دەرێ، پێش ئەوە ببێتە ئەو پێشمەرگەیەی کە هەموو کوێخا و جاشەکان لێی دەترسان، چاپی بەیانەکانی دەکردو یەکەم بەیانی بزوتنەوەی شۆرشگێران، لەگەڵ کاک سیروان، ئێمە وەک کۆمەڵە بۆ کاک علی عەسکەریمان چاپ کرد. ئەو کاتە هێشتا شای ئێران نەڕووخابوو، بە هیچ جۆرێک نەدەتونرا بارەگایەک بۆ حەوانەوەو کارکردن دروستبکرێت، بەردەوام پێشمەرگەکان بە شاخەکانەوە بوون وتەنانەت شەویش ئەگەر بۆ چەند سەعاتێک بچونایە ناو دێیەکەوە بۆ نان خواردن و حەسانەوە، ئەگەر نا بۆ خۆپاراستن هەر لەشاخ ودۆڵەکاندا دەنوستن.

بەڕێز خەبات مارف دەڵێت: لە ناو کۆمەڵێ فیلمدا تەنها 32 وێنە بەسەلامەتی دەرچوون. ئەو سەردەمە سەردەمی کامێرای ئەنەڵۆگ بوو فیلمی کامێراکان لوولەیی بوون، 12، 24 یان 36 وێنەیی هەبوون، لە دوایی چرکاندی وێنەکان دەبوو فیلمەکە باش بپارێزرێ تا تیشکی بەرنەکەوێت و تێک نەچێت و دوایی بەپرۆسەی شتنەوەدا تێپەڕێ، ئەوەش لە تاقیگەو لەلای وێنەگرەکان دەکرا و کاکی وێنەگر لە تاقیگەکەی خۆی فیلمەکەی دەبردە ژوورێکی تاریک و دوای کردنەوەی لوولەی فیلمەکان کە پیان دەوت (جام) جامەکەی دەخستە شلەیەکی تایبەت و هەڵیدەکێشا لەو شلە تایبەتە، دواتر پرۆسەی وشکردنەوەو چاپکردنی لەسەر کاغەزی تایبەت ئەنجامدەداو دەبوو بە وێنە. فیلمە لوولەیەکانی کامیرای ئەو سەردەمە ئەگەر لە کاتی خۆیدا پرۆسەی شتن و شۆردنەوەی بۆ نەکرایە دەسوتا. واتا جام یان نەگەتیڤی فیلمە لوولەیەکە بە ڕەشی دەهاتە دەرێ بەبێ ئەوەی هیچ وێنەیەکی لەسەر تۆمارکرابێت وێنەکان ڕەش دەبوون بۆیە پێان دەگووت فیلمەکە سووتاوە. لەم سەردەمەشدا وەک ئیدیۆم: دەڵین فڵانەکەس فیلمی سووتاوە!!! کامێرا ئەرکی زۆر بوو، وێنەگرتن زۆر گران دەکەوتەوە. پاش چرکاندن چەند رۆژێک چاوەڕێت دەکرد، تا وێنەکان لای وێنەگر وەرگریتەوەو وێنەکان ببینی، ئیتر خۆت و بەختی خۆت، بەتایبەتی بۆ یەکێ شارەزا نەبووبێت. هەڵگرتنی ئەو کامێرا قورسانەش بەو شاخوداخەدا، خۆی لەخۆیدا ئەرکێک بوو.


لە درێژەی زانیارییەکانی کاک خەبات مارف سەبارەت بە وێنەکە بەمشێوەیە بۆ مانو بەرزنجی دوا:

هاورێ حامید یاخسەمەری کە لە دوایدا بەداخەوە لە سێدارە درا، فیلمی ئەم وێنەیەی گەیاندبووە سلێمانی و دابووی بە دەستی مامم غەفوری حاجی مارف و پاشان دایکم دەیگەێنێتە بەغدا، دواجار خاڵم سامان خەفاف، کە ئەو کات لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان وەک خوێندکارێک رێگەیەک ئەدۆزێتەوە و دەیکاتە جام و بەتەواوی نایشتواتەوە تا نەبيتە وێنە دیارە آەمەش لەترسی رژيمی پيشوو دەبيت.

دوایی پاش چەند ساڵێک دایکم زۆر ئازایانە ئەم جامە نەسوتاوەی گەیاندە ڤێننا و لەوێ شۆردمەوە. تەها باراوی هاتبوو بۆ ڤێننا بۆ نمایشکردنی شانۆگەریەک، ئەم وێنەیەی لە ئەلبوومە شۆردراوەکە دەرهێنابوو لەگەڵ خۆیدا بردبووی. دوای راپەڕین مولازم عومەر سەردانی سوید دەکات و وێنەکە لە تەها باراوی دەسێنێ و دەیباتەوە بۆ سلێمانی. ستۆدیۆ رەفیقیش لای خۆیەوە زۆر وەستایانە وێنەی لەبەر دەگرێتەوەو گەورەی دەکات، دواتریش مولازم عومەر سەرو کۆپییەکی لەو وێنە چاککراوەی ستۆدیۆ رەفیق دایە زیندووەکانی ناو وێنەکە. تا ئەو کاتەش نەمزانیبوو تەها باراوی ئەو وێنەیەی بردبووبۆیە زۆر دڵم خۆش بوو کە نەفەوتابوو.

ئەمە باسدەکەم، بۆ ئەوەی بزانرێت، کارکردن لەو سەردەمەدا چۆن بووەو بەچاوو ئەقڵی ئەمڕۆوە، تەنانەت بۆ وێنەگرتنیش نابێت وێنای ئەو رۆژانە نەکرێت.

پرۆسەی پاراستن و گەیاندنەکەشی بۆ ڤیەننا، جوانی کارکردن و هەرەوەزی ئەو سەردەمە دەردەخات، کە لەو رۆژە سەخەتانەدا، رۆژانە ملی دەیا گەنج دەکرا بە پەتا و دەخنکێنران، پرۆسەی تێکۆشان و خەبات بەردەوام بوو، زۆربەی خەڵک بەجۆرێ لە جۆرەکان بەشدار بوون.

ئازایەتی کاک ئارام (هاورێ ئارام) لەگەڵ هاوڕێکانی لەوە دابوو، کە لە پێناوی ئازادی و سەبەخۆی و دژی ناعەدالەتی، بوێری ئەو هەنگاوەیان هەبوو بچنە شاخەکانی کوردستان. دەمەوێت ئەوە بڵێم، جیفاراش لەگەڵ هاورێکانی نەیانبردەوە، هەوڵی ئەو بۆ ئازادی و دژی ناعەدالەتی بوو، بۆ ئەوەش چووە شاخەکانی پۆلیڤیا و لەو پێناوەشدا هەردووکیان هەم جیڤارا و هەم هاورێ ئارام گیانیان بەخشی. هەردووکیان ماوەیەکی زۆر کورت، کە نزیکەی دوو ساڵ دەبوو، مانەوە، بەڵام هەرگیز لەیاد ناکرێن.