هێمن

لە Kurd collect
Jump to navigation Jump to search
0004 (6) 547.jpg

مامۆستا هێمن-ی شاعری ناوداری کورد ناوی تەواوی محەمەدئەمین، کوڕی سەید حەسەنی شێخەلیسلامی موکرییه، دایکی ناوی زەینەب، کچی شێخی بورهانە.

هێمن لە شەوی 4 لەسەر 5 ی مانگی مەیی ساڵی 1921 لە گوندی لاچین-ی نزیک شاری مەهاباد لەدایکبووە.

هەر بە منداڵی دەخرێتە بەر خوێندن و چەند ساڵ لە قوتابخانەی سەعادەت لە شاری مەهاباد دەخوێنێت. پاشان باوکی لە قوتابخانە دەریدەهێنێت و دەینێرێت بۆ خانەقای شێخی بورهان، بە مەبەستی ئەوەی کە لە دواڕۆژدا ببێتە مەلاو جێی مەلا جامی، باپیرە گەورەی، بگرێتەوه.

چوار ساڵ لە خانەقا دەخوێنێت، لەوێ چاو و گوێی دەکرێتەوە.

لەگەڵ زۆر کەس دەبێتە دۆست و ئاشناو گەلێک کەسی رووناکبیرو تێکۆشەرو شاعیر دەناسێت و بە دیداریان شاد دەبێت.

پاشان باوکی دەینێرێت بۆ گوندی کولیجە و لەوێ لای مامۆستا مەلا ئەحمەدی فەوزی درێژە بە خوێندن دەدات.

ساڵ و نیوێکیش لای فەوزی دەخوێنێت و لەوەوە شارەزایی لە زمانو ئەدەبی کوردیدا پەیدا دەکات و هەستی شاعیریی چەکەرە دەکات. فەوزی خۆشەویستیی نیشتمانو نەتەوە لە ناخیدا دەچێنێت. هێمن و سەڵاحی کوڕی


ساڵی 1938 کە تەمەنی دەگاتە 17 ساڵی دەست لە خوێندن هەڵدەگرێت و دەگەڕێتەوە بۆ گوندی شیلاناوێ.

بە رۆژ لەگەڵ باوکیدا بە کشتوکاڵ و شەوانیش خۆ بە خوێندنەوەی کتێب و گۆڤار و رۆژنامەی فارسییەوە خەریک دەکات.

وردەوردە هاتوچۆی مەهاباد دەکات و لەگەڵ کۆمەڵە لاوێکی هوشیار و ئازادیخواز دەبێتە هاوڕێ. ئەو لاوانە کتێبو گۆڤار و رۆژنامەی کوردییان گیردەکەوێت و بۆ خوێندنەوە دەیاندەن بە هێمن-یش.

ساڵی 1941 لەپاڵ کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییدا دەست بە شیعرنووسین دەکات و هێدی هێدی شیعرەکانی لە دەفتەرێکدا دەنووسێتەوە.

بەڵام باوکی پێی خۆش نابێت کە کوڕەکەی بە شیعر نووسینەوە خەریکبێت و ببێتە شاعیر، بۆیە کاتێک دەفتەری شیعرەکانی هێمن-ی دەکەوێتە دەست، دەمودەست دەیسوتێنێت و لێی زویر دەبێت و سەرزەنشتی دەکات.

ڕۆژی پێنج شەممه، 24-08-1941 لە کێڵگەکەی خۆیان دەبێت لەپڕێکدا دوو فڕۆکە پەیدا دەبنو بەیاننامە فڕێدەدەنە خوارێ.

کاتێک هێمن دانەیەکی لەو بەیاننامەیە دەستدەکەوێت و دەیخوێنێتەوە، دەبینێت بە زمانی کوردی نووسراوە.

ئیدی لەخۆشییاندا شاگەشکە دەبێت. لە ناوەرۆکی بەیاننامەکەوە ئەوەی بۆ رووندەبێتەوە کە فڕۆکەکان هی دەوڵەتی سۆڤییەت بوونو مەبەستیشیان لە بڵاوکردنەوەی ئەو بەیاننامەیە ئەوەیە کە بە خەڵکی کوردستان رابگەیەنن لەشکری سوور هاتوەتە خاکی ئێرانەوەو وا بەرەو ناوچەکانی کوردستان بەڕێوەیەو با خەڵکی کوردستان بە هێزی داگیرکەریان نەزاننو وەک هێزێکی رزگارکەر پێشوازییان لێبکەن.

ئیدی یەکێتی سۆڤێت ناوچەکانی سەرووی ئێرانو دەوڵەتی بریتانیاش ناوچەکانی خواروو و ناوەڕاستی ئێران دەخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە.

ڕۆژی یەکشەممه، 1942-08-16 دەستەیەک لە کەسە رووناکبیرو چالاکەکانی شاری مەهاباد کۆمەڵەی ' ژ. ک، (کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان) دادەمەزرێنن و حسێن فروهەر بە سەرۆکی کۆمەڵە هەڵدەبژێرن.

لەو رۆژانەدا هێمن لە تەورێز دەبێت. کاتێک بۆ مەهاباد دەگەڕێتەوە، لە رێگای مامۆستاعەبدولڕەحمان زەبیحی-یەوە و لە ماڵی حسێن فروهەر پەیوەندیی بە کۆمەڵەی ژ. ک. ەوە دەکات و ناوی نهێنیی هێمن بۆخۆی هەڵدەبژێرێت و ژمارەی ئەندامێتیشی 55 دەبێت.

لە کۆبوونەوەی ئاپریلی 1943دا کە لە بناری چیای خواپەرست سازدەدرێت، کۆمەڵەی ژ. ک. بڕیاردەدات کە ئۆرگانی خۆی بە ناوی نیشتمان دەربکات.

هێمن وەک ئەندامێکی بەدیسیپلین و وەک شاعیرێکی نیشتمانپەروەر لە دووەم ژمارەی گۆڤاری نیشتمانەوە هەتاکو دواژمارەی بە شیعرو وتار بەشدارییدەکات.

کاتێکیش لەسەر بنەماکانی کۆمەڵەی ژ. ک. حزبی دیموکراتی کوردستان دادەمەزرێنرێت، هێمن لە ریزەکانی ئەو حزبەدا تێکۆشانی خۆی درێژەپێدەدات.

دواتریش لە گۆڤار و رۆژنامەکانی کۆماری کوردستاندا وتارو شیعر دەنووسێت و ئەرکە حزبییەکانی خۆیشی ئەنجامدەدات. هەروەها لە بۆنە و کۆبوونەوەکاندا بەردەوام شیعر دەخوێنێتەوەو جۆشو خرۆش دەخاتە ئەو بۆنانەوە.

هێمن لە 1946-11-16دا لەگەڵ کچی خاڵی خۆی بە ناوی ئایشە زەماوەند دەکات و خێزان پێکدێنێت. بەرهەمی ئەو هاوسەرییە کوڕێک دەبێت و ناوی دەنێن سەڵاح.

مانگێک دوای زەماوەندی هێمن، کۆماری کوردستان دەڕوخێت. بەوەش نائومێدی باڵ بەسەر خەڵکی کوردستان بەگشتی و خەڵکی ژێرسایەی کۆماردا بەتایبەتی دەکێشێت.

ڕۆژی 1946.12.17 سوپای داگیرکەری ئێران دەگەڕێتەوە شاری مەهابادو شارو گوندە ئازادکراوەکانی دیکەو وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی دەست بە گرتنو راونانی تێکۆشەرانو روناکبیران دەکاتەوە.

هێمن لەو دەمەدا خۆ دەگەیەنێتە لای خاڵی، شێخ محەمەدی کوڕی شێخی بورهان، و لە خانەقای شێخی بورهان دەمێنێتەوە. بەو جۆرە لە گرتنو زیندان رزگاری دەبێت.

لە خانەقا تووشی نەخۆشی گرانەتا دەبێت و دوو مانگ لە جێدا دەکەوێت. دوایی تاڕادەیەک باش دەبێت و دەچێتەوە گوندەکەی خۆیانو لەنێو خێزانو کەسوکاریدا ماوەیەک دەگوزەرێنێت.

ڕۆژی 1947.03.31 لە کاتێکدا کە هێمن لە ماڵی خۆی خەریکی کتێب خوێندنەوە دەبێت، هەواڵ لە گوندەکەیاندا بڵاودەبێتەوە کە قازی محەمەدو سەدری برایو محەمەد حسێن-ی ئامۆزای، لە مەهاباد لەسێدارە دراون.

ئەو رووداوە دڵتەزێنە کار لە ناخی هێمن دەکات و ناسۆرێکی گەورە لە دڵیدا دروستدەکات.

سێ رۆژ دواتر له1947.04.03دا هێمن لەگەڵ کەسێکی هەژار و تێکۆشەری هاوڕێیدا بەرەو شارۆچکەی قەڵادزێ بەڕێدەکەون. کاتێک هێمن دەگاتە ناو قەڵادزێ، دەمودەست پۆلیس دەیگرێت.

دوو کەس بەبێ ئەوەی هێمن بناسن بۆی تێدەکەونو لەچنگی پۆلیس رزگاریدەکەن. یەکێک لەو دوو کەسانە مەلایەک دەبێت، هێمن دەباتە لای خۆیو ماوەیەک وانەی پێدەڵێتەوەو لای خۆی دەیپارێزێت.

دوای ماوەیەک بارودۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان تاڕادەیەک ئارام دەبێتەوە. ئیتر هێمن-یش دەگەڕێتەوە بۆناو کەسوکاری خۆیو دەست بە کشتوکاڵو ئاژەڵداریی دەکاتەوە.

لەو دەمەدا حزبی تودەی ئێران بە ئاشکرا خەبات دەکات و گۆڤارو رۆژنامەی جۆراوجۆر بڵاودەکاتەوە. هێمن لەپاڵ ئیشوکاری رۆژانەیدا بە خوێندنەوەی ئەو چەشنە بڵاوکراوانەوە خۆی سەرگەرم دەکات.

هاوکات دەستە لاوێک بە هاوکاریو رێنوێنیی حزبی تودەی ئێران، وردەوردە حیزبی دیموکراتی کوردستان زیندوودەکەنەوە. هێمنیش ئەوەندەی دەرفەتی دەبێت هاوکارو هاوبیری ئەو لاوانە دەبێت و پشتیوانیی خۆی بۆیان دوپات دەکاتەوە.

ڕۆژی 1949-02-04 حەمەڕەزا شا بەشداریی لە یادی دامەزراندنی دانشگای حقوق لە تاران دەکات.

لە ناوەختێکدا لاوێک بە ناوی ناسر فەخرارایی شا دەداتە بەر گوللەو برینداری دەکات. هاوکات پاسەوانەکانی شا دەستڕێژ لەو لاوە دەکەنو بە سەختیی برینداری دەکەنو پاش چەند سەعات دەمرێت.

هەر ئەو رۆژە بە ئاشکرا حزبی تودەی ئێران تاوانبار دەکرێت و شاڵاوی گرتنو راونانی رابەرانو ئەندامانی ئەو حزبە لە سەرتاسەری ئێراندا دەستپێدەکات.

گرتن و زیندانیکردنی رووناکبیرانو تێکۆشەران کوردستان-یش دەگرێتەوە. گەلێک کەس دەگیرێنو هەندێکیش دیسان ئاوارە دەبنەوە. هێمن وەک سەدان مرۆڤی ئازادیخوازی کورد ماوەیەک خۆی دەشارێتەوە.

لەو سەروەختەدا لە ئێراندا گرانی دادەکەوێت و ژیانی هەزارەها خێزان دەکەوێتە بەر هەڕەشەی لەبرسامردن.

هێمن بە چاوی خۆی زۆر دیمەنی تراژیدیو دڵتەزێنی ئەو رۆژانە دەبینێت و ناسۆرێکی گەورە لە دڵیدا دروستدەکات. خۆی و کەسوکارەکەی ئەوەندەی لە توانایاندا دەبێت بەپیر ئەو خەڵکە برسییانەوە دەچن کە روو لە گوندەکەیان دەکەن؛ فریایان دەکەون و تێریان دەکەن.

ساڵی 1951 بزوتنەوەی خۆماڵیکردنی نەوتی ئێران بە رابەریی دکتۆر موسەدیق پەرەدەستێنێت و پەل بۆ گشت شار و شارۆچکەیەکی ئێران دەهاوێت. لە 1952-07-22دا دکتۆر موسەدیق دەبێتە سەرۆک وەزیرانی ئێرانو خەڵک پشتیوانیی خۆیان لە حکومەتەکەی دەردەبڕن.

بەوەیش جێ بە شا و دارودەستەکەی لەق دەبێت. وردەوردە هەلومەرجێکی تاڕادەیەک ئازاد و دیموکرات لە ئێراندا جێگیر دەبێت.

لە کوردستانیش هێدی هێدی چالاکیی سیاسیو رۆشنبیریی دەستپێدەکاتەوەو لاوانو رووناکبیرانی کورد بە نهێنیو نیمچە ئاشکرا دەکەونە کارکردن. هێمن هەمیشە لەگەڵ ئەو رووناکبیرو تێکۆشەرانە هاودەمو هاوبیر دەبێت.

بەڵام ئەو لەوەدا لەگەڵیان ناکۆک دەبێت کە ئەوان بیر لەوە ناکەنەوە کە بە زمانی کوردی گۆڤار و رۆژنامەو بڵاوکراوە دەربکەنو لەو هەلومەرجەدا بە کارێکی گرنگی نازانن.

هێمن رێنوێنییان دەکات و هانیاندەدات هەرچی زووە گۆڤارو رۆژنامە بە زمانی کوردی دەربکەنو لەنێو خەڵکی کوردستاندا بڵاویانبکەنەوە.

سەرەنجام دەستەیەک لەو لاوە تێکۆشەرانە بۆچوونەکەی هێمن دەسەلمێننو بڕیادەدەن کە دەست بە دەرکردنەوەی رۆژنامەی کوردستان بکەن.

بەڵام بەر لەوەی کە ئەوان یەکەم هەنگاو بنێن، رۆژی 1953.08.19 کۆمەڵێک ئەفسەر بە پاڵپشتیی ئەمریکا و بریتانیا کودەتایەک لە دژی حکومەتی دوکتۆر موسەدیق بەرپادەکەن و جارێکی دیکە حەمەڕەزا شا بۆسەر حوکم دەگێڕنەوە. بە گەڕانەوەی حکومەتی شا، گرتنو راونانی ئازادیخوازان دەستپێدەکاتەوە.

هێمن وەک سەدان لاوی تێکۆشەری کورد جارێکی دیکە خۆی دەشارێتەوە. پاشان هەر چۆنێک بێت دەچێتەوە نێو ماڵومنداڵی خۆی.

بەڵام هەمیشە لەژێر چاودیریی پۆلیسدا دەبێت و گەلێک جار ئەمسەرو ئەوسەری پێدەکەن. هەر لەو ساڵانەدا دوچاری نائومێدیو رەشبینیی دەبێت و ماوەی چەند ساڵ پێوەی دەتلێتەوە.

ئەوەش وای لێدەکات کە هێز و توانای دەربڕین و شیعر نووسینی نەمێنێت و ژیانێکی گۆشەگیرانە بۆخۆی هەڵبژێرێت.

ساڵانی 1967-1968 بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێدەنێتە قۆناغێکی نوێو دەستەیەک لاوی شۆڕشگێڕ خەباتی سیاسیو چەکداریی پێکەوە گرێدەدەنو لەبەرامبەر لەشکری داگیرکەری دەوڵەتی شادا دەست بە شەڕی پارتیزانی دەکەن. لە هەندێک لەو شەڕ و پێکدادانانەدا چەند لاوێکی ئازا و رووناکبیر شەهید دەبنو تەرمەکانیان دەکەونە دەست ژاندارمەکانی رێژێمی شا و بەسەر جادەو شەقامەکاندا رایاندەکێشنو بێحورمەتییان پێدەکەن.

ئەم چەشنە دیمەنە جەرگبڕانە لە چەند ناوچەو شوێنی کوردستان دوبارە دەبنەوەو لە سەرتاسەری کوردستاندا رق و بێزاریی خەڵک دەگاتە ئەوپەڕی.

هێمن وەک هەر مرۆڤێکی ئازادیخوازی کورد بەو هەواڵانە خەم و پەژارە دایدەگرێت. هاوکات کۆمەڵێک لاوی هۆشیار خۆ لە هێمن و گەلێک رووناکبیری دیکە نزیک دەکەنەوە و هێزو تین بە بەریاندا دەکەنەوەو بەرەو تێکۆشان هانیاندەدەنەوە. هێمن زوو دێتەوە سەر خۆ و لە جاران شێلگیرتر دەستبە تێکۆشان دەکاتەوە. سەرنجام ماڵومنداڵی خۆی جێدەهێڵێت و روو لە چیاکانی کوردستان دەکات.

ماوەیەک لەگەڵ هەژار پێکەوە دەژین. پاشان بڕیاردەدات کە لەنێو ریزەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا درێژە بە تێکۆشانی خۆی بداتەوە.

کادیر و ئەندامانی ئەو حزبە بە سنگفراوانییەوە پێشوازیی لێدەکەن. لە مانگی حوزەیرانی 1969دا کۆنفرانسی دووەمی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە گوندێکی نزیک قەڵادزێ دەبەسترێت. هێمن یەکێک لە بەشدارانی ئەو کۆنفرانسە دەبێت و لەگەڵ چەند کەسی تێکۆشەری دیکەدا تێدەکۆشێت بۆ وەلانانی کێشە شەخسیو لاوەکییەکانو وەگەڕخستنەوەی حزبەکە.

هەر لەوێیشدا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێردرێت. پاش چەند مانگ لە کارکردنو چالاکی، دەست بە دەرکردنەوەی رۆژنامەی کوردستان دەکەنەوەو لە کانوونی دووەمی 1970دا یەکەم ژمارەی دەردەکەن. هەر لەو کاتەدا لە باشووری کوردستان-یش یەکێتیی نووسەرانی کورد دادەمەزرێت. هێمن وەک شاعیر و نووسەرێکی خاوەن هەڵوێست و کوردپەروەر بە ئەندام وەردەگیرێت و لە زۆربەی کۆڕ و کۆبوونەوەو بۆنەکانی ئەو رێکخراوەدا هەڵدەسووڕێت و لە گۆڤار و بڵاوکراوەکانیشیدا شیعر و وتاری ئەدەبی بڵاودەکاتەوە.

ڕۆژانی 21 - 24-06-1971 لە شاری کۆیە کۆنفرانسی سێیەمی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەبەسترێت.

لەو کۆنفرانسەدا هێمن بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندییو دەفتەری سیاسیی حیزبەکە هەڵدەبژێردرێت. هاوکات کۆمیتەی راگەیاندنی حزب پێکدەهێنرێت کە هێمن یەکێک لە ئەندامە چالاکەکانی دەبێت.

ساڵی 1973 هێمن دەبێتە ئەندامی کۆڕی زانیاریی کوردو چەند کاری بەنرخ ئەنجام دەدات کە یەکێکیان ساغکردنەوەی تێکستەکانی کتێبی تحفە مظفریه دەبێت کە کاتی خۆی ئۆسکارمان کۆیکردبۆوە.

ڕۆژی 1973.09.22 کۆنگرەی سێیەمی حزبی دیموکرات لە شاری بەغداد دەبەسترێت. سەرەتا هێمن وەک بەتەمەنترین ئەندامی بەشدار لەو کۆنگرەیەدا وتارێکی بەنرخ دەخوێنێتەوە.

پاشتریش لە کاروبارەکانی کۆنگرەکەدا چالاکانە بەشداریی دەکات. لە کۆتایی کۆنگرەکەیشدا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێردرێت.

کۆتایی ساڵی 1973 دەست بە نووسینەوەی بیرەوەرییەکانی دەکات و بەشێکی لێدەخاتە سەر کاغەز.

لە 1974-01-24دا لە نووسینەوەی بیرەوەرییەکانی دەبێتەوە. پاشان دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو شیعرەکانی دەخوێنێتەوەو لێکۆڵینەوەیەکی کورت و شایستە دەربارەی ناوەرۆکی شیعرەکانی دەنووسێت.

ئیتر هەموو ئەمانە پێکەوە لە هاوینی ساڵی 1974دا لە کتێبێکدا بە ناوی تاریک و روون چاپدەکرێن و دەخرێنە بەردەستی خوێنەرانی کورد.

کتێبی تاریک و روون لەلایەن لاوان و رووناکبیرانەوە دەقۆزرێتەوەو وەک دیارییەکی بەنرخ دەیخوێننەوەو وتووێژی لەسەر دەکەن. هاوکات چەند نووسەر و شاعیر بیروڕای خۆیان دەربارەی دەنووسنو مشتومڕێکی گەرم دەخوڵقێنێت.

سەرەتای ساڵی 1978 جووڵانەوەی جەماوەریی دژ بە رێژیمی حەمەڕەزا شا لەنێو شارە گەورەکانی ئێراندا دەستپێدەکات و زۆر بە خێرایی سەرانسەری ئێران دەگرێتەوەو مەرگی ئەو رێژیمە دیکتاتۆرییە نزیک دەبێتەوە. هێمن وەک هەر تێکۆشەرێکی کوردی ئاوارە، حەزی گەڕانەوە بۆنێو کەسوکارو خێزانی خۆی دەکەوێتە سەری.

هەر لەو دەمانەیشدا حزبی دیموکرات دەستە دەستە ئەندامەکانی خۆی رەوانەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکاتەوە. هەربۆیە هێمن-یش بڕیاری خۆی دەدات و لەگەڵ هاوڕێیەکیدا بەڕێدەکەون.

ڕۆژی 1979.02.18 لە ئۆردوگای بەستەسێنی نزیک قەڵادزێ لە ماڵی دۆستێک دەمێننەوە. بۆ شەوەکەی بەرەو سەردەشت دەکەونەڕێ.

رۆژی 1979.02.20 دەگەنە سەردەشت و لەگەڵ پێشوازییەکی گەرمدا لە ماڵی چەند دۆست و ناسیاو دەمێنێتەوە. هاوکات تەلەفۆن بۆ مەهاباد دەکەنو هەواڵی گەڕانەوەی هێمن بە کەسوکاریو خەڵکی مەهاباد رادەگەیەنن.

ئەو هەواڵە خۆشە لەو دەمەدا زۆر بە خێرایی لەنێو خەڵکدا بڵاودەبێتەوە.

دەستە دەستە لاوانو رووناکبیرانو خەڵک خۆ سازدەدەن بۆ پێشوازیکردن لە هێمن.

دەمودەست سەڵاح-ی کوڕی لەگەڵ کۆمەڵێک خزمو دۆست بەرەو سەردەشت دەکەونەڕێ.

سەرلەبەیانیی رۆژی 1979.02.21 هێمن لەگەڵ خزمو کەسەکانیو کۆمەڵێک لە خەڵکی سەردەشت بەرەو مەهاباد بەڕێدەکەوێت. کۆمەڵ کۆمەڵ خەڵک بە ئوتومبێل دێن بەپیریەوەو دەیکەنە رۆژی شاییو ئاهەنگ. دەمەوعەسری ئەو رۆژە کاتێک کەژاوەی ئوتومبێلەکان دەگەنە تاقەداری نزیک مەهاباد، تێکەڵ بە کۆڕی شیعرخوێندنەوەو شاییو هەڵپەڕکێ دەبنو هەموو بە چاوی پڕ لە فرمێسکی شادییەوە پێشوازیی لە هێمن دەکەنو بۆنێو مەهابادی دەبەنەوە.

چەند رۆژ کۆمەڵ کۆمەڵو دەستە دەستە خەڵک لە شارو شارۆچکەو دێهاتەکانی کوردستانەوە بۆ سەردانی هێمن بەرەو مەهاباد دەچن و بەردەوام ماڵی هێمن پڕ لە میوان و دۆستان دەبێت. ئیدی لەو ساتەوە ماڵەکەی وەک بنکەیەکی ئەدەبیی لێدێت و دەبێتە جێی شیعرو باسی ئەدەبیو شوێنی بەیەکگەیشتنی ئەدیبانو رووناکبیران.

ڕۆژی 1980.02.19 لە شاری مەهاباد چوارەمین کۆنگرەی حزبی دیموکراتی دەبەسترێت. هێمن لەو کۆنگرەیەدا بەشداریی دەکات. لە کۆتایی کۆنگرەکەدا بە ئەندامی کۆمیتەی راگەیاندنی حزب هەڵدەبژێردرێت، زۆر نابات هێمن بڕیار دەدات کە خۆ لە کاری حزبایەتی بدزێتەوەو لە بواری ئەدەب و نووسیندا خزمەتی نەتەوەکەی بکات.

بەدرێژایی ساڵانی 1879-1986 هێمن لە زۆربەی کۆڕ و کۆبوونەوە و بۆنەکاندا لە شارەکانی سنە، کرماشان، ورمێ و مەهاباد...دا چالاکانە بەشداریی دەکات و بە شیعرو وتاری جوان ئەو بۆنانە رازاوە دەکات.

سەرەتای ساڵی 1983 لەگەڵ چەند شاعیرو نووسەردا وتووێژ دەکات و پێیان دەڵێت با بە هەموومان هەوڵبدەین دەزگایەکی چاپەمەنی ساز بکەینو گۆڤارو رۆژنامەو کتێبی کوردیی تیا چاپبکەین.

هەر بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ چەندین کاربەدەستی حکومەتی ئێراندا قسەوباس دەکات و هەوڵدەدات کە رەزامەندیی ئەوان بەدەستبێنێت.

ئەم وتووێژو هەوڵانە درێژەدەکێشێنو حکومەتی ئێران بە بیانووی جۆراوجۆر داواکەیان رەتدەکاتەوە.

بەڵام هێمنو هاوکارەکانی کۆڵنادەن تا سەرەنجام بە ئیمکاناتێکی کەمەوە بنکەیەک بە ناوی ناوەندی بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی- ئینتیشاراتی صلاح الدینی ئەییووبی لە ورمێ دادەمەزرێنن و گۆڤارێک بە ناوی سروە دەردەکەن. هەتاکو هێمن خۆی لە ژیاندا دەبێت، چوار ژمارە لەو گۆڤارە دەردەکەن.

پاشتریش کەریمی قەیومی و چەند نووسەر و شاعیری دڵسۆز لەسەر دەرکردنی سروە بەردەوام دەبن. ئینجا دەست بە چاپکردنی هەندێک کتێب دەکەن و وردەوردە کارەکانیان گەشەپێدەدەن و بەنیاز دەبن زیاتریش گەورەو فراوانی بکەن.

بەڵام لەگەرمەی کارکردنیاندا شەوی 18 لەسەر 1986-04-19 لە شاری ورمێ هێمن کۆچی دوایی دەکات.

بەرەبەیانی رۆژی شەممە 1986-04-19 تەرمەکەی بەرەو مەهاباد بەڕێدەکرێت.

پاشنیوەڕۆی هەمان رۆژ لە مەراسیمێکی پڕشکۆدا و لەنێو ئاپۆرەی جەماوەردا لە گۆڕستانی بوداق سوڵتان بەخاک دەسپێردێت.[١]


سەرچاوە: بیبلیۆگرافیای ڕۆژنامەگەریی کوردیی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان - جوتیار تۆفیق ھەورامی


ژیاننامەی هێمن موکریانی

محەممەد ئەمین شێخولئیسلامی موکری ناسراو بە ھێمن یان ھێمن موکریانی (بەھاری ١٩٢١ لە مەھاباد – ١٦ی نیسانی ١٩٨٦ لە ورمێ) شاعیر، نووسەر و وەرگێڕی گەورەی کورد بوو.

ھێمن کوڕی سەید حەسەنی موکری و لە بنەماڵەی مەلا جامی چۆڕی بووە. دایکی ناوی زێنەب و کچی شێخی بورھان بووە کە ئێستا بنەماڵەیەکی گەورەی موکریانن. ھێمن بەھاری ساڵی ١٣٠٠ی کۆچی ھەتاوی بە شەوی جەژنی بەرات لە گوندی لاچینی سەر بە شاری مەھاباد چاوی بە گەردوون ھەڵێنا. بە بوونی ھێمن شیری دایکی وشک دەبێ و بە شیری ژنێکی دیکە فڕچک (گۆج) دەکرێ و دوای لەدایك بوونی ئەو، دایکی لەشی ساغ بە خۆیەوە نابینێ.

ھێمن لە ڕۆژگارێکدا لە دایک دەبێ کە ڕەزاشا جڵەوی حکوومەتی پێیە کە لاسایی ئەتاتورکی دەکردەوە. جلوبەرگی کوردەواری بە تەواوی قەدەغە دەکرێ و ئەوەندەی لە دەستی ھات، سووکایەتی بە خەڵک کرد و شەپکە و تەپڵەی ھێنا نێو بازاڕەوە. ھێمن لەم کەش و ھەوایەدا گەورە دەبێ، بەش خوراوی و کۆیلەتی ئینسان وەکو خوێن لە مێشک و دەمار و ئێسک و پێستی دا دەگەڕێ و دەبێتە سەربەندی ژیانی.

لە کاتی منداڵیدا گوێچکە بە حەکایەتەکانی دایە مرۆت دەگرێ، کە پیرێژنێکی دنیا دیو بووە و زۆر شتی بەنرخی لێ فێر بووە. ئەلف‌ و بێ لای سەعیدی ناکام دەخوێنێ و پێش ئەوەی ئەلف‌وبێی فێر بکا، بزنۆکێ و مەڕنۆکێی حوسێنی حوزنی موکریانی بۆ دەخوێنێتەوە و ھێمن لە بەری دەکا و ھەروەھا شێعرەکانی شێخ ڕەزا و زۆر شتی دیکەی لێ فێر دەبێ و پاشان بۆ درێژە دانی خوێندن، باوکی دەینێرێتە مەھاباد و لە قوتابخانەی سەعادەتی ئەو شارە دەست بە خوێندن دەکا. ھێمنێکی لادێی کە جگە لە زمانی کوردی ھیچی دیکەی نەدەزانی و لەو قوتابخانەیش کەس نەیدەتوانی بە کوردی قسە بکە، منداڵان گاڵتەی پێدەکەن و پێی دەڵێن کرمانج، چونکە ئەو کاتە لە مەھاباد بە خەڵکی دێیان دەکوت کرمانج، ھێمن ئەو ساڵە خوێندنی بە سەرکەوتنێکی زۆر باشەوە تێپەڕ دەکا و ھاوین دەگەڕێتەوە بۆ ئاوایی و لە لای مەلای دێ و باوکی دەرس دەخوێنێ و تەمرینی نووسینی خەت دەکا. باوکی کە دەزانێ خەتی خۆش بووە، دەستی پێ لە خوێندن ھەڵدەگرێ و دەڵێ: بڕۆ دەرسی مەلایەتی بخوێنە. ھێمن کە ھیچ کات خۆشی لە مەلا نەھاتووە، تووشی ئەم تاڵییە دەبێ و چوار ساڵ لە خانەقای شێخی بورھان دەخوێنێ، بەلام ئەو خوێندنە ھیچ کەڵکێکی نابێ، چونکە ئەو چوار ساڵە بە گاڵتە دەباتە سەرێ و لە خانەقای شێخی بورھان کە ٨–٩ نەفەر دەبن، جگە لە ھەژار و ھێمن تەوای خاڵۆزا و پوورزا دەبن، پاشان دەچێتە لای مامۆستا فەوزی و ڕێگای ژیانی پێ نیشان دەدا و ساڵ و نیوێک لە لای ئەو دەرس دەخوێنێ.

ھێمن لەو کەسانە بوو کە تەمەنی مێرمنداڵی و لاوی و پیری خۆی لە سەنگەری فەرھەنگ و ئەدەب و فۆلکلۆر و شۆڕش ‌دا بەخت کرد و وەک مۆم سووتا و ڕێگای پاشەڕۆژی بۆ ڕووناک کردین. پاش دەرچوونی چوار ژمارە لە سروەی ڕەنگینی کوردستان، مۆمی ژیانی ھێمن دوایین فرمێسکی ھەڵوەراند و لە ٢٩ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٦٥ی کۆچی ھەتاوی بۆ ھەمیشە ماڵاوایی لێ‌کردین و لەسەر وەسیەتی خۆی لە گۆڕستانی بوداق‌ سوڵتانی شاری مەھاباد بە خاکیان سپارد.

بەرهەمەكان

  • دیوانی ھێمن
  • بارگەی یاران
  • تاریک و ڕوون (شیعر و پەخشان). ١٩٧٤
  • پاشەرۆک (شیعر و پەخشان).
  • توحفەی موزەففەرییە (فۆلکلۆری کوردی، کە کاری ئۆسکارمانە وھێمن وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی).
  • شازادە و گەدا.
  • قەڵای دمدم.
  • ھەواری خاڵی.
  • چەپکێ گوڵ، چەپکێ نێرگز.
  • ئەفسانە کوردییەکان (کاری قەنات کۆردۆ کە ھێمن وەریگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی).
  • ناڵەی جودایی، شیعر ١٩٧٩
  • پاشەرۆکی مامۆستا ھێمن، کۆمەڵە وتار، مەھاباد ١٩٨٣

نمونەیەک لە ناڵەی جودای

ناڵەی جودای

  • چۆن نەناڵم ئەودڵەی پڕ ھەستی من
  • چۆک لە ئەژنۆ ببنەوە دوو دەستی من
  • چۆن نەناڵێم ئەو دڵە ھەنگاوتەیە
  • بەرد لە بەردی بێتەوە دەنگی ھەیە
  • چۆن نەسوتێت ئەو دڵەی ھین خەمە
  • ئەوپەپولەی وەک میوانی شەمە
  • چۆن نەناڵێم ئەو بزاڤەی بڕبەدڵ
  • دوور لە گوڵزارەو خەریقی ماتەمە
  • ژانی ناسورەی جودایم چێشتووە
  • ھەرچی خۆشم ویستووە جێم ھیشتووە
  • ھەڵبڕاوام من لە یادی نازەنین
  • دەرکراوم من لە خاکی دڵنشین[٢]
  1. سەرچاوە:بیبلیۆگرافیای ڕۆژنامەگەریی کوردیی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان - جوتیار تۆفیق ھەورامی
  2. سەرچاوە:https://zaniary.com/