هێزی هەژێن و بیرۆکەی نائاگایی لای فرۆید

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search

وەرگێران و ئامادەکردنی: سەردار حەمەڕەش

هێزی هەژین...jpg

لەبیرم دێت ڕۆژێک، مامۆستای بایۆلۆژیمان لە کوردستان، پێی گووتین : (ئەگەر توانای وەزیری ڕۆشنبیریم هەبوایە، هەموو ڕۆژێک گێزەرێکم دەرخواردی خوێندکارەکانم دەدا، لە بەر ئەوەی گێزەر بۆ چاو باشە).

منیش ئەمڕۆ دەڵێم : ئەگەر توانام هەبوایە، دەم سەپاند بەسەر هەموو خوێندکارەکانی کوردستاندا، ئەم وتارە بخوێننەوە لە بەر ئەوەی بۆ ڕۆح باشە و باسی شیکاری دەرونی دەکات.

ئەم وتارە وانەی مامۆستا (Charles Robin ) ی فەرەنسیە، واتە، تێکستەکە نوسراو نیە، بەڵکو قسەیە، بە زمانێکی سادە؛ بیرۆکەی هێزی هەژێن و نائاگایی ( نەست )، لە ئەفلاتونەوە هەتا فرۆید ڕوون دەکاتەوە. هەر چەندە ئەم زانیاریانە لە کۆلێژەکانی فەرەنسادا دەخوێندرێن، بەڵام خوێندکارانی ڕۆژهەڵات نامۆن پێی.هەموو دەستەواژە و وشەکان لە ناو تێکستەکەدا لەلایەن مامۆستاکەوە ڕوون کراونەتەوە، تەنها بۆ تێگەیشتن لە تێکستەکە، وشەی ؛( نەست ) م بە مانای ؛ (inconcience) بەکارم هێناوە، وشەی ؛ (ئاگایی) بە مانای؛ (concience) .


ڕۆژتان باش.

ئەمڕۆ باسی نوسەرێک دەکەین کە دیبەیتی زۆر لە سەر بووە و هەتا ئەمڕۆش دیبەیتی لە سەرە، بۆیە دەتوانین بە لایەنی کەمەوە بڵێین؛ تێزەکانی ڕای گشت نین.

ئەو نوسەرەش ناوی؛ سیمۆن فرۆید (Sigmond Freud ) ە، دەروون شیکار و نیورۆلۆگی نەمسایی، لە کۆتایی سەتەی نۆزدە و سەرەتای سەتەی بیست.

فرۆیدا وەک دامەزرێنەری ئەم دیسپلینە نوێیە دەبینرێت، کە دەروون شیکاریە، لە کۆتایی سەتەی نۆزدەهەمدا. هەروەها، لێرەوەش پێداگری تێدا دەکەم کە ئەمڕۆ دەروون شیکاری وەک دسپلینێکی زانستی نابینرێت، دەروون شیکاری، زانستێک نیە، خاوەنی هەمان ستاتووی دەروون ناسی نیە، هەمان ستاتووی زانستی دەروونی، کە وەک زانستێک پێناسەی بۆ دەکرێت.

بۆیە هەرچییەک بڵێم لە بارەی فرۆیدەوە بە هیچ جۆرێک لەلایەن زانستەوە نەسەلمێنراوە، گرنگی تێزی فرۆید زانستی نیە، زیاتر فەلسەفییە، یارمەتیمان دەدات و سەرە داومان دەداتێ لە ڕوونکردنەوە لەسەر سروشتی دەروونی مرۆڤ، کە بەشێکی گەورەی سروشتی دەروونی مرۆڤ ناڕوونە، نابینرێت، دەتوانین بڵێین؛ ناتوانین گوزارشتی لێ بکەین، لێمان هەڵدێت. شۆڕشی فرۆیدی پێمان دەڵێت؛ بە پێچەوانەی ئەوەی وەهامان باوەڕ بوو، مرۆڤ خۆی ناناسێت، بە پێچەوانەی بۆچونمانەوە، بە پێچەوانەی هەستی ڕاستەوخۆمان، ئێمە نازانین چی لە هزرماندا، نازانین چی لە ناخماندا ڕوو دەدات، واتە لەوەی کە دەردەکەوێت، کە خۆی دەنوێنێت بە ئاشکرایی بە هۆشمەوە. ئاوا ئێمە دەمانەوێت تێبگەیەن لە ڕێنمایی، لە ئامانجەکانی شیکاری دەروونی.

دەبێت بە خێرایی کلیلی کۆنسێپتی شیکاری دەروونی ڕونبکەینەوە کە بریتیە لە کۆنسێپتی نائاگیی، دەروون شیکاری بوونی نیە بە بێ کۆنسێپتی نائاگایی، ئەم کۆنسێپتەش بەردەوام دەبێت وەک شۆڕشێکی ڕاستەقینەی زانستی، واتە نزیکبوونەوە و تێگەیشتنە لە ڕۆح ( پسیشێ) ی مرۆڤ.

ووشەی پسیشێ ( Pcyché ) م بەکار هێنا، پسیشێ، بە یۆنانی دەبێتە سیوکێ ( Sukê )، بە مانای؛ ڕۆح دێت، بەڵام لە سەتەی نۆزدەهەمەوە وەرمانگێڕا بۆ؛ ئێسپری( esprit ). کەواتە دەروون شیکاری، واتە؛ شیکاری ڕۆح، شیکاری دروونی مرۆڤ. شیکاری دەروونیی باوەڕی وایە کە بەشێکی زۆری دەروونی مرۆڤ نەناسراوە، شاراوەیە، دەتوانین بڵێین کە ناتوانین گوزارشتی لێ بکەین. ئەم بەشەی دەروونی مرۆڤ، فرۆید ناوی ناوە ؛ نائاگایی؛ نەست ( inconcience ).

کەواتە، نەست چییە؟ پێش هەموو شتێک دەبێت بڵێین کە نائاگایی خۆی ناناسێت، بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە، دەبیت ئەوە بزانین کە نائاگایی مەبەست لە بێ هۆشی نیە، نائاگایی بەو مانایەی پێچەوانەی ئاگایی بێت، بۆ نمونە، کاتێک کەسێک لە هۆش خۆی دەچێت، دەڵێین؛ بێهۆشە، بێهۆشی، لێرەدا مەبەست لەوەیە کە پەیوەندی هەستەکی بە ژیانی دەرەوەی نیە، ئێمە بێهۆشین کاتێک توانای ئەوەمان نیە هەست بەو شتانە بکەین کە لە دەوەری ئێمە ڕوو دەدەن بە هەستەکانمان.

ئەمەیە نائاگایی لای فرۆید؟ نەخێر. شتێکی زۆر قوڵتر و بەهێزترە، هەروەها پێشتان دەڵیم کە نائاگایی فرۆیدی بە مانای ئەوەش نایەت کە ناومان ناوە؛ کاری ئۆتۆماتیک ( خۆڕسکانە) یی، واتە هەڵسوکەوتی میکانیکی، جوڵاندنەوەی میکانیکی؛ کاتێک بیرمان دەچێتەوە کارێکمان ئەنجام داوە یان لەو کاتەدا کە کارێک دەکەین ئاگامان لەخۆمان نیە.

بۆ نمونە بە ئۆتۆمۆبیل دەڕۆیت بۆ شوێنێک، یان بە پلیکانەیەکدا سەردەکەویت، یان دەچیت ئاو بخۆیتەوە، دوای چەند خولکەێک بیرت نایەتەوە چیت کردووە، یان بۆ کوێ ڕۆشتویت، واتە هۆشت نیە بە وەی کە کردووتە. کەواتە ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە تۆ نائاگایت بەو ئاراستەیەی کە فرۆید باسی دەکات؟ نەخێر، ئەمە لێرەدا پێی دەڵێن ؛ کاری ئۆتۆماتیکی، چونکە لێرەدا باسەکە مەبەست لە تەرکیزە، نەبوونی تەرکیز وەها دەکات کە ئێمە بیرمان بچێتەوە لەو کارەی کە کردوومانە، بۆیە دەبێت باش جیاوازی لە نێوان ئەو دوو چەمکەدا بکرێت، نا ئاگیی بەو مانایەی کە شتێکمان لە بیر دەچێەوە لە گەڵ نائاگایی بە مەفهومی فرۆیدی.

کەواتە ئێستاکە کە زانیمان نائاگایی ئەوانە نین کە باسمان کردن، دەتوانین بڵێین نائاگایی چیە؟ هۆکاری نائاگایی چیە؟

نائاگایی ناوچەیەکی دەروونە، ناوچەیەکی ( پسیشێ )ە، کە ڕاستەوخۆ خۆی دەرناخات بە ئاگایی، خۆیمان نیشان نادات، لێمان ڕادەکات، بەڵام کاریگەری لە سەر ئێمە هەیە و کارایە بە هێزێکی ئێجگار گەورە خۆی دەنوێنێت لە هەڵسوکەوتی ئێمەدا، لە بیرو بۆچونماندا، لە ئارەزوماندا.

ئەگەر بمانەوێت کاریگەری نائاگایی بە چەندایەتی باس بکەیەن، ئەوا لەسەتا نەوەدی ژیانی پسیشێمان بە بۆچونی فرۆید، لەلایەن ئەوەوە بڕیاری لە سەر دەدرێت. ئەو ڕستە بەناوبانگەی فرۆید کە دەڵێت: من ( خود ) لە ماڵەکەی خۆیدا خاوەن ماڵ نیە. ئەمەش مانای ئەوەیە کە ئاگایی حوکمڕانی تەوای دەروونمان ناکات، ئاگایی سەرەتا و کۆتایی پسیشێمان نیە.

ڕاستییەکەی ئەوەیە کە بەشێکی زۆری ژیانی پسیشێمان، لە لایەن نائاگییەوە بڕیاری لە سەر دراوە، بۆیە ئێستا دەتوانین وێنەی ئەو ئایس بێرگ ( Isbergue )ە بخەینە ڕوو کە وێنەیەکی زۆر گرنگە بۆ باسەکەمان؛ سەری قوچی ئایس بێرگی نوقم بوو، کە لە دەرەوەی ئاوەکەیە، وەک ئاگایی دەبینرێت، بەشی ناوەوەی ئایس بێرگ وەک نائاگایی. ئەم وێنەیە، ئەم چواندنە، زۆر گرنگە، چونکە یارمەتیمان دەدات تێبگەین کە ئاگایی بەشێکی دانەبڕاوە لە نائاگایی، کە ئاگایی بەستراوەتەوە بە ئاگاییەوە، بەندە پێوەی، ئاگایی بڕیاری لە سەر دراوەو بە تەواوی لەلایەن نائاگاییەوە.

سەردار..حەمە.jpg










چوواندنی ئاگایی و نائاگایی بە ئایسبێرگێک. جێگای (ئەو، منی باڵا، من) لەسەر ئایسبێرگەکە.

بۆیە دەتوانین بە پێی تێڕوانینی فرۆید بڵێین؛ ئێمە لە لایەن نائاگاییەوە حوکمڕانی دەکرێین، هەرکاتێکیش تێگەشتین و دانمان بەوەدا نا کە ژیانی پسیشێمان لە لایەن نائاگاییەوە حوکمڕانی دەکرێت، ئەو کاتە دەتوانین خۆمان لە دەستی ڕزگار بکەین، بە سەریا باز بدەین.

وەک مێتۆدی سپینۆزا، کە دەڵێت : (کاتێک ئێمە هۆشمەندین بە وەی کە کەسێکی سنور دارین، ئەمە یارمەتیمان دەدات باز بە سەر سنورداریماندا بدەین ). کاتێک هۆشمەندین بەوەی کە ئێمە لە لایەن نائاگەییەوە بەڕێ دەکرێین، واتە ئێمە دەزانین کە ژیانی دەروونیمان بەوە ناوەستێتەوە کە ئاگایمان پێی هەیە، ژیانی دەروونیمان ئەوە نیە کە ئاگاین پێی، دەتوانینن خۆمانی لێ ڕزگار بکەین. لێرەدا دەیبینن چۆن هەندێ دیاردەی فیزیایتان بۆ ڕوون دەبێتەوە، یان بەشێکی ڕونکردنەوەکان لە هەڵسوکەوتی نائاگایی لەسەر ئێمە. بەڵام پێش ئەوەی بچینە ناو باسەکەمانەوە با چاوێک بە ڕابووردودا بخشێنین، بە مێژوودا بچینەوە، هەتاوەکو بزانین کە ئایا تێگەشتن بۆ نائاگایی پێش فرۆید هەبووە؟ واتە پێش سەتەی نۆزدە.

لە سەردەمی ئەنتیکێتێ ( سەرەتای دۆزینەوەی نوسین هەتا ڕوخاندنی ئیمپراتۆریەتی ڕۆم ) وە، پلاتۆ، تیۆریەکی ڕێکخست لە سەر ڕۆح، واتە نەخشە ڕێگایەک لە سەر رۆح، کە ئەمڕۆ پێی دەڵێین ؛ ئێسپری ( Esprit)، بۆ پلاتۆ لە ناو ڕۆحدا شتێک بوونی هەیە کە ئەمڕۆ ناومان ناوە؛ نائاگایی، بۆ ئەفلاتوون هەموو مرۆڤێک، خاوەنی زانستێکە، هەموو مرۆڤێک خاوەنی زانیارییەکە، بەڵام ئاگایی نیە بەو زانیاریە، ئەو زانیاریەی بۆ ڕوون نەکراوەتەوە. کەواتە بۆ ئەفلاتوون، مرۆڤ خاوەنی زانیاریەکی بێ ئاگایە ( بێ ئاگا لێی )، بەو مانایەی کە ئەو زانیاریە خۆی دەرناخات، بۆیە ئەوە کاری فەیلەسوفەکانە مرۆڤ بە ئاگا بێننەوە لەو زانیاریە، بە مەش دەڵێن تیۆری ڕێمینیسانس (réminiscence ). بە گوێرەی ئەفلاتون، ڕێمینیسانس بە مانای ؛ وەبیر هێنانەوەی بیرەوەری بە دەست هێنراو لە ژیانی پێشوتردا ) دێت.

ئەمەش بە مانای ئەوەدێت کە زانیاری ( مەعریفە ) لە ئێمەدا بوونی هەیە، بە کاری لێکدانەوە، ڕاڤەی بیرۆکە، بە هزرمان، دەتوانین ئەو مەعریفەیە هەڵهێنجینە سەرەوە، بۆ ئاستی ئاگایی، دەتوانین وەها بکەین کە ئەو زانیاریە نائاگییانە ببن بە ئاگایی، ئەمە تایبەتە بە ئەرکی فەیلەسوف. ئەمەیە کە سوقرات ناوی ناوە ؛ مینۆن (Ménon ).

ڕوون کردنەوە لە سەر Ménon.

مرۆڤ نازانێت بە دوای ئەوەدا بگەڕێت کە ئاشانیی پێی نیە، لەبەر ئەوەی ئاشانیی بەوە نیە کە بە دوایدا دەگەڕێت، نە ئەوەی دەیزانێت. کەواتە، لە بەر ئەوەی نازانێت بگەڕێت بە دوای ئەوەی کە ئەیزانێت، بۆیە ئەبێت لە ساتە وەختێکدا، ئاشناییمان پێ پەیدا کردبێت بەوەی بە دوایدا دەگەڕێین. ئەمە بریتیە نیە لە زانین بە تەنها، بەڵکو وەبیرهاتنەوە.

مێنۆن ( Ménon )، بە مانای هونەری زایینی ڕۆح ( esprit ) دێت، مێتافۆری زایین زۆر گرنگە، لە بەر ئەوەی کاتێک ژنێک دوو گیانە و ئەزێت بە منداڵێک، ئەو منداڵە، لە وەوبەر بوونی هەبووە، لە بەدەنیایە، بەڵام هێشتا نادیارە، لە بەردەمیا نیە و ڕانەوەستاوە بەرامبەری، نای یبنێت، لە دەرەوە نیە، کەواتە نائاگایە، کەواتە هێشتا خۆی نمایش نەکردووە، کەواتە زانیاری نائاگایی دەبێت بێتە دەرەوە بە بیرکرددنەوە و تێڕامان، بە لێکۆڵینەوەی فەلسەفی، ئەوەش دیالەکتیکی سوقراتیە کە بریتیە لە هێنانە دەرەوەی زنیاری و خۆ بینینەوە بەرامبەری. لای ئەفلاتون شتێکی لەو جۆرەمان هەیە کە گوزارشت دەکات، کە خۆی دەبینێتەوە لە نیشانە ( نیشانەی دەرکەوتنی شتێک) دا، لە دوایدا دەیبینن بە چ ئاستێک نیشانە زۆر گرنگە لای فرۆیدا.

هەتا سەدەی شانزە تێگەیشن لە نائاگایی بە تەواوی پشت گوێ خرابوو. کۆنسێپتێک بوونی نەبوو وەک فرۆید بۆمانی باس بکات لە نزیک و لە دورەوە پەیوەندی بە نائاگییەوە هەبێت. بە جۆرێک کە لە سەتەی حەڤدەدا لە گەڵ دیکارت (Descartes)، ژیانی پسیشیک، یان ژیانی سپیریتویڵ، کورت کرابووەوە تەنها لە ئاگاییدا، لە فکری دەرکەوتوودا، فکری مانیفێست، ئەوەی کە دەردەکەوێت لە ئاگایی، لە کاتێکدا لای فرۆیدا نائاگایی ( نەست ) دەرگای بۆ ناکرێتەوە لەلایەن ئاگاییەوە.

وەبیرتان دەهێنمەوە ئەوەی گرنگ بوو بۆ دیکارت؛ ئەوەی گرنگە و مرۆڤێکمان پێ دەناسێنێت، پێش هەموو شتێک بیرکردنەوەیەتی، دیکارت پێمان دەڵێت : هەستەکانمان هەڵخەڵەتێنەرن، تەنها شتێك کە دەتوانین سوور بین لێی و دڵنیا بین، ئەوەیە کە بیر دەکەینەوە. دەتوانم گومان لە بینینم بکەم، گومان لە بیستنم بکەم، گومان لە هەستم بکەم، بەڵام ناتوانم گومان لەوە بکەم کە بیر دەکەمەوە، گومان بکەم لەو کاتەی کە بیرۆکەیەک بە مێشکمدا تێپەڕ دەبێت. دەتوانم گومانی هەستکردنم هەبێت، بەڵام ناتوانم گومانی بیرکردنەوەم هەبێت. لەبەرئەوەی کە بیرۆکەی خەیاڵی هەر وەک بیرۆکەیەک دەمێنێتەوە. ئەوەی دەژیم ڕاستی نیە، بەڵام لەبەر ئەوەی خەو دەبینم، ڕاستییە. کەواتە بۆ دیکارت، پێشبینیەک هەیە کە هیچ شتێک بوونی نیە لە دەروەی ئاگایی، ئەمەش بیرۆکەی ئەوەیە کە خود( من ) ئاگاییە. بیرکردنەوە فێنۆمێنێکی ئاگاییە، کەواتە مرۆڤ خۆی سنوردار دەکات بە ئاگایی خۆی.

دوای دیکارت، فەیلەسوفێکی ترمان هەیە بەناوی: لێبنیز( 1646-1716 Leiibniz )، لێبنیز، کە باسمان کرد بە بۆنەی هێزی شەڕانگێڕی، لێبنیز باسێکی تری وروژاند ئەویش میکرۆ هەستکردن بوو، کە ناوی نابوو؛ هەستکردنی گچکەی ناڕوون، ئەمەش یەکەم هەوڵدان بوو بۆ گەیشتن بە چەمکی نائاگایی (نەست )، یان فکرەی دیاردەی نائاگایی، کە ناوی نابوو ؛ هەستکردنی ناڕوون.

بۆ باشتر تێگەیشتن نموونەیەکی پتەوتان دەدەمێ، نمونەیک دەهێنینەوە کە هەمووتان دەیزانن، ئەویش وێنەی سوبلیمیناڵی (subliminale)، وێنەی سوبلیمیناڵی چیە؟

وێنەیەکە کە خزێنراوەتە ناو فیلمێکەوە، ناو کورتە فیلمێکەوە، یان لە ڤیدۆیەکدا، وەها هەست دەکەن کە ئێوە ئەو وێنەیەتان نەبینیوە، ئاگاییتان بە بینینی نیە، بەڵام دەی بینن، دەیبینن بە ئاستی ئەنفرا ئاگایی، ئاستی سیوب ئاگایی ( سەروئاگایی )، واتە چاوت ئەو وێنە سوبلیمیناڵە دەبینێت، بەڵام ئەو وێنەیە شوێن پێی جێ ناهێڵێت لە ئاگایتا، وەک ئەوەی نەت بینیبێت. وێنەی سوبلیمیناڵی ئەوەیە کە خۆی چاپ ناکات لە سەر بیلبیلەی چاوت، وێنەیەکە کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر هەسەتەکانت نیە، هەرچۆنێک بێت هێندە کاریگەر نیە کە بتوانێت شوێن پێی خۆی دیاری بکات، بۆیە هەندێک کەس بە بێ گوێدان دەڵێن ؛ وێنەی سوبلیمیناڵی لەلایەن چاوەوە نەبینراوە و لەلایەن مێشکەوە بینراوە، بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ئەو وێنەیە دەبێت بە چاودا تێپەڕ ببێت هەتاوەکو بگاتە مێشک، بەڵام نەبوونی وردبونەوەی بیلبیلە، وەها دەکات کە وا هەست ناکەیت ئەو وێنەیەت بینیبێت، بێ گووما دەتوانین دژی ئەم بیرۆکەیە بووەستینەوە بەوەی کە بڵێین؛ ئاگایی، بینین و هەستکردن نیە، بەڵکو دوو شتی جیاوازن، ڕاستیش دەکەین ئەو تێبینیە بکەین، بەلام ئەوەی لیبینیز پێمان دەڵیت زیاتر وورد ترە، ئەوەی دەیەوێت پێمانی بڵێت ئەوەیە کە ئەوەی هەستی پێ کراوە لە لایەن ئاگاییەوە و ئەوەی هەستی پێ نەکراوە لەلایەن ئاگاییەوە بەردەوامیەکی هەیە، کە جیاوازیەک نیە لە نێوان ئاگایی و نائاگایی جگە لە جیاوازیەکی پلەیی نەبێت.

بۆ لیبینیز هەموو ئەو شتانەی هەستمان پێ کردوون بە شێوەیەکی ئاگایی، لە ڕاستیدا بە نا ئاگایی هەستمان پێکردوون. نمونەیەکی تر دەهێنمەوە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بیرۆکەیە؛ بیرۆکەی ئەوەی کە ئەو شەپۆلانەی دەیان بینین لە سەر دەریا، کاتێک سەیری ئەو شەپۆلە دەکەیت لە دەریادا، تۆ هەموو ئەو دڵۆپە ئاوانە نابینیت کە شەپۆلەکانیان پێک هێناوە، کۆی دڵۆپەکان نابینیت، تۆ تەنها شەپۆلێک دەبینیت، دەتوانین بڵیین تۆ سەنتێزی ئەو گەردیلە بچوکانە دبینیت کە شەپۆلەکەیان پێک هێناوە، تۆ تەواوی مایکرۆهەستپێکردنی شەپۆلەکە نابینیت کە شەپۆلەکە پێک دەهێێنێت، تۆ شەپۆلەکە دەبینیت، کەواتە تۆ دەرئەنجام دەبینیت، کە پێکهاتەی کۆی مایکرۆهەستە، ئەمەیە هەستی مایکرۆهەست لای لیبینیز، لێرەشدا هەست دەکەین کە دوورین لە چەمکی نائاگایی فرۆیدیەوە. لەو بیرۆکەیدا نین کە دەڵێت؛ نەست ناوچەیەکە لە ناو ماشینی پسیشیکدا، ناوچەیەکی ژیانی سپیریتوێلە. نائاگایی لێرەدا بریتیە لە فێنۆمێنێک کە گرێ دراوە بە هەستکردنەوە، بە مایکرۆ هەستکردنەوە، واتە بەو هەستکردنەی کە خۆی دەرناخات بە ئاگایی، بۆیە دەتوانین بڵێین کە لە سەتەی نۆزدەدا لە گەڵ فرۆیددا ئەگەین بە تیۆری نائاگایی ( نەست ). تیۆری نائاگایی لە ئاست پسیشیکدا، چونکە بۆ فرۆیدا نائاگیی ناوچەیەکی سپیریتوێلە، ساتێکە لە ماشینی فیزیایی ( جەستەیی ) پێمان دەڵێت کە نائاگایی پێک هاتووە لە بیرۆکە و لە هەوەسی چەپێنراو.

ئەمە یەکەم تێگەشتنە کە یارمەتیمان دەدات تێبگەین نەست چیە و هەروەها تێگەشتن لە چەپاندن.

کەواتە چەپاندن بە مانا ئەدەبیەکەی، چیە؟ بەرپەرچدانەوەیە، خستنە کەنارەوە. کەواتە نەست پێک هاتووە لە هەموو ئەو شتانەی دژی دەوەستینەوە، دەیخەینە دەرەوەی ئاگایی خۆمان. ئەمەیە کە دوایی ڕوونی دەکەینەوە بۆچی هەموو ئەو شتانەی لە ناو نەستان بە شێوەیەکی گشتی لای مرۆڤ بە شەرم دەبینرێن، شتێکە کە شانازی پێوە ناکەین، لە ئاستیدا نین و نامەناوێت ئاشکرای بکەین، لە ئاستیدا نین، بۆیە نامانەوێت پەردەی لە سەر لابدرێت، هەندێک جار ناشمانەوێت بیانناسین. هەندێک جار نەست ئەوەیە کە تێڕوانینمان وەهای باوەڕە کە نابێت پەردەی لە سەر هەڵبدرێتەوە، یان خۆی نمایش بکات، چونکە جێگای نابێتەوە لە ژیانی ئاگاییدا، پیسە، نەست جێگای نابێتەوە لە ژیانی ئاگاییماندا، بۆچی جێگای نابێتەوە؟ لە بەر ئەوەی بە پێچەوانەی ئەوەی نۆرم یان عورف و قانونی کۆمەڵگەکەمان ڕێگە دەدات.

بە شێوەیەکی تر ئەوەی کە نەست لێی پێکهاتووە ئەوەیە کە چاودێری کراوە، قەدەغەکراوە، وەلا خراوە، دەتوانین بیچوێنین بەو بەشەی کە پێی دەڵێین؛ جەهەنم لە کتێبخانەکانماندا. وەک ئاگادارن لەسەردەمی دێریندا جەهەنەم لە کتێبخانەکاندا، بریتی بوون لەو بەشانەی کە تایبەت بوون بەو کتێبانەی کە قەدەغە بوون بۆ خەڵکی. ئەگەر ئەو تێگەشتنە شەیتانیەی تێدایە، ئەو تێگەشتنە خراپەیە، لە بەر ئەوەی لە دینی مەسیحیدا جەهەنم بە خراپە ناو براوە، شوێنی کۆتایی ئەو کەسایەتیانەیە کە خراپەیان کردووە، تاوانیان ئەنجام داوە، بە شێوەیەکی تر، ئەو کارانەی کە قەدەغەکراون، ڕێگە پێ نەدراون لە لایەن مۆراڵەوە. کەواتە نەست ناوچەیەکی ماشینی جەستەییە، جێگای هەوەس و ئارەزووی چەپێنراوە، لە بەر ئەوەی ڕێک ناکەون لەگەڵ داواکانی ژیانی کۆمەڵایەتیمان، لە بەر ئەوەی لە هەموو ژیانێکی کۆمەڵایەتیدا، هەندێک داواکاری هەیە، داواکاری ڕێگە پێنەدراو، هەنوکەیی و هەندێک شت هەن نابێت بکرێن.

نەست ئەوەیە؛ ئاگایی و جەهەنمی ڕۆحی ئێمەیە. ئەمەش بە ڕێکەوت نیە کە لە زۆربەی میتۆلژۆیدا، جەهەنم یان جەهەنمەکان لە ژێر زەویدان، واتە لە پلەی زۆر نزمدان، نزمیش بە مانای ئەو شتەی قێزەونە، جێگای ڕێز نیە و دەبێت بشارێتەوە، بەڵام ئاسمانی بەهەشت بە پێچەوانەوە، هیمای گەورەیی و پیرۆزی و پوختەییە .

بۆیە ئێمە ناتوانین لە ناتوری نەست تێ بگەین، ئەگەریش تێ ناگەین لە نەست، لە بەر ئەوەی بەرهەمی شارستانیەتە. نەست بوونی هەیە لە بەر ئەوەی شارستانیەت بوونی هەیە، لە بەر ئەوەی پێکەوە ژیان هەیە لە نێوان تاکەکانیدا، بۆیە دەبێت هەوەس و ئارەزویان قەمع بکەن، هەتا بتوانن پێکەوە بژین. پرەسنیپی ژیانی کۆمەڵگە، پرەنسیپی پێکەوە ژیانە، پێکەوە هەڵکەوتنە، کەواتە پرەنسیپی بە قوربانیدانی خودە، بەوەی کە ناتوانین هەڵسوکەوت بکەین لە کۆمەڵگەدا وەک ئەوەی کاتێک بە تەنیا دەژین، یان کاتێک لە دارستانێکداین، پێویستمان بە سنوردانانە بۆ هەڵسوکەوتەکانمان، ناتوانین وەها بجوڵێینەوە وەک ئەوەی ئەوی تر بوونی نەبێت، هەر بۆیەش لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا، یاسا و سنور هەنە، ئەگەر ئەوانە نەبونایە ئێمە وەک ئاژەڵان دەژیاین، بە جۆرێکی تر دەتوانین بڵێین؛ ژیانی کۆمەڵایەتی بوونی نە دەبوو.

لەگەڵ ژۆن ژاک رووسۆدا باسمان کرد کە ژیان لە کۆمەڵگەدا بەندە لە سەر گرێبەست، گرێىەستی کۆمەڵایەتی، ڕوسۆ داوامان لێ دەکات بەشێک لە سەربەستیمان لە دەست بدەین بەرامبەر ئاسایشی خۆمان، ئەگەر ئەو گرێبەستە ڕێزی لێ نەگیرێت، ئەگەر داڕمێت، واتە گەڕانەوەیە بۆ ژیانی سروشتی، کێوی، واتە بە یکجارەکی بۆ شەڕ، یەک دژ بە یەک.

بە ڕای فەیلەسوف؛ ئۆبس ( Thomas Hobbes1558.1679 )، مرۆڤ لە بنەڕەتەوە خۆ ویستە، دژوارە، لای فرۆید هەمان بیرۆکە دەبینینەوە لەسەر مرۆڤ، هەمان ئەنترۆپۆلۆژی. بۆ زانیاریتان ئەوەی مرۆڤ دەبزوێنێت بە قوڵایی، هەژاندنە، هەژاندنە کە دەیکات بە دڕندە و دژوار، ئەگەر کۆنترۆڵی هەژاندن نەکرێت، ئەوا دەبێتە هۆی دڕندەیی، واتە؛ لە ناوچوون و داڕمانی شارستانیەت، ئەگەر قەمعی هەژاندنی سەرەتایمان نەکەین، ئەگەر دژی نەوەستینەوە ناتوانین بژین، بۆیە ئێمە ناچارین ئەو کارە بکەین، دژ بەو هەژاندنە ئاژەڵییە بووەستینەوە، خەفەکردن ( چەپاندن)ی ئەو هەژاندنە لە ئەنستاتی ئاژەڵیمان، دەنا ناتوانین بە جۆرێکی تر بژین. بهێنە بەرچاوی خۆت، بەو جادەیەدا پیاسە دەکەیت، لە هەر ئان و ساتێکدا کەسێک بیەوێت هەڵبکوتێتە سەرت بۆ تێرکردنی هەوەسی سێکسی، یان تێرکردنی بکوژیی، زۆر بارێکی ئاڵۆزدەبێت. بۆ فرۆید، ئەمەیە کە ئێمە دەهەژێنێت، ئەو ئەنستاتەیە کە پاڵنەرە بەرەو داڕمانمان، لە بەر ئەوەی مرۆڤ لە بنەڕەتەوە داڕمێنەرە، دژوارە بەرامبەر بە وانی تر، بۆیە کۆمەڵگە دەبێت نۆرمێکی بۆ دابنێت، یاسایەک بۆ سنوردارکردنی، بۆ ڕیگریکردن لە هێزی هەژێنی، کە خۆی دەنوێنێت و ژیانی کۆمەڵگە دەخاتە مەتریسەوە.

لێرەدا فکرەی کانت دەدۆزینەوە، ناسۆسیالی سۆسیالی مرۆڤ، بە مانای چی دێت؟ واتە مرۆڤ لە هەمان کاتا خۆ ویستە بە کارەکتەری ئاژەڵی، مرۆڤ دۆستیشە بە کارەکتەی مرۆڤی خۆی، بەڵام مرۆڤ وەک ئاژەڵێک دەمێنێتەوە، مرۆڤ ئەو هەستە ئەنساتاتەی تێدا پارێزراوە، ئەو هەستە ئاژەڵییەی. ڕێگری کردنە لەو بەشە ئاژەڵیە لە مرۆڤ، کە وەها دەکات لە ناخیدا ملاملانێ و ناکۆکی دروست ببێت، ململانێیەکی فیزیکی، ململانێیەک کە فرۆید دەگاتە ئەوەی ناوی بنێت: نێڤرۆز ( Névrose ).

نامەویت بچمە ناو وردەکاری ئەو کۆنسێپتەوە، تەنها لێرەدا ویستم بە سادەیی ڕوونی بکەمەوە کە نێڤرۆز دەرئەنجامی ناکۆکی فیزیکی ناخی مرۆڤە لە نێوان دوو بەرەی دژ بە یەکدا، لە نێوان دوو داواکاری ناهەڵکەوتا، لە نێوان، بۆ نمونە ئارەزوی پەیوەندییەکی سێکسی لە هەمان کاتا مانەوە بە پاکژی، لە نێوان ئارەزووی لێخوڕینی ئۆتۆمۆبیلێکی گران بەها و سەفەرکردن، لە هەمان کاتا هەستان لە خەو هەموو بەیانیەک بۆ چونە سەر کار. نێڤرۆز، دەرئەنجامی ناکۆکیە لە نێوان ئارەزوو و ئەرکی سەرشان، هەر کاتێکیش ئێمە لەم ناکۆکیەی ناخی لە نێوان ئارەزووی لێخوڕینی ئۆتۆمۆبیلێکی گرانبەها و سەفەرکردن، لە هەمان کاتا هەستان لە خەو هەموو بەیانیەک بۆ چونە سەر کار.

نێڤرۆز، دەرئەنجامی ناکۆکیە لە نێوان ئارەزوو و ئەرکی سەرشان، هەر کاتێکیش ئێمە لەم ناکۆکیەی ناخی خۆمان تێ گەشتین، لە نێوان هەوەس و ئەرک کە دەیبینیەوە لە تراژیدیای یۆنانیدا،لای بەتەڵە تراژیدیەکان کە لە سەر ئەقڵانی و هەوەس بنیات نراون، لە بەر ئەوەی تراژیدی ئیولستراسیۆن (وێنا) یە، لە هەمان کاتا ڕاستیە، واتە ڕێگایەکە بۆ دەربڕینی ئەو ناکۆکییەی نێوان ئەقڵانی و هەوەس، ئەو ناکۆکیەی نێوان ئەرک و ئارەزوو. بەتەڵی تراژیدی، لەبەر ئەوەیە کە هەوەسی زۆر بەهێزترە، لەبەر ئەوەی هەوەسی ستەمکارە و گوێ بە فەرمانی ئەقڵانی نادات، گوێ بە ئەرکی سەرشانی نادات، گوێ بە یاسا نادات، بە یاسای مۆراڵ، لە بەر ئەوەی لە قانون لا دەدات، بۆیە سزا دەدرێت، سزا دەدرێت لە لایەن قەدەرەوە، لە لایەن خواوەندەکانەوە، لە لایەن فاتوم ( Fatum) ەوە.

ئەوەیە ڕەوایەتی بوونیان، یان جۆرێک لە ڕەوایەتی بوونیان. ئیلوستراسیۆن و دەرهاویشتنی خۆپاکردنەوەی ناکۆکی نێوان ئەقڵ و هەوەسە لای مرۆڤ.

کەواتە بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ پێتان بڵێم؛ بە بیری فرۆیدا ئێمە هەموومان نیڤرۆزێین، هەموومان بە بێ جیاوازی، لە بەر ئەوەی هەموومان بە شێوەیەکی گشتی ڕاکێشراوین لە نێوان هەوەسمان و یان هەموومان بە جۆری جیاواز لە ژێر زەختی فەرمانداین ( ئەرکی سەرشان)، بۆ هەندێک کەس کە لە کەش وهەوایەکی جیاوازدا دەژین، کە خێزانەکانیان ڕێگایان پێ دەدەن، زیاتر هەوەس و ئارەزویان تێر بکەن، بێگوومان شانسمان هەیە زیاتر هەوەسی چەپێنراومان بنوێنین، بێشک ئەگەر لە مۆناستێردا گەورە ببین دەبین بە قەشە، بە پیچەوانەوە ئەگەر لە کەش و هەوایەکدا بژین کە کەمتر هەست بە زەختی ئەو فەرمانە، زەختی ئەو یاسایە بکەین، ئەوا ڕێی تێ دەچێت کە ئێمە کەمتر هەست بە نێڤرۆزیی بکەین.

بیرتان دێتەوە کاتێک باسی ڕێزداریمان کرد، ڕێزداری هەوڵێکە بەرامبەر بەوی تر کە یارمەتیمان دەدا لەگەڵ ئەوی تردا هەڵبکەین، ئەگەر ئەو ئەرکە دەخەینە سەرشانی خۆمان بۆ پێکەوە ژیان، لە گەڵ ئەوی تردا، ئەمە ئەرکێکە و زەختێکە بە سەر هەوەس و ئارەزوی ئاژەڵیمان، ئاژەڵ پێویستی بە ڕێزگرتن نیە. ئاژەڵ خزمەت بە خۆی دەکات، ئەگەر یەکێکیان لە گەڵ ئەوی تردا ڕێک نەکەوێت، یەکتری دەکوژن، حاڵەتی نێڤرۆز لای ئاژەڵی کێوی بوونی نیە، چەپاندنی هەوەسیش بە هەمان شیوە.

کەواتە نائاگایی(incocinece) بوونی نیە، کەواتە ئەم قانونە، کە دەڵێم ئەم قانونە مەبەستم لە هەموو یاسا و ڕێسای کۆمەڵگەیە کە تێیدا دەژین، کە لە پەروەردەوە بۆمان ماوەتەوە، ئەم یاسایە تەنها لە لایەن کۆمەڵگەوە بە سەرمانەوە نە سەپێراوە، بەڵکو لە کۆتاییدا لە لایەن خۆمانەوە بە سەرماندا دەسەپێنرێت، بە جۆرێکی تر دەتوانین بڵێین؛ خۆمان دەبینە سوڵتەیەک بە سەر خۆمانەوە ڕێگری لە هەندێک هەڵس و کەوتمان دەکەین و ڕێگا بە هەندێکی تر دەدەین، بە جۆرێکی تر.

بۆ فرۆید زۆنێکی تری ئیسپری هەیە پێی دەڵێت؛ منی باڵا ( sur moi)، سەروی خود، واتە داواکاری یاسا، داواکاری نۆرم، پۆلیسی بچوکی ناخە، کە سەرپەرشتی دەکات و ڕێگەمان لێ دەگرێت بە کوێرانە دوای هەوەس بکەوین. دەتوانین بڵێین کە منی باڵا، داواکاری ئاگاییەکی باشە لە ڕووی ئاگایی مۆراڵەوە، ئەو فریشتەیە کە بە سەر شانمانەوەیە، کە پێمان دەڵیت؛ باشتر وایە ئەو کارە نەکەیت، بۆت نیە، ئەمە باشە، ئەوە خراپە. ئەمەیە منی باڵا، لێرەدا ناوم نا؛ پۆلیس، دەتوانم ناوی بنێم؛ دادیار، لە بەر ئەوەی دادیار ئەو کەسەیە کە سزات دەدا، دادیار یاسایە، کەواتە هەموومان دادیارێکی بچوک هەیە لە ناخماندا، ئەو دادیارەی لە ناخماندا هەیە، منی باڵایە، منی باڵا ئەوەیە کە چوارچێوەیەکی دیسیپلینەرت بۆ دادەنێت، خود دیسیپلینەر، خود دسیسیلننەڕێک کە پێویستییە و باشە بۆ تۆ، بەڵام هەر ئەمەیە کە توشی خەتابرییشمان دەکات؛ شتێکت کردووە دەبوایە نەتکردایە بە گوێرەی ئەو قانونەی کە منی باڵا بە سەرتا دەسەپێنێت، ئەمەیە کە دەبێتە بەرهەمهێنانی شەرم، منی باڵا هەموو ئەمانەیە، چاوی ئاگاییە لە گۆڕدا کە سەیری (یەک) دەکات وەک لە هۆنراوەی ڤیکتۆر هیوگۆدا، واتە چاوی خەتاباری، ، چاوی نۆرمی بە خۆدا چونەوەیە، منی باڵا لە بەخۆداچونەوەی قانونەوە دێت. بۆیە منی باڵا، لای منداڵان زۆر پەرەی نەسەندووە بە نیسبەت هەرزەکارەوە، لە بەر ئەوەی پرۆسەیەکی دینامیکە، پرۆسەی بە خۆداچونەوەی یاسایە، بە خۆداچونەوەی یاسا بە مانای ئەوەی لە سەرەتاوە بە سەرماندا سەپێنراوە لە دەرەوەی خۆمانەوە، لە لایەن کۆمەڵگەوە، لە لایەن دایک و باوکمانەوە، لەلایەن مامۆستاکانمانەوە، لە لایەن برا و خوشکمانەوە، لە کۆتاییدا بە جۆرێک خۆیان دەگونجێنینن لەگەڵ ئێمە، دەگاتە ئاستێک کە ئێمە نایان دەینە بەر پرسیار، بە جۆرێک کە هەستیشی پێ ناکەین کە ئەوە لە دەرەوەی ئێمەوە خۆی سەپاندووە، بە خۆداچونەوەی قانون بە مانای ئەو شتەی کە لە دەرەوەی ئێمەوە دێت، بە خۆداچونەوەی قانون بە مانای قبوڵکردنی قانونە وەک ئەوەی لەشێک بێت لە ئێمە، زۆر گرنگە لەمە تێ بگەین، ئەگەر نا ئەمە بچوک دەکەینەوە وەک ئەوەی داوایەکی سادە بێت لە سەروی ئێمەوە لە دەرەوەی ئێمە، بەڵام وەها نیە، زۆر سادەیە بڵێین؛ یاسایەک هەیە لە سەروی ئێمەوە خۆی دەسەپێنێت و ئێمە بۆمان نیە وەها هەڵس و کەت بکەین، نا ئەوە نیە کە بۆمان نیە ئەوەی ئارەزومانە بیکەین، بۆمان نیە هەوەسمان تێر بکەین، ئەوەیە کە خۆمان ڕێگە بە خۆمان نادەین ئارەزووەکانمان تێر بکەین، بەو بیرۆکەیەی کە ڕێسا و نۆرم هەن، کە ڕێگامان پێ نادەن، کە ڕێگریمان لێ دەکەن گەش ببینەوە، شتەکان وەها ڕوو نادەن، هیچ کەسێک ڕیگریت لێ ناکات ئەوەی دەتەوێت بیکەیت لە زۆر بواردا، ئەوە خۆتیت، ئەوە خۆتیت کە دەڵێیت ؛ ئەوە بیرۆکەیەکی باش نیە، نابێت بیکەم، هەڵەشەییە، ترسناکە، خۆمان بە خۆمانی دەڵێین. فرۆیدیش باش لەمە تێ گەشتبوو، لەوە تێگەشتبوو کە زۆر سادەیە ئێمە پاڵەپەستۆی سۆشیال، پاڵەپەستۆی شارستانیەت بچوک بکەینەوە بە تەنها لە زەختی ئەو قانونەی کە حوکمان دەکات، لە ڕاستیدا هەر لە منداڵیەوە ئێمە قانونی کۆمەڵگە دەخۆینەوە ( ناوەکی کراو)، هەندێک جار بۆشی زیاد دەکەین، لە کۆتاییدا ئێمە دەبینە جەندرمەی خۆمان، دادیاری خۆمان، سەرپەرشتیاری خۆمان، ئەمەیە کە نێڤرۆز بەرهەم دەهێنێت، ئەم نامومکینیەی کە نەتوانین جەمسەری هەژێنی خۆمان تێر بکەین دەبێتە نیڤرۆز، ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کاتێک بە زمانی ڕەشۆک دەڵێین؛ تەقیەوە، فیوزەکەی سوتا، خوای نەما، لە بەر ئەوەی ماوەیەکی زۆرە بەرگری کردووە لە یاسایەک کە خۆی خۆی سەپاندووە.

ئێمە دەمێکە باسی منی باڵا دەکەین، بەڵام چی بە سەر نائاگییماندا هات؟ ئەبێت ئەوە بزانینن کە بۆ فرۆید، بەشێکی زۆری منی باڵا نائاگاییە، واتە ئێمە ئاگاییمان بەوە نیە کە خۆمان سەرپەرشتیاری خۆمانین، جەندرمەی خۆمانین، هەندێک جار وەهامان باوەڕە کە ئێمە بە شێوەیەکی نۆرماڵ هەڵس و کەوت دەکەین، واتە بە گونجاو لەگەڵ داخوازیەکانی ژیان بە کۆمەڵ. ئێمە هەستی پێ ناکەین کە لە پرۆسەیەکی داپڵۆسێنەر، لە پرۆسەی چەپاندنداین، لە سنوردارکردنی هەوەس و ئارەزومانداین، بەشێکی زۆری منی باڵا نائاگاییە. ئەوەی ناومان ناوە نائاگایی تۆزێک لە مەوبەر، بریتیە لە کۆی هەوەس و ئارەزوی چەپێنراو لەلایەن منی باڵاوە، ئەم نائاگاییە لە زۆنی خوارەوەی ماشینی پسیشیکدایە، کە فرۆیدا پێی دەڵێت؛(ئەو) بە فەرەنسی: ( ça )، بۆیە کاتێک من لە کۆلێژ، گوێم لەو وشەیە بوو، تێ نەگەشتم مەبەست لەو وشەیە چیە، وەهام باوەڕ بوو کە وشەیەکی کۆنسێپتوێل نەبوو، بە مانای چی دێت؛ ( ئەو) وەک دەستەواژە؟ لە کاتێکدا منی باڵا شتێکی لێ تێدەگەین، بەڵام ( ئەو ) تۆزێک نا ڕوونە. چەند ساڵێکی بە سەردا چوو، ئەوسا تێ گەشتم کە ئەوە شتێکە ناتوانرێت گوزارشت لە خۆی بکات، شتێکە نایەوێت خۆی سنوردار بکات، بۆیە ناتوانین هێڵکاری بە دەوردا بکێشین، ئەمەی کە هەوەسی بێ ئاگایی تێیدا خۆی شاردۆتەوە، لە ناو (ئەو) کە کاریگەری لەسەر کەسایەتی هەیە، هەمیشە لە ململانێی بەردەوامیدایە لەگەڵ منی باڵادا. ئەو، هەمیشە لە دژایەتی بەردەوامدایە لەگەڵ منی باڵادا، وەک تۆزێک لەوە و بەر باسمان کرد، ( ئەو) بریتیە لە زۆنێکی هەژێنەر، عەمباری هەژێنەرە، عەمباری هەوەسە کە دەگەڕێت بە دوای ئەوەی گوزارشت لە خۆی بکات، خۆی بنوێنێت، چش لە داخوازی منی باڵا، چش لە سنوری گومرکی منی باڵا، کە بریتە لەو تۆفانە بە تینەی، ئەو هێزەی کە دەیەوێت گوزارشت لە خۆی بکات، بەرامبەر و دژ بە هەموو، دەیەوێت خۆی بنوێنێت لەو دیوی سنوری قەدەغەکراو و ڕێگە پێنەدراو.

کە واتە دوبارەی دەکەمەوە کە نائاگایی بریتیە نیە تەنها لە؛ ( ئەو ) لە بەر ئەوەی بەشێکی منی باڵا نائاگاییە، بەڵام ئەوەی سورین ئەوەیە، بەشێکی زۆری نائاگایی پێک هاتوە لە: ( ئەو)، هەندێک کەس ( ئەو ) بە ژێرخان دەچوێنن، لە بەر ئەوەی ژێرخان شوێنێکە بە شێوەیەکی گشتی تاریکە و شێی هەیە و منداڵان لێی دەترسن، بەو بۆنەیەوە ئەو فیلمەی کە لە ڕۆمانی (Stephen King ) وەرگیراوە بە ناوی؛ ئەو، بریتیە لە چیرۆکی کلاونێکی بکوژ، کۆمەڵێک منداڵ ئەتۆقێنێت و دەیان خاتە حاڵەتێکی دژوار و شکەوە، لە بەر ئەوەی ڕۆمانەکە ناوی ( ئەو )ە ، بە ڕێکەوت نیە، لە بەر ئەوەی بەسەرهاتی بەگژداچونەوەی ئێش و ئازارمانە، بەسەرهاتی بە گژداچونەوەی ناراسیۆنێلە. لە فیلمەکەدا دەبینین منداڵێکی بچکۆلە دەچیتە ژێرخانی خوارەوەی ماڵەکەیان، دەیەوێت گڵۆپەکە داگیرسێنێت بەڵام داناگرسێت، منداڵەکە خێرا دەڕوات بە دوای شتێکی پێویستا دەگەڕێت هەتا بتوانێت بەلەمەکەی بخاتە ناو ئاوەکەوە، لێرەدا تێ دەگەین کە وێنەی ئەو ژێرخانە چەندە بۆ ئەو منداڵە دژوارە، لە بەر ئەوەی جیهانێکی شاراوەیە، نە ناسراوە، ناتوانین بەدەست بی گرین، گوازرشتی لێ بکەین، کەواتە ئەو، کە بریتیە لە ژێرخانی ڕۆحمان، شوێنێکە کە زۆر حەزناکەین سەردانی بکەین، لە بەر ئەوەی دەترسین لە وەی دەیدۆزینەوە تێیدا، ئەوەیە بەڕاستی ( ئەو)، ئەوەی دەتوانین بڵێین دەربارەی ئەو، ئەوەیە کە بە ئێمەدا گوزارشت لە خۆی دەکات، بە مانای ئەوەی کە ئێمە هەژێنراوین، هاندراوین لە لایەن ئەو هێزەوە، کە ئێمە هەمیشە لەگەڵیدا لە ململانێ داین، کە منی باڵا بە بەردەوامی لە ناکۆکیدایە، لێرەدا کەوانەیەک دەکەینەوە بۆ تێگەشتن لە کارتۆگرافی پسیشیزمی مرۆڤ بە دیدی فرۆید، کە لە ساڵانی ١٩٢٠ پەرەی پێدا، بە تێپەڕکردنی دووەم (تۆپیک ). تۆپیک چیە؟ تۆپیک پیشاندانی شتێکی ئەبسراکتە لە ژێر شکڵی شوێنێکدا، نەخشەیەک، نەخشەی پسیشیزمی مرۆڤ، دەتواین پیشانی بدەین وەک ساروخێک، نهۆمی خواری خوارەوە بریتیە لە؛ ئەو، واتە؛ پۆلی هەژێن، نوکەکەی بریتیە لە (منی باڵا )، واتە شوێنی یاسا، شوێنی نۆرماتیڤ، لە نێوان هەردوکیاندا نهۆمێکی تر هەیە کە فرۆیدا ناوی ناوە ؛ خود، واتە شوێنی مەحکەمە، لە نێوان (ئەو) و (منی باڵا) دا، بە جۆرێکی تر دەتوانین بڵیین ئەو بەشەیە کە ناکۆکی نێوان (ئەو) و (منی باڵا) بەڕێ دەکات، پەیوەندیدارە لە نێوان هەوەسی هەژێن و ئەقڵانی نۆرماڵدا. ئەوەیە خود.


وێنەی ئیلوستراسیۆن.jpg

وێنا (ئیلوستراسیۆن)ی ئەو، منی باڵا و من.

بێگومان ئەو ناکۆکییە کاریگەری لە سەر خود هەیە، پێکراوە بەو ناکۆکیە، دەرئەنجامیشی هەیە. ئەوە خودە کە دەبێت لە نێوان ئەو دوو هێزە دژ بە یەکەدا هەڵس و کەوت بکات، بۆیە خود ڕادەستی نیڤرۆز کراوە، لە بەر ئەوەی لە هەمان کاتا کە ناتوانێت لە بەیەک گەشتنی لەگەڵ منی باڵادا کەم بکاتەوە، هەروەها ناتوانێت هەوەس و هەژێنی خۆی لە بیر بەرێت، ناتوانێت ئارەزوی بخاتە پشووەوە، بەتاڵی بکاتەوە، شەکەتی بکات. خود ئەو تەنگژییە ئەگرێتە خۆی، شوێنی مەحکەمەیە، لە نێوان ئەو دوو پۆلەی جیهازی پسیشیکدا. لێرەدا باسی یەکەم تۆپیکی فرۆیدا ناکەین کە تۆزێک جیاوازە. لە تۆپیکی یەکەمدا فرۆید جیاوازی دەکات لە نێوان؛ ئاگایی، نزیک لە ئاگایی و نائاگایی، لەبەر ئەوەی کە جارێکی تر پێداچوونەوەی بۆ کرد و ڕاستی کردەوە، بۆیە بە باشی دەزانم ڕاستەوخۆ باسی دووهەمتان بۆ بکەم کە بەڕای من تێگەشتنی ئاسانترە.

وەک وتمان مرۆڤ بە ڕێژەیەکی زۆر گەورە لە لایەن نائاگاییەوە بە ئاڕاستە دەکرێت، لە هەمان کاتا ئێمە ڕێگای چونە ناویمان نیە، چونە ناو نائاگایی. دەڵێم ؛ ناتوانین بچینە ناویەوە، نەخێر دەتوانین، بە ڕێگای پێچاو پێچدا، بە شێوەیەکی نا ڕاستەوخۆ، لە چەند ڕێگایەکەوە نائاگایی خۆی نمایش (مانیفێست) دەکات بە ئاگایی، یەکەم نمایش خەوە، خەو بۆ فرۆیدا شانۆیەکە کە تیایدا هەوەسی نائاگایی خۆی تیادا نمایش دەکات، بۆیە لە زۆربەی خەوەکانماندا ئاشناین بەو جسمانەی کە دەردەکەون، زۆر جاریش باس و لەشەکان ئەوانەن کە تیایاندا ژیاوین، بە شێوەیەکی گشتی لەو ڕۆژەدا یان ڕۆژێک پێش، لە بەر ئەوەی ئەزمونمان ماتریاڵی پسیشیکمانە، وەک وتم خەو شوێنی هەوەسی نائاگاییە، دەبێت پێداگری لەوەشدا بکەین کە بۆ فرۆیدا ئەوە ئێمە نین بە مانای وشە کە خەو دەبینین، ئەوە نائاگاییمانە کە خەو دەبینێت، ئەم جیاوازییە زۆر گرنگە چونکە بەو شێوەیەی کە فرۆید پێمان دەڵێت ؛ خود ساحێب ماڵ نیە لە ماڵی خۆیدا، بە هەمان شێوە فرۆید پێمان دەڵێت کە ئێمە بەرپرس نین لەو خەوەی دەیبینین، خەوەکانمان ئێمە نین، خەوەکانمان نائاگایمانە، ئێمەش نائاگایی خۆمان نین، بە شێوەیەکی ئاگایی ئەوە هەڵنابژێرین کە ئارەزوی دەکەین، فرۆید پێمان دەڵێت کە ئێمە بەرپرس نین لە نائاگاییمان، کەواتە ئەگەر ئێمە بەرپرس نەبین لە نائاگاییمان کەواتە ئێمە لە هەڵەدا نین ( تاوانبار نین )، بۆیە نابێت شەرم لە خەوەکانمان بکەین، نابێت شەرم لە خەوی نائاگاییمان بکەین، نابێت خۆشمان خەتابار بکەین. لە سەرو ئەوەشەوە بۆ فرۆید، دەبێت جیاوزای بکەین لە نێوان ئەوەی ناومان ناوە ناوەڕۆکی نمایش (مانیفێست)، لەگەڵ ناوەڕۆکی شاراوە، ناوەرۆکی مانیفێست بریتیە لەوەی کە بەرهەمهێنراوە لە خەوەکانماندا، ئەگەر بیچوێنین بە فیلمێک ئەوەیە کە لە فلیمەکەدا دەبینرێت. بۆ نمونە بیهێنە بەرچاوی خۆت، خەون دەبینیت، دەگەڕێیتەوە بۆ کۆلێژ، تاقیکردنەوەی بەکەلۆریا دەکەیت، دەچیتە پۆلێکەوە لەگەڵ کەسانێک کە بیست ساڵ لە تۆ گەنج ترن، لەگەڵ سەرپەرشتیار و شتی تردا، بەمە دەڵێین ؛ ناوەڕۆکی مانیفێست، ئەمە ناوەڕۆکێکی پتەوە کە لەخەوەکانتا تێیدا دەژیت، ئەوی تر بریتیە لە ناوەڕۆکی شاراوە، ناوەڕۆکی شاراوە، بریتییە لە مانای خەونەکەت، بە مانای ئەوەی کە نابینرێت لە خەونەکەتا، بەڵام بە خەونەکەتا تێ پەڕ دەبێت، واتە مانای خەونەکەت، ئەمەیە کە پێی دەڵێین ناوەڕۆکی شاراوە، بۆ فرۆید ئەوەی گرنگە ناوەرۆکی شاراوەیە، ناوەرۆکی مانیفێست تەنها مۆدێک یان ڕێگایەکی گوزارشتە. ناوەڕۆکی مانیفێست بەهانەیەکە بۆ ناوەڕۆکی شاراوە هەتا ڕێگایەک بدۆزێتەوە بۆ گوزارشتکردن لە خۆی، وەک ئەوەی کە نائاگیتان خۆی گۆڕی بێت بە جۆرێک کە بتوانیت بیبینێت بەبێ ئەوەی بیناسیتەوە، دەڵێم ناتوانیت بیناسیتەوە، لە بەر ئەوەی نازانیت کێ لە ژێر ئەو جل و بەرگەدا خۆی شاردۆتەوە، کێ خۆی شاردۆتەوە لەژێر ناوەڕۆکی مانیفێستی خەونەکەتا، کاتێک خەون دەبینیت کە لە تاقیکردنەوەی بەکەلۆریدا ئەژێیتەوە، مەبەست ئەوە نیە کە کاتێک گەنج بویت لە تاقیکردنەوەی بەکەلۆریدا دەرنەچوویت، تەنها دەیەوێت پێت بڵیت کە جۆرێکە لە خۆگۆڕین، کە بکەلۆریا تەنها بەهانایەکە، مێتافۆرێکە، گوزارشتێکە لە ناو چەندەها جۆری تردا، ئەوە مەرج نیە کە بەکەلۆریا بێت کە نائاگاییت دەهروژێنێت.ئەو ناوەڕۆکە مانیفێستە هەتا ڕوون نەکرێتەوە و شیکاری بۆ نەکرێت بە کاری ڕاڤەکردن، ناتوانیت هیچی لێ تێبگەیت، رونکردنەوەی خەوێک ئەوە نیە کە ئێمە ناوەڕۆکی مانیفێست وەربگرین وەک مەسجێک، مانای خەوێک سنوردار ناکرێت بە ناوەڕۆکی مانیفێست، ڕونکردنەوەی خەو بریتیە لە داشکاندنی ڕۆڵی ناوەڕۆکی مانیفێست لە ناوەڕۆکی لاتان ( شاراوە )، چۆن ناوەڕۆکی مانیفێست گوزارشتە، ئەمەیە ڕونکردنەوەی خەو.

ڕێگایەکی تر هەیە کە لێوەی نائاگایی دەیەوێت خۆی بنوێنێت، ئەویش زەلەیە، دەتوانرێت زەلە وەک هەڵەیەکی زمانەوانی ببینرێت، بەڵام هەڵەیەکی زمانەوانی بۆ ئاشکراکردن، دەبێت ئەوە بزانین کە دەستەواژەی؛ ئاشکراکردن، بە مانای هەڵماڵینی هەقیقەت دێت، هەڵماڵین بەمانای ئەوەی هەقیقەتی شاردۆتەوە، بۆیە زەلە بۆ فرۆید دەرخستنە، دەرخستنی نائاگییە، دەرخستنی بیرۆکەی تایبەت بەخۆ نیە، ‌دەرخستنی هەوەس و ئارەزووە کە لێتەوە خۆیان دەرباز دەکەن، بیرۆکەیەکە کە تۆ بەرپرس نیت لێی، بۆ فرۆید کاتێک تۆ زەلە دەکەیت، وشەیەک لە بڕی وشەیەکی تر بەکار دەهێنیت، کە زۆر جار مانایەکی سێکسوێلیان هەیە، بۆ فرۆید واتە؛ تۆ زوڵملێکراوی نائاگیی خۆتیت، کە دەیەوێت ڕێگایەک بدۆزێتەوە بۆ گوزارشت کردن لە خۆی لە ڕێگای زمانەوە. بۆ نمونە بەیانی دەچیت بۆ کۆبونەوە لە کارەکەتا، پاشان نیوەڕۆ دوای کۆبونەوەکە بە یەکێک لە هاوڕێکانت دەڵێیت، ئێوارەیەکی خۆش. کاتێک دەڵێیت؛ ئێوارەیەکی خۆش لە هەمان کاتا نیوەڕۆیە، ئەمە بە مانای ئەوە دێت کە تۆ هیلاکیت و بە ڕاستی ئەو کۆبونەوەیە بێ تاقەتی کردویت، بۆیە وەها ئارەزو دەکەیت کە ڕۆژەکە تەواو بێت و بەسەربچێت.

ئەمە نمونەیەکی زەلەیە، زەلە بریتیە لە جێ گۆڕکێ کردنی وشەیەک بە وشەیەکی تر، بریتیە لە هزری تۆ بە شێوەیەکی نائاگایی، هەوەسی ئارەزووکراو بە شێوەیکی نائاگایی، هەر بۆیەش زۆر لە زەلەکردن کارەکتەری سێکسوێلیان هەیە، لە بەر ئەوەی بۆ فرۆید هێزی هەژێن کە ڕێبەڕیمان دەکات، هێزی هەژێنی نائاگایی، ئۆردەری سێکسوێلن، بۆیە زۆر جار ڕەخنە لە فرۆیدا دەگرین کە هەموو شتێک دەباتەوە بۆ ئۆردەری سێکسویالیتێ، ڕاستیشە لە بەر ئەوەی کە ئەوە چەمکێکە کە فرۆیدا دانی پێدا دەنێت، لە بەر ئەوەی بۆ ئەو هێزی هەژێنی سێکسوێل سەرەتا و کۆتایی هەوەسی ئاژەڵیمانە، دەتوانین زیاتر لە سەری بڕۆین کە بۆ فرۆیدا هەموو ئارەزویەک سەرچاوەکەی بۆ هەوەسی سێکسوێل دەگەڕێتەوە، بۆیە زەلەکردن بۆ فرۆید هیچ شەرمێکی تێدا نیە، لەبەر ئەوەی ژیانی پسیشیکی ئێمە، بە تەواوی لەلایەن نائاگیمانەوە حوکم دەکرێت، واتە؛ بە تەواوی لەلایەن هیزی هەژێنی سێکسوێلەوە حوکم دەکرێت.

دواهەمین مۆدی گوزارشتکردنی نائاگیی لای فرۆید، بریتیە لە کاری لەکیسچوو. من هەندێک جار کاری لەکیسچوو دەچوێنم بە زەلە، بەڵام بە کردار، بۆ نمونە؛ بەیانی گوێت لێ نابێت کاتژمێرەکەت زەنگی لێ داوە، لە گەڵ ئەوەشدا دیمانەیەکی زۆر گرنگت هەبووە بۆ وەدەست خستنی کارێک؛ شەوێک پێش ئەوە خۆت ئامادە کردووە، هەموو کەلوپەلت ئامادە کردووە؛ کاتژمێرەکەت خستۆتە سەر زەنگ، ئەو شەوە زووتر لە شەوانی تر خەوتویت، بەڵام هەموو ئەم ئامادەکاریانە بەس نین، بەیانی گوێت لە زەنگی کاتژمێرەکەت نابێت و درەنگ خەبەرت دەبێتەوە، پەلە پەل دەکەیت و ڕادەکەیت بۆ ئێستگەی شەمەندەفەر بۆ خۆ گەیاندنت بە کارەکەت، بەڵام شانست نیە لە بەر ئەوەی هەر کە دەگەیتە بەردەم شەمەندەفەرەکە، دەرگاکانی دادەخرێن و ناتوانیت خۆت بگەیەنیتە دیمانەکەت. تۆ لەم حاڵەتەدا سوریت لەوەی کە شانست نەبووە، تۆ سوریت لە وەی کە ویستووتە بچیت بۆ ئەو دیمانەیە، دەتویست ئەو کارە وەدەست بخەیت، بەڵام شتێک ڕێگەی لێ گرتیت، ئەمە بۆ فرۆید بریتییە لە؛ کاری لەکیسچوو، واتە مەسجێکە لە نائاگاییەوە، کە پێت دەڵێت ؛ تۆ ئارەزوی ئەوەت نە دەکرد ئەو کارە وەدەست بخەیت، شتێک لە تۆدا دژی دەوەستایەوە. ئەمەیە کە پێی دەڵیین؛ کاری لەکیسچوو، کاری لەکیسچوو، وەک زەلە شکستی هەڵماڵینن، ئاشکراکردنن، شکستێکن کە ڕاستی نائاگایی تۆ ئاشکرا دەکەن.

دەتوانین بڵێین ئەم سێ جۆرە گوازرشت کردنە (زەلە، کاری لەکیسچوو، خەو ) زۆر پێوستن، پیرۆزن، لە بەر ئەوەی بە ڕێژەی خۆیان، پاڵەپەستۆ لە سەر نائاگایی کەم دەکەنەوە، ڕێگا بە نائاگایی دەدەن گوزارشت لە خۆی بکات کاتێک منی باڵا پشتی تێ کردوین، ئەمەش گرنگە باسی بکەین، چونکە ئەگەر هەوەس، نائاگیی هیچ ڕێگایەک نەدۆزێتەوە بۆ گوزارشت کردن لە خۆی، ئەو کاتە نێڤرۆز دەکەوێتە هەڵەشەییەوە، دەبێتە پسیکۆز، هیستێریک، دەبێتە زۆر شکڵی تری نەخۆشی کە فرۆید باسی کردوون، کە هەموو جارێک تەرجومەی بێ توانایی قبوڵکردنی ئەو ناکۆکیەی نێوان؛ منی باڵا و ئەو دایە.

بۆ کۆتایی هێنان بەم بەرنامەیە دەمەوێت باسی کۆنسێپتێکی گرنگتان بۆ بکەم کە فرۆید خۆی دایڕشتووە، کۆنسێپتێک کە لێوەیەوە هەوەسی نائاگیی خۆی مانیفێست دەکات، ئەویش کۆنسێپتی بە جوانکردن، سیوبلیماسیۆن (Sublimtion)، دەستەواژەی؛ سیوبلیماسیۆن، لە سەرەتاوە لە بواری فیزیادا بوو، واتە تێپەڕبوون لە حاڵەتی ڕەقیەوە بۆ حاڵەتی گاز، تێپەڕبوونی ڕاستەوخۆی ماتریاڵی ڕەق بە بێ ئەوەی بە حاڵەتی شلیدا تێ پەڕ بێت، گرنگیشە لێرەدا ئەوە باس بکەین کە ئەو گۆڕانکاریە، ئەو وەرگێڕانە لە حاڵەتی ڕەقەوە بۆ گاز، لە فیزیادا لە کاتێکدایە کە لەش وزەیەکی پێ دراوە، خاوەنی وزەیەکە، وەک ئەوەی کە هەوەس خۆی بریتیە لە وزە، وزەیەکە کە سەرچاوەی هەڵسوکەوت و هەوەسمانە، لە چەند ڤیدیۆیەکی تردا ئەم دیاریدەیەم باس کردووە. پێش هەموشتێک هەوەس هێزێکە کە جوڵەی پێ دراوە، خراوەتە جوڵەوە، پاڵی پێوە دەنێین بۆ بە دەست هێنانی ئەو بەشەی کە کەمیمان پێی هەیە.

کەواتە سیوبلیماسیۆن چیە؟

سیوبلیماسیۆن پرۆسەی بەلادابردن و خستنەوە سەر ڕێگەی هەوەسە بۆ ئامانجێکی باڵاتر، بۆ ئامانجێک، کە وەهای دەبینن زۆر بەرزترە، پیرۆزترە، دەتوانین بڵێین کە سیوبلیماسیۆن بە کاراکردنی، بە گەڕخستنی، هەوەسی سێکسوێلە بە ئامانجێکی ناسێکسوێل، ئەمەیە سیوبلیماسیۆن. نمونەیەکی ڕوون دەهێنینەوە، نمونەی پیاوێک کە هەوەسی سێکسوێڵی هەیە، بەڵام شانسی نیە و بەتەنیا دەژی، ئەم پیاوە چەند هەڵبژاردەیەکی هەیە؛ یەکەم هەڵبژاردەی ئەوەیە کە سنورێک دابنێت بۆ ئەوەی هەوەسی سێکسوێڵی بچەپێنێت، بەو ریسکەی کە پێ دەچێت ببێتە جۆرێک لە نێڤرۆز، هەڵبژاردەی دووەم ئەوەیە کە بچێت دەستپەڕ بکات، بەمەش دەڵێن؛ ڕازیکردنی هەوەسی سێکسوێڵ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، تەنگژی لەم هەڵبژاردەیەدا ئەوەیە، (بێ گومان کە دەڵێین؛ تەنگژی، لە نێوان دوو کەوانەدا ) کە وزەکەی بە فیڕۆ دەدات، لە بەر ئەوەی ئەو ووزە سێکسوێڵە نەخراوەتە گەڕ بۆ کارێکی باڵا تر، بێ شک یارمەتی ئەو کەسە دەدات هەوەسی تێر بکات، ڕزگاری بێت لە هەوەسی هەژێن، بەڵام ناگاتە کۆتاییەکی باڵا لەم خۆ خاڵیکردنەوەیەدا، ناگاتە ئامانجێکی پیرۆز لە خۆ خاڵیکردنەوەیدا. سێیەم هەڵبژاردە بۆ ئەم کەسایەتیە ئەوەیە کە وزەی سێکسوێڵی بخاتە گەڕەوە لە کارێکی داهێناندا، لە کارێکی هونەرییدا، بەرهەمهێناندا، ئەمەش ناودەنێین ڕازیبونی مێدیاتیک، مێدیاتیزێ بە مانای ئەوە دێت کە شتێکیتر، ناوەندێک بەکار دەهێنێت بۆ تێ پەڕبوون، کارایی داهێنان بریتیە لە ناوەندێک لە نێوان هەوەس و تێربوون لە هەوەس، ئەو نمونەیەی کە فرۆید دەیهێنێتەوە نمونەی هونەرمەندە، هونەرمەند کاتێک کارێکی هونەری دەکات پێویستی بە لیبیدۆ( Libidos) هەیە، پێویستی بە هێزێکی داهێنەر هەیە کە گوزارشت لە خۆی دەکات لە بەرهەم هێنانی کارێکی هونەریدا، بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین کە هونەرمەند ڕووی هەژێنی سێکسوێڵی وەردەگێڕێت بە شکڵێک، بە کارێکی هونەری کە کۆمەڵگە بەهای پێ دەدات، لێرەدا نمونەی هونەرمەندمان هێنایەوە، دەتوانین نمونەی زانا ( لێکۆڵەر )، یان ڕۆشنبیر بهێنینەوە، یان زانایەک لە بواری زانستیدا، ئەو دەتوانێت وزەی سێکسوێڵی بگۆڕیتە سەر وزەی ئەنتەلەکتوێل، لەو دوو نمونەیەدا؛ هونەرمەند و ئەنتەلەکتوێل، دەبینین کە وزەی سێکسوێڵ دەتوانێت بگاتە کۆتاییەکی تر، دەرئەنجامێکی نا سێکسوێڵ، کۆتاییەکی ئەبستراکت، ڕەمزی، کولتووری، کۆتاییەک کە هیچ ڕوکەشێکی سێکسوێڵی نیە.

تۆزێک لەمەوبەر پێم گووتن کە بۆ فرۆید هەموو شتێک دەگەڕێنێتەوە بۆ سێکسیویالیتێ، ئەمە بەتەوای ئەوەیە کە سوبلیماسیۆن پێمان دەڵێت، لە بەر ئەوەی هەرچەندە هەوەس خۆی تێردەکات لە شکڵێکی ناسێکسوێڵدا، لە هەمان کاتا ئەو هەوەسە لە بنەچەدا ناتوری سێکسوێڵە، هێزی هەژێنی داهێنان لە بنەڕەتا هێزی هەژێنی سێکسوێلە، لە بری ئەوەی هەوەسی سێکسوێلمان بە فیڕۆ بدەین بە شێوەیەکی هەڵەشەیی، تاک دەتوانێت هێزی هەژێنی خۆی ببات بە لای داهێناندا، لە کارێکی بەهاداردا، من لێرەدا نمونەی هونەرمەندم هێنایەوە، نمونەی ئەنەتەلکتوێلم هێنایەوە بەڵام دەتوانین نمونەی وەرزشەوانێکیش بهێنینەوە، نمونەی ئەتلێتێک لە پێرفۆرمەنسێکی جەستەییدا، لە چوارچێوەی کێبڕکێیەکی وەرزشییدا، پێویستی بە خڕکردنەوەی وزەیەکی پێویستە، خڕکردنەوەی لیبیدۆیە بۆ ئەوەی بتوانێت پێرفۆرمەنسەکەی بهێنێتە دی، هەموو ئەو کەسانەی کە یاری بۆکسێنیان کردووە باش دەزانن کە نەبوونی پەیوەندی سێکسی سەپێنراوە بەسەر یاریکەردا چەند هەفتەیەک پێش یاری بۆکس، چونکە بۆکسەرەکە ناتونێت ڕیگە بە خۆی بدات وزەکەی بە فیڕۆ بدات پیش زۆرانبازیەکەی، بۆیە بۆکسەرەکە ئەو لیبیدۆیە، ئەو دژواریە سێکسوێڵە بەکار دەهێنێت بۆ مەبەستی خۆی، وەک هێزێی شەڕانگێری، وەک وزەی داهێنەر.

لەوەوبەر پێم ووتن کە ئارەزوی (ئەو)، وزەی سێکسوێڵی ( ئەو)، فرۆید ناوی نابوو؛ لیبیودۆ( Libidos )، وشەی لیبیدۆ داهێنانێکی سەردەمی مۆدێرن نیە، وشەیەکی لاتینیە لەوەوبەر لای سانتۆگوستین (saint Augustin, 354-430) ئەیدۆزینەوە، پێنج سەتە دوای عیسا. دەبێت باسی ئەوەش بکەین کە لەو سەردەمەدا، سانتۆگستین سێ جۆر لیبیدۆی دیاری کردبوو، سێ جۆر لیبیدۆ بە واتای سێ جۆر وزەی سێکسوێڵ، کە هەر یەکێکیان ئامانجێکی جیاوازایان هەبووە، بۆ ئەوەی کە باسەکەمان باش پتەو بکەین لێرەدا ناوی دەنێین؛ یەکەم لیبیدۆ لای سانتۆگوستان ناوی نابوو؛ سانتیاندی( santiandy) کە وزەیەکی ڕاستەوخۆی سێکسوێڵە، ڕاستەوخۆی هەستیاریە کە هەوەسی جەسەدی بەرهەمهێنەریەتی، بۆیە دەتوانین بڵێین کە لیبیدۆی سانتیاندی لای سانتۆگوستین، هێزی هەژێنی پوختەی سێکسوێڵە، هەوەسی سێکسوێڵە کە بەلادا نەبراوە لە ئامانجی پێکراوی، ئەوەیە کە ناگەڕێت بە دوای بازدان بە سەر خۆیدا بۆ بەرهەمهێنانی کارێکی باڵاتر. دووهەم لیبیدۆ، لیبیدۆی دۆمینەندی ( dominandi)ە، بە شێوەیەکی گشتی بەفیز، بە خۆ بەگرنگ ناساندن وەرگێڕانی بۆ دەکەین، لای سانتۆگوستین ئەم هەوەسە ئارەزوی حوکمکردن، زاڵبوون بە سەر ئەوی تردا. ئەم حاڵەتە دەتوانین بدۆزینەوە لای شەڕکەرەکان، شەڕکەرەکان بە شێوەیەکی گشتی وزەی سێکسوێڵی خۆیان وەردەگێڕن بۆ شەڕکردن دژی دوژمن، وەک لەوەوبەر باسمان کرد، بۆکسەرەکە وزەی سێکسوێلی خۆی بەکار دەهێنێت بۆ بردنەوەی یاریەکەی.

سێهەم لیبیدۆ لای سانتۆ گوستین، لیبیدۆی سیاندی( Siandy )ە، کە دەتوانین بیچوێنین بە هەوەسی فێربون و زانین، هەمان ئەو دیاردەیەیە کە فرۆید بۆمانی ڕون دەکاتەوە لە پرۆسەی سیوبلیماسیۆندا، واتە بە لادابردنی هەوەسی سێکسوێڵ بەرەو شتێکی ئەبستراکت، ئەبستراکسیۆن واتە بەرزکردنەوەی، گەیاندنی هەوەس بە هەقیقەتێکی پیرۆز تر. ئەم سێ لیبیدۆیە کە سانتۆگوستین ناوی بردوون، لە لایەن پاسکال ( ١٦٢٣ –١٦٦٢ Blaise Pascal ) ەوە لە سەتەی حەڤدەهەمدا وەرگیراونەتەوە کە ناوی نابوون؛ سێ کۆنکیوپیوسەنس، واتە سێ هەوەسی مرۆڤ کە یەکەم گوناح ( خواردرنی سێوەکە لە لایەن ئادەمەوە ) ی مرۆڤ دیاری دەکەن ، لێرەدا زیاتر دەچینە ناو بوارێکی زیاتر دینیەوە، بەڵام ئەوە گرنگ نیە، ئەوەی گرنگە تێگەیشتنە لە پرۆسەی وەرگێڕانی هەوەسی سێکسوێل بۆ شتێکی نا سێکسوێڵ، بۆ پاسکال لیبیدۆی سیاندی سانتۆگوستین واتە هەوەسی زانین، تەنها پرسنییە، پرسنی ئادەم و حەوا بە وەی کە بچن تامی میوەی قەدەغە کراوی بەهەشت بکەن و دەربکرێن لە باخچەی عەدەن، بۆ پاسکال لیبیدۆی سیاندی جیازوازی نیە لەگەڵ ئەوانی تردا، لەبەر ئەوەی هەمان سەرچاوەیان هەیە. هەروەها بۆ پاساکال لە بەر ئەوەی ئێمە بونەوەری ناتەواوین، گەندەڵین، بەرتیلخۆرین، گوناحبارین، بۆیە حوکم دراوین بە داماوی و هەژاری، ئێمە ئەو توانایەمان نیە بگەینە ئاستی خواوەندەکان، کەواتە لای پاسکال و لای سانتۆگوستین ئەو بیرۆکەیە هەیە کە مرۆڤ بە تەواوی لە بنەڕەتەوە حوکمداری دەکرێت لە لایەن هەوەسیەوە، لە لایەن لیبیدۆیەوە، لەلایەن هێزی هەژێنی سێکسوێلیەوە.

پێش سانتۆگوستینیش، لای پلاتۆ هەمان بیرۆکە دەدۆزینەوە، ئەو بیرۆکەیەی کە هەوەس دەمان هەژێنێت، پلاتۆ کۆنسێپتێکی بۆ ژیانی مرۆڤ هەبوو، کۆنسێپتی پسیشێ کە لای ئەویش دابەش کرابوو بە سەر سێ بەش دا، بەشی خواری خوارەوەی ناو نابوو؛ لیپیتومیا، کە بریتیە لە هەوەسی جەستەیی، هەوەسی ماتریاڵ، هەوەسی نانەوە، واتە وەک سانتیاندی سانتۆگوستین کە برتیە لە هەوەسی پوختەی سێکسوێل، دووهەم بەشی ڕۆح لای پلاتۆ بریتیە لە بەشی ناوەند، ناوی نابوو؛ تیومۆس، تیمۆس بریتیە لە توڕەبوون، لە هەڵچوون، هەڵچوونی شەڕەڤان، کە هەوەس و بوێریی دەداتێ بۆ بردنەوە و سەرکەوتن، لێرەشدا بیرۆکەی وەرگێڕانی هەوەس، بەلادانی هەوەس بەرە و ئامانجێکی باڵا تر، ئینجا دواهەمین بەشی ڕۆح لای پلاتۆ بریتییە لە بەشی هەرە بەرزی کە پلاتۆن ناوی نابوو؛ لۆگۆس، بریتیە لە بەشی ڕاسیۆنێل، ئەو بەشەی کە بەرەو زانین دەڕوات، ئەمەش بەرامبەر سیوبلیماسیۆنی فرۆیدیە، واتە وەرگێڕانی هەوەس، وەرگێڕانی هەژێنی سێکسوێڵ بۆ زانین.

کەواتە ڕاستە بۆ فرۆیدا هەموو شتێک سوێکسوێڵە، بەڵام دەبێت بزانینن بە چ ئاراستەیەک سێکسوێڵە ؟ فرۆید پێمان ناڵیت هەموو شتێک سێکسوێڵە واتە ئێمە تاکە ئامانجمان پەیوەندی سێکسوێڵ بێت، فرۆید پێمان دەڵێت هەموو شتێک سێکسوێڵە، بەو مانایەی کە هەموو ئەوەی دەمان هەژێنێت سەرچاوی سێکسوێڵن، سەرچاوەی سێکسوێڵیش مەبەست لەوە نیە بە ئاراستەی سێکسوێڵدا بڕۆن، بنچینەی سێکسوێڵ مەبەست لەوە نیە کە هەموو ئارەزوەکانمان خۆیان لە سێکسواڵیتێدا ببیننەوە، ئەمە زۆر گرنگە لێی تێ بگەین، لە بەر ئەوەی لەگەڵ کۆنسێپتی سیوبلیماسیۆندا فرۆید پێمان دەڵێت ئەگەری ئەوە هەیە کە کۆنترۆڵی هەوەسی سێکسی خۆمان بکەین، ئا لەویادا بەشی ئازادی خۆمان دەبینینەوە، بوارێکی ئازادی دەمێنێتەوە بۆ مرۆڤ، مەجالی ئازادی مەبەست لە هەڵبژاردنی ئەو جۆرەی کە هەوەس دەیەوێت گوزارشت لە خۆی بکات، بریتیە لە بڕیاردان بەو ئاراستەیەی کە هێزی هەژێنی سێکسوێڵ بەرەو ڕووی دەڕوات، ئەوەی بۆ نمونە ناومان ناوە ؛ ئێپستۆمۆفیلی ( épitémophilie ) ئیتیمۆلۆژی وشەکە بە مانای خۆشەویستی بۆ زانین، ئێپستیمۆفیلی جۆرێکە لە بەلادابردنی هەوەسی سێکسوێڵ، ئایە بەو هۆیەوە ئێمە دەتوانین چەوساوەیەکی سێکسوێڵ و کەسێکی ئاشقی زانین بخەیەنە هەمان ڕیزەوە؟ ئایا دەتوانین دەستپەڕی بە فیڕۆدان بخەینە هەمان ئاست لەگەڵ ئەوەی دەیەوێت لە ژیان تێ بگات؟ بۆ فرۆید بێ گوومان دوو کاری جیاوازن، بەڵام لە هەمان سەرچاوەن، بەڵام ئایا هەمان بەهایان هەیە؟ نەخێر هەمان بەهایان نییە، لە بەر ئەوەی لە باری خۆڕەحەتکردنی خێرادا، ئەوە هەوەسە کە بەکارمان دەهێنێت بۆ خۆی، بەڵام لە حاڵەتی سەبلیماسیۆندا، ئەوە ئێمەین کە هەوەس بەکار دەهێنین بۆ بەرهەم هێنانی شتێکی پیرۆز و باڵا، بۆیە لەو کاتەدا هەوەس هێزێک نیە کە بڕیار بۆ ئێمە دەدات، هیزێک کە ئێمە دەبینە کۆیلەی، هەوەس دەبێتە ئامڕازی گەیشتن بە ئامانجەکانمان، هەوەس دەبێتە وزەیەک کە ئێمە دەگەیەنێتە بارێکی باڵا، لەو کاتەدا ئەگەر ئێمە تەواو بڕیار دراوین لە لایەن نائاگایمانەوە، ئێمە تەواو بە مەرجکراوین لەلایەن نائاگییمانەوە ئەوا بەشیک لە ئازادیمان ماوە کە لێوەیەوە دەبین بە شتێکی زیاتر لە هەوەسێکی سادە، شتێکی زیاتر لە هێزێکی سادەی هەژێن، دەبین بە بونەوەری مرۆڤ کە لەتوانامندا هەیە داهێنان بکەین، لە تواناماندا هەیە جیهان بگۆڕین، لە توانامندا هەیە ژیان سوبلیمێ بکەین.


سپاستان دەکەم