هۆزان مەحمود

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

[١] [٢]

Ho01.jpg

هۆزان مەحمود: فێمینیست و نوسەر لە بواری ژنان، لە ساڵی ١٩٧٣ لە دایکبووە. لەناو خێزانێکی سیاسی و پێشمەرگەدا گەورە بووە، هەر زوو بە هۆی دژایەتی کەسو کاریەوە بۆ ڕژێمی بەعسی فاشیست، بە بیروباوەڕی چەپ و کۆمەڵەی ڕەنجدەران ئاشنابووە. لە ساڵی ٢٠٠٤ دەبێتە ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێراق و لە پۆستی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و دەفتەر سیاسی ئەو حیزبەدا چالاک بووە، دواتر بەهۆی کۆمەڵێک جیاوازی بیروڕا و بەگونجاو نەزانینی ئەو حیزبە بۆ خەباتکردن، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لەهەموو پۆستەکان پێشەکەش بە حیزب دەکات. هۆزان بەردەوام وەکو کەسێکی چەپ و سەربەخۆ لەهەموو حیزب و لایەنێک کاری سیاسی و فێمینیستی خۆی دەکات.

هۆزان مەحمود، سیاسەتی گشتی لە زانکۆی نۆتینگهام لە بەریتانیا تەواوکردووە، دواتریش ماستەری لە (جێندەر)دا لە زانکۆی لەندەن-بەشی خۆرهەڵاتناسی و ئەفریقاناسی تەواوکردووە. چەندین بڕوانامەی تری تایبەت بە کارکردن لە بواری پەروەردەدا بە دەستهێناوە لەوانە ڕاوێژی پەروەردە، ڕاهێنان و پەروەردە، هەروەها بڕوانامەی وتنەوەی زمانی ئینگلیزی وەکو زمانی دووهەم. ساڵانێکی زۆر لەبواری پەروەردە لە کۆلیج و قوتابخانە دواناوەندیەکانی شاری لەندەن کاری کردووە.

لە پاڵ خوێندن و کارکردن و دایکایەتی کچە تاقانەکەی، هۆزان دەیان کار و سیمینار و کەمپین و کۆنفرانس و خۆپیشاندانی بۆ داکۆکی لە مافی ژنان، ئازادی ڕادەبڕین و مافی مرۆڤ لە کوردستان و ئێراق ڕێکخستووە. کەمپین لەپێناو (دەستورێکی عەلمانی) یەکێک بووە له و چالاکیە گرنگانەی، کە هۆزان ئەوسا لەڕێگەی (ڕێکخراوی ئازادی ژن لەئێراق) و لەگەڵ‌ چەندەها کەسی دیکە ڕێکیانخست، توانیان لەڕێگەی فشارێکی زۆری مەدەنیانەی لۆکالی و نێودەوڵەتیەوە، مەترسی دەستورێکی ئیسلامی بکەنە جێگەی دیبەیتێکی گەورە لە کۆمەڵگەدا.

Ho.jpg

هەروەها هۆزان مەحمود لەساڵی ٢٠٠٧ لە دوای بەردەبارانکردنی (دوعا خەلیل ئەسوەد) کەمپینێکی نێو نەتەوەیی ڕێکخست لەگەڵ چەند کەس و لایەنێکی تر، ئەم کەمپینە لەدژی کوشتنی ناموسی و کوشتنی ژنان بوو لەکوردستاندا. لەگەڵ فشاری ئازادیخوازنی لەناو کوردستاندا، ئەمەش فشارێکی گەورە بوو بۆ بەدیهێنانی هەندێک گۆڕانکاری لە مافەکانی ژنان لەدووتوێی ‌دەقەیاساییەکاندا.

هەروەها چەندین وتاری لە ڕۆژنامە نێودەوڵەتییەکانی وەکو ئیندیپێندەنت، گاردیەن، هەفینگتۆن پۆست و نیوستەیتمان و (لیتراری هەب) زۆری دیکە بڵاوکردۆتەوە. وتارەکانی هۆزان تایبەتن بە بارودۆخی ژن لە کوردستان، عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بۆ سەر کۆمەڵێک زمان وەرگێڕدراون.

هۆزان یەکێکە لە دامەزرێنەرانی (پڕۆژەی کولتور) و دەستەی نوسەرانی گۆڤاری دیجیتاڵی کولتور مەگەزینە. ساڵانە لە چەندین کۆنفرانسی نێودەڵەتی و زانکۆکان و لەلایەن ڕێکخراوە فێمینیستیەکانی جیهانەوە بانگهێشت دەکرێت بۆ قسەکردن لەسەر دۆزی ژن. هۆزان براوەی خەڵاتی (ئێما هەمفری) بەریتانیە بۆ ساڵی ٢٠١٦ و هەروەها خەڵاتی سێکۆلاریزمی ٢٠١٨ لە لەندەن. شایەنی باسە، تا ئێستا خەڵاتی لەچەند لایەنێک ڕەتکردۆتەوە چونکە نەیویستووە بێلایەنی خۆی لەدەستبدات.

لەساڵی ٢٠١٩ (کتێبی خودنووسینەوەی ژنانی) ئامادەکرد و بەچاپی گەیاند، کە (دەزگای نوسیار) لە دانیمارک بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، ئەرکی چاپکردنیان لە ئەستۆ گرت. ئەم کتێبە کە کۆکراوەی چیرۆکی ٢٥ ژنی کوردە لەهەرچوارپارچەی کوردستان لە زمانی خۆیانەوە باس لە زیندان، تاراوگە، خەباتی چەکداری، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و هونەر و شیعر و تەعریب و ئەنفال دەکەن. هەمان کتێب لەژێر ناوی (چیرۆکەکانی ژنانی کورد) بە زمانی ئینگلیزی لە بەریتانیا و کەنەدا و ئەمریکا بە چاپ گەیشتووە لەلایەن پلۆتۆ پرێس کە چاپخانەیەکی ئەمریکی-بەریتانیە و هەروەها چاپخانەی زانکۆی ئەلبێرتای کەنەدی.